۱۳۹۰ تیر ۲۴, جمعه

كۆڵانی چاوەكانت ... كاتێ ئەگەمە پاییزی باڵات

بەم توولە رێی پاییزەدا سەفەر ئەكەین
رێگای غوربەتی ئەم زەریایە ئەچێنین
من و
تۆ ... یار ....
"ئەگەر تۆزقاڵێك جێگام لەناو دڵتایە دەی دەمێ لە شادی پاڵ بنێ
لەم جیهانە دژوارەدا، هەناسەت تێكەڵی ژان بكە و
چیرۆكی من بنووسەوە.
"هاملێت، شكسپیر"




ئەفراسیاب گرامی


بەم توولە رێی پاییزەدا سەفەر ئەكەین
رێگای غوربەتی ئەم زەریایە ئەچێنین
من و
تۆ ... یار
لەگەڵ تۆ ئەگەمە كەناراوی ژیانەوە
تاوێك تەڕ ئەبمەوە وەك ئاو و ئەتكێمە نیشتمانی خۆزگەكانتەوە
... چەشنی بایەوانن جووتێ كۆتری سینەت
رامئەكێشێ بەرەو هەنگاوەكانی تاسەت
وەك گردئاوی وەیلانم
تەنیا تۆ ئەتوانی مەند و هێمن بمهێنیتەوە بۆ بەندەری جوانیم ‌و
بمكەیتە شاسواری قەڵای ئەوین
تاوێك گەرمم وەك پشكۆی گڕكان‌و
تاوێك شەونماوی وەك كیژی سپێدەی بەربەیان
لەم ئاران و زۆزانەدا
گیان ئەبێتە پۆلێ مەلی غوربەتی‌و
دڵ نزگەرە بە بەختی ئەكا
پاییز نیشتمانێكە لە من
ئاسۆ كارێزێكە تینووە
تۆ ئەتوانی لەگەڵ یەكەم بارانی نارنج
شەتڵمكەی لە كێڵگەی بەخت
بمكەیتە كۆرپەیەكی رێحانە‌و
رامژێنی بە تریفەی ناز و
ژیرم كەیتەوە بە ماچ
یار ...بۆ ئەوەی باڵا بكەم
***
ئەی شەیداتر لە سەمای تاڤگە
تەنیا بە هەیمەنەی باڵاتا سەفەر ئەكەم
خۆم تل ئەدەم تا ئەگەمە رۆخی بەهارانت
وەك مانگ ئەخزێمە كانیلەی نیگات
ئەبمە قەڵبزەی عارەقەی سینەت
خۆم ئەخەمە پەناگەی خۆزگەت
پاڵ ئەدەم بە یەكەم تریفەی گۆناتەوە
وردترین هەنسكی دڵت ئەمهەژێنی
تا رۆح سەر ئەدا لەبەردی عەدەم
... مەگەر تۆ یار
مەگەر تۆ
چەشنی هەنار، پەنجەرەی دڵت بكەیتەوە
دەنكە هەناری خۆزگەت ئاوێنەیەكن لە رەنگی شەبەنگ
خەونەكان ئاشت ئەكەیتەوە
رێگاكان نزیكن تا رۆخی وەنەوشەییت
كێ ئەزانێ پەنجەرەیەك ئەوكاتەی ئەكەوێتە سەر ئەژنۆ كە خەیاڵ بار بكا و نەگەڕێتەوە
كێ ئەزانێ كێ؟
گەڵا ئەو كاتەی ئەبێتە لیرە بەر ئەبێتەوە بۆ كۆڵان
***
مەگەر تۆ ... یار
چەشنی لاولاو بەباڵای تەمەنما هەڵگەڕێی
ببیتە پشتێنەی هیوام!
یان گەردانەیەك بۆ مێخەكبەندی كراسە ئاودامێنییەكەت
پەنجەت لە رۆحم هەڵپێكی‌و نائاشناكانم پێ بناسێنیتەوە
كونجی تاریكی دڵم بە رووناكی بچێنی
یار...
لەمێژە دڵ تاك و تەنیایە
تەنیایی گوێگرتنە لە بێدەنگی
***
ئەی پەنجەرەی گوڵ
خەزان باڵاخانەیەكە بۆ گوڵە پاییزییەكان
خەونێكە لە دارهەنار
هەر سووچێكی بیرەوەریم پڕە لە شەرابی ناز ...
هەر گومانێكم پڕە لە نیگای گەش..
هەر خەندەیەكم پڕە لە گۆمی چاوەڕوانی بزە
چەندم لێ دوورە رۆژ تا ئاسۆ
چەندە كورتە شەو تا گەیشتن بە خۆكێشانەوەی خۆر
چەند بێقەرارە مانگ بۆ خەڵوەتی كانی
چەند بەتاسەیە دیدارت لە باخ تا ماڵئاوایی گەڵا لە دار
من تەنیا لەگەڵ تۆ ئەگەمە پاییز ...
جادە بە جادە
شار بە شار
تا كۆڵانی یەكەمی پاییز
وەرزەكان هەموو جێ ئەهێڵم
ئەو ساتەی ئەبمە ملوانكەیەكی سەرشێت‌و
كاڵ ئەبمەوە بە دوایین چركەكانی هەناسەت
راستم پێ بڵێ یار،
نیگات بەرەو كام پێدەشتی خەیاڵ سیرە گرتووە؟
ئەڕای كام مەملەكەتی زیندەگانی رێ ئەكەی؟
رەوگەی كام شاری سپێدەت گرتۆتە بەر؟
لای كام كانیلەی تەمەن سەرخەو ئەشكێنێ؟
من كە بوونم لە ئاوێنەی خەیاڵتدا ونە،
نغرۆبووم لە قووڵایی هەناسەی پێخەفی دڵنیاییت،
من كە وەیلان لە دوڕگەی مەملەكەتی باران
بە پێلی نیگا .... گەش ئەبمەوە بۆ تاقەتی رێگا
بە پەنجەی كاتژمێرەكانی تەمەنمەوە ئاوێزان ئەبیتەوە بۆ ناخی دەروونم
راستم پێ بڵێ
ئەم دەریایە بە بێ زریانی شەیدا و
بە بێ بایەوانی هەناسەت
بەبێ كەشتیی مێهربانیت
ناگاتە كەنار...! كۆچ مەنزڵی كورتە .... یار
دەریای چاوەكانت بەر بە زریانی ناوەختی دڵم ئەگرێ
چ زریانێك بە هێمنی وردە شەپۆلەكانی نیگات
ئارام ئەگرێ
مەگەر تۆ یار ... حەكایەتی ئەم پاییزە سەفەرەم بۆ گێڕیتەوە
هەر بەردەڵان‌و رەوەزێك دەچی پڕە لە گابەردی قورسی زەمان...
هەر گۆشەیەك لەم جیهانە دەبینی پەنجەرەیەكی لانەواز چاوەڕوانە،
بەرەو هەر بڵندییەك دەچی نزماییەكان بەرز دەبنەوە تا لووتكە،
بەرەو هەر رووبارێك ئەچی شەپۆلێك سەری ناوە بە گاشەبەردێكی خەیاڵەوە،
لە بەردەرگای هەر شێعرێك داڵدە دەدەی پۆلێك كۆتری باڵ سپی دێن بە پیریتەوە...
بە كەناری هەر دێبەرێك رەت ئەبی گوڵێك سەری ناوەتە كۆشی شێعرێكەوە
لەم نیشتمانە كۆچەرییەدا
كۆچەرێكم ... یار
بە هێمنی بێشكەی دڵم پڕ لە شەپۆلی ئەوینت بكە،
تا نەهێڵم گزنگی بەیانت بژاكێ،
خۆر ببێتە دەوارنشینی قەلەمڕەوی نیگات
شەماڵ بێت بە ئێشكچی باڵات تا مانگ بتكێتە باوەشتەوە
با گوڵە وردەكانی كۆڵان كۆچ نەكەن ...
هەناسەت بكەم بە كەژاوەی‌ تەمەنم و بمگێڕە بە ناو خەونەكانتا
وابكەم لە كێڵگەی دڵت شكۆفە بكەم تا من دیلی چاوەكانت بم و
لە بەندی نیشتمانی باڵات بە ئازادی بژیم... یار
ئازادبوون خەزانێكە وەیلان.


رێكەوتی تەواو بوون
شەوی چوارشەممە: كاژێر 10:32 خولەك،
رێكەوت: 25ی خەزەڵوەری 1389 ، 16/11/2010
شاری سلێمانی ـ ئازادی


هیچ نظری موجود نیست: