لە گوندێکی سەرلێشێواو لە
دایکبووم. ساڵی نەهات. ساڵی سەرلێشێواویی و دەربەدەری. ساڵی بەفرە قورسەکە. ساڵی
گرانییەکە. ساڵی ئاوارەییەکە.
گەرمە شەڕی دوای شۆڕش. قین و
رقە قیزەوەنەکانی دوای شۆڕش. شەڕ. بارگرانی شەڕ و نەهامەتی. وەیلان و بریندار و
کوژران و قڕان و شیوەن. ئەو ساڵەی کە کەس هیچ شتێکی شک نە ئەبرد کۆی بکاتەوە و
لەگەڵ نەهامەتییەکانیدا ئاوارە بێ. هەموومان ماڵ بەکۆڵ، تەنانەت نیشتمانەکەشمان
ماڵ بەکۆڵ بوو. لە بیرمە دایکم "چێشتی برینج"ی کە لێ دەنا، ئاو بەچاویدا
ئەهاتە خوارەوە و ئەیگوت: "ئۆخەی، ئیتر مناڵەکان تا ماوەیەکیتر داوای
ناکەن". شەرای ئەم هەموو نەهامەتییە، روومەتی منی نازانم چەند ساڵانی
دەگەوزاند لە خۆڵێک کە هێشتا گەردەکەی ناوچاوانی
من و هەزارەها وەک من
ئەگرێتەوە.