هه‌روه‌ك زستان له رێیه، ئایا به‌هاریش دێته‌وه؟ ئه‌م وته‌یه هه‌ڵگری ئه‌وه‌یه بچینه نێو باسێكه‌وه كه ئێمه ئه‌مشه‌و ده‌مانه‌وێ بزانین چیه؟ واته شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ی گه‌وره. له‌لایه‌كه‌وه سه‌ره‌تای زستان و ده‌ركه‌وتنی سه‌رما...
هه‌روه‌ك زستان له رێیه، ئایا به‌هاریش دێته‌وه؟ ئه‌م وته‌یه هه‌ڵگری ئه‌وه‌یه بچینه نێو باسێكه‌وه كه ئێمه ئه‌مشه‌و ده‌مانه‌وێ بزانین چیه؟ واته شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ی گه‌وره. له‌لایه‌كه‌وه سه‌ره‌تای زستان و ده‌ركه‌وتنی سه‌رما و سۆڵه‌و به‌سه‌رچوونی وه‌رزی خه‌زان و وه‌رین و ماته‌مینی سروشت. له لایه‌كی دیكه‌وه چاوه‌ڕێ بوون به دیار به‌هاره‌وه، كه ئایا به‌هارو گوڵ و عه‌تری گوڵزار و سه‌ر له نوێ ژیانه‌وه‌ی سروشت دێته‌وه. له كاتێكدا مرۆڤ به‌ده‌ست تووڕه‌ی و مزاجی سروشته‌وه گیرۆده‌یه و قۆناخی گه‌شه‌كردنی مرۆڤ و كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سروشته، له‌هه‌مان كاتیش‌دا مرۆڤ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه رامنه‌كراوه‌دا له رێگای په‌رستن و ملكه‌چبوونه‌وه بووه.
وشه‌ی یه‌لدا، وشه‌یه‌كی سریانییه كه یه‌كێك له زمانه كۆنه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته. یه‌لدا یه‌كێك له‌و جێژنانه‌یه كه ره‌چه‌ڵه‌كی له ئایینی مێهردا هه‌یه و به چه‌شنێك كه زۆر له لێكۆڵه‌ران و رۆژهه‌ڵاتناسان به شه‌وی له دایكبوونی "میترا"ی ناو ده‌به‌ن و په‌یڕه‌وانی میتراییزم، ئه‌م شه‌وه به شه‌وێكی پیرۆز داده‌نێن. بۆیه له‌و شه‌وه‌دا كۆده‌بوونه‌وه و له ده‌وری ئاگر كه سه‌رچاوه‌ی رووناكی و وزه‌به‌خشه، هه‌ڵده‌په‌ڕین و شاهیی ده‌گێڕن.
زۆر له مێژووناسان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه به هۆی نیزیكایه‌تی و تێكه‌ڵبوونی ئایینی میتراییزم له‌گه‌ڵ ئایینی مه‌سێحدا، شه‌وی یه‌لدا به شه‌وی له دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سێح ده‌زانن.
شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله، درێژترین شه‌وی ساڵ له نیوكوره‌ی باكووری زه‌وییه. به هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافیاییه‌وه ئه‌مشه‌وه هه‌ر له خۆرئاوابوونی 30 سه‌رماوه‌ز تا ده‌گاته هه‌ڵاتنی خۆر له 1ی به‌فرانباردا درێژه‌ی هه‌یه و هاوكاته له‌گه‌ڵ "شۆڕشی زستانی یان گۆڕانی" و به‌م هۆیه‌یه كه رۆژ درێژتر ده‌بێته‌وه‌و ته‌مه‌نی شه‌و كورت ده‌بێته‌وه. ئه‌م دیارده سروشتییه له‌سه‌ر خه‌ڵكانی كه‌ونار، كاریگه‌رییه‌كی قووڵی فه‌لسه‌فی داناوه و ئه‌و شه‌وه‌یان به واتای زاڵبوونی روناكی به‌سه‌ر تاریكی‌دا ناودێر كردووه. پیرۆزی و سه‌ركه‌وتنی خۆر و رووناكیان به‌سه‌ر تارمایی شه‌و و تاریكی‌دا جێژن ده‌گرت هه‌تا سه‌ركه‌وتنی مێهرو تێكشاندنی ئه‌هریمه‌ن ببینن. ئه‌م جێژنه له زۆر نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاسیای بچووك و ته‌نانه‌ت یونان و ... به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام هه‌ركام به شێوه‌یه‌كی جیاواز و له ژێر ناوێكی دیكه.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی كورت له مێژووی شه‌وی یه‌لدا له كوردستاندا بده‌ینه‌وه‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جێژنه، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌كی ئایین له كوردستان و داب‌و نه‌ریتی كورده‌واری له سه‌رده‌می كه‌ونارادا. وه‌ك ده‌زانین بونیانه‌كانی ئایین له كوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می كه‌وناراو ره‌گی له مێژووی كورددا داكوتاوه. هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤی كورد و تێكه‌ڵاوبوون به سروشت و دیارده‌كانی و ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤی كورد له‌م سه‌رزه‌وینه‌دا ئایینیش وه‌ك سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی مانای به‌ژیانی خه‌ڵكانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌خشیوه. ژیان حه‌قیقه‌تێكه كه به بێ دۆزینه‌وه‌ی مانای نیه. مرۆڤی سه‌رده‌می كه‌وناراش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م حه‌قیقه‌ته هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆیان داوه.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه كه دانیشتوانی ڕه‌سه‌ن و كۆنی ناوچه‌ی زاگرۆس، پێش له هاتنی كۆچبه‌ره ئارییه‌كان، هێز و دیارده سروشتییه‌كانیان به‌لاوه پیرۆز بووه و "خۆر، ئاو و ئاگر و با"یان په‌رستش كردووه كه هه‌نووكه‌ش له ئایینی ئیزیدییه‌كان پیرۆزیی خۆیان هه‌یه. شه‌وی چله یان یه‌لداش هه‌نووكه‌ش یه‌كێك له جێژنه گه‌وره‌كانی ئایینی ئیزیدییه و هه‌موو ساڵێك به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافیایی كوردستان و هه‌ڵكه‌وتی ژیۆپۆلتیكی، ئایینه‌كان ته‌شه‌نه‌یان كردووه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه و فره‌ئایینی یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كوردستان بووه.
له هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زایین‌دا، هاتن و نیشته‌جێ بوونی هۆزه كۆچه‌ره هێندوئه‌وروپییه‌كان، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ئایین و زمانی دانیشتوانی زاگرۆس‌دا پێكده‌هێنێت. كه په‌یدابوون و په‌ره‌سه‌ندنی باوه‌ڕ به خوا ئارییه‌كانی "وارونا"، "ئیندرا" و "میترا" له ناو نه‌ته‌وه‌كانی زاگرۆس‌دا، نیشانه‌یه‌كه له‌و گۆڕانكارییه. زۆری پێناچێ كه "میترا" ده‌بێته گرینگ‌ترین و گه‌وره‌ترین خوای ئه‌و سه‌رده‌مه و "میترائیسم" ده‌بێته ئایینی فه‌رمی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه و تا ئه‌وروپاش په‌ره‌ده‌ستێنێ، ئایینی میرائیسم به‌تایبه‌تی له ناو له‌شكه‌ریه‌كان و هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كاندا بڵاوده‌بێته‌وه و گه‌شه‌ده‌كا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنه‌ماكانی ئه‌م ئایینه كه له سه‌ر بنه‌ره‌تی "مێرخاسی" و "یاسا" و "له‌خۆبردوویی" دانرا بوو. ئه‌م سیفاته له كه‌لامه‌كانی ئه‌هلی حه‌قدا به وشه‌ی "ڕ‌دا" ڕه‌نگی داوته‌وه و له‌م هزره‌دا یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانه. سوڵتان سه‌هاك ده‌ڵێ:
یاری چوار چێوه‌ن باوه‌ڕی وجا ڕاسی و پاكی و نیسی و ڕ‌دا
ئایینی میترا یان مێهر، پێش له سه‌رهه‌لدانی زه‌رده‌شت له‌ناو ئارییه‌كاندا وه‌ك هێزێكی مه‌عنه‌وی ڕۆڵی هه‌بووه، به‌تایبه‌ت له ناو خه‌ڵكی ئاسایی‌دا زۆر خۆشه‌ویست بووه. به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی زه‌رده‌شت پله و پایه‌ی میترا تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و زه‌رده‌شت میترای تا ئاستی یه‌كێك له خوداكان و فریشته‌كانی ئایینه‌كه‌ی خۆی، نزم كرده‌وه.نزیكایه‌تی و وێكچوون‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی میترایی له ئایینی "یاری"دا، "ڕاستگۆیی" و پێداگرییه له سه‌ر "په‌یمان"، كه له‌م ئایینه‌دا زۆر گرینگه‌و ڕێزگرتن و پیرۆزكردنی "هه‌تاو"ه. هه‌تاو له ئایینی میتراییدا سه‌مبوڵ و هێمای "میترا"یه، له هزری یارسانیشدا هه‌تاو مه‌نزڵگای حه‌زره‌تی "حه‌ق"ـه. و دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان شوێن و ئاسه‌واری میترایی له كوردستاندا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه كورده‌كان تا سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین، له ئایینی میترا په‌یڕه‌وییان كردووه، به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی زه‌رده‌شت، نه‌ته‌وه ئارییه‌كان ده‌چنه سه‌ر ئایینی زه‌رده‌شتی و ده‌ست له میترائیسم هه‌ڵده‌گرن.
دین وه‌كوو سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه تاقه رێگایه‌ك بووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ماناكانی ژیان و له په‌نای دا زانست بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌حه‌قیقه‌ت. هه‌وڵی خۆی داوه. بۆیه ده‌توانین بڵێن كه مانای ژیان، له خودی ژیانی مرۆڤ و ده‌ورووبه‌ری دایه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی زیندووه و هه‌میشه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ماناكانی سروشته‌وه‌یه.
به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و ئاوڕدانه‌وه له ئایینه‌كان له كوردستاندا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه "شه‌وی یه‌دا" وه‌كوو جێژنێكی ئایینی له سه‌رده‌می كۆندا چاو لێكراوه و وه‌كوو نه‌ریتێكی كه‌وناراش پارێزراوه و هه‌نووكه‌ش له ناو ئایینه جۆراوجۆره‌كانداو له كورده‌واریشدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
شه‌وی یه‌لدا له كورده‌واری دا چۆن به‌ڕێوه ده‌چێ؟
شه‌وی یه‌لدا وه‌كوو جێژنه‌كانی دیكه‌ی كورده‌واری، نه‌ورۆز، چوارشه‌مه‌سووری‌و ... نه‌ریتێكی كۆنه و له كولتووری ئه‌ده‌بیاتی كوردی دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه هه‌میشه شه‌وی یه‌لدا له ئه‌دبیاتی گه‌لانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت كوردیش به زوڵفی یار شوبهێنراوه و به واتای ئه‌وه‌ی كه زوڵفی یار وه‌ك شه‌وی یه‌لدا ره‌ش‌و قه‌ترانی و درێژه.
له‌م شه‌وه‌دا بنه‌ماڵه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی له ده‌وری یه‌كترو شه‌وچه‌ره‌ی نێو دیوه‌خانیان و به‌سه‌ر بردنی چله‌ی گه‌وره‌ی ساڵ واته چله‌ی زستان دانیشتوون و تا ده‌مه‌وبه‌یان یه‌كتریان دواندوه و ئه‌و شه‌وه‌یان به گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی شێعر و حه‌یران، لاوك و هۆره به‌سه‌ر بردووه، حه‌كایه‌تێك كه باس له قاره‌مانه‌تی و له‌خۆبردوویی یان هه‌ندێك جار دڵشكان و نامۆرادی و تراژیك كه ئه‌وه‌ش له میتۆلۆژی و ئوستووره‌ناسیی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا ده‌توانێ راڤه بكرێت. كه‌سایه‌تی ئه‌و حه‌كایه‌تانه، كچانی شۆخ و شه‌نگ و كوڕانی جوامێر و مێرخاس‌و دركاندنی رازی ده‌یان چیرۆك‌و حه‌كایه‌تی ونبوو. خه‌ج‌و سیامه‌ن، مه‌می ئالان، قه‌ڵای دمدم، دوازده‌سواره‌ی مه‌ریوان، شیرین و فه‌رهاد و ....
خواردنی شێوی زۆربه‌ی ئه‌م جێژنه، دۆڵمه‌ی گه‌ڵامێو و كه‌له‌م بووه و له پاڵیدا شه‌وچره‌ی دیوه‌خان سفره‌یه‌كی ره‌نگین به "هه‌نار، سێ‌و، شووتی، پسته‌و بادام و توو و گوڵه‌به‌ڕۆژه و برێشكه، گه‌نمی بر‌ژاو مێوژ، هه‌نجیره وشكه ... ته‌نه‌قولات به گشتی كه هه‌ركام مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. بۆ نموونه ده‌توانین بڵێن كه شووتی و هه‌نار به هۆی زۆربوونی ده‌نكه‌كانییه‌وه نیشانه‌ی به‌ره‌كه‌ت بووه.
نه‌ته‌وه‌ی ئێمه سه‌فه‌رێكی دوور و درێژی ژانگرتنی تیپه‌ڕاند‌و شه‌وگارێكی ته‌نیایی‌و سه‌ختی به دیار خه‌ونه‌كانی خۆیه‌وه رۆژ كرده‌وه. شه‌وی یه‌لدا هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی وه‌رزی خه‌زان، وه‌رزی ماڵئاوایی دوایین سه‌فه‌ری سروشت به‌ره‌و هه‌رێمی به‌فر‌و باو بۆران، سه‌رما‌و كڕێوه، وه‌شت‌و زریان‌و، به‌سته‌ڵه‌ك‌و سه‌هۆڵبه‌ندان. ته‌نیایی خه‌سڵه‌تێكی هه‌ره دیاری ناو مێژووی ئێمه‌یه‌و ته‌نیایی و خۆخواردنه‌وه‌و دانبه‌خۆداگرتن‌و دواجار گریان، ئه‌و سیفه‌تانه‌ن كه هه‌میشه گه‌وره‌یی ئینسانی ئێمه‌یان له هه‌ڵخزان به‌ره‌و هه‌رێمی رق‌و ئاژاوه‌نانه‌وه رزگار كردووه. قاره‌مانه‌تی و نامۆرادی به‌شێك بووه له نه‌ریتی ئێمه. به بیری زستانی و پشوودرێژییه‌وه و به تێڕامان له‌و وته‌یه‌ی كه به‌هار هه‌ر له رێگایه‌و دێته‌وه!! هیوا به داهاتوو، به‌رده‌وامی‌و نه‌دۆڕاندی ئیراده، ژیاندۆستی‌و مرۆڤ دۆستی له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌كانی وه‌رزی زستانن. بۆیه به چاوكراوه‌یی‌و به‌رچاو روونییه‌وه له ئاسۆ بڕوانین هه‌تا زانست‌و ماریفه‌ت بكه‌ینه هه‌گبه‌ی داهاتوومان و ئاگردانی زستانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان گه‌رم و به‌تین بێت. ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تایی هه‌ركارێك شادییه، به‌ڵام شادیی‌و خۆشی ئێمه زه‌مه‌نێكه كه كۆمه‌ڵگاكه‌مان لێوان‌لێو بێ له شادی‌و خۆشی ژیان. هه‌ر بژین‌و ته‌زووی زستانی دڵتان به تینی گه‌رمای خۆشه‌ویستی وه‌رزی ژیانه‌وه‌تان پێ ببه‌خشێ. و به هیوای به‌هاری ئازادی.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر