۱۳۹۷ خرداد ۲۳, چهارشنبه

برسیەتی یان تێری .. کامیان؟!


لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆماندا، مژارێکی تایبەت هەبوو کە لە ئەدەبیات و کۆمەڵگای نەرویژیدا زۆر گرینگی پێ دەدرێت. "برسیەتی یان تێری". "برسیەتی" ناوی ڕۆمانێکی نووسەری ناوداری نۆروێژی بە ناوی "کنووت هامسون" کە لە ساڵی ١٩٢٠دا بڵاوی کردۆتەوە و خەڵاتی نۆبێلی وەرگرتووە. نووسەر بەسەرهاتی گەنجێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە شاری کریستیانیا )ئۆسلۆی ئەمڕۆیی(، برسیەتی وای لێ دەکات دەست بۆ قەڵەم ببات و لە ڕۆژنامەیەکی ئەوکاتدا بابەت بنووسێ و لە پێناو نووسینەکەیدا بڕێک پارەی کەم وەربگرێت.

وانەی مێژوو لە کوێدایە؟

یەکێک لەو بابەتانەی لە دەرسی مێژووی شەڕی جیهانیی دووهەمدا سەرنجی ڕاکێشام ئەوەبوو، ئەو دەمەی ئەورووپا (وڵاتانێ وەک بریتانیا و فەڕانسە) بەرامبەر نازیسم و فاشیزم وەستانەوە و شانازی بە مێژووی بەربەرەکانێ لەگەڵ دڕندەترین سیستەمەکانی دنیادا دەکرد و دەکەن، خۆیان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقادا خەریکی کۆمەڵکوژی و قات و قڕێ نەتەوەکانی‌تر و بە سوخرەکێشانی مرۆڤ و کۆیلەکردنیدا بوون. 
ئێستاکەش هەروایە، هەموو ئەورووپا تەحەمولی دیکتاتۆرێک لە وڵاتەکەی خۆیدا ناکات، کەچی بە ناوی ریال پۆلیتیکەوە سەرچاوەی ئاوی ژیانی نەتەوەکانی دیکەیان لێڵ کردوە و پشتی دیکتاتۆرەکانی گرتووە بۆ سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان و ئەم سیاسەتەش بە بزەی تاڵی سیاسەتمەدارانی رۆژئاوایی و شارۆمەندانیانەوە دیارە.

بۆ هەموو ساڵێ

هەرچی تۆز و خۆڵی ئایدۆلۆژیای هاوردەیان کردە چاومان و بووین بە ژێر پۆستاڵی خەونی داگیرکەرەوە، ئەوان یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک خوایان هەڵبژارد و ئێمەیان چەوسانەوە، ئێمە هەزار باڵ و هەزار لۆی شووناسی ڕەنجەڕۆمان بە باڵا بڕی و بووینە کۆیلەیەکی لارەملی ئەوان، ئەوان قووڵایی ئیستراتێژیکیان بەناو جەرگ و دڵی ئێمەدا ئەڕوا و ئێمە دەسنوێژ بە میزی وەیشوومەی ئەوان دەگرین، ئەوان خەون بە سەرپاڵەیی هەزارساڵەی خۆیانەوە دەبینین، ئێمە بە پاڵووی پچڕاوی کوردبوونەوە نەمانتوانی بارەکەمان ڕاس کەینەوە، ئێمە دەبێ ڕۆژگارێ خەونی ئاسوودەییان تێک بدەین و نەخشەڕێگای ڕاسانمان بە شاڕێی ئازادبووندا بگێڕین. ئەوسا ئیتر کوردبوون، ڕووەکێکە لە بەژنی داربەڕوو.

پەشێوی

دەروونناسەکان بۆ دۆزینەوەی پەشێوی دروونی مرۆڤ بە دوای گرێ کوێرەیەک دەگەڕێن کە لە ژیانی منداڵیی مرۆڤی نەخۆشدایە و دۆزینەوەی ئەو گرێکوێرەش وا دەکات ڕێگاکانی چارەسەریشی هاسان بێتەوە. نەتەوەی کوردی ئێمەش نەخۆشە و پەتای ئەم نەخۆشییەش هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی تەنیوەتەوە. تەنیا ڕێگایەک ئەوەیە کە گرێکوێرەی دەروونیی کورد بدۆزرێتەوە و لەم پەشێوییە ڕزگاری بێت. وەک چۆن داروین وتی گیانلەبەرێک لە سەر زەوی ئەمێنێتەوە کە بەهێز بێ و خۆی لەگەڵ سرووشتدا ڕێک بخات، ئاوەهاش نەتەوەیەک ئەتوانێ لە مێژوودا بمێنێتەوە کە بەهێز بێ و گەشە بکات.