پرۆسه‌ی دیمۆكراسی‌و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگای دێموكراتیك، له مێژووی مرۆڤایه‌تیی‌دا رێگایه‌كی ئه‌سته‌م‌و دژواری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه مێژووییه‌كان كه هه‌ر له سه‌رده‌می یونانی كه‌وناراوه بگره هه‌تا ئه‌وڕۆكه مرۆڤ به دوای خولیا‌و و ئاواته‌كانی‌و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیدا بووه
پرۆسه‌ی دیمۆكراسی‌و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگای دێموكراتیك، له مێژووی مرۆڤایه‌تیی‌دا رێگایه‌كی ئه‌سته‌م‌و دژواری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه مێژووییه‌كان كه هه‌ر له سه‌رده‌می یونانی كه‌وناراوه بگره هه‌تا ئه‌وڕۆكه مرۆڤ به دوای خولیا‌و و ئاواته‌كانی‌و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیدا بووه. خه‌ونی به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی مرۆڤ‌و چۆنیه‌تیی به ئاكام گه‌یشتنی پرۆسه‌ی دێموكراسی‌و جێگیربوونی سیستمێكی دێموكراتیك، به‌رده‌وام له ململانێ له‌گه‌ڵ سیستمه سه‌ره‌ڕۆكانی مێژوودا بووه. به‌ڵام بێ دڕدۆنگی ده‌توانین بڵێن دێموكراسی وه‌كوو تاقانه سیستمێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ناودێر بكه‌ین كه له ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوودا سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌و توانیویه‌تی توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌هاو كه‌رامه‌تی مرۆڤ له بواری ئازادی، دادپه‌روه‌ری‌و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و وه‌ڵامده‌ربوونی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به ویست‌و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بپارێزێ. هه‌نووكه له ئاستی جیهانیدا كه‌متر لایه‌ن‌و كه‌سێك هه‌یه كه بانگه‌شه‌ی دێموكراسی نه‌كات‌و خۆی به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی دێموكراسی نه‌زانێ‌و كه‌متر رێژمێك هه‌یه كه به هۆی بوونی نێوه‌رۆكێكی نادێموكراتیك‌و فاشیستانه بانگه‌شه‌ی خه‌ڵكسالاری نه‌كات. ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا په‌یدا نابێ كه پشتیوانیی له دیكتاتۆر بكات‌و شانازی پێوه بكات. كه‌واته سیستمه ئیدۆلۆژییه ره‌گداكوتاوه‌كان‌و رێژیمه‌كانیان كه بێ‌سڵكردنه‌وه ده‌ست له هه‌موو بیاڤه سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جڤات وه‌رده‌ده‌ن‌و به هه‌مووشێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی ژیانی تاكه‌كه‌سی جڤات ده‌كه‌ن، له كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی جیهانیدا به ناڕه‌وا به ئه‌ژمار دێن. به‌و هۆیه‌یه كه ده‌توانین دێموكراسی به دوو فاكته‌ری گرینگ وه‌كوو سیستمێكی سه‌ركه‌وتوو له جیهانی ئه‌وڕكه‌دا ناودێر بكه‌ین:
یه‌كه‌م: دێمكراسی وه‌كوو سیستمێك ته‌نیا مۆدێلێكی جیهانییه كه ره‌وتێكی دینامیكی‌و به‌رده‌وامی به گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵ‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵ له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا داوه‌و توانیوه وه‌كوو سامانێكی مه‌زنی مرۆڤایه‌تی له نێو دڵی رێژیمه دیكتاتۆر‌و سه‌ره‌رۆكاندا ده‌ربكه‌وێت‌و بنه‌ما‌و بنه‌واشه‌كانی به‌جیهانی بن‌و وه‌كوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاپاگیر هه‌موو كون‌و قوژبنه‌كانی جیهان بگرێته‌وه.
دووهه‌م: دێموكراسی له رێگای دامه‌زراوه‌و پره‌نسیپه مرۆڤته‌وه‌ره‌كانیدا باشترین سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه كه داكۆكی له مافه‌كانی تاك له جڤاتدا ده‌كات‌و توانیویه له ره‌وتی مێژوودا خاوه‌نی مه‌زنترین میراتی لێبوورده‌یی بێت.
هه‌روه‌كوو جان لاك ده‌ڵێت: "ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك له شكڵگرتن‌و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا رۆڵ ده‌بینێ"، ده‌توانین بڵێین كه دێموكراسی ته‌نیا مۆدێلێكی ده‌سه‌ڵات له رێكخستن‌و دامه‌زراوه‌كردنی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی جڤاكدا‌و شیاوی به‌جیهانیكردنی پرنسیپه ئه‌خلاقییه دێموكراتیكه‌كاندایه. به‌شداربوونی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خۆیاندا به دێموكراسی ده‌ناسرێ. دێموكراسی له‌گه‌ڵ ئازادی و مافی مرۆڤ پێوه‌ندییه‌كی لێكدانه‌بڕاوی هه‌یه. "ده‌سه‌ڵات" به مانای قودره‌ت له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه وه‌ك"ده‌وڵه‌ت" و "حكومه‌ت" یان سوڵته به‌كارده‌بردرێ. "ده‌وڵه‌ت" ده‌سه‌ڵاتێكی دانراوه‌ی گشتی و نوێنه‌ری خه‌ڵكی وڵاته به‌ئه‌ژمار دێت. له‌و روانگه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ریی و پارێزگاری له وڵات و مافی هاووڵاتییان‌و ده‌ستبه‌ركردنی ویست‌و داخوازییه‌كانی شارۆڤه‌ندان، ئه‌ركی سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وڵه‌ته. بۆیه به‌م شێوه‌یه به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین كه دابینبوونی پێداویستییه مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی مرۆڤ‌و هاوئاراسته له‌گه‌ڵ واقعییه‌ته دینامیكییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له سیستمێكی كراوه وه‌كوو سیستمی دێموكراسی‌دا، مرۆڤ ده‌گاته ئاستێك له یاسامه‌ندی‌و یاسا سه‌روه‌ری كه تێیدا كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جێگیر ده‌بێت‌و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی ئاوه‌زمه‌ندانه له چوارچێوی ئۆرگانیزمێكی كراوه‌دا به‌ر به توندوتیژی له هه‌موو بیاڤه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌گرن. به له‌به‌رچاوگرتنی مێژووی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و بوونی هه‌میشه‌یی یاسای دیكتاتۆره‌كان‌و كۆنترۆڵی بیاڤی گشتی‌و تاكه‌كه‌سی، ئه‌م ناوچه‌یه هه‌میشه توندوتیژی تێدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌و بۆته به‌شێك له كولتووری ده‌سه‌ڵاته‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا. شۆڕبوونهوهبۆ ناخی ئه‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتانه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و به تایبه‌تی ئێران‌دا، رووبه‌ڕوی سیستمێكی وشك‌و نامرۆڤانه ده‌بینه‌وه كه ژیانی تاك به تاكی كۆمه‌ڵی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی كردۆته‌وه.
بوونی ده‌سه‌ڵاته دواكه‌وتووه‌كان‌و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ‌و هه‌روه‌ها بوونی كولتوورێكی سوننه‌تی له‌م ناوچه‌یه‌دا گه‌یشتن به دێموكراسی‌و دابینبوونی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ دوا خستووه. بۆیه ئه‌گه‌ر به تێڕوانینێكی قووڵ له پێكهاته‌ی جڤاكی‌و كولتوورییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بڕوانین، ده‌توانین بڵێین كه سه‌رهه‌ڵدانی سیستمه دیكتاتۆره‌كان‌و كۆنترۆڵی ژیانی كۆمه‌ڵ‌و هه‌روه‌ها به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئامرازه‌كانی وه‌كوو سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئایدۆلۆژیك‌و وشك، راگه‌یاندنی قۆرخ كراو‌و ... ژیانی خه‌ڵكیان خستۆته ژێر چاودێرییه‌وه‌و بوونه‌ته گه‌وره‌ترین پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له ئاستی جیهانیدا. رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، یه‌كێ له ناوچه هه‌ستیاره‌كانی هه‌موو جیهانه كه هه‌موو كات كێشه‌ی سه‌قامگیریی دیمۆكراسی تیایدا به‌رچاو بووه. كێشه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌م وڵاتانه، ره‌نگه نه‌بوونی "كولتوری دێموكراتیك" له نێو كۆمه‌ڵگا بێت. هه‌ندێ له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین هێشتا خاوه‌نی رێژیمی دیكتاتۆرن و بڕێكیش ئه‌م قۆناخه‌یان تێپه‌ڕاندوه و قۆناخی سه‌پاندنی دێموكراسییان له‌و وڵاتانه‌دا ده‌ست پێ‌كردوه.
له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، سێ ئاستی راڤه‌كردن له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه: 1ـ پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت 2ـ پێكهاته‌ی خێڵه‌كیی مرۆڤه‌كان 3ـ قه‌یرانی هه‌ڵسوكه‌وتی ئاوه‌زمه‌ندانه(عقلانی) نێوان مرۆڤه‌كان(بوونی كولتوورێكی جه‌نگاوه‌رو توندوتیژ له ئاستی ده‌سه‌ڵات و یاسادا). كێشه‌ی هه‌ر سێ ئاستی راڤه، كێشه‌ی فه‌رهه‌نگی، په‌روه‌رده‌و فێركردنه. ده‌بێ له‌به‌رچاو بگرین له كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌قامگیر ده‌بێ كه به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگه‌دا به باوه‌ڕهێنان به‌م په‌ره‌نسیپه كه بتوانن جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی له هه‌مبه‌ر سه‌قامگیریی گشتی قه‌ناعه‌ت پێ‌بهێنن. جگه له‌م شێوه‌یه، مژاری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و دێموكراسی له لایه‌ن كۆمه‌ڵێكی زۆر له رووناكبیران‌و نووسه‌ران له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه له ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی دیكه دایه، داده‌نرێ.
ره‌وتی دێموكراتیزا‌سیۆن ئه‌وه ده‌خوازێ كه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به دۆخێكی ئه‌سته‌مدا تیده‌په‌ڕێ‌و به‌هاو نرخی زۆری له‌م ناوچه‌یه‌دا له پێشدایه. واتای كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و دینامیكبوونی له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه دێموكراتیكه‌كاندا ئێمه هێدی هێدی به باسه‌كه‌مان نزیك ده‌كاته‌وه كه ئه‌ویش داهاتوو و چاوه‌ڕوانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ واته توێژی لاوان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كاته‌وه كه به چڕی ده‌په‌رژێینه سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره له باسه‌كه‌مان‌و له سێ بواردا شرۆڤه‌ی ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: لاو وه‌كوو توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی:
به‌ر له‌وه‌ی كه بچینه سه‌رباسه‌كه‌مان پێویسته كه له رووی كۆمه‌ڵناسانه‌وه پێناسه‌یه‌كی گشتی بۆ لاو بكه‌ین. بێ‌گومان له مێژه واتای "نه‌وه‌ی لاو" له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌كه‌وێته به‌رباس‌و بوونی چالاكانه‌و ئه‌كتیڤی ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه وای كردووه كه توێژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كان بكه‌ونه هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێتر له پێگه‌ی لاو و نه‌وه‌ی نوێ له جڤاتدا. له سه‌رده‌مێكدا كه تا هه‌نووكه مێژووی جیهانی ئه‌وه‌نده حه‌شیمه‌تێكی لاوی نه‌بووه، له لایه‌كه‌وه له سه‌رده‌می ئه‌نفۆرمه‌یشن‌و پێوه‌ندییه گشتییه‌كاندا، كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتنێكی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه‌و رۆڵ‌و كاریگه‌ری نه‌وه‌ی نوێ له‌مه‌ڕ گۆڕانكارییه جیهانییه‌كاندا به‌رز بۆته‌وه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی په‌رۆشییه كۆمه‌ڵایه‌تییه نوێیه‌كان كه ئه‌وڕۆكه كۆمه‌ڵگای جیهانی له هه‌موو بیاڤه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و ئابوورییه‌كاندا گرتۆته‌وه، پرسی نه‌وه‌ی نوێ یه‌كێك له پرسه گرینگه‌كانی نێو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانه. به چه‌شنێك كه رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هۆكار‌و چۆنیه‌تیی گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندرووست ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئاستی به‌شداری توێژی لاو له كۆمه‌ڵگادا‌و هه‌روه‌ها دابینكردنی ویست‌وداخوازییه‌كانی ئه‌و هێزه دینامیكه‌ی كۆمه‌ڵ، ره‌وتی پرۆسه‌كه خێراتر ده‌كات. له چوارچێوه‌ی ئه‌م پرسانه‌دایه كه پرسی لاو و نه‌وه‌ی نوێ له قه‌واره‌و شكڵی چڕوپڕدا خۆی نواندوه. بۆیه ناسینی هێزێك یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره له كۆمه‌ڵگادا، به له‌به‌رچاوگرتنی خولیا‌و ئاواته‌كان‌و پێداویستییه‌كان، هۆكارێكی نوێ له گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا‌و له هه‌مان كاتیش‌دا هێزێك بۆ كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵاتی‌و سیاسی، پێویستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و گرینگی‌دان به‌م هێزه نوێیه له كۆمه‌ڵگادا پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تی بوو له زانستی كۆمه‌ڵناسی دا. به هۆی ئه‌وه‌ی كه لاو له قۆناخێكی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵكه‌وتووه له رووی ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه‌سایه‌تی بیچم ده‌گرێ، زۆر له بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به هۆی به‌شداری لاوه‌كانه‌وه سه‌ركه‌وتووتر بوون‌و زۆر له رێبه‌رانی سیاسی له‌و باوه‌ڕه‌دان كه هێزی لاو كۆڵه‌كه‌ی بزوێنه‌ی شۆڕشه‌كانه‌و ئه‌گه‌ر هێزێك، توێژی ئه‌كتیڤ‌و چالاكی كۆمه‌ڵگای له پشت نه‌بێ، بێ‌گومان سه‌ركه‌وتنی مه‌حاڵ ده‌بێت.
پێناسه‌ی لاو:
به‌گشتی ته‌مه‌نی ژیانی مرۆڤ به سێ قۆناغدا تێده‌په‌ڕِێ كه بریتییه له : منداڵی، لاویه‌تی‌و پیری. منداڵی وه‌كوو یه‌كه‌مین قۆناخێك كه مرۆڤ وه‌ك تاكێك چاوی تێدا هه‌ڵدێنێت‌و یه‌كه‌مین ویسته‌گه‌یه‌ك كه تێدا خۆی ده‌بینێته‌وه بنه‌ماڵه‌یه. پیری ئه‌و قۆناخه‌یه‌كه مرۆڤ هێدی هێدی له رووی جه‌سته‌ییه‌وه ده‌پووكێته‌وه‌و له رووی فیزیكییه‌وه وزه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نامێنێ كه له پێناو خولیاكانیدا بكه‌وێته جه‌نگه‌وه‌و وه‌كوو هێزێكی رادیكاڵی كۆمه‌ڵ خۆی بنوێنێ. لێره‌دایه كه پیر قۆناخی كۆنه‌پارێزی‌و لاویه‌تی قۆناخی رادیكاڵ بوون ناودێر ده‌كرێ. لاویه‌كی قۆناخێكه كه مرۆڤ به دوو قۆناخی سه‌ره‌كی له شكڵگرتنی كه‌سایه‌تی خۆیدا تێپه‌ڕی ده‌كات. قۆناخێك كه هێشتا پێیه‌كی له منداڵییه‌و ئه‌و خووخده‌یه‌ی كه له منداڵی‌دا هێشتا زاڵه به‌سه‌ر كاروكرده‌وه‌كانیدا وه‌كوو سه‌ربزێوی‌و ...و قۆناخی دووهه‌م ئه‌ه‌ویه كه لاو به‌ره‌و قووڵایی ته‌مه‌نی ده‌چێت‌و بیر له چاره‌نووس‌و داهاتووی خۆی ده‌كاته‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م قۆناخه له جڤاتدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌و باندۆرییه‌كی زۆری به‌سه‌ر جڤاتدا هه‌یه. بۆیه له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌توانین پێناسه‌یه‌كی وردتر بۆ لاو له كۆمه‌ڵگادا بكه‌ین:
ـ توێژی لاو خاوه‌ن وزه‌و توانایه‌كی به‌رفراوانن كه ده‌توانن هه‌م بونیادنه‌ری كۆمه‌ڵگا بن‌و هه‌م رووخێنه‌ری كۆمه‌ڵگا.
ـ توێژی لاو، وه‌كوو نه‌وه‌ی نوێ، ده‌توانن ده‌ستاوده‌ستكه‌ری په‌یامی نه‌وه‌ی رابردوو و نه‌وه‌ی داهاتوو بن. بۆیه كه‌متره‌خه‌می له ئاست توێژی لاودا، دابڕانی نه‌وه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئاكامه‌كه‌ی هه‌ره‌سی جڤاتی به‌دواوه ده‌بێت.
ـ به هۆی بوونی رۆحێكی گۆڕانخوازانه‌و دابڕوا له به‌ربه‌سته سیاسی‌و جڤاكییه‌كان، ده‌یانهه‌وێ دنیای خۆیان به مزاجی ئه‌وان بگۆڕدرێ‌و له‌م روویه‌وه ئه‌گه‌ر سیستمی سیاسی نه‌توانێ ویست‌و داخوازه‌كانی به‌جێ بگه‌یه‌نێ، توێژی لاو ده‌بێته هێزی گۆڕان له جڤاتدا.
ـ توێژی لاو، پێشگه‌یشتووه‌كانی ئه‌وڕۆ‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی داهاتوون. بۆیه به‌شداری له پرسه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌بێته هۆی بونیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌ش.
له روانگه‌ی یۆنسكۆوه، پرسی لاوان له چوار خاڵی سه‌ره‌كیدا كورت ده‌بێته‌وه:
یه‌كه‌م: توندوتیژی لاوان، خه‌سارهه‌ڵگربوون‌و شارۆمه‌ندی‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سیستمه ئیدئۆلۆژیك‌و توتالیتاره‌كاندا.
دووهه‌م: پرسی جینسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگادا‌و خه‌بات بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنه جینسیییه‌كان‌و خه‌بات دژی كولتووره دواكه‌وتووه‌كان له كۆمه‌ڵگادا.
سێهه‌م: پرسی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌و خه‌بات بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانیان‌و گه‌ڕان به‌دوای ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیاندا.
چواره‌م: په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست‌و ده‌سته‌به‌ربوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندرووست‌و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی.
به ئه‌م پێناسه گشتییانه كه باس كران، لاو وه‌كوو توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خاوه‌ن هێزێكی چالاك‌و ئه‌كتیڤ له جڤاتدا، رۆڵێكی گرینگ له‌سه‌ر ره‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگا‌و فرۆمگرتن‌و شكڵگرتنی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه. رۆڵی ئه‌م توێژه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مانه‌وه‌و گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. لێره‌دا راست ده‌چینه ناخی باسه‌كه‌مانه‌وه كه سیاسه‌ت‌و به‌شداری لاو له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا. كۆمه‌ڵگای ئێران به هۆی بوونی سیستمێكی داخراو، وای كردووه كه بێ‌گومان لاوی وامان هه‌یه كه ئه‌زموونی ژیانی گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه قووڵ بیركردنه‌وه له چاره‌نووسی داهاتووی كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌و خه‌ونی به‌دیهاتنی ویسته‌كانی، توێژێكی رادیكاڵی لـێ‌وه‌به‌رهێنابن. بۆیه ده‌بینین كه پێشه‌نگی بزاڤه جه‌ماوه‌ری‌و خۆپیشاندانه‌كانن‌و ته‌نانه‌ت زۆرترین نرخی گه‌یشتن به ویسته‌كانیان ده‌ده‌ن.
دووهه‌م: نه‌وه‌ی نوێ‌و پرسی سیاسه‌ت‌و حكوومه‌ت:
پراكتیكی سیاسی له هه‌مان كاتدا كه ره‌وتێكی مێژووییه‌و سیمای به‌دیهاتنی كرده‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له قه‌له‌مڕه‌وی مێژوودایه، پرۆسه‌ی زه‌ینی كردن‌و ده‌روونی بوونی ئه‌م مێژووه به‌دیهاتووه‌شی به‌دواوه‌یه. به واتایه‌كی دیكه، مێژووی سیاسه‌ت، مێژووی ئاگایی مرۆڤ له ئازادییه‌كانیه‌تی‌و بیچمگرتنی ئازادی له مێژوودا، له فۆرمی ره‌وتێكی دیارده‌ناسانه شكڵی گرتووه. به‌م واتایه سیاسه‌ت هاوكات كرده‌وه‌و به‌رهه‌مهێنان‌و داهێنانه. داهێنانی سیاسه‌ت له هه‌ر قۆناغێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای پراكتیكی نوێی سیاسی راوه‌ستاوه كه خۆی به‌رهه‌می بیرۆكه‌یه‌كی نوێ له چه‌مكی سیاسه‌ته. ئه‌وه‌ی وه‌كوو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌یناسین له مێژووی زیندووی سیاسه‌تدا شكڵی گرتووه. به‌م شێوه‌یه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خۆی پێكهاتنی له كرده‌وه‌ی سیاسه‌ته‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا كه‌وتۆته به‌رباسه‌وه، توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ ره‌وتی دیارده‌ناسانه‌ی سیاسه‌ت‌و ده‌وڵه‌ت‌و سیستمی سیاسی‌و له هه‌مان كاتدا یاسا وه‌كوو ده‌رخه‌ری پراكتیكی سیاسیی ده‌سه‌ڵات له جڤاتدا ده‌رده‌كه‌وێ.
پرسیار له مه‌ڕ سیاسه‌ت، پرسیارێكی نوێ نیه. بیرۆكه‌ی سیاسه‌ت خاوه‌ن مێژوویه‌كی دوور و درێژه. له ئاتێنی سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینییه‌وه هه‌تا ئێستاكه، پرسیار له‌مه‌ڕ سیاسه‌ت هاوكات له‌گه‌ڵماندا بووه. له‌وانه‌یه دژواربوونی وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره‌ش له ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوودا شاردرابێته‌وه. ئه‌وه‌ی مێژووی سیاسه‌ت پێمان ده‌ڵێ ئه‌مه‌یه كه سیاسه‌ت كرده‌وه‌یه‌كی مرۆییه، واته بۆ مرۆڤه‌كان‌و له نێوان مرۆڤه‌كان شكڵ ده‌گرێ. داهێنانی سیاسه‌ت له هه‌ر قۆناغێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی له سه‌ر بنه‌مای پراكتیكی نوێی سیاسه‌ت‌و گه‌ڵاڵه‌كردنی پرسیار له سیاسه‌ت، خۆی شێوازێكی ده‌ستێوه‌ردان له كرده‌وه‌ی سیاسی سه‌رده‌مه. له‌وانه بتوانین بڵێین كه گۆڕانكاری له چه‌مكی سیاسه‌تدا، به‌رده‌وام له مێژوودا له‌گه‌ڵ واتای په‌ره‌سه‌ندنی واتای ئازادی‌و سه‌قامگیریی له نێوان مرۆڤه‌كاندا بووه. به‌م شێوه‌یه، بۆ كردنه‌وه‌ی كتێبی سیاسی ده‌بێ كتێبی مێژووی ئازادی بكه‌ینه‌وه‌و روانگه‌یه‌كی دیارده‌ناسانه‌مان بۆ ره‌وتی بیچمگرتنی زه‌ینی‌و عه‌ینی سیاسه‌ت هه‌بێ. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌ت له سه‌ره‌تای بیچمگرتنی خۆیه‌وه هه‌تا به ئه‌مڕۆ پرسیار له باره‌ی داهێنانی سیاسه‌ته‌وه بووه. له روانگه پێشه‌نگه‌كان (بۆ نموونه ئه‌ره‌ستوو) ئه‌م داهێنانه له چوارچێوه‌ی میتافیزكدا شكڵ ده‌گرێ كه مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی سروشتی وه‌كوو "گیانله‌به‌رێكی سیاسی" (یانی گیانله‌به‌رێك كه تایبه‌تمه‌ندیی ژیانی سیاسی هه‌یه) پێناسه ده‌كات.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه دێموكراسی ئه‌وڕۆكه وه‌كوو پێویستییه‌كی جیهانی له هه‌موو وڵاتانی جیهانیدا خۆی ده‌رخستوه‌و بۆته به‌هایه‌كی جیهانی، جێگای ئاماژه پێدانه كه یه‌كێك له بنه‌ماكان‌و كۆڵه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و حكوومه‌تێكی دێموكراتیك، دامه‌زرانی رێكخراو‌و دامه‌زراوه مۆدێڕنه‌كانن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی توێژ‌و لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگا‌و هێزێك بۆ پێش‌گرتن له سه‌ره‌ڕۆیی ده‌سه‌ڵات‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی له هه‌مبه‌ر توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه.
سه‌رده‌می مۆدێڕن به سه‌رده‌می به‌رزبوونه‌وه‌و ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌یی تاكی بوون ناسراوه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، مرۆڤ فێر ده‌بێت هه‌تا له خۆی وه‌ك توخمێكی تاك، جیاواز‌و خاوه‌نی حه‌زوو مه‌یلی تایبه‌ت بڕوانێ‌و زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانی خۆی ، به‌بێ ده‌غده‌غه، ته‌رخان بكات بۆ هێنانه‌دی پێداویستی و حه‌زوو مه‌یله كه‌سیه‌كانی خۆی. ته‌نانه‌ت تاقمێك له ئایدۆلۆژیه‌كانی سه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی ئه‌م خاڵه ده‌كه‌ن كه راده‌ی سه‌ربه‌خۆیی كرده‌و ئازادی تاك ته‌نیا راده‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی گه‌شه‌ی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگاكان و جێگیركردنی دادپه‌روه‌ری له‌و كۆمه‌ڵگایانه دایه. هه‌روه‌ها، هاوكات ده‌توانین بڵێین كه ره‌نگه هیچ كات به درێژایی مێژوو به راده‌ی سه‌رده‌می مۆدێڕن ئه‌مرێكی گشتی واتا جێگیر كردنی دادپه‌روه‌ری له كۆمه‌ڵگاكان دا خه‌ڵكی هان نه‌داوه بۆ چالاكی و هه‌وڵدان و به‌ربه‌ره‌كانی به كۆمه‌ڵ. مێژووی كۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌كان هه‌تا راده‌یه‌كی زۆر مێژووی به‌ربه‌ره‌كانیه بۆ جێگیر كردنی دادپه‌روه‌ری له كۆمه‌ڵگادا.
له‌م به‌ستێنه‌دا پرۆسه‌ی به‌شداری لاو وه‌كوو هێزێكی ئه‌كتیڤی كۆمه‌ڵگا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دامه‌زران‌و بونیادنانی دامه‌زراوه دێموكراتیك‌و مه‌ده‌نییه‌كان كه تێیدا بتوانن ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌ننه ئاستی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. هه‌نووكه به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له رێكخراوه مه‌ده‌نی‌و سێنفییه‌كان، بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه نوێیه‌كان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری‌و ئاوه‌زمه‌ندانه‌دا لاو، ده‌توانێ راسته‌وخۆ‌و به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك‌و له رێگای ئۆرگانه دێموكراتیكه‌كانه‌وه مافه‌كانی خۆی داوا بكات. لێره‌دایه كه نه‌وه‌ی نوێ به پشت به‌ستن به یاسا دێموكراتیكه‌كان، ده‌بێته خاوه‌ن چاره‌نووسی خۆی. له سیستمی كۆماری ئیسلامیدا‌و به پێی یاساكانی ئه‌و وڵاته، لاو وه‌كوو چالاكترین توێژی كۆمه‌ڵ، له بواره رامیارییه‌كاندا دووره‌په‌رێز ده‌خرێته‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیرته‌سكی‌و دوگمابوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی. ئه‌زموونی كۆماری ئیسلامی له سێ‌ده‌یه‌ی رابردوودا ده‌ریخستووه كه گرینگی‌دان به توێژی لاو له كۆمه‌ڵگادا، گرینگی‌دان به ئایدۆلۆژی بووه‌و به ئیدئۆلۆژییه‌كی وشك‌و میتافیزیكی په‌روه‌رده‌كردنی لاو، ده‌توانین بڵێین بره‌وی به كولتووری خه‌یاڵگه‌رایی‌و دوور له واقعیه‌ته دینامیكه‌كانی كۆمه‌ڵ بووه. لێره‌دایه كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی شۆڕش‌و خه‌ونی به‌دیهاتنی ئیمپراتووری ئیسلامی‌و سیاسیه‌تی كۆنترۆڵی حه‌شیمه‌ت له پێناو ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش‌و گوتاری دوگمابوون‌و خه‌ونی به‌هه‌شتێكی به‌رین ده‌كاته گوتاری زاڵی شۆڕش بۆ هاندانی توێژی لاو له مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕدا. شۆڕش به واتای شه‌هاده‌ت له پێناو ئیسلام‌و ئایدۆلۆژیی كۆماری ویلایه‌تیی فه‌قیه. هه‌نووكه‌ش به‌رینكردنه‌وه‌ی تۆڕه تێرۆریستییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا‌و په‌ره‌پێدان به توندوتیژی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌و كه‌ڵكوه‌رگرتنی لاو له‌و گۆڕه‌پانه‌دا، لاوانی به چه‌شنێك گیرۆده‌ی بیره دواكه‌وتووه‌كانی خۆیان كردوه كه گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه. له لایه‌ك بیری ئایدۆلۆژیك‌و له لایه‌كی دیكه سه‌ركوتی رێكخراو‌و NGO كانی كۆمه‌ڵگا، به‌ر به هه‌رچه‌شنه چه‌كه‌ره‌كردنێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌گرێت.
له هه‌رحاڵدا له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌قامگیری سیستمی سیاسیی دێموكراتیك ته‌واو كارامه له ئێران‌دا له‌مپه‌رگه‌لێكی گه‌وره هه‌یه: هه‌ڵاواردنی نژادی‌و نه‌ته‌وه‌یی، نه‌بوونی پێكهاته‌یه‌كی سیاسیی به‌هێز، سنوورداربوون له پێكهاته ده‌سه‌ڵاتخوازییه حكوومه‌تییه‌كان، نه‌بوونی یه‌كپارچه‌یی‌و یه‌كگرتوویی، نه‌بوونی ره‌وایی سیاسی، نه‌بوونی هه‌ستی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن‌و هێمنایه‌تی له‌مه‌ڕ دژبه‌ران، پاوانخوازی به‌هۆی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان، تێكچوونی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هه‌روه‌ها له ئاكامدا بناژۆخوازی (بنیادگرایی) وه‌ك هۆكارگه‌لێكن كه ده‌بنه له‌مپه‌رله به‌رامبه‌ر یاسا دێموكراتیكه‌كانداو جێگیربوونیان له ئێران‌دا، بۆیه به هۆی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌وه‌یه كه خودی یاسای بنه‌ڕه‌تی له ئێران‌دا وه‌ڵامده‌ری داخوازییه‌كانی توێژی لاوی ئه‌مڕۆ نیه و ناتوانێ ببێته پشت‌و په‌نای لاوی ئێرانی. بۆیه كاتێك سیستمێكی ئیدئۆلۆژیكی زاڵ بێت، یاساكانیش له ته‌واویه‌تی بوونی خۆیدا داده‌ڕێژێ بۆ هه‌رچی به‌رینتركردنه‌وه‌ی سیستمی كۆنترۆڵ.
ئه‌و رێژیمه داخراوانه، به مه‌به‌ستی هه‌رچی زیاتر به‌رینتركردنه‌وه‌ی سیستمی كۆنترۆڵ‌و چاوه‌دێری به‌سه‌ر جڤاتدا، هه‌موو ئامرازه‌كانی راگه‌یه‌نه گشتییه‌كان‌و سیستمی داگیر ده‌كه‌ن‌و له رێڕه‌وی هه‌ڵته‌كاندنی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگاوه، بێ هیچ چه‌شنه به‌ربه‌ست‌و له‌مپه‌رێكی ئه‌وتۆ، له سه‌ره‌وه‌ڕا خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو بیاڤه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خواره‌وه‌دا، ده‌سه‌پێنن. جێگای باسه كه له وه‌ها رێژیمێكدا پێگه‌ی لاوان، له دۆخێكی ناله‌باردایه‌و ئاسۆی لاوه‌كان ناڕوون‌و تاریكه. سیاسه‌تگه‌لێك وه‌كوو: هه‌ژاری، بێكاری، قه‌یرانی شوناس، خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌ركوت‌و ئێعدام‌و ... كه ئه‌مڕۆ ئاماره‌كان راستییه‌كانی قه‌یرانه قووڵه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كانی لاوان له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ده‌رده‌خه‌ن. بۆیه هه‌وڵی كۆماری ئیسلامی بۆ بێده‌نگ كردن‌و كوشتنی ئیراده‌ی لاوه‌كان، یه‌كێك له سیاسه‌ته درێژخایه‌نه‌كان بووه كه تا هه‌نووكه‌ش به‌ڕێوه ده‌چێت‌و مه‌ودای كار‌و ژیان به لاوان نادات، بۆیه لاوانی ئێران‌و به تایبه‌تی كوردستان له هه‌موو بوارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێ‌به‌ش كراون‌و بوونه‌ته قوربانی سیاسه‌ته ناڕه‌واكانی كۆماری ئیسلامی‌و رۆژ به رۆژ ده‌بنه قوربانی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌ڵقووڵاوی ئه‌و سیاسه‌تانه.
سێهه‌م: ده‌سه‌ڵات‌و یاسا له ئێران‌دا:
"تاكه‌كان ده‌ژین‌و ده‌مرن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه جڤاته. ئه‌وه‌ی بۆ تاك له‌م هاتن‌و چوونه‌دا ده‌مێنێته‌وه بریتییه له ژیان، ژیانێكی چاك‌و مانادار‌و هه‌بوونی ویژدانێكی ته‌ندرووست، راستگۆیی له‌گه‌ڵ جڤات، گوتنی حه‌قیقه‌ت تا ئه‌و شوێنه‌ی كه شیاوه‌و عه‌قڵ‌و توانایی عه‌قڵ رێگا ده‌دات". ئه‌م وته ئه‌گه‌ر به تێڕامانه‌وه سه‌یری بكه‌ین، ده‌مانخاته نێو رامانێكه‌وه كه بۆ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ئاستی ئێران‌دا بگه‌ڕێینه‌وه. له‌م روانگه‌وه به‌رده‌وام زه‌نجیره‌یه‌ك قه‌یرانی یه‌ك له دوای یه‌ك، ده‌ستیان داوه‌ته ده‌ستی یه‌كدی بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای به‌ره‌و داڕمان ببه‌ن‌و له شۆڕشی مه‌شرووته‌وه كه یه‌كه‌م قۆناخه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بیری نوێخوازی‌و ئازادیخوازی بووه هه‌تا هه‌نووكه‌ش ئه‌و ره‌وته به‌رده‌وام بووه‌و به‌رده‌وام خه‌ونی دێموكراسی بۆته به‌شێك له خه‌ونی كۆمه‌ڵگای ئێران.
جه‌وهه‌ری مێژووی سیاسی هاوچه‌رخی ئێران، هه‌وڵدان بۆ داهێنان‌و دامه‌زراندنی پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنی موتڵه‌ق بووه له ناخی كۆمه‌ڵگایه‌كی لاواز‌و سه‌ركوت كراودا، به گشتی پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێرانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌ره‌ڕای رواڵه‌تی، ئاراسته‌ی پێكهاته‌یه‌كی ره‌های به‌خۆوه گرتووه. به تایبه‌تی كه ئامانجی، كۆكردنه‌وه‌و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆریته‌ی ناوه‌ندگه‌رایی بووه، كه له راستیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌ك له دوای یه‌كی ئێران به درێژایی مێژوو به كرده‌وه ره‌چاویان كردوه. به‌رده‌وامبوون له شێوه‌یه‌ك له خۆسه‌پاندن‌و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ بووه كه كه‌م تا زۆر درێژه‌ی نه‌ریتێكی مێژوویی ده‌سه‌ڵات‌و سیاسه‌ت له ئێران‌دا بووه.
ده‌كرێ بوترێ ناسه‌قامگیریی سیاسی له خۆیدا ئاكامی پاوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بووه. له ره‌وتی مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا شۆڕشی مه‌شرووته نوێنگه‌ی كۆتایی پێ‌هاتنی سه‌رده‌می سه‌ره‌ڕۆیی سوننه‌تی‌و سه‌ره‌تایه‌كه بۆ رسكانی قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی موتڵه‌ق، داخوازییه گشتییه‌كانی شۆڕشی مه‌شروته واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، پارلمان‌و كرانه‌وه‌ی فه‌زای سیاسی‌و به‌شدارێتی ئازادانه‌ی چین‌و توێژه‌كان به هه‌موو لایه‌نه‌كانییه‌وه له ژیانی سیاسی‌دا، به سه‌قامگیربوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته موتڵه‌قه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێ كردنیان مه‌حاڵ ده‌هاته به‌رچاو. تا راده‌یه‌ك ده‌توانین ئه‌م ده‌وره له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران به مێژووی شۆڕشه ناوچه‌یی‌و قه‌ومییه‌كان دابنێین. له‌م ده‌ورانه‌دا ته‌نانه‌ت دامه‌زرانی ئه‌نجوومه‌نه ئیاله‌تی‌و ویلایه‌تییه‌كان كه به مه‌به‌ستی پێشگیری‌و به‌رهه‌ڵستكاری له به‌رامبه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا په‌سند كرا بوو، سه‌ری نه‌گرت.
مافی تاك، كۆمه‌ڵ، دانراوه‌كان و ده‌سه‌ڵات، به‌پێی یاسا دیاریده‌كرێن. یاسایش له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی خه‌ڵك داده‌ندرێن. به‌ڕێوه‌بردنی یاسا له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ته. به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، به‌شێك له ده‌وڵه‌تان و ده‌سه‌ڵاتداران به فێڵ و زۆره‌ملی مافی مرۆ پێشێل ده‌كه‌ن. تێكچڕژان و كاریگه‌ری مافی مرۆڤ ده‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێكی پاوانخواز و داسه‌پاو ـ كه ڕێزێك بۆ یاسا و ڕای خه‌ڵك دانانێ ـ بنه‌مای ئاڵۆزی سنووره‌كانی دێموكراسین. له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤدا چه‌مكی ئازادی به واتای ئازادی مه‌زهه‌ب، ئازادی راده‌ربرین، ئازادی ویژدان، ئازادی كۆر‌و كۆمه‌ڵ، ئازادی به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی، ئازادی هه‌ڵبژاردن‌و ئازادی بیركردنه‌وه‌و ... و هه‌روه‌ها مافی ره‌وای ئاده‌میزاد كه له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونییدا ئاماژه‌ی پێكراوه، ئامووزش، ته‌ندرووستی، دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیان، شوێنی نیشته‌جێ‌بوون‌و له بواری په‌ره‌سه‌نده‌وه مافی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری پێ به‌خشراوه كه تاك بتوانێ هاوكات له كۆمه‌ڵگایه‌كدا بژی كه سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌رییه‌كانی بێت نه‌ك سیستمی سیاسی هه‌موو ویسته‌كانی سه‌ركوت بكات.
بۆیه به‌گشتی به‌م ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین كه یاساكانی ئێران به له‌به‌رچاوگرتنی سیستمی سیاسی‌و بیری زاڵی ولایه‌تی فه‌قیه، هۆكاره‌كانی ناڕه‌وابوونی ئه‌و یاساگه‌له ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه:
1ـ تێڕوانینیكی سوننه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات‌و له‌به‌رچاونه‌گرتنی كۆڵه‌كه‌كانی دێموكراسی‌و نه‌بوونی هیچ پێناسه‌یه‌كی روون‌و شه‌فاف له نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتدا.
2ـ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ر له وڵات‌دا، شه‌ریعه‌تی ولایه‌تی فه‌قیه‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار هێزی ئایدۆلۆژیك
3ـ بوونی یاسا بان سروشتییه‌كان كه ئیمكانی گۆڕانی تێدا به‌دی ناكرێ‌و جیانه‌كردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت.
4ـ نه‌بوونی عه‌قڵی مرۆڤتوه‌رانه‌و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافی تاك له كۆمه‌ڵگادا‌و پێشێلكاری له‌راده‌به‌ده‌ری مافه‌كانی مرۆڤ.
5ـ بوونی سه‌ره‌ڕۆیی‌و دیكتاتۆری‌و هه‌روه‌ها تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ل بیری فاشیستی ئاییندا.
6ـ قه‌یرانی به‌هاكان‌و له قه‌یران‌و گێژاودا هێشتنه‌وه‌ی هه‌موو بیاڤه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
7ـ نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌یه‌كی درووست له ئازادی‌و دێموكراسی‌و شێواندنی چه‌مك‌و ده‌سته‌واژه‌كان له رێگای جۆاوجۆره‌وه.
8ـ ئاماده‌كردن‌و رێكخستنی هێزی ئایدۆلۆژی بۆ سه‌ركوت له پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
9ـ بێ‌خه‌به‌ریی‌و له‌بیركردنی چڕوپڕبوونی كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆیی‌و دووركه‌وتنه‌وه له واقعیه‌ته‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگا.
10 ـ كۆنترۆڵ‌و چاودێری تاك له هه‌موو بیاڤه‌كانی بنه‌ماڵه، كۆمه‌ڵگا‌و سیستمی په‌روه‌رده‌ییدا
11ـ له‌بیركردن‌و له په‌راوێزداهێشتنه‌وه‌ی توێژی ئاگا‌و كارامه‌ی لاو له كۆمه‌ڵگادا‌و په‌ره‌پێدان به دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ونكردنی شوێن‌و پێگه‌ی لاوان له چوارچێوه‌ی به‌شداریی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیدا‌و ...
زۆر هۆكاری دیكه كه ده‌بێته هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كه‌سێتی لاو له كۆمه‌ڵگادا. به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی سی ساڵه‌ی كۆماری ئیسلامی‌و چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سیستمه، ده‌توانین بڵێین "قه‌فه‌سێكی ئاسنین"ی به چوارده‌وری خۆیدا كێشاوه كه ئیمكانی گۆڕان له‌و چه‌شنه سیستمانه‌دا به‌دی ناكرێ‌و هه‌رچه‌شنه درزێك ده‌توانێ سیستم هه‌ڵوه‌شێنێ. بۆیه هه‌میشه به هۆی هێژموونی ئیدئۆلۆژكی سیستمه‌وه سیاسه‌تێك زاڵ ده‌بێ كه رێگای پێشكه‌وتنی له لاوه‌كانی گرتووه‌و به به‌راورد له‌گه‌ل سیستمه دێموكراتیكه‌كاندا ئه‌وه‌یه كه سیستمی داخراو كۆمه‌ڵگا له داخراوی ده‌هێڵێته‌وه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو چین‌و توێژه‌كان هه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای كراوه، تاك ده‌كاته جه‌مسه‌ری گۆڕان له كۆمه‌ڵگادا‌و به‌رده‌وام گۆڕان ده‌كاته خه‌ون‌و خولیاكانی‌و له ئاكامدا كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندرووست ده‌مێنێته‌وه. بۆیه ده‌توانین به‌و ده‌ره‌نجامه بگه‌ین كه كۆماری ئیسلامی له هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا پاشڤه‌ڕۆترین‌و دواكه‌وتووترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له جیهاندایه‌و ره‌وشی لاو وه‌كوو نه‌وه‌ی نوێ له قه‌یرانێكی قووڵدایه‌و ئاینده‌یه‌كی تاریك بۆ ئه‌وان چاوه‌ڕوان ده‌كرێ. له هه‌مان كاتیش‌دا بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه‌ته هێزی گۆڕان‌و رۆژانه به جێگای ئه‌وه‌ی كه چاكسازی له كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، وه‌كوو هێزێكی رادیكاڵ له پێناو ئازادی‌و دێموكراسی‌دا نرخی پربه‌ها ده‌ده‌ن.
***
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ڵكم لـێ‌وه‌رگرتوون:
1ـ فارۆق ره‌فیق، ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار.
2ـ نه‌ته‌وه‌و حه‌كایه‌ت، رێبوار سوه‌یلی.
3ـ زمانی برای انسانیت بشر، رامین جه‌هانبگلوو.
4ـ ماڵپه‌ڕی دیمانه، وتاری د. عه‌بدوڵڵا ئه‌بریشه‌می له‌سه‌ر دێموكراسی.
[ ] [ ] [ افراسیاب گرامی ]
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ڵكم لـێ‌وه‌رگرتوون:
1ـ فارۆق ره‌فیق، ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار.
2ـ نه‌ته‌وه‌و حه‌كایه‌ت، رێبوار سوه‌یلی.
3ـ زمانی برای انسانیت بشر، رامین جه‌هانبگلوو.
4ـ ماڵپه‌ڕی دیمانه، وتاری د. عه‌بدوڵڵا ئه‌بریشه‌می له‌سه‌ر دێموكراسی.
[ ] [ ] [ افراسیاب گرامی ]
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر