۱۳۹۲ خرداد ۲۳, پنجشنبه

لەبەردەم یاسادا Vor dem Gesetz

فڕانتس کافکا
وەرگێڕان لە ئاڵمانییەوە: ئەفراسیاب گرامی

لەبەردەم یاسادا، دەرگاوانێک وەستاوە. پیاوێکی لادێی بەرەو ئەم دەرگایە دێت و داوای چوونە ژوورەوە دەکات. بەڵام دەرگاوانەکە دەڵێ ئێستاکە ئەو ناتوانێ بڕواتە ژوورەوە.  پیاوەکە کەمێ تێدەفکرێ و دەپرسێت، ئایا پاش کەمێکی دیکە ئیزنی چوونە ژوورەوەی هەیە؟ دەرگاوان گوتی: " لەوانەیە ئیمکانی ئەوە هەبێت"، "بەڵام ئێستاکە نە". لەوێڕا دەرکەی یاسا وەک هەمیشە ئاوەڵایە و دەرگاوانەکە خۆی لا داوە، پیاوەکە سەری لار ئەکاتەوە و لە لای دەرگاکەوە سەیرێکی ناوەوە دەکات. دەرگاوانەکە لە کاتێکدا کە ئاگای لێیەتی و بە پێکەنینێکەوە دەڵێ: "ئەگەر تا ئەو رادەیە حەزت لێیە، هەوڵ بدە بە بێ ئەوەی من بزانم بڕۆ ژوورەوە. بەڵام بزانە" من بەدەسەڵاتم. لەگەڵ ئەوەشدا بزانە کە من پلەنزمترین دەرگاوانم. داڵان بە داڵان دەرگاوانەکان وەستاون و هەرکام بە دەسەڵاتتر لەوانی دیکەن. تەنانەت منیش لەبەرامبەر دیمەنی سێهەمین دا توانایی خۆڕاگرتنم نیە". پیاوە دێهاتییەکە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها کێشەیەک بە خەیاڵیشی دا نەدەهات، بیری ئەکردەوە، مەگەر نابێ یاسا هەمیشە دەرکی بەڕووی هەموو کەسێکدا ئاوەڵا بێت؟ بەڵام کەمێ سەرنجدارتر چاو لە دەرگاوان و پاڵتاوە چەرمییەکەی دەکات، لووتێکی گەورە و تیژ، ریشە زۆر و تەنکە تاتارییەکەی دەبینێت، بڕیار ئەدات چاوەڕێ بکات تا ئەوکاتەی ئیزنی چوونەژوورەوەی پێ بدات. دەرگاوانەکە کورسییەکی پێ ئەدات و ئیزن دەدات لە پاڵیا دابنیشێت.