۱۳۹۰ تیر ۲۴, جمعه

NGOكان‌و رەوشی كۆمەڵگای كوردستان

  زایەڵەی بەجیهانیبوون‌و تێكچڕژانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە گوندێكی چوكەی جیهانی دا، بەرهەمی چاخی رۆشنگەری‌و ئەو رەوتەی كە دوای رێنسانس‌و پاشان رۆشنگەری‌و شۆڕشی پیشەسازی لێ‌‎كەوتەوە، بوو. ئەم رەوتە جیهانیی‌و سەرتاپاگیرە كە ئەوڕۆكە بە بێ‌پرس‌وڕا سنوورە نەتەوەییەكان دەسڕێتەوە‌و خۆی بە كون‌و قوژبنەكانی پەڕانپەڕی ئەم جیهانەدا دەكا ...

زایەڵەی بەجیهانیبوون‌و تێكچڕژانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە گوندێكی چوكەی جیهانی دا، بەرهەمی چاخی رۆشنگەری‌و ئەو رەوتەی كە دوای رێنسانس‌و پاشان رۆشنگەری‌و شۆڕشی پیشەسازی لێ‌‎كەوتەوە، بوو. ئەم رەوتە جیهانیی‌و سەرتاپاگیرە كە ئەوڕۆكە بە بێ‌پرس‌وڕا سنوورە نەتەوەییەكان دەسڕێتەوە‌و خۆی بە كون‌و قوژبنەكانی پەڕانپەڕی ئەم جیهانەدا دەكا، گەلێك گۆڕانكاری بنەڕەتی هێنا كایەوە كە بە وتەی ئالوین تافلێر:" شەپۆلی نوێی شارستانییەتی مرۆڤایەتی سەری هەڵدا". واتە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤی بەسەر دوو ژیاردا، "ژیاری وەرزێری"‌و "ژیاری پیشەسازی" دابەش كرد‌و پاشان ململانێی نێوان پاشا‌و خوداشاكانی بۆ ملمڵانێی نێوان دەوڵەتەكان گواستەوە‌و دەسەڵاتە دینی‌و سوننەتییەكانی تێكشكاند‌و گۆڕانێكی قووڵی لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، هێنا ئاراوە. بیرمەندی مەزن، ماركس لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ژیارە نوێیە‌و شەپۆلە نوێیەدا، دەڵێ‌ :"مرۆڤەكان هەتا پاش شۆڕشی پیشەسازی بەدوای دۆزینەوە‌و پێكهێنانی گۆڕان لە جیهانی دەوروبەریان دا نەبوون، بەڵام بەدوای ئەو شەپۆلەوە مرۆڤ ئیدی بەدوای خۆی‌و جیهانی دەورووبەری دا دەگەڕێ‌". بە هۆی سەرهەڵدانی ژیاری مودێڕنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەلێك مەسەلەی پێوەندیدار بە پرسە كۆمەڵایەتیی‌و كولتوورییەكان هاتنە ئاراوە كە دەوڵەت توانایی كۆنترۆڵ كردنیانی نەبوو و ئەو پەرۆشییەش كە داوێنی كۆمەڵگای جیهانی گرتبوو، چارەسەر نەكردنی، خەسارێكی مەزنی لە پێكهاتەی كۆمەڵگای جیهانی دەدا. لێرەدایە كە NGOكان بەرهەمی بیر‌و هزرە كۆمەڵایەتییەكانی سەردەم‌و وەڵامدانەوە بەو پرسە نوێیانەی كە داوێنگری كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی ببوو، سەریان هەڵدا. هاوكات لە كاتی تێپەڕین لە دنیای كۆن‌و باوەڕە میتافیزیكییەكان بۆ دنیای مودێڕن‌و ئاكامی ئەم تێكچڕژانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، خوڵقاندنی گەلێك دەستەواژە بوون كە یەك لەوان كۆمەڵگای مەدەنی (Cirisociety)‌و چەمكەكانی پێوەندیدار بە كۆمەڵگای مەدەنی بوون. كۆمەڵگایەك كە دابینكەری ئاسوودەیی‌و تەناهیی‌و ئازداییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ بێ‌. NGOكان لە هەناوی كۆمەڵگای مەدەنییەوە هەڵدەقوڵێن‌و گرینگترین ئامرازەكانی سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی پێك دێنن. لە نێو ئەم شەپۆلە بە گوڕو تینەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییەدا‌و بەرهەمی بەجیهانیبوون، NGOكان سەریان هەڵدا‌و بوونە هەوێنی بزاڤە كۆمەڵایەتییە نوێیەكانی جیهان. NGO یان رێكخراوە ناحكوومییەكان كورتكراوەی سێ‌ وشەی Non – Govermental –Organisaiton)، بە دوای تێكڕووخانی پێكهاتە نەریتی‌و كۆنەكان لە جیهاندا‌و بنیاتنانەوەی سیستمە نوێییەكان هاتنە ئاراوە‌و خاوەنی پێكهاتەیەكی ئاسۆیی‌و راوێژكارانەن. بزاڤە نوێیەكان كە لە 1970 بەملاوە گەشە‌و پەرەیان سەند‌و بوونە هۆی سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی، NGOكان گرینگترین فاكتەری ئەو گۆڕانە مەزنەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بوون. ئەم بزاڤە نوێیانە كە لە ئاستی جیهان دا، شێوازێكی مودێڕنی حەقیەقەت‌تەوەر‌و كردەكارانەیان هەیە‌و راستییەكی بەڵگەنەویستی ئەمڕۆی كۆمەڵگای جیهانییە‌و بە شێوەیەكی گونجاو ژیانی ئەم دۆخەی توێژەكانی كۆمەڵگا لە رەوتێكی نوێدا رەنێو دەهێنێ‌. تایبەتمەندی گرینگی ئەم بزاڤە نوێیانەی جیهان لە بنەماشكێنی، بەرەنگاری، ئاكارخوازی، فرەڕەهەندی، شەبەكەیی، كەرنەڤاڵی دایە. "هابرماس" دوایین لایەنگرانی قوتابخانەی فرانكفۆرت، "گرینگترین هۆكاری سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی‌و رادەی ناسینی دێموكراسی لە وڵاتێكدا، رادەی بەشداریی NGOكان ‌و ئامادەبوونی NGOكان لە كۆمەڵگادا دەزانێ‌". NGOكان گەلێك تایبەتمەندی بەرچاوییان هەیە كە وێڕای هێماكردن بەو تایبەتمەندییانە باندۆرییەكی ئەرێنییان لەسەر رۆژەڤی دێموكراسیخوازی لە وڵاتدا هەیە. لە كاتێكدا دەوڵەت ناتوانێ‌ پێویستییەكانی تاكەكانی كۆمەڵ دابین بكا‌و هێندێك لە پێكهاتەكانی دەوڵەت ناتەواون، رێكخراوە ناحكوومییەكان بۆ ئەوە سەریان هەڵِدا كە ئەو بۆشاییە لە دەوڵەتەكاندا پڕ بكەنەوە. ئەگەر چاوێك بەسەر پێكهاتەی بزاڤە نوێیەكان كە لە بەستێنە جۆراوجۆرەكاندا سەرهەڵدەدا، بخشێنین، NGOكان كاراكتێری بزاڤە كۆمەڵایەتییە نوێیەكانی وەك بزاڤی ژنان، لاوان، خوێندكاران، ژینگەپارێزان، .... هتدن كە خوازیاری رێفۆرم لە پێكهاتەی دەوڵەتدان نەك ئەوەی كە تەواوی پێكهاتەی دەوڵەت یان كۆمەڵگا هەڵوەشێننەوە. NGOكان وەك میكانیزمێكی پرسهەڵگر‌و جێگای تێڕوانین بووە كە دنەدەری توێژەكانی كۆمەڵ لە پێوەندییەكی كۆمەڵایەتیی گۆڕانخواز‌و كردەكار دا بووە‌و توێژەكانی كۆمەڵ بۆ بنیاتنانەوە‌و نۆژەنكردنەوەی فەرهەنگی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی رێك دەخا. بۆیە فەلسەفەی بوونی NGOكان چاكسازی‌و سڕینەوەی خەسارە كۆمەڵایەتی‌و كولتوورییەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. ئەگەر بە واتایەك بزاڤە نوێیەكان، هۆكاری سەرهەڵدانی NGOكان بوون، بە واتایەكی دیكە NGOكان خوڵقێنەری سیستماتیك بوون‌و یاسایی بوونی ئەو بزاڤە نوێیانەی جیهانی ئەوڕۆكەی مرۆڤن. بۆیە زۆرجار NGOكان دەبنە رەوگەی سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی‌و پراكتیزەكردنی پرەنسیپە دێموكراتیكییەكان. یەكێكی دیكە لەو كردەكارانەی كە لە هەناوی NGOكان لە كۆمەڵگادا شاردراوەتەوە، ئەوەیە كە NGOكان‌و كۆمەڵگایەك كە خاوەن فرەدەنگی NGOكان بێ‌، دەبێتە ناوەندێكی تێلۆرانس‌و سەرچاوەی پێكەوەهەڵكردن‌و تەناهیی تاكەكانی كۆمەڵ. لە كۆمەڵگایەكدا كە تاكەكان بە ئازادییە تاكەكەسییەكانی خۆیان نەگەن، ئاڵۆزی‌و بشێوی پێك دێ‌ كە كۆمەڵگای مەدەنی رووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە. لێرەدایە كە رێكخراوە ناحكومییەكان بزاڤە نوێیەكان ئاراستەی دەكەن‌و سیستمە كۆنەكان هەڵدەتەكێنێ‌‌و سیستمە نوێیەكان دەبنە ئالتێرناتیڤی ئەو سیستمە لەكەڵك كەوتووانە. تایبەتمەندییەكی دیكەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، ئەوەیە كە گۆڕەپانێكی راهێنان‌و پەروەردەی دێموكراسیین. كەش‌و هەوایەك دەخوڵقێنن كە تاك بتوانێ‌ خاوەن دەنگی خۆی بێ‌. بە واتایەك زایەڵەی دەنگە جیاوازەكان‌و فەزایەك بۆ بارهێنان‌و ناوەندێكی فێركاری كۆمەڵایەتییە. یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەم رێكخراوە ناحكومییانە، بزوێنەری بزاڤێكی تەكووز، سیستماتیك‌و دینامیكی كۆمەڵگایە كە باندۆری خۆی لەسەر تەواوی پێكهاتەی كۆمەڵ دادەنێ‌. بە گشتی دەتوانین لە پێناسەیەكی كورتی رێكخراوە ناحكوومییەكان دا بڵێین كە: رێكخراوە ناحكومییەكان بەرهەمی بزاڤە نوێیەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیین. ئەم پێناسەیە بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو و خاوەن پێكهاتەی كۆمەڵگایەكی مەدەنییە، بەڵام ئەم پێناسەیە لە وڵاتانی جیهان سێهەمدا، پێچەوانەیە، رێكخراوەكان دەتوانن ببنە هەوێنی سەرهەڵدانی بزاڤە نوێیەكان‌و یەكەم هەنگاوی سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتدا بن.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین‌و رۆڵی NGOكان
هەروەك هێمام بۆ كرد، رەوتی بەجیهانیبوون، سەرتاپای جیهان دەتەنێتەوە‌و ئەو تیرێژە نوێیانەی گۆڕانگارییە جیهانییەكانیش بە دوای خۆیدا دەوەشێنێ‌. رۆژهەڵاتی ناڤین كە ناوەندی فرە كولتووری، فرە ئایینی، فرەنەتەوەییە‌و هەروەها ناوەندی ئاڵۆزی‌و بشێوی جیهانیشە‌و پەتایەك كە رۆژهەڵاتی ناڤین پێوەی دەناڵێنێ‌، بوونی رێژیمە دیكتاتۆر‌و توتالیتێرەكان لەو ناوچە جوغرافیاییەدایە. فرەچەشن بوونی ئەم ناوچە جوغرافییاییە، رۆڵی NGOكانی ئەستەم كردۆتەوە. بۆیە ئەگەر بە تێڕوانینێكی قووڵ لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی‌و كولتووری رۆژهەڵاتی ناڤین، شرۆڤەی بكەین، دەتوانین بڵێین كە رۆڵی NGOكان لەم چەشنە كۆمەڵگایانەدا دو قات بۆتەوە. لە لایەك سنووردابوون‌و ئیزن نەدانی دەوڵەتە دیكتاتۆر‌و توتالیتارەكان بە دامەزراندنی رێكخراوە ناحوكمییەكان‌و ترس لەو شەپۆلە نوێیەی چالاكی رێكخراوەكان‌و لە لایەكی دیكەوە بوونی پێكهاتەی خێڵەكی‌و زاڵبوونی سیستمی عەشیرەتی‌و داگیركردنی بیروهزری تاكەكەسی بە كولتوورێكی چەقبەستوو و رەگداكوتاو بۆتە هۆی كەمڕەنگ بوونی كاریگەری NGO كان لەم ناوچەیەدا. بە سەرنجدان بەم بەربەستانە، NGOكان وەك رێكخەری بزاڤێكی نۆڤینی كۆمەڵایەتی لە سێ‌ بواری سەرەكیدا، چالاكیی دەنوێنن: 1ـ چاكسازی دەوڵەت ، 2ـ دژایەتی لەگەڵ كولتوورە نەرێنییەكانی ئایینی‌و عەشیرەتی، 3ـ دژایەتیی لەگەڵ دەوڵەت‌و بە واتایەكی دیكە NGO كان تەواوكەری دەوڵەتن. شایانی باسە كە NGOكان‌و رۆڵی NGOكان لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، بزاڤێكی بەرهەڵستكار بۆ نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگا‌و سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنییە‌و ناساندنی خۆی وەك پردێكی پێوەندی نێوان دەسەڵات‌و خەڵكە. هەوێنی كردەكاری بە كۆمەڵی NGOكانیش گرێدراوی ئەو هزرە دێموكراسیخوازانەیە.
كۆمەڵگای كوردستانی رۆژهەڵات‌و رۆژەڤی NGOكان
ئەگەر چاوێك بەسەر رەوەشی هەنووكەیی ئێران‌و كۆمەڵگای كوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتی بخشێنین، دەبینین كە بوونی چەشنێك چەكەرەكردنی كۆمەڵگای مەدەنی لە ئێراندا هاتۆتە ئاراوە‌و لە ئاكامی سەرهەڵدانی ئەو هزرە دێموكراسیخواز‌و گۆڕانخوازە، كۆمەڵێك NGO سەریان هەڵدا كە بوونە هۆی گۆڕانێكی بەپەلە‌و ناهاوسەنگ لە ئاستی ئێراندا. ئەم گۆڕانە بووە جێگای مەترسییەك بۆ سەر رێژیمی كۆماری ئیسلامی‌و تێكشكانی بنەما فكرییەكانی ئەو سیستمەی بەسەر ئێراندا زاڵە. بۆیە هەمان هەست بە مەترسی كردنەی رێژیم لە بوونی NGOكان، ئاكامەكەی راپێچان‌و داخستنی بنكە‌و بارەگاكانی NGOكان بوو. NGOكان لە كوردستاندا بەرهەمی گەشەسەندنی خودئاگایی كۆمەڵگای كوردی بوو. لە كاتێكدا كە خەباتی میللی ـ دێموكراتیكی نەتەوەیی كورد رووبەڕووی توند‌وتیژی دەبێتەوە، ئەزموونكردنی خەباتی مەدەنی‌و فەرهەنگیش تاقی دەكرێتەوە كە هەمیسان وەڵامی ئەو خەباتە سێڤیلەی خەڵكی كورد بە شێوەی توندوتیژانە دەدرێتەوە. لە ساڵی 1378 بەملاوە كۆمەڵێك رێكخراوی نادەوڵەتی هاتنە نێو گۆڕەپانی چالاكییە مەدەنییەكان‌و توانیان كە بزووتنەوەیەكی فەرهەنگی بەربڵاو لە ئاستی كوردستاندا بێننە ئاراوە‌و تەنانەت باندۆری لە سەرانسەری ئێران دا هەبێ‌. لە ئاكامی ئەم بزووتنەوەیە كۆمەڵێك لە ئەنجوومەن‌و رێكخراوە فەرهەنگییەكان سەریان هەڵدا‌و بۆ نموونە دامەزرانی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، رێكخراوی پاراستنی مافی منداڵان، ژنان‌و دامەرزانی دەیان رێكخراو‌و ئەنجوومەنی دیكە لە شارەكاندا بوو كە دەتوانین بڵێن یەكەم هەنگاوی كۆمەڵگای كوردی لە رەوگەی سەقامگیری كۆمەڵگای مەدەنی‌و دێموكراتیك لە كوردستاندا بوو. سەرهەڵدان‌و گەشەكردنی NGO لە كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكاری سەرەكی:
1ـ نەبوونی ئازادی‌و فەزایكی دێموكراتیك لە كۆمەڵگای ئێران بە تایبەت كوردستان. بۆیە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتیی‌و كولتوورییەكان، پێویستییەكی گرینگ بوو كە رێكخراوە ناحكومییەكان ببنە بەستێنێكی لەبار بۆ چارەسەركردنی كیشە‌و خەسارە كۆمەڵایەتییەكان.
2ـ بە هۆكاری بوونی كێشە‌و كەلێنی نەتەوایەتی لە كۆمەڵگای كوردیدا‌و گرتنەبەری سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی كولتووری ـ نەتەوەیی كورد لە لایەن دەسەڵاتەوە، NGO كان هاتنە مەیدانەوە‌و لەو گۆڕەپانەدا باندۆریان لەسەر رەوتی خودئاگایی نەتەوەیی كورددا، هەبوو.
3ـ كۆمەڵگای كوردستان خولیای گەڕان بە دوای دێموكراسی‌و رەهایی لە دیكتاتۆرییەتن. بۆیە هەردەم تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی خوازیاری دامەرزانی كۆمەڵگایەكی دێموكراتیك‌و دادپەروەرانەن. بزاوتە كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگییەكان بە مەبەستی رۆشنگەری‌و بنیاتنانەوەی كۆمەڵێكی ئازاد‌و دێموكراتیكن‌و NGOكانیش پێشمەرجی سەقامگیری ئەم دێموكراسییەیە. بەرفراونی شەپۆلێكی گۆڕانخوازی NGO كان لە كوردستانی رۆژهەڵاتدا، ئاسۆیەكی گەش‌و بە باندۆر لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە. بەشداری NGOكان لەم شەپۆلە گۆڕٍانەدا‌و دینامیك بوونی ئەم شەپۆلە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوایەتی‌و پەرەسەندنی پرەنسیپە دێموكراتییەكان لە ئاستی كۆمەڵگای كوردیدا. گەشەی بزووتنەوە فەرهەنگییەكان لە بەستێنە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاسۆیەكی هیوابەخشە بۆ گەشەسەندنی ئاگایی كۆمەڵگا. هەرچەند كە رێژیمی توتالیتاری كۆماری ئیسلامی لەمپەرێكی گەورەی بەردەم دێموكراتیزەكردنی وڵاتە‌و سەركەوتكەری هەر چەشنە دەنگێكی ئازادیخوازییە. بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگەی بەردەم كۆمەڵگای ئێران بە تایبەتی كۆمەڵگای كوردستان، NGOكان چالاكییە مەدەنییەكانی خۆیان لە راستای نۆیژەنكردنەوەی كۆمەڵگا‌و بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی‌و دێموكراسیخوازی دایە‌و رۆژ بە رۆژ پەرەدەستێنێ‌و پێگەی خۆیان لە نێو دڵی خەڵكی كوردستاندا كردۆتەوە‌و بوونەتە هەوێنی سەرهەڵدانی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان.





 

هیچ نظری موجود نیست: