۱۳۹۸ آذر ۷, پنجشنبه

ڕاسان و رێ ، مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە


بیر، هزر و تێڕامانی مرۆڤ لە زماندا ڕوو ئەدات و زمان مەنتاڵیتێتی دەسەڵات و ئایدۆلۆژی پێک دەهێنێ. (R. Wodak 1989. ) کەواتە یەکێک لە نیشانەکانی دەرکەوتنی هەموو بزووتنەوەیەک، بە سیمبۆل‌کردنی زمان و دەربڕینی سیاسییە کە دەتوانێ چەمک و دەستەواژەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ بکاتە سیمبۆلی ڕامان و لێ‌وردبوونەوە. لەم وتارەدا بە کەڵکوەرگرتن لە سیمبوولی زمانی، خوێندنەوەیەک بۆ بزاڤی "ڕاسان" وەک خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات دەکەین و زەینی خوێنەر بۆ بە مانیفێست‌کردنی ڕاسان ئامادە دەکەین. پاشان ئاوڕێک لە ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە نێوان دوو ڕوانگەی ڕابردووبینی (retrospective)  و ئایندەبینی (prospective) ئەدەینەوە. ڕابردووبینانە بەو واتایە کە ڕووداوەکانی مێژوو بە شێوەیەکی دراماتیک کاریگەریی لەسەر دۆخی ئێستا و داهاتوو هەیە و بە شێوەیەک کە هەموو بزاوتێکی کۆمەڵایەتیی ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بە شێوەیەکی هێڵی کرۆنۆلۆگی ڕووداوەکان لە ئێستادا دەخوێنێتەوە. ڕوانگەی ئایندەبینانە هێڵێکی جاڵجاڵووکەیی هەیە و بەو واتایەیە کە مێژوو و ئێستا چ چاوەڕوانییەکی لە بزاوتە کۆمەڵایەتی‌یەکان هەیە، چۆن لە واقعیەتی ئەمڕۆ و داهاتوو دەڕوانێ و پێی وایە داهاتوو چەقی بیرکردنەوە و تێڕامانە[i]. بۆ ئەو مەبەستەش حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی هەر بزووتنەوەیەکم دیاری کردوە کە بە مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە ناودێرم کردووە. مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە  بریتی‌یە لە"ڕامان (رێتۆرێکی سیاسی)، ڕابردوو(شوناس و مێژوو)، ڕابوون (خودئاگایی وەک ئاخێزگەی بیری نەتەوەیی)، ڕاپەڕاندن (رێکخستن و سازماندەهی)، ڕایەڵە (تۆڕی پێوەندیی و ڕاگەیاندن)، ڕابەر (مودیرییەت و بەڕێوەبەریی) و دواجار ڕاسان (بزووتنەوەی شاخ و شار) " کە بزووتنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێناسە ئەکات. هاوکات لەگەڵ ئەم حەوت چەمکە ناسراوە بۆ بزووتنەوەی "ڕاسان"، ئاماژەیەکی کورت بە چەمکی "دێموکراسی قووڵ[ii]" ئەدەینەوە کە د.قاسملوو لە دوایین ساتەکانی‌ تەمەنیدا ئاماژەی پێ‌کردووە. "دێموکراسیی قووڵ"، دێموکراسییەکی هەمە لایەنەیە کە بە تیۆری "شاخی سەهۆڵین"یش ناودێر کراوە. وەک چۆن شاخێکی سەهۆڵین تەنیا لوتکەکەی لە ناو ئاودا دیارە و شاخێکی گەورەی سەهۆڵیش لە ژێر ئاوەکەدایە، سیستەمی "دێموکراسیی قووڵ"، سیستمێکی بەڕێوەبەریی هەیە کە ئێمە ترۆپکی بەڕێوەبەریی‌یەکە دەبینین، بەڵام کۆنترۆڵ، گەشەکردن و پەروەردەی سیستەمەکە لە قووڵایی خەڵک و ئەو ژینگەی کۆمەڵایەتییدایە. پرێنسیپەکانی دێموکراسیی قووڵ لەسەر بنەمای "دڵنیایی خەڵک بە دەسەڵات و دەسەڵات بە خەڵکە، هەروەها بەرپرسیاری دەوڵەت لەبەرامبەر مافی خەڵک و خەڵک لەبەرامبەر ئەرکدا" دامەزراوە. لەم ڕوانگەیەوەیە کە مەنتاڵیتێتی حەوتەوانەی "ڕاسان"، پشتی بە سەرمایە سیاسی و ئینسانییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتەوە بەستووە و پێی وایە کە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یە کە جەماوەری خەڵک بە کۆی پێکهاتەکانیەوە ڕایدەپەڕێنێ. ..... درێژەی بابەتەکە لەم لینکەدا بخوێننەوە کە دەکەوێتە لاپەرەی ١٧٨ ـ ١٩٢.  

۱۳۹۸ آبان ۳۰, پنجشنبه

لاوان و بەرمیلی قوپاوی سیاسەت لە ئێران


بۆچی لاوان و بەتایبەت گەنجانی کورد لە پانتایی سیاسەت لە ئێراندا رادیکاڵ بوون و بزووتنەوەی لاوانی کورد هەمیشە خوازیاری رووخان و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی ئێراندا بووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و هۆکارەکانی رادیکاڵبوونی بزووتنەوەی لاوانی کورد، راستەوخۆ پێوەندیی بە رێتۆریکی سیاسەت و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی‌یەوە هەیە کە نەوەی نوێی پشتگوێ خستووە و درزێکی گەورەی لە نێوان نەوەکاندا درووست کردووە.

۱۳۹۷ اسفند ۶, دوشنبه

وەڵامێک بۆ هاوڕێیەکی زێدەئازیز


لە گوندێکی سەرلێشێواو لە دایکبووم. ساڵی نەهات. ساڵی سەرلێشێواویی و دەربەدەری. ساڵی بەفرە قورسەکە. ساڵی گرانییەکە. ساڵی ئاوارەییەکە.
گەرمە شەڕی دوای شۆڕش. قین و رقە قیزەوەنەکانی دوای شۆڕش. شەڕ. بارگرانی شەڕ و نەهامەتی. وەیلان و بریندار و کوژران و قڕان و شیوەن. ئەو ساڵەی کە کەس هیچ شتێکی شک نە ئەبرد کۆی بکاتەوە و لەگەڵ نەهامەتییەکانیدا ئاوارە بێ. هەموومان ماڵ بەکۆڵ، تەنانەت نیشتمانەکەشمان ماڵ بەکۆڵ بوو. لە بیرمە دایکم "چێشتی برینج"ی کە لێ دەنا، ئاو بەچاویدا ئەهاتە خوارەوە و ئەیگوت: "ئۆخەی، ئیتر مناڵەکان تا ماوەیەکی‌تر داوای ناکەن". شەرای ئەم هەموو نەهامەتییە، روومەتی منی نازانم چەند ساڵانی دەگەوزاند لە خۆڵێک کە هێشتا گەردەکەی ناوچاوانی
من و هەزارەها وەک من ئەگرێتەوە.