۱۳۹۳ آبان ۱۷, شنبه

داڕمانی جیهانی ئیسلام، پیشبینییەک



داڕمانی جیهانی ئیسلام، 
پیشبینییەک                                         
Der Untergang der islamischen Welt
                                     Eine Prognose
وەرەگێرانی لە ئاڵمانییەوە: ئەفراسیاب گرامی

ئاماژە:  حامید عەبدولسەمەد: 



حامید عەبدول سەمەد لە ساڵی ١٩٧٢ی .ز. لە میسر دا لە دایکبووە ولە زانکۆی قاهیرەدا خوێندنی خۆی لە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەویی دا دەستپێکرد و لە تەمەنی ٢٣ ساڵاندا چوە وڵاتی ئاڵمان و لە زانکۆی "ئاگسبۆرگ" لە زانستە سیاسییەکاندا درێژەی بە خوێندن دا و لە زانکۆی مۆنیخ دۆکتۆرای فەلسەفەی مێژووی ئیسلامی تەواو کردوە. وەک خۆی دەڵێ: من لە ئاسمانەوە بەرەو زانست هاتم". گرینگترین بابەتی فیکری نووسەر، خوێندنەوەی فەلسەفەی مێژووی ئیسلامی و هۆکارەکان و سەرهەڵدان و گەشەکردنی بیری ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵات. ئەو پێی وایە بۆ راست کردنەوەی تەرازووی لارەسەنگی کولتووری ئیسلامی، "پەروەردە و فێرکردن" بنەمایی ترین کارە کە دەتوانێ ئەم گۆڕانە بەدی بهێنێت.  نووسینەکانی: ماڵئاوایی لە ئاسمان ٢٠٠٩(Mein Abschied vom Himmel)، رووخانی جیهانی ئیسلام٢٠١١ (Der Untergang der islamischen Welt. Eine Prognose)، شەڕ و ئاشتی: شۆڕشە عەرەبییەکان و ئایندەی رۆژهەڵات ٢٠١١ (Krieg oder Frieden: Die arabische Revolution und die Zukunft des Westens.)، ئیسلامی فاشیزم ٢٠١٤ (Der islamische Faschismus). شایانی باسە کە نووسەر، یەکێک لە نووسەرانی نەسڵی نوێی رەخنەگرانی ئیسلامە و چەندین جار لە لایەن ئیسلامییەکانەوە حوکمی جیهاد و کوشتنی بەسەردا سەپاوە. ئەمەی خوارەوە، دەقی پێشەکی کتێبی رووخانی جیهانی ئیسلامە.


سەرەتا
یان: رۆژهەڵاتی سووتاو
چەند ساڵ لەمەوبەر، وەکوو خوێندکارێکی خەمین و خەمبار، لە یەکێک لە زانکۆکانی ئاڵماندا، لە بەشی زانستە سیاسییەکان دەستم بە خوێندن کرد. خوێندن لە زانکۆدا بە باشی بەرەوپێش نەدەچوو، بە تێپەڕبوونی کات ئەکەوتمە دڕدۆنگی و شوناسە دژبەیەکەکانەوە. لەو خوێندکارە کونجکۆڵ و خولیای زانیارییەی کە رۆژێ هاتۆتە ئاڵمان بۆ ئەوەی کە درێژە بە خوێندن بدات و بە ئازادی بژیت، لە پڕێکدا وەکوو چالاکێکی فەرهەنگیی دۆشداماو قووت بوویەوە کە بە چاوێکی زۆر ساویلکانە و سووکەوە ئەیڕوانییە وڵاتی میوانەوە. هەڵبەتە غیرەتی باسکردنی کەم و کوڕییەکانی خۆم و ناکۆکییە دەروونییەکانی خۆمم نەبوو کە دەری ببڕم. تەنیا شتێکم کە بۆم مابوویەوە، رێکخستنی یارییەکی "پووکەر" بە دوای دۆزینەوەی شووناسی خۆمدا بووم.
گرینگترین کارتی ئەم یارییەی من ئەوە بوو کە، فەرهەنگی خۆم بەرز بکەمەوە و فەرهەنگی ئەوانی دیکە وەکوو سیمای شەیتانێک بنوێنم و لە پاڵ ئەوەشدا، ترس و دڵەڕاوکێ فەرهەنگییەکانی خۆم بەسەر ئاڵمانییەکاندا هەڵڕێژم. لەم پێوەندییەدا بەناو کتێبە مێژووییەکاندا، بە دوای لاوازیی و خاڵی رەش و وەیشوومەی مێژوویی وڵاتانی رۆژئاواییدا، وەکوو ئیستعمار، ئەمپریالیزم، نیۆلیبراڵیزم و ناسیونالیزمی ئابووری بووم. خولیای ئەو نووسەرە ئاڵمانییانە بووم کە بە رەخنەگرتن لە خۆیان و یەکتریان هەڵدەدڕی و کولتووری خۆیان دەدایە بەر زەبر و لێدانەوە.
لەم کاتەدا بوو کە لە لای یەکێک لە نزیکەکانمەوە، کتێبێکی کۆنم بەرچاو کەوت کە بۆ من گەنجینەیەکی نایاب بوو: "رووخانی رۆژئاوا(١)"، بەرهەمی "ئۆسڤالد ئیشپێنگلێرOswald Spengler ". پێم وابوو ئەم کتێبە هەموو هۆ و بەرهۆکانی خۆم بە دژی کولتووری گەندەڵی رۆژئاوایی کە کەسانی وەک منی موسوڵمانی خستۆتە ژێر گوشاری خۆیەوە، دەدەزۆمەوە. ناوەرۆکی کتێبەکە زۆرتر هەڵگری رووخانی رۆژئاوا بوو، کوڵی دڵمی فێنک ئەکردەوە. بەڵام بەر لەوەی کە سەرەتای دوروو درێژی ئەم بەرهەمە مەزنە بخوێنمەوە، ماندووی کردم. ئەگەرچی ئەم کتێبە بە زمانێکی زۆر سەخت و دژوار نووسرابوو، بۆ خوێندکارێکی بیانی و تازە زمانی ئاڵمانی فێربوو، تێگەیشتنی زۆر دژوار بوو، چونکە تا هەمان رادەش کە تێگەیشتم، شۆکە بووم. چونکە وەک ئەوەی کە ئشپینگلێر، بارودۆخی کولتووری بەرەو رووخان وەها وێنا کردبوو، بۆم زۆر ئاشنا بوو، کولتوورێک کە پیر و وشک و بێ رۆح و لێوانلێو لە ماتریالیسم و توندووتیژی کاڵ و بێ ناوەرۆکە. بە هەر چەشنێ‌ بوو هەوڵمدا تا لە دەقەکە تێبگەم، و تا ئەوەی کە بەم دێڕە گەیشتم:
"سەرەنجام، بە دەستپێکی پیریی ئەم شارستانیەتە، ئاگری رۆحی بەرەو خامۆشی ئەڕوات. ئەم هێزە داهێزراوە، هەوڵ ئەدات تا بۆ جارێکی دیکە، وەکوو چاخی کلاسیزم، کە هەموو کولتوورە خامۆش‌بووەکانی دەناسرا و بیهەوێت ئافراندنێکی مەزن بخوڵقێنێت و ، یان وەکوو چاخی رۆمانتیک، خەمبار بکەوێتەوە یادی دەورانی منداڵیی خۆیەوە. و دواتر، ئەم شارستانییەتە، ماندوو، دڵڕەنجاو و ساردە، خولیای لە پێناوی "بوون" دا لە دەست ئەدات و وەکوو ئیمپراتووریی رۆم، سەوداسەرانە لە رووناکی هەزار ساڵە بەرەو تاریکی عیرفانی بێ رۆح، ئەگەڕێتەوە داوێنی دایک، بۆ ئامێزی هەتاهەتایی ئەگەڕێتەوە".
ئەم دێڕەم چەندین جار خوێندەوە هەتا تێگەیشتم. دواتر کتێبەکەم وەلا نا. ئەم لێکدانەوەیەی ئیشپێنگلێر لە زۆر بوارەوە لەگەڵ بارودۆخی ئەوڕۆکەی جیهانی ئیسلامدا یەکی ئەگرتەوە، کە زۆر ئازاری ئەدام. لە بیری خۆمدا ئەو موسڵمانانەم وێنا ئەکرد کە بە باشی ئەزانم، ئەوان ناتوانن لەگەڵ دنیای مۆدێڕندا رابێن و بۆ هەڵاتن بە دەست دنیای مۆدێڕنەوە، پەنا بۆ دیانەتی خۆیان ئەبەن. ریزی ئیسلامگەراکان دێنەبەرچاوم کە خۆیان لەبەرامبەر رۆحی زەماندا ئەبەستنەوە و هێشتاکە خولیای یەکەمین ئۆممەتی ئیسلامی لە "مەدینە"دان. من خۆمم ئەدیتەوە. ئەم کتێبە نە تەنیا کوڵی دڵمی فێنک نەکردوە، بەڵکوو هەستی نائەمنی و تووڕەیی و پشێویی پێدام. خوێندنەوەی کتێبەکە هەتا کۆتاییەکەی درێژە نەدا. دەترسام کە فەرهەنگی خۆم وەکوو بڵقی سەرئاو وێنا بکەم، هەمان ئەو کولتوورەی کە ساڵانێکە لە ترس راستییەکانی بەردەمی، خۆی لە پشتیدا حەشار ئەدات. لەوە بە دواوە زۆرتر بێزم لە ئیشپینگلێر و کتێبەکەی و ئاڵمان رقم هەستایەوە. بەڵام بۆ خاڵێکی وەرچەرخانی کۆپێرنیکی هێشتاکە زۆر زوو بوو.
پاش دە ساڵ، جارێکی تر غیرەتم وەبەر خۆم نا و توانیم هەوڵی خوێندنەوەی کتێبی "داڕمانی جیهانی رۆژئاوا" بدەم. هێشتاکە زمانی ئاڵمانیم بە باشی باش نەبوو، بەڵام ئەمجارە زۆرتر تێدەگەیشتم. ئێستاکە کتێبەکە بە چاوێکی دیکەوە دەخوێنمەوە و هەوڵ ئەدەم لەسەر بنەمای پەندەکانی ئیشپیگلێر دەست پێبکەم و "بوێرانە" چاوێک بەسەر داڕمانی کولتووری خۆمدا بخشێنم. ئاوسۆئالد ئیشپنگلێر، ئەم زانا مۆنیخییە، لە کتێبەکەی خۆیدا، کە لە ساڵی ١٩١٨دا بڵاو کردۆتەوە، هەوڵی داوە کە جۆراوجۆرییەکانی ژیانی کولتوورێک لە روانگەی "رەچەڵەکناسی مێژوو"یەوە وەسف بکات و لەگەڵ پشکووتن و ژاکاویی گیاو رووەکەکان بەراوردی بکات و هەڵیسەنگێنێت. ئەو لەوانەیە ئەم تێڕوانینە مێژووییەی خۆی لە"ئیبن خەلدوون"، فەیلەسووفی سیاسیی رۆژهەڵات لە سەدەی چواردەهەمدا وەرگرتبێت کە باسی لە منداڵی و لاویی و پیری کولتوورەکان کردبوو.
هەموو کولتوورە مەزنەکان، رەوتی پشکووتن تا داڕمان تێپەڕ ئەکەن. لە فیرعەونەکانی میسرەوە هەتا یونانییەکانی هلنیستی و رۆمییەکان و هەروەها هەتا ئیمپراتۆری عوسمانی. لە روانگەی ئیشپینگلێرەوە، قۆناخی دوایی هەر شارستانییەتێک، لەگەڵ بێ‌شوناسی خۆی و ساردبوونەوەی هەموو بیاڤەکانی ژیواری دیاری دەکرێت. شەڕی نێوان ژیار و شەڕە ماڵوێرانکەراکان، ئەبێتە هۆی داڕووخانی ئەخلاق و کولتوور. سڕینەوەی بەردەوامی هۆگرانی کولتوور، مەرگی هونەر ، جێکەوتنی فەرهەنگی نان و یاری (panem et circenses)‌[لە ناو ئێمەی کورددا، بەم شێوەیە دەڵێن: "فەرهەنگی خواردن و خەو" ـ وەرگێڕ] ـ ئەمانە هەموو ئەو دیاردەگەلەن کە مرۆڤ ئەتوانێ بە لابردنی چاویلکەی مەزهەبی خۆی، بە باشی لە کۆمەڵگای ئەوڕۆکەی ئیسلامیدا ببینێت.
تەنیا ساردبوونەوەی بیری دینی نیە، کە ئەمڕۆکە رووخانی جیهانی ئیسلامی حاشاهەڵنەگر کردوە، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی وەها کەوتوونەتە قووڵایی بیری مەسرەفگەرایانەوەو داهێزراون کە وادیارە هیچ رێگاچارەیەکی مەعنەوی بۆ چوونە دەرەوە لەم بەربەستەیان بۆ نەماوەتەوە. "دین" ناتوانێ قورساییەکی هاوسەنگکەرەوە لە بەرامبەر ماتریالیزمی مەسرەفگەرا پێک بهێنێت و کۆمەڵگا بەرەو هاوسەنگی پاڵ پێوە بنێت. چونکە بیری دینی بە شێوەیەکی دەمارگرژانە لەبەرامبەر ئەم ماتریالیزمەدا ئەوەستێتەوە و ئەیخاتە بەر تانە و رەخنەوە. ئاکامی ئەم دژکردەوە دەمارگرژیانە، ئاوێتەیەکە بۆ تەقاندنەوە، کە زۆر مەترسیدارتر لە خودی دیانەتی دەمارگرژانەیە.
لەم پێوەندییەدا، بەڵام جیهانی رۆژئاوا بە پشت بەستن بە گەنجینەی فەرهەنگی چاخی رۆشنگەریی و هیومانیزم، بەرامبەر ئەم ماتریالیزم و رەفتارە مەسرەفگەرایە دەوەستێتەوە، لە کاتێکدا کە لە ئیسلام وەها میکانیزمێکی عەقڵانی بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرهەنگی مەسرەفی دا ـ بێئەوەی کە بە تەواوەتی رەت یان مەحکوومی بکات ـ پێ نیە. لەوانەیە بتوانین بڵێین کە ماتریالیزم [کۆمەڵگای مەسرەفی ـ وەرگێڕ] بێ بوونی کانت [رۆشنگەری ـ وەرگێڕ]، دەبێتە سەرلێشێواویی. کاتێک کە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، بەرهەمە مۆدێڕنەکان هەڵدەلووشن، بەڵام بیر و زەینی خۆیان لەبەرامبەر گەنجینەی فیکریدا دادەخەن، ئەوکاتە ژیانێکی دووفاقێتی و دژوازاویی بەسەر دەبەن کە لە ئاکامدا، درەنگ یان زوو، یان بەرەو بناژۆخوازیی (بنیادگرایی) یان بەرەو داهێزرانی کولتووری دەڕۆن ـ یان تووشی هەردووکیان ئەبن.
ئەم بارودۆخە، زۆر لە مێژە کە بۆتە راستییەکانی جیهانی ئیسلام، لە لایەکەوە زۆر سادە وەکوو ململانێی نێوان سوننەت و مۆدێڕنیتە لێک ئەدرێتەوە. بەڵام بە باوەڕێ من ئەم بارودۆخە، نیشاندەری داڕمانی دینە کە ئیدی هیچ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی بۆ پرسیارەکانی جیهانی مۆدێڕن پێ نیە، و داڕمانی فەرهەنگێکە کە تایبەتمەندی سەرەکیی خۆی لە چوارچێوەی گۆڕان هەڵ‌نەگربوونی خۆیدا پێناسە ئەکات.
ئەوەی کە رۆژئاوا وەکوو نوێبوونەوەی ژیانی جیهانی ئیسلام پێناسە ئەکات، لە راستیدا تەنیا سەرپۆشێکە بۆ داپۆشانی سیمای رووخانی ئەم "دین"ە کە لە پاش ئەو رەوتەوە درێژەی هەیە. پێداگری توندوتیژئامێزانە لەسەر سێمبولە ئیسلامییەکان، لە راستیدا شتێک جیا لە نیشانەی پاشەکشێ‌کردنی دینی نیە.
ئیشپینگلێر دەنووسێت: "کەسێک کە لە رادەبەدەر باس لە رەگەز دەکات، نیشانەی ئەوەیە کە ئیدی هیچ رەگەزێکی نیە". لەوانەیە لە دژایەتی کردندا بڵێین کە ئیسلام، رەگەز نیە. بەڵام ئەم وڵامەش دیسانەکە هەڵەیە! لەوێڕا کە زۆربەی وڵاتانی تازە ئیسلامەوە، توانایی ئەوەیان نەبوە کە شووناسێکی سەقامگرتوو و واتادار بە شارۆمەندەکانی خۆیان ببەخشن، دەتوانین بە جێگای وشەی "رەگەز"ی ئیشپینگلێر، "دین: وەکوو سەرچاوەی سەرەکی شوناسی وڵاتانی ئیسلامی دابنێین. بەڵام لێرەشدا کە دینی ئیسلام ئیدی توانایی ئافراندنی هێزە داهێنەرەکانی نیە، تەنیا فەرهەنگی بەرگریی بۆ ماوەتەوە. هەڵبەتە رەوگەی ئەم بەرگرییەش دەگەڕێتەوە بۆ رەگ و ریشەی راستییەکانی ئەم دواکەوتووییە نیە و ناگاتە شۆڕشێکی تەواو، بەڵکوو تەنیا لەدوی گەڕان بە دوای تاوانبار یان هۆکاری دواکەوتوویەک لە دەرەوەی خۆیدا یە کە دەبێت وەکوو بەرپرسیارێتی چەرمەسەریی و رووخانەکەی چاوی لێ بکات. ئەم خەباتە دژی "ئاشی با"، سەرەنجام دین، فەرهەنگ و مرۆڤەکانی، دوایین وزەی کۆمەڵگایەک بەرەو گۆڕان و گۆڕانکاریی پێویست، دەفڕێنێت.
لە رۆژئاوادا ئەو بیر زاڵە کە گوایە ئیسلام زۆر بەهێزە و لە پەرەسەندن دایە. زۆربوونی حەشیمەتی موسوڵمانان لە وڵاتانی ئیسلامی و ئورووپادا، بۆمبڕێژییە خوێناوییەکان و هاواری بەرزی بناژۆخوازەکان، ئەو خاڵە بەهێزانەن کە رۆژئاواییەکان بۆ راست بوونی بۆچوون و تێڕامانەکانیان، ئاماژەیان پێ دەکەن. بەڵام راستییەک هەیە کە جیهانی ئیسلام خۆی هەست بە تەنگانەی بەرگرییانە دەکات و پێی وایە کە بەم شێوەیە دژی هێرشی سیاسی و ئابووری رۆژئاوا هەستاوەتەوە.
چالاکییە نیزامییەکانی زلهێزەکانی رۆژئاوا لە ئەفغانستان، عێراق و هەروەها زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە "چێچێن"ەوە هەتا فەلەستین، رێگا بۆ گەشەکردنی "روانگەی دەستێوەردان" لەمەڕ هەوڵ و بانگەشەی زێدەخوازانەی رۆژئاوا خۆش دەکات. لەم روویەوە لە لایەکەوە زۆربەی ئورووپاییەکان نیگەرانی ئیسلامی‌بوونی رۆژئاوا و داڕووخانی رۆژئاوان، و لە لایەکی دیکەوە موسوڵمانەکانیش خۆیان وەکوو قوربانیی پیلانە زیرەکانەکانی رۆژئاوا دەزانن کە ئامانجی سەرەکییان کۆنترۆڵی تەواو بەسەر سەرچاوەکان [ئابووری] و کاولکردنی شوێنە پیرۆزەکانیانن.
ئەم دوو تێگەیشتنە لە لایەکەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەو وێنانەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیهانی رۆژئاوا و جیهانی ئیسلام لە خۆیان و لە یەکدی نیشان دەدەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەمان رەوش، سەرچاوەکەی لە ترس، بێ‌هێزی و ئاوەژووکردنی مێژووی خۆیان لەبەرامبەر یەکتردایە. لایەنێک زۆر بەرچاوتەنگانە بۆ داهاتوو ئەڕوانێت و مێژووەکەشی لە بەرامبەر خۆی دادەنێت: دەمارگرژی سەدە نێوەڕاستی، شەڕە مەزهەبییەکان، تورکەکان لە بەر دەروازەی ئێڤین و لایەنێکی دیکە برینەکانی رابردووی خۆی ئەلێسێتەوە و هەر چەند وەختێ جارێک ئەکەوێتەوە بیری شەڕی خاچەکان و سەردەمی داگیرکاری و خەسارە دەروونییەکان کە لەو رووداوانەوە سەرچاوەیان گرتوە، دەست دەکات بە گریان. هەر کام لەوان، بە ئازاری "پارانویا"ەوە ئەتلێنەوە. دیوارێکی مەعنەوی و سەخت هەر دوولای لەیەکتر جیا کردۆتەوە. بەڵام واقعییەتی پارانۆئید بوون [واتە تووشبوو بە نەخۆشی پارانویا: ئەم نەخۆشییە حاڵەتێکی دەروونییە کە کەسی تووشبوو پێوە، خۆی لە رادەبەدەر پێ باشە و لە هەوڵی لە رادەبەدەری جوانکردنی خۆیەتی و خۆشی پێوە ئازار دەدات. ئەم جۆرە کەسانە، هەمیشە پێیان وایە کە هەمووکات خۆیان و بنەماڵەکەیان لە مەترسیدایە. کە پێم وایە لە کوردیدا هاوواتای کوردیمان نەبێت. ئەوەش دەبێت دۆکتۆرە دەروونییەکان شی بکەنەوە و زمانناسەکانیش وشەکانی بۆ دابڕێژن. (دەروون پەشۆکاویی، یان دەروون شێواوی)]ی کەسێک، نابێ وا هەست بکەین کە لە لایەن کەسانی دیکەوە لە مەترسیدا نیە!
ئیسلام لە ئێستادا لەوانەیە هەموو شتێک بێت، بەڵام بە باوەڕی من، دڵنیام کە شتێک نیە، ئیسلام بەهێز نیە! بە پێچەوانەوە، ئیسلام بە توندی لاواز و نەخۆشە، ئەم دینە، هەم لە روانگەی فەرهەنگی و هەم لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخی پاشەکشەدایە. توندوتیژی دینی، چڕکردنەوەی بە ئیسلامی کردنی گۆڕەپانی گشتی و پێداگریی سەرشێتانە لەسەر سێمبول و هێما ئیسلامییەکان، تەنیا دژکردوە دەمارگرژییەکانی ئەم پاشەکشێیەن. ئەم "بۆ پێشەوە"چوونەی ئیسلام، تەنیا جڤینێکی خورسکە و هەروەها کە ئیشپێنگلێر، نووسیویەتی: "داخ بۆکەسانێک، کە جڤینێک لەگەڵ سەرکەوتنێکدا بە هەڵە وەرئەگرن". لێرەدا نیشانە و هێمای زۆر بۆ نەبوونی هەستی باوەڕبەخۆبوون و ئازادی لە کردەوەی ئیسلامگەراکاندا هەیە. لێرەدا تەنیا مەبەست رەنگکردنی ماڵێکی وێرانە، کە خەریکە دەڕووخێت. بەڵام تەنانەت رووخانی ئەم ماڵەش، مەترسیدارە و ئەمەش تەنیا بۆ خاوەن ماڵەکان نیە. هەڵبەتە مێژوو پێمان ئەڵێت کە بە جێگای فەرهەنگە داڕزاو و گەندەڵەکان، بنەماکان ناگرێتەوە، بەڵکوو فەرهەنگێکی جوانتر و بەرزتر دەگرێتەوە و لەم راستایەشدایە کە "بەڕبەڕە" بەرزەفڕ و جەنگاوەرەکان، سەرەنجام بەسەر "شارستانیەتنشینەکان"ی گەندەڵ و ماندوودا سەرئەکەون. ئیشپینگلێر، رێچکەی "خوێن"ئ وەکوو هێمای جڤینی جەنگاوەران دەزانێت، "ئیبن خەلدوون"یش وەکوو "تووڕەیی" ، واتە "رەگ، یان دەماری عەشیرەتی" ناودێر دەکات. [یەکێک لەو چەمکە چڕ و ئاڵۆزانەی کە لە کتێبی "ئیبن خەلدوون"دا هەیە، وشەی "عصبیت"ە کە تا ئێستاکە چەندین کتێبی جۆراوجۆری لەسەر نووسراوە. "لاگوست" لە کتێبی خۆیدا بە ناوی "جیهانبینی ئیبن خەلدوون" بەچڕی لەسەر ئەم وشەیە دواوە. وەرگێڕ].
ئەگەر نەتوانین واتای دین بە جێگای ئەم دوو چەمکە دابنێین، بەڵام دەتوانین ئەم دوانە لەگەڵ دین دا ئاوێتە بکەین. خوێن، دەماری عەشیرەتی و دین: لەوانەیە خەڵکانی تێری شارە مەزنەکان کە شارستانیەتەکەیان لووسی کردوون، لەگەڵ ئەم بنەمایەدا کێشەیەکیان نەبێت، بە تایبەتی لەو رۆژگارانەی کە چارەنووسی شەڕ و ململانێکان لەسەر پانتایی زەوی و زار، لە گۆڕەپانی رمبازێن و شەڕی دەستەویەخە و سوپا لە بەرامبەر سوپادا دەر ئەکەوت.
بەڵام لە سەردەمی بەجیهانیبوون، ئەنترنێت، (نانۆتێکنۆلۆژیNanotechnology ( و بۆمبە کیمایی‌یەکان، مێژوو و فەلسەفەی مێژوو، کەمتر دەتوانن یارمەتیدەرمان بن، ئەوان پێمان ئەڵێن هەنووکە ئێمە لە کوێ‌داین و چما هەین، بەڵام لەمەڕ داهاتووی کولتوورەکان، شتێکیان پێ نیە بۆ گوتن. بەم هۆیەوەیە، خولیای من لە کاتی خوێندنەوەی سەر لە نۆی، کتێبی "رووخانی جیهانی رۆژئاوا"، زۆرتر راڤەی رەوتە مێژوویی‌یەکان بوو تاکوو ئەوەی کە پێشبینییەک بێت بۆ داهاتوو.
بە پێی مەنتقی مێژوو، دەبوایە کولتووی ئیسلامی بە لانی زۆرەوە تا دەیەکانی سەدەی بیستەمدا لە رۆژگاردا بسڕدرایەتەوە. پاش هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی خەلیفەیی، هەموو شتێک هێمای بۆ ئەوە رادەکێشا کە بیری حکوومەتی خواوەندی، لە ئاکامدا جێگای خۆی ئەداتە دەوڵەتی نەتەوەیی و ئیدی جێگایەک بۆ حکوومەتی باوک‌سالارانە لە داهاتوودا جێگایەکی نیە. بەڵام دامەزرانی "اخوان المسلمین" لە ساڵی ١٩٢٨ لە میسردا و چەند ساڵ دواتر لە دۆزینەوەی نەوت لە عەرەبستاندا، هەر ئەوە پێویست بوو کە جڵەوی روخانی ئیسلام بگیردێت. پارەی بەلێشاو، تاکەکەسی کردنی جیهاد و گەشەکردنی وەهابیگەریی بناژۆخواز، وا دیارە توانیان گوڕ و تینێکی نوێ بدەن بە ئیسلامی سیاسی و بەهێزی بکەنەوە. لەوانەیە بتوانین بڵێین کە ئەم رووداوانە، بە چەشنێک نەفەسێکی دەسکرد بوو بۆ کولتووی ئیسلامی کە لووتکەی خۆی تێپەڕ کردبوو و لە جێدا چاوەڕێی مەرگی دەکرد.
باس و لێدوان لە بارەی ئایندەی ئیسلامەوە ئەستەمە، بە رادەی ئەوەی کە بمانەوێ بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئاو و هەوا پێشبینی بکەین. بەڵام ئەوەی کە بەرچاو و دیارە، بەشە مەزنەکان لە جیهانی ئیسلام بە خێرایی لە زانستی جیهانی خۆی دوور ئەکاتەوە و گیانی پێکەوە نەسازانی لەگەڵ رۆحی مۆدێڕنیتەدا هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، لە ئێستادا بناژۆخوازیی ئیسلامی و رق‌لێبوونەوەی لەبەرامبەر رۆژئاوادا روو لە زیادبوونە کە دواهاتەکانی توندوتیژی و پەراوێزکەوتنی زیاتری جیهانی ئیسلامە. هەڵبەت هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، رەوتی تاکخوازانەی نەوە نوێیەکانی موسڵمانانیش دەستی پێکردوە، رەوتێک خۆی لە بەکارهێنانی توندڕەوانە لە ئەنترنێت و  بەستراوە بە دۆخی ئابوورییەوە ـ کڕينی زۆر و زەوەندی کاڵای مەسرەفی و بێباوەڕی بە پێکهاتە نەریتی‌یەکانەوە نیشان دەدات. ئەم رەوته جیاوازانه، هاوتەریب و لەسەر یەکتری کاریگەریی دادەنێن و دەتوانن هەم بەرەو دێموکراسی، یان بناژۆخوازیی و توندوتیژخوازیی بڕۆن. بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەم کەسە پەراوێز کەوتووانە، لە چ ژێرخان و تۆڕێکی کۆمەڵایەتییدا جێگایان بێتەوە.
لە وڵاتانی وەک ئێران و میسر لە لایەکەوە بناژۆخوازیی ئیسلامی لە شێوازی جۆراوجۆردا لە پەرەسەندن دایە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لاوان هەوڵ ئەدەن تا خۆیان لە چوارچێوە نەریتییەکان رزگار بکەن، ریزبەندی بە تەواوەتی دیاریکراوە و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان ئەم ریزانەدا، حاشاهەڵنەگرانەیە. "شەڕی کولتوورەکان"ی سامۆئێل هانتینگتۆن، زۆر لە مێژە بەو دەرەنجامە راستییە گەیشتوە. ئەم شەڕە نە تەنیا، وەک زۆربەی پێیان وایە کە شەڕی نێوان ئیسلام و رۆژئاوایە، بەڵکوو لە ناوخۆی وڵاتانی ئیسلامیدا، لە نێوان رەوتە تاک‌تەوەر و کۆتەوەرەکانیشدا و هەروەها لە نێوان سوننەت و مۆدێڕنیتەدا لە ئارادایە.
ئێمە هێشتاکە لە چاکسازییەکانی سیاسی و دینی لە جیهانی ئیسلامیدا زۆر دوورین، چونکە سیستمی پەرەوەردە و فێرکردن، هێشتا بە پێی وەفادار مانەوەیە [واتە بە پێی ئیسلام و سوننەت] هەتا ئەوەی کە ئازادیخوازانە بێت. ئاستی زۆر نزمی ئابووری و زۆربوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووری دەبێتە هۆی پێشوازی خەڵک لە ئیسلامگەرا بناژۆخوازەکانەوە. تەنانەت تێگەیشتنی وڵاتانی پڕ داهاتی کەنداو بەرەو فەزای کراوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسی، زۆرتر بازاڕی شت و مەکی مۆدێڕنە هەتا ئەوەی کە نوێگەریی لە ئەندیشە و هزردا بێت.
وڵاتانی کەنداو ئەگەرچی هەوڵ دەدەن خۆیان بە رواڵەت مۆدێڕن نیشان بدەن، بەڵام تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان ئەوەیە کە درێژەی دەسەڵاتدارێتییان، سیستمێکی باوک‌سالارانەیە. ئەگەرچی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیشدا، رێگا بۆ پەرەوەردە و فێرکردنی ژنان کراوەترە، بەڵام مافی دیاری کردنی چارەنووس و ژیانیان لێ ئەستێندراوەتەوە. ئەم بە ناو چاکساز و رێفۆرمخوازە ئیسلامییانە، هێشتا زاتی چوونە ناو باسە سەرەکییەکانی فەرهەنگ و دینیان نیە. ئەوان باسە رێفۆرمخوازەکان دەهێننە ئاراوە، بەڵام هەتا کۆتایی درێژەی پێ نادەن. هیچ کەسێکیش لەم نێوەدا لە خۆی ناپرسێ "ئەرێ باشە لەوانەیە لەم دینەی ئێمەدا کەم و کوڕییەک هەبێت؟"
هەموو پرسیارەکانی رێفۆرمخوازەکانی ئیسلام لە "قورعان"ەوە دەست پێ دەکات و دواتر بە پێکدادان بەم گاشەبەردەی کولتوورییەی ئیسلامیدا تێک ئەشکێت. رێفۆرمخواز و نەریتخوازە ئیسلامییەکان، هەردوک خولیای ئەم دەقە پیرۆزەن. یەکیان لە قورعاندا بە دوای حکوومەتی خوداوەندییەوەیە، ئەوی دیکەیان، واتە رێفۆرمخوازەکان بە دوای دۆزینەوە دێڕ و رستە باشەکانن کە بەکەڵکی ژیانی دنیای مۆدێڕن بێت و شرۆڤەی بکەنەوە. ئەوەندە بە ئایەتەکانەوە خەریک دەبن، تا ئەوەی کە لەگەڵ بارودۆخی ئەوڕۆکەدا سازگار بێت. کەسێکیش لەم نێوەدا لە خۆی ناپرسێت کە ئایا بە ڕاستی ئێمە ئەمڕٶ پێویستمان بە "قورعان" هەیە، یان نە؟ هیچ کەسێکیش غیرەتی گوتاری "پاش قورعان"ی نیە". چونکە هەر باسێکی جیدی لەبارەی چاکساییەوە، لە رێگای یارییە سیاسییەکانەوە، رقی کۆن داوێنی رۆژئاوا دەگرێتەوە تا هێزە چاکسازیخوازەکان وەکوو سیخوڕ یان تابوری پێنجەمی رۆژئاوا بەدناو دەکەن و بەم شێوەیە بە ئاسانی بێ‌بەهایان دەکەن یان ئەوەی کە پاکتاویان دەکەن. هۆکارێکی دیکە کە رێفۆرمخوازەکان ناتوانن پرسەکانی خۆیان قوڵتر بهێننە بەرباسەوە، ترس لە سەرەنجامەکانیەتی کە لەوانەیە لە خراپترین حاڵەتدا، مەرگی بە دواوە بێت.
لەوانەیە منیش بە شێوەیەک شەیدای قورعان بم و بەم هۆیەشەوەیە دەمهەوێ بڵێم کە چۆن دەتوانین تەنانەت خودی قورعان، رووخانی جیهانی ئیسلامی بە مەنتقێکی زۆر سادە دەربڕیوە. لە سورەتی ١٣ (سورە الرعد)، ئایەتی ١٧ دا، هاتوە:
"خوداوەند ئەوەی لە ئاسمانەوە هەناردە ناو شیو و دۆڵەکانەوە، رووبارەکان خرۆشان و بەسەر ئەم ئاوانەوە کەفی کرد و کەفەکانیش لە کاتی توانەوەی بەردەکان بۆ دروستکردنی ئامێر و زێڕو زیوەکان بەکارهێنران. و بەم شێوەیە خوداوەند، حەقیقەتی لە هەڵە جیاکردەوە: کەف ئەتوێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ خەڵکی بەکەڵکە دەمێنێتەوە، و وەهایە لێکدانەوەکانی خوداوەند".
تەنانەت قورعانیش دەڵێت، ئەوەی بەکەڵکی مرۆڤ نەیەت، لە ئاکامدا ئەسڕێتەوە.
بۆ جارێکان من کەوتم بەسەر ئەم پرسیارەدا کە بەڕاستی ئەگەر هەموو وڵاتانی ئیسلامی لە ناو ببردرێن، جیهان چی لە دەست ئەدات؟ جیا لە نەوت و کۆمەڵێک ناوچەی گەشت و گوزار، ترس لە تیرۆر کە هەندێک لایەن ختووکە ئەدات، هیچ شتێکی دیکەم بە مێشکدا نایەت. لەوانەیە بەرهەمهێنەرانی ماشینە لۆکس و مۆدێل بەرزەکان کە باشترین کڕیارەکانیان لە وڵاتانی کەنداودایە، تووشی زەرەرێکی قورس ببنەوە.
بەڵێ، بەڕاستی دەتوانین ئەم پرسیارە لامان گەڵاڵە بێت کە ئایا جیهانی ئیسلام چ شتێکی بە قازانجی مرۆڤایەتی بە میرات بەجێ دەهێڵێت؟! خزمەتەکانی جیهانی ئیسلام لە بیاڤی زانست، هونەر و مێعماری، تەنیا بۆ ئەوەی کە سێ بیاڤی گەورە و گرینگم ناو هێنابێت، چیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر زۆر ئاسانە، یان "کەم"، یان "هەر هیچ". بەڕاستی بۆچی بۆ هەندێک کەس دژوارە لەوەی تێبگات کە کولتووری ئیسلامی لووتکەی پێشکەوتوویی خۆی ساڵەهای ساڵە لەدەست داوە و ئیتر توانایی ئەوەی نیە خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانیدا تێکەڵ بکات؟ بەڕای من ئەوەی لە مێژووی ئەندێشەی ئیسلامی بەجێماوە، تەنیا پێکهاتەیەکی دەمارگرژانەی دینی و ناسازە کە ئیدی توانایی ژیانی لە جیهانی مۆدێڕندا نیە و ئەم پێکهاتەیەش، پێش لەوەی کە بۆ هەمیشە بتوێتەوە، هەوڵ ئەدات بە هەڵچوونی هۆڤانە و رق‌ئامێزانە، بۆ دوایەمین جار سەرڕێژ ئەبێت.
بەم کتێبە هەوڵ دەدەم کە چۆنیەتی رەوتی رووخانی جیهانی ئیسلام بخەمە بەرباسەوە و بزانم رووخانی پەیکەرە قورسەکانی ئیسلام بەسەر جیهانی ئەمڕۆوە، چ باندۆر و دەرەنجامێکی لێ ئەکەوێتەوە. چونکە ئەم داڕووخانە پێوەندی بە هەموو ئێمەوە هەیە. لەوانەیە بڵێین کە ئێمە لە بنەڕەتدا، شتێکمان بە ناوی جیهانی ئیسلام، وەکوو دیاردەیەکی دیار نیە! چونکە هاوکات بینیمان کە یەکسانکردنی یەک میلیارد مرۆڤ، لە ئەندۆنزییەوە بگرە هەتا مەراکێش، هەم ساویلکانەیە و هەمیش بێ‌ڕێزی کردنە. هەڵبەتە ئەم رەخنەیەش درووستە کە ئێمە جیهانی ئیسلام وەکوو یەکەیەکی جوغرافیایی، دینی یان سیاسی لەبەرچاو بگرین. بەڵام بابەتی ئەم کتێبە لەسەر جیهانی ئیسلام وەکوو پێکهاتەیەکی مەجازی بەناوی "ئوممەت" ە کە وەکوو چوارچێوەیەکیش هەموو موسوڵمانان دەگرێتەوە، ئارمانج و خەونە بەرزەفڕەکان کە ئیسلامی سیاسی لە سەرەتای لە دایکبوونیەوە، پەڕوباڵی پێ‌بەخشیوە. لێرەدا باس لەسەر ئیسلام وەکوو بیر و رامانێکی سیاسییە کە ئیدی جەوهەر و ماکی سەرەکی خۆی لە دەست دەدات و جیا لە تووڕەیی و توندوتیژی هیچ وەڵامێکی بۆ رووداوەکانی جیهانی نیە، باس لەسەر ئەم ئیسلامەیە.
زۆرجار هەر لە یەکەم ساتەوە بۆ بێدەنگکردنی رەخنە لە ئیسلامدا، ئەم پرسیارە بێ مەزاجە دێتە ئاراوە: "مەگەر تەنیا ئیسلامێک بوونی هەیە؟" سروشتییە کە ئیسلام رەوت و بزاوتی جۆراوجۆری هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین باس لە یەک ئیسلام بکەین. لەوانەیە ئەم جیاوازییانە بۆ کارناسێکی دینی و مرۆڤ‌ناس، سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لە روانگەی سیاسییەوە بێ‌بایەخە. کاتێک کە ئێمە باس لە ئیسلام دەکەین، مەبەستمان بیرکردنەوەی خەڵکی موسڵمان نیە، بەڵکوو ئەو ئایدۆلۆژییە سیاسی و رامانەیە کە سیستمی دینی ئیسلام لەسەری دامەزراوە.
کاتێک کە موسڵمانەکانیش باسی ئیسلام دەکەن، یان کاتێک کە باس لەسەر خوێندنی ئیسلام لە قوتابخانەکانی ئورووپاییە، یان کاتێک کە موسڵمانەکان خوازیاری بە فەرمی ناسینی دامەزراوە دینییەکانیانن لە ئورووپادا، ئەوکاتە باس لەسەر یەک ئیسلامە. کاتێک کە موسڵمانەکان باس لە "دینی ئاشتی" دەکەن، ناڵێن کە کام ئیسلام ئەیهەوێ قسە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە کەسێک ئیسلام بخاتە بەر رەخنەوە، خێرا و دەستبەجێ بۆ بێدەنگکردنی ئەو رەخنەیە، سێحربازیی دەست پێدەکات: باشە ئێوە باس لە کام ئیسلام دەکەن؟
کاتێک کە دەڵێن: "خواردنەوەی زێدەڕۆییانەی ئەلکول، زیان بە سڵامەتی مرۆڤ ئەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئەلکولی بوونی مرۆڤ". باس لە کام ئەلکول دەکرێت؟ بەڵێ، ئەلکول بۆ بەرهەمهێنانی دەواو دەرمان یان خواردەمەنیش کەڵکی لێ‌وەردەگیرێت، بەڵام ئێمە کاتێک کە باس لە کاریگەرییەکانی ئەلکول قسە دەکەین، ئیدی باسەکەمان لەسەر ئەلکوڵیک کە بۆ مەسرەفی دەواو دەرمان یان خواردەمەنی بەکار دێت، نیە. مەسرەفی کەمی ئەلکول دەتوانێ شەفاهێنەر یان ئیلهامبەخشێک بێت، بەڵام کاتێک هەر موسڵمانێک، لە هەرساتێک لە ژیانیدا جامێک نەزانیی ئیسلام دەخواتەوە، ئەوکاتە ئیتر زۆر مەترسیدارە. من باس لەم ئیسلامە دەکەم کە پلەیەکی بەرزی [دۆگماتیزم]ەوە ئەدوێت، چونکە ئەم ئیسلامە نەتەنیا خۆی تووشی خەسارێکی زۆر دەکات، بەڵکوو بۆ هاوژینی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا خەسارهێنەرە.
سروشتیە کە ناتوانین وڵاتانێک وەکوو تورکیە، ئەندۆنزی و مالزی لەگەڵ جیهانی عەرەبدا لە یەک ریز دابنێین. ئەم وڵاتانە ساڵانێکە لە زۆر بواری پەروەردە و ئابوورییەوە گەشەیەکی بەرچاویان بە خۆیەوە بینیوە و بەشێوەیەک دەربڕی هیوایەکی دێموکراسیخوازانە لە جیهانی ئیسلامدان. هەروەها پشکووتنی ئیسلامێکی نیوەپێشکەوتنخواز لەم وڵاتانەدا بەرچاوە. بەڵام کاریگەریی ئەم سێ وڵاتە، بەسەر جیهانی ئیسلامەوە لە بیاڤەکانی پەروەردە و ئایین‌پەروەرییەکاندا بەداخەوە بێ‌بایەخە. بەپێچەوانەوە، کاریگەریی عەرەبستانی سعوودی و میسر بەسەر تورکیە و ئەندۆنزی و مالزی زۆرتر زەق و بەرچاوە و بەشێوەیەک ئیسلامگەراکان لەم وڵاتانەدا بەهێز دەکرێن و لەم راستایەشدا، رەوتی دێموکراتیزەکردن لەم وڵاتانەدا بەرەو ڕووی کۆسپ و تەگەرەی جیدیی کردۆتەوە.
بەتایبەتی کە جیهانی عەرەب، لە روانگەی دوورەدیمەنیی ناوچەیی و نێونەتەوەییەوە وەکوو مەترسی لەقەڵەم دەدرێت: گەشەی بەرچاوی حەشیمەت و هەژاریی، نەخوێندەواری، سەرکوت، بەرەو تەواوبوونی سەرچاوە نەوتییەکان و گۆڕانکارییە سروشتییەکان کە بۆتە هۆی وێرانبوونی کێڵگە و مەزراکانی وەرزێری، هۆکارگەلێکن کە بنەمای ئابووری ئەم وڵاتانەیان بەرەو هەڕەشە و مەترسی کردۆتەوە و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ململانێ ناوچەیی و مەزهەبییەکان. دەرەنجامی ئەم پرۆسەیە، دابەزینی ئاستی دەستڕۆشتووی دەسەڵاتی دەوڵەتە کە بەنۆبەی خۆی دەبێتە هۆی "تایبەتکردنی توندوتیژی". شەڕە نێوخۆییەکان لە ئەفغانستان، عێراق، ئەلجەزایەر، سومالی و سودان، تەنیا سەرەتای ئەم رەوتە ترسناکەن. دابەزینی زەینی و ماددی جیهانی ئیسلام منی بەرەو ئەم پێشبێنییە گەیاندوە کە: "دەوڵەتە ئیسلامییەکان دائەڕووخێن، سەرەنجام ئیسلام وەکوو ئایدۆلۆژییەکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی و کولتوورێک کۆتایی پێ‌دێت".
کاتێک جیهانی ئیسلامی ـ عەرەبی بە کەشتی "تایتانیک"ی لە کاتی نوقوومبووندا بشوبهێنین، دەگەین بە خاڵێکی بەرچاوی هاوبەشیان: کەشتی شکاو، تەنیا لە ناوەڕاستی ئێقیانووسێکی ساردی هەزارەیەکی نوێدایە و نازانێ یاریدەدەرەکانیان لە کام سووچی دەریاوە دێن بە هانایانەوە. موسافیری کابینەکانی پلە سێ، هێشتا لە ژوورەکانی خۆیاندا خەوتوون، و هێشتا ئاگایان لە کارەساتەکەی بەردەمی خۆیان نیە. دەوڵەمەندەکان هەوڵ دەدەن بەو کەمە بەلەم و پاپٶڕانەی کە هەیە، خۆیان لە کارەساتەکە دەرباز بکەن و تەنانەت هەوڵیش دەدەن لەم کارەساتە قازانجێکیش بکەن. لەم کاتەدا، مەلاکانی کەشتی، بە دروشمە دووپاتبووەکانی خۆیان وەک سەبر و خۆڕاگریی خەڵک، بانگەشە دەکەن. ئەم بە ناو رێفۆرمخواز و چاکسازیخوازانە، من ئەخاتەوە بیری ئەو گرووپە ئۆرکێسترای موسیقایە کە هەتا نوقوومبوونی کەشتییەکە بە مۆسیقای خۆیان درێژە ئەدەن و وەهم و خەیاڵێکی خاو بە موسافیرەکان بدەن کە گوایە هێشتا دۆخە ئارام و ئاساییە، ئەوانیش ئەزانن کە ئیدی کەسێک نیە گوێیان لێ‌بگرێت، درێژە بە مێلۆدییە چاکسازییەکانی خۆیان ئەدەن.
بەڵام لێرەدا یەک جیاوازیی بنەڕەتی نێوان دۆخی ئیسلام و تایتانیک هەیە: کەشتی ئیسلام هەر لەسەرەتاوە کۆنە و داڕزاو بوو، لەگەڵ ئەوەی کە، ئەم کەشتییە بۆ زۆربەی موسڵمانان هەتاهەتایی و قەت نوقووم نابێت، چونکە بۆ ئەوان سەفەری ئەم کەشتییە رسالەت و مەئموورییەت و ئەرکێکی خودایی بوو. کەشتی ئیسلام، چەندین سەدەیە لە ئیقیانووسەکاندا، بێ "قوتبنەما" و بە بێ هەبوونی پلانی بڕینی دەریایە، چونکە نازانێ دەبێ بەرەو کوێ بڕوات و بەرەو لای کام ئاراستەی "با"وە بڕوات و هیچ سەرنجی ئیقیانووسەکەش نەدا. بۆ کەشتی ئیسلام نەک پێکدادانێکی توند، بەڵکوو پێکدادانێکی نەرمی لەگەڵ شاخی سەهۆڵینی بەناو "مۆدیڕنیتە" بەس بوو کە هاوسەنگییەکەی بەسەر دەریاوە بترازێت. ئیدی پاش سەرهەڵدان "ئەوانی دیکە" بەهێزتر بوو کە موسوڵمانەکان هەستیان بە کەم و کوڕییەکانی خۆیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا خۆبەزلزانی و غروور بوە هۆی ئەوەی کە ببنە رێگر و لەمپەری بەردەم پێویستییەکانی گۆڕانی دا.
بە باوەڕی من جیهانی ئیسلام، زیاتر لە پێویستیی خۆی لە حەسێبی بانکی فەرهەنگی و شارستانییەتی خۆی هەڵگرتبوو و بە شێوەیەکی نەبەخشراویش سەرفی هەمارەکانی خۆی کردبوو. ئەگەر ئیسلام وەکوو کۆمپانییایەکی بازرگانی بوایە، زۆر زووتر مایەپووچ ئەبوو. ئەوەی ئەمڕۆ ئیسلام پێویستی پێیەتی، راگەیاندنی مایەپووچی خۆیەتی بە لابردنی نرخ بەسەر شت و مەکەکانی کە بۆی بەجێماوە. جیهانی ئیسلام دەبێت لەگەڵ ئەم رووماڵییەدا، سەرەنجام ماڵئاوایی لە زۆر پێناسە و وێنەی مێژوویی خۆی دەکات: "پێناسەی بۆ خودا، کۆمەڵگا، ژن، دوژمن و نموونە مێژووییەکانی خۆی".
هەم "بێرنارد لویز"، رۆژهەڵاتناسی ئینگلیسی، و هەم مێژووناس و رۆژهەڵاتناسی ئاڵمانی "دان دینێر"، کێشەی سەرەکیی ئیسلام دەگەڕێننەوە بۆ چییەتیی بناژۆخوازانەیی ئیسلام کە چۆتە هەموو بیاڤەکانی ژیانەوە. بە باوەڕی"دان دینر"، یەكێکی دیکە لەو هۆکارەکانەی کە هەوڵدان بۆ سیکۆلاریزەکردنی جیهانی ئیسلام بەرەو دژواریی کردۆتەوە، سروشتی زمانی عەرەبییە کە بەستراوە بە دەقی قورعانی و نێوەرۆکەکەیەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهانی ئیسلام بە ئاستی دابەزینی ئەمڕۆ بگات، ئەوەی کە دینێر بە "زەمانی مۆر و مۆم کراو" ناوی دەهێنێت. هەمان روانگەش کە ئەدۆنیس، شاعیری سوریەیی باسی لێوە دەکات. هەڵبەتە ئەو تیۆرییەکەی خۆی لە جیهانی عەرەبدا قۆرخ دەکاتەوە. ئەم راستییەی کە کولتوور لە وڵاتانی عەرەبیدا وەکوو قەوارەیەکی دەوڵەتی ـ برۆکراتیک بەرهەم دێت و زمانی عەرەبی گۆڕانکاریی تێدا بەدی نایەت و ئەمەش لەم وڵاتانەدا هیچ داهێنانێک بەرهەم نایەت، سەرەنجام وا دەکات لە ئەدۆنیس بەرەو ئەو پێش‌بینییە بڕوات کە عەرەبەکان وەکوو، میسر، یونان و رۆمی کۆن بە زوویی تێکەڵ بە مێژووی کۆن دەبن.
بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە لە سەرەوە ناومان هێنان، ئەمانۆیل تود و یوسف کورباژ، لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئیسلام بە خێرایی مۆدێڕن دەبێتەوە. ئەم دوو ژمێریار و نووسەری کتێبی "شۆڕشی بێ‌کۆڵنەدان" کە لە زمانی سەرەکیی خۆیدا (فەڕانسەوی) ناوی"Le rendez-vous des civilisations"ە، حەشیمەتناسیی جیهانی ئیسلامیان تاووتوێ کردوە و بەو ئاکامە گەیشتوون کە خوێندەواران لە نێوان ژنان و پیاوانی گەنجی موسوڵماندا، لە گەشەکردندایە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زاووزێ و لە ئاکامیشدا گۆڕانکاریی لە ئاستی حەشیمەتدا، دەگاتە جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتی کە دەتوانێ هەم بۆ نوێگەرایی و هەم بۆ پەرەسەندنی بناژۆخوازیی بوارخۆشکەر بێت.
کۆی دەرەنجامی باسی نووسەران ئەمەیە: بەها مۆدێڕنەکان، جیهانی ئیسلام تووشی وەرچەرخان دەکەن.
کتێبی من، "رووخانی جیهانی ئیسلام"، نە لێکدانەوەیەکی مێژوویی و نە لێکدانەوەیەکی ئەزموونی ـ کۆمەڵناسانەیە. تەنانەت ئەگەر مێژووی داڕووخان و بەردەوامیی کۆمەڵایەتیی ئەوڕۆکە رۆڵی سەرەکیان لەم کتێبەدا هەبێت، بەڵام ئەم کتێبە دواجار راڤە و هەڵسەنگاندنێکی تاکەسییانە لە رەوتی گۆڕانکاریی لەو بەشانەی جیهانی ئیسلامدایە کە من دەیناسم، واتە وڵاتانی عەرەبی. لەم ڕوویەوە، زێدی من میسر، لە ناوەندی ئەم توێژینەوەیەدایە کە لە روانگەی منەوە وەکوو جیهانێکی بچووک [ئیسلام]، تا ئەو شوێنەی کە پێوەندی بە مۆدێڕنیزاسیۆن و بناژۆخوازییەوە هەیە، بەشێکی گەورەی لە گەشەپێدانی جیهانی ئیسلامدا هەیە. لەم کتێبەدا رەوتە کۆمەڵایەتیی و گۆڕانکارییە ناتەواوەکان کە دەبنە هۆی چاکسازیی گەریی، لە بافتی مێژوویی، دینی و سیاسیی خۆیدا دەکەونە بەر توێژینەوەوە. بابەتەکانی ئەم کتێبە دەپەرژێتە سەر : پێناسەی قورعان لە مرۆڤ و خودا، پێوەندی نێوان پێکهاتەی زەنجیرەپلە و فەرهەنگی شەرافەت "honour/Ehre " و کاریگەرییەکان لەسەر سیستمی پەروەردە و فێرکردن و، هەروەها سیمای کەسایەتییەکی موسڵمان لە کەسایەتیی خۆی و بێگانەوە.
لێرەدا بە دوای پیاهەڵگوتنی هەستی هاودەردی خەڵکەوە سەبارەت بە دیاردەی نەخۆشییەک بە ناوی ئیسلامەوە نیم و لەگەڵ ئەوەشدا خوازیاری رێکخستنی باسێکی چەلەحانێ بە دژی ئیسلامیش نیم. مەسەلەکە لەسەر ئەمەیە کە سەرنجی خوێنەر بۆ هەندێک پرسی ناسک کە کەمتر باسی لێوەکراوە رابکێشم.

هیچ نظری موجود نیست: