۱۳۹۹ تیر ۱۶, دوشنبه

پەروەردەی ژینگەیی


پەروەردەی ژینگەیی
منداڵ لە نێوان شوێن، ژینگە و قوتابخانە دا
ئەفراسیاب گرامی
سەرەتا:
بۆ زۆر کەس لە قوتابخانەدا ئەزموونی چوونە دەرەوە و لە نزیکەوە تێکەڵ بوون بە سروشت و هاوکات فێر بوون، ئەزموونێکی تایبەت و لەبیرنەکراو بووە. ئەم هەستە، پێوەندیی بە "پەروەردەی ژینگەیی" یان "فێرکردن لە ژینگەی نزیک"ەوە هەیە کە قوتابخانەی گوندەکان بەتایبەتی، بە باشی بەکاریان دەهێنا. مەبەست لە پەروەردەی ژینگەیی بەکارهێنانی فاکتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی شوێنی نیشتەجێ بوون یان فاکتۆرە بوومی (لۆکاڵی)یەکانی کۆمەڵگا لە پەروەردە و فێرکردندا کە منداڵ دەتوانێ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دەورووبەری خۆی بناسێ و ڕوانگەی لە لۆکاڵییەوە بۆ گلۆباڵ بەرفراوان بکات. قوتابخانە، باخچەی ساوایان یان هەر ناوەندێکی دیکەی پەروەردە و فێرکردن، "شوێن" یان "ژینگەی نزیک" بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی خوێندن تێکەڵ بە ئەزموون و نزیک بوونەوەی وانەکانی خوێندن لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا بکات. شوێن دەتوانێ سروشتی دەوروبەر، مۆزەخانەی ناوچەیی، شوێنێکی مێژوویی، کارخانە یان ناوەندێکی پەروەردەیی و هتد بێ. هەروەها ژینگەی نزیک دەتوانێ پێوەندیی مامۆستاکان، هاوڕێیانی قوتابخانە و تەنانەت ڕێگای قوتابخانەش (شەقام، کۆڵان، دووکان و بازاڕ، خەڵک و . . . ) بەشێک بن لە بونیادنانی شوناسی کۆمەڵایەتیی منداڵ لە پانتایی شوناسی تاک و گرووپیدا. بۆیە یەکێ لە باسە گرینگەکانی پەروەردە و فێرکردن کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە قوتابخانەوە هەیە، ژینگەی دەورووبەر و پەروەردەی ژینگەیییە. واتە پرسیاری سەرکیی ئەم باسە ئەوەیە کە شوێن چ کاریگەرییەکی لەسەر مەنتاڵیتێتیی منداڵ دادەنێ و چۆن دەتوانین پەرسپێکتیڤی منداڵ لە قوتابخانەدا گەشە پێ بدات؟

داگرتن بابەتەکە لە گۆڤاری تیشک بە شێوەی پی دی اف