۱۳۹۰ تیر ۳۰, پنجشنبه

رووناكبیر كێ‌یە؟


رووناكبیر كێیە؟گەلۆ رووناكبیر كەسێكی خوێنەوار، نووسەر، شاعیر‌و یان هونەرمەندە؟ گەلۆ دەتوانین، بڵێین رووناكبیر هەڵگری ئەو رەسالەتە مێژوویی‌و جیهانبینییە كە ببێتە ئاوێنەی باڵانمای نەتەوەكەیەتی...
رووناكبیر كێیە؟گەلۆ رووناكبیر كەسێكی خوێنەوار، نووسەر، شاعیر‌و یان هونەرمەندە؟ گەلۆ دەتوانین، بڵێین رووناكبیر هەڵگری ئەو رەسالەتە مێژوویی‌و جیهانبینییە كە ببێتە ئاوێنەی باڵانمای نەتەوەكەیەتی.
رەنگە نەتواتین مێژوویەكی تۆكمە‌و سەرڕاست بۆ دەركەوتن‌و سەرهەڵدانی چەمكی رووناكبیر‌و دیاردەی رووناكبیری دیاری بكەین، بەڵام خەیلێوەن رووناكبیری وەك دیاردەیەكی مێژوویی هاوچەرخ، هەڵگری كۆمەڵێك واتا‌و چەمكی ماریفەتی‌و هزرییە كە بە چاوكراوەیییەوە دەڕوانێتە جیهان‌و دەورووبەری‌و دوورەدیمەنی واقعیەتە كەتوارەكانی ژیاری مرۆڤایەتی‌و بۆ ئافراندنی هزرو ئەندیشەیەكی نوێ‌ وەكوو كۆڵەكەی "هزری نوێخوازی" بۆ پێكهێنانی گۆڕان لە ژیاری مرۆڤایەتییدا، هەوڵ دەدات. ئەم مرۆڤە بەرچاوڕوون‌و بوێرە بە هزرێكی نوێ‌ كە هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگایە، لە پێناو چارەسەركردنی ئاریشە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و كولتوورییەكانی  كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدایە. وشەی "رووناكبیر Intellectnel" پتر لە بزاڤێك‌و رسكانێكی هزری، باندۆری لە سەر رەوتی پێشڤەچوونی كۆمەڵدا هەبووە. ئەم وشەیە سەرەتا لە فەڕانسە لە سەردەمی دادگایی كردنی "كاپیتان دریفووس" بەكار هێنرا. پتر لە سەدان نووسەر لەو سەردەمەدا راگەیاندراوێكیان بە نێوی "بەیاننامەی رووناكبیران" واژۆ كرد كە سەر لە نوێ‌ پێداچوونەوە بەسەر پەروەندەكەی دا بكەن. بەڵام ئاخێزگەی ئەم دیاردەیە لە یونانی كەونارا‌و لە نێو هزر‌و ماریفەتی ئەفلاتوون‌و ئەرەستووەوە دەستی پێ‌كردووە. ساڵ هات‌و ڕۆیشت. مرۆڤ بە رخنە گرتن لە خۆیی‌و رابردوو ‌و بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بەر‌وپێش دەچێ‌‌و رەوتی دینامیزمی خۆی دەپێوێ‌. دیاردەی رووناكبیری وەك بزاوتێكی ئاوەزمەند‌و ناچەقبەستوو، لە چاخی رۆشنگەریدا خۆی نواند‌و دەركەوت. ئەوڕۆكەش بە هۆی پێوانی هەوراز‌و نشێوێكی مێژوویی خۆی لە نێو كەڵكەڵە‌و پەرۆشییەكانی ژیاری مۆدێرندا دەرباز كردووە‌و وەك بازنەیەكی گۆڕانخواز، بوو بە رووبارێكی بە لرفە بۆ ئافراندنی جیهانێكی نوێ‌ لە سەر بنەمای راستییە كەتوارەكانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی. هەمووكات جێگیربوون‌و پەرەسەندنی كۆمەڵگای مەدەنی‌و دێموكراسی پێویستی بە بنەما فەلسەفییەكان نیە، بەڵكوو روناكبیر كەسێكە كە لە بیاڤە گشتییەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بە كاروكردەوەكانی دەبێتە چاوكراوەی دێموكراسی‌و پەرەپێدان بە هزرە مۆدێڕنەكان. كەواتە رووناكبیر  لە روانگەی پراگماتیستییەوە كەسێك نیە كە شتێك بزانێ‌‌و خەڵكی ئاسایی لێی بێ‌ئاگا بێت، بەڵكوو لە پراكتیكدا لە بیاڤە گشتییەكاندا لە هەوڵێكی بەرهەست‌و ئەكتیڤدایە، خوازیاری گۆڕانە‌و لە هەرچەشنە ئیدئۆلۆژیی گەراییەك بە دوورە‌و مل بۆ هیچ سەرەڕۆیەك دانانوێنێ‌. 
تایبەتمەندییە بەر چاوەكانی رووناكبیری شیمانە دەكرێ‌ كە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:
ــ رووناكبیر، مرۆڤێكی بە مشوور‌و بە پەرۆشە كە بە چاوێكی رەخنەگرییەوە دەڕوانێتە مەسەلە پێوەندیدارەكان بە مرۆڤ‌و وەك مرۆڤێكی ئاسایییە، بەڵام بە پێچەوانەی مرۆڤە ئاساییەكان لەو دیوی مەسەلەكان دەڕوانێ‌‌و رێگاچارەی بۆ دەبینێتەوە.
ـ رووناكبیر، بە رەخنەگرتن لە رابردوو و ئێستا، خوازیاری داهاتوویەكی گەش‌و رووناكە. چونكە پێی وایە هەتا رەخنە لە رابردوو‌و ئێستا نەگیردرێ‌، ناتوانین داهاتوو بنیات بنێین. 
ـ رووناكبیری وەك دینامیزمی نوێبوونەوەی كۆمەڵگا، دەبێتە مامۆستای مرۆڤەكان‌و بە پەروەردەیەكی زانستی‌و ئاوەزمەند مەزنترین ئاواتی رابوون‌و سەربەخۆیی هزری مرۆڤەكانە لە پێناو پاراستنی كەرامەتی مرۆڤدایە. 
ـ رووناكبیری دەرووی رۆچوونی مرۆڤ بۆ هزرە مرۆڤ تەوەرەییەكان‌و لایەنگری هەقیقەت بوون‌و هێمنی‌و تەناهییە. 
ـ رووناكبیر، لە بزاوتی رووناكبیری دا، دەبێتە كۆڵەكەی دینامیزمی بزاڤی پێشڤەچوون‌و نوێبوونەوەی هزری‌و فەلەسەفی بۆ دەربازبوون لە چەقەستوویی نەریتە كۆنەستەكان‌و هەوڵدانە بۆ مۆدێڕن كردن‌و كولتوور سازی لە كۆمەڵدا.
ـ رووناكبیر، بە داهێنانی ئاخێوی رووناكبیری (گفتمان روشنفكری ) دەبێتە مەشغەلێ‌ رێگا تاریك‌و ئەنگوستەچاوەكان‌و رووناك كەرەوەی هزر‌و بیری كۆمەڵگا.
ئەگەر ژیاری مرۆڤایەتی وەك سێ‌كوچكەیەك لە فەلسەفە، زانست‌و هونەر، وێنا بكەین، رووناكبیر مرۆڤێكە كە لە رێگای فەلسەفەوە دەگات بە ماریفەت‌و لە رێگای زانستەوە بە هەقیقەت‌و لە رێگای هونەرەوە بە جوانی، كەواتە بەكەڵك وەرگرتن لەم ئەزموونە، دەتوانین بڵێین ئافرێنەری، "هەست‌و وشیارییەكی نوێ‌"یە. بە واتایەك هەر مرۆڤێك بتوانێ‌ زایەڵەی هزری سەردەمی خۆی بێت‌و لەو سێ‌كوچكەیەدا خۆی بنوێنێ‌، رووناكبیرە. ئەز لەو باوەڕەدام كە، رووناكبیری وەك دیاردەیەكی ئەمڕۆیی، هەڵگری كۆمەڵێك پێناسەی جۆرا‌وجۆرە، بەڵام دەرفەتی ئەم باسەمان ئەوەندە هەڵدەگرێ‌‌و ئەگەر مەودا هەبوو، لەسەر لایەنەكانی پێوەندیدار بەو مژارەوە دەڕوانینە رووناكبیری‌و بزاڤی رووناكبیری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا.


هیچ نظری موجود نیست: