۱۳۹۰ تیر ۲۴, جمعه

بزاڤی نەتەوەیی كورد لە روانگەی سیاسییەوە

بێهزاد خۆشحاڵی 

و: ئه‌فراسیاب گرامی  
  بێهزاد خۆشحاڵی

و: ئه‌فراسیاب گرامی

پێناسە:
هێما: نووسین لەمەڕ مێژووی سیاسیی نەتەوەكان بە گشتی‌و نەتەوەی كورد بە تایبەتی، ئەگەرچی كەمە، بەڵام دەتوانین لێی بكۆڵینەوە. بە تایبەت لەمەڕ نەتەوەی كورد بە هۆی ئەوەی كە وەكوو نەتەوەیەكی بێ‌ دەوڵەت‌و نەبوونی قەوارەیەكی سیاسی دیاریكراو‌و مێژووكەی تێكەڵ بە مێژووی سیاسیی دەوڵەتەیلی زاڵ بەسەر كوردساندا بووە.
كوردستان بە هۆی هیندێك تایبەتمەندی دەگەمەنیی جوغرافیای سیاسییەوە لە سەرەتاوە هەتا ئێستا جێگای سەرنجی دەسەڵاتە سیاسی ـ نیزامییە نێونەتەوەیییەكان بووە‌و، ناوەندی ململانێ‌و هێنانی دوایین هێزی چارەنووسساز لە مێژووی جیهاندا بووە. ئیدیعای ئێمە بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە ئەوەیە كە روودانی پتر لە بیست شەڕی مەزن لە نێوان زلهێزە ناوچەیی، نێونەتەوەیی‌و ئیمپراتوورییەكان لە سەردەمە جۆراوجۆرەكان لەم خاكەدا رووی داوە. (ن.ك.كۆلۆنیالیزمی كولتووریی نەتەوەی كورد، بێهزاد خۆشحالی، 1384).
كوردستان بە هۆی تایبەتمەندییە ژیۆسیاسی، مەدەنی‌و مێژوویییەوە، نیشتمانی "رۆژهەڵاتی"یە‌و بە هۆی هەڵكەوتن لە ناوەندی رۆژهەڵاتی ناڤین‌و ناوەندی "متحدالمركز" (لە روانگەی "ژان گاتمن"ەوە)، خاوەن پێگەیەكی تایبەت لە بڕیاردان‌و بڕیاردەركردنەكاندا كە دەبنە هۆی راوەستان‌و پراكتیك بوونیان لە رۆژهەڵاتی ناڤین‌و جیهاندا بووە. (ئەگەرچی دەبێ‌ بڵێین كە نەتەوەی كورد هەتا ئێستا خۆی وەك هۆكاری هیچ كام لەم كردەكار(كنش)انە نەبووە). بە سەرنجدان بەم بابەتە كە رەوشی نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا هێشتا لە رەوتێكدایە كە گۆڕان لە هاوكێشە سیاسیی جوغرافیاییەكانی ناوچەكەدا‌و هەروەها ئێستاشی لەگەڵدابێ‌ لە زەمەنێكی دیكەدا باسهەڵگرترە‌و بە گرینگیدان بە بەشێك لە لێكدانەوەی ئیستراتێژیكی "پاول هۆربرت"ی ئەمریكایی، كارناسی جوغرافیای سیاسی "سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناڤین لە گرەوی مەسەلەی عەرەب ـ ئیسرائیل دا نیە، بەڵكوو لە گرەوی چارەسەركردنی مەسەلەی كوردەكان‌و دۆزینەوەی رێگای چارەسەری بۆ ئەواندایە). لە چەند بەشێكدا بە تاوتوێكردنی كێشەی كورد لە روانگەی مێژووییەوە خەریك دەبین.
بە سەرنجدان بە سنووردانان لە توێژینەوەكەدا، لەم بیاڤە‌و چڕوپڕی دەروونیی مژارەكە، باشترە كە روانگەی خۆم لەمەڕ بەستێنە مێژووییەكانی مەسەلەكە كە مەودای نێوان 1514 هەتا سەردەمی هاوچەرخ ـ واتە دابەشبوونی كوردستان تا سەردەمێك كە مێژووی سیاسی كورد گۆڕانهێنەرێك بە ناوی حیزب لە نێواخنی خۆیدا دەخوڵًقێنێت ـ دەخەمە رو‌و و، دواتر لە ناساندی شوێنە ئیپتیمۆم (بەرچاوەكان)ی مێژووی سیاسی نەتەوەی كوردەوە، بە تاوتوێكردنی جووڵانەوە سەرتاسەرییەكان لەگەڵ چییەتی‌و ئامانجە سەربەخۆییخوازەكانەوە خەریك دەبم.
چوارچێوەی توێژینەوە:
لەم توێژینەوەدا بە كەڵكوەرگرتن لە پێنج وشەی "كردەكار(عمل)"، "هۆكار(عامل)"، "گۆڕەپان(عرصە)"، "ئامراز(وسیلە)"‌و "ئامانج(هدف)" بە تاوتوێكردنی تایبەتمەندییە جێگای باسەكانەوە، خەریك دەبین.
پێشینە
بۆ چوونە نێو باسەكەوە، سەرەتا پێویستە بەهێندێك شوێنی ئیپتیمۆمی لە مێژووی سیاسیی نەتەوەی كورددا خەریك بین كە لەم نێوەدا، باشترە گرینگترین پەیماننامە‌و رێككەوتننامەكان‌و لە درێژەدا بزاڤە نەتەوەییەكانی نەتەوەی كورد لە بیاڤی نیشتمانیی كوردستاندا بەكورتی بیهێنینە بەرباسەوە:
ئەلف: گرینگترین پەیماننامەكان كە دۆزی كوردیان لەژێر باندۆری خۆیان داناوە:
ـ رێككەوتننامەی ئیدریس بەدلیسی‌و سوڵتان سەلیمی یەكەم (1514)
ـ پەیماننامەی ساڵەكانی 1590، 1556، 1555
ـ پەیماننامەی 1639، نێوان سوڵتان مۆرادی چوارەم‌و ئیمپراتووری سەفەوییە (دابەشبوونی یەكەمی كوردستان)
ـ پەیمانی ئەرزرووم لە ساڵەكانی 1853، 1847، 1823‌و ....
ـ پەیماننامەی سنووری لە ساڵەكانی 1747، 1736، 1727‌و ...
ئەم پەیماننامانە كە گرینگترینیان پەیماننامەی "زەهاو (1639)"ە، كە دەبێتە هۆی دابەشبوونی كوردستان (كوردستانی عوسمانی‌و كوردستانی سەفەوی)‌و سەقامگیری ئەم پەیماننامەیە لە چوارچێوەی پەیماننامە سنوورییەكانی نێوان دوو هێزی ناوچەیی زاڵ بەسەر كوردستاندا بووە.
ب: پەیمانی سایكس ـ پیكۆ:
ئەم پەیمانە كە لە ساڵی 1916 (9 ـ 16ی مەی) بەدوای كۆتایی هاتنی وتووێژی نوێنەرانی بریتانیا (مارك سایكس)‌و فەڕانسە (جورج پیكۆ) بەسترا‌و كوردستانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی كە بە دوو بەشی Aو B دابەش كراوە، دەوڵەتی رووس بە نوێنەرایەتی "سازانۆف"یش لەگەڵ ئاگاداربوونەوە لە نێواخنی ماددەكانی نێوان پەیماننامەكە، بەشێك لە كوردستانی لەژێر دەسەڵاتی خۆی دانا. لەم پەیماننامەیەدا، ناوچە كوردنشینەكان بەڕیزی دابەشكردنییەوە:
ـ باكووری كوردستان (باشووری رۆژهەڵاتی توركیەی ئێستا) لەژێر دەسەڵاتی رووسیە
ـ باشووری كوردستان (حكوومەتی ئێٍستا هەرێمی كوردستان، موسڵ‌و كەركووك) لەژێر دەسەڵاتی بریتانیا
رۆژئاوای كوردستان (سووریەی ئێستا) لەژێر دەسەڵاتی فەڕانسە
پ: پەیمانی سێڤەر:
ئەم پەیماننامەیە لە رێكەوتی 10/ 8/1920 نێوان دەوڵەتانی داگیركەری شەڕی یەكەمی جیهانی ‌و ئیمپراتووری عوسمانی لە پاریسدا بەسترا. "ژنراڵ شەریف پاشا"‌و هەیئەتی نوێنەرایەتی كورد لە كۆڕی ئەم پەیماننامەیەدا بەشدار بوون. بە هۆی ئەم پەیماننامەیەوە:
ئیمپراتووری عوسمانی دابەش بوو و لە بڕگەكانی 62، 63‌و 64 كە راستەوخۆ تایبەت دراوە بە دۆزی كورد كە دەبێ‌ "مافی دیاریكردنی چارەنووسی كورد"ەكان لە مەودایەكی زەمانی تایبەتدا بەڕێوە بچێت، هاتۆتە بەرباسەوە. ئەم پەیماننامەیە یەكەمین بەڵگەی حقووقی نێونەتەوەیییە لە مێژووی نەتەوەی كورددا كە گرینگی دەداتە دۆزی كورد‌و مافی دیاریكردنی چارەنووسی كوردەوە.
پەیمانی لۆزان:
ئەم پەیماننامەیە لە رێكەوتی 24/7/1923 نێوان توركیە‌و هاوپەیمانە نوێیەكاندا بەسترا. بە بەستنی پەیمانی لۆزان، پەیمانی "سێڤەر" بە كردەوە هەڵوەشێنرایەوە‌و بنەما حقووقییە نێونەتەوەیییەكانی دۆزی كورد لە گێژاوی بێ‌دەرەتانی"ماف هەمیشە بۆ باڵادەستە (الحق لمن غلبت)"دا هێشتەوە.
پەیماننامەی سەعد ئاباد:
ئەم پەیمانە لە رێكەوتی 8/7/1937 نێوان وڵاتی ئێران، توركیە، عێراق، ئەفغانستان‌و .. بەسترا. گرینگترین بەندێ‌ كە تا ئێستا گرینگی ئەم پەیماننامەی راگرتووە، بڕگەی پێوەندیدار بە رێككەوتننامەی دەوڵەتەكانی سەر بە گرێبەستەكە لەمەڕ رەواییدان بە سەركوتی كوردەكانەوە‌و پێویستی دانەوەی بێ‌ئەملاوئەولای نەتەوەی كورد بە هەركام لە وڵاتانی خاوەن دەسەڵات بە سەر كوردستاندایە.
لە نێوەرۆكی ئەم پەیماننامەدا كە ئاماژەمان پێكرد وەها دیارە كە ئامانجی دەوڵەتانی بەشدار لە بەستنی ئەم پەیماننامەیە لە چوارچێوەیەكی گشتیدا، لە خوارەوە كورت كراوەتەوە:
ـ دابەشبوونی كوردستان
ـ هەڵوەشانەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی
ـ گەمارۆی سیاسی ـ نیزامی یەكیەتیی سۆڤییەت (پێشوو)
ـ بەستێنسازی بۆ پێكهێنانی دووبەرەكیی نەتەوەیی‌و مەزهەبییەكان لە ناوچەكەدا
ـ بە ئەهرۆم كردنی مەسەلەی كورد بۆ گوشارێك سیاسی بۆ سەر حكوومەتە باڵادەستەكان
ـ هەوڵ بۆ بەرپەرچدانەوەی تەواوی ئەو پلان‌و بەرنامە كارتێكەرانە‌و دروستكردن لەمپەر لەبەردەم پێكهاتنی وڵاتێكی سەربەخۆی كورد
بزاڤەكان:
لە نێوان گرینگترین بزاڤەكانی نەتەوەی كورد دژ بە گرووپی باڵادەست لە كوردستاندا، دەتوانین ئاماژە بە نموونەكانی خوارەوە بكەین:
ـ بزووتنەوەی عەبدوڕەحمان پاشای بابان (سلێمانیە 1806 ـ 1808)
ـ بزووتنەوەی ئەحمد پاشای بابان (سلێمانیە 1812)
ـ بزووتنەوەی كوردەكانی زەرزا (سیواس 1820)
ـ بزووتنەوەی میر بەدرەخان (جەزیرە‌و بۆتان 1821 ـ 1847)
ـ راپەڕینی محەممەد پاشا (رەواندز 1826 ـ 1833)
ـ راپەڕینی شەنگار (1830 ـ 1833)
ـ بزووتنەوەی میرشەرەفخانی بدلیسی (باكووری كوردستان 1834)
ـ راپەڕینی یەزادنشیر (باكووری كوردستان 1834)
ـ بزووتنەوەی حسێن كەنعان پاشا‌و عوسمان پاشا (باكووری كوردستان 1879)
ـ راپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری (1880 ـ 1881)
ـ راپەڕینی عشیرەتی كەلهوڕ (رۆژهەڵاتی كوردستان 1905)
ـ راپەڕینی كوردەكان موسڵ، ئەرزڕووم‌و بدلیس (1907)
ـ راپەڕینی شێخ عەبدوسەلام بارزانی (بارزان 1908 ـ 1914)
ـ راپەڕینی مەلا سەلیم‌و شەهابەدین (بدلیس 1913)
ب) 1939 ـ 1914
ـ بزووتنەوەی شێخ مەحموود‌و حكومەتی كوردستان (سلێمانیە‌و باشووری كوردستان 1919 ـ 1932)
ـ راپەڕینی شێخ سەعید پیران (باكووری كوردستان 1925 ـ 1934)
ـ بزووتنەوەی جافرسوڵتان هەورامان (1912ـ 1914‌و 1929‌و 1930)
ـ راپەڕینی سەیدرەزا دێرسیم (باكووری كوردستان 1937)
ـ راپەڕینی ئیبراهیم خانی دەلۆ (كفری 1920)
ـ راپەڕینی ئیسمایل ئاغای سمكۆ (رۆژهەڵاتی كوردستان 1920 ـ 1930)
ـ راپەڕینی كەریم بەگی هەمەوەند (1921 ـ 1922)
ـ راپەڕینی دیاربەكر (باكووری كوردستان 1934 )
ـ راپەڕینی ئیزدییەكان (1939)
ـ راپەڕینی ئیبراهیم هەنانۆ (1925 ـ 1945)
ـ راپەڕینی گۆیان (زاخۆ 1919)
پ) 1940 هەتا دەورانی هاوچەرخ
نێواخنی ئەم دەورانە تێڕوانینێكی مێژووی سیاسییەو بەگشتی لە دەورانی پێش لە 1939دا جیاوازترە، چونكە لەوە بەدواوە لەگەڵ هاتن‌و راگەیاندنی چالاكانەی حیزبە كوردییەكان بیچمی گرت‌و بزاڤی سەربەخۆییخوازانەی نەتەوەی كورد لە چوارچێوەی بە ئەندامبوون لە حیزب‌و خەباتە چەكدارییەكاندا‌و لە تەنیشت خەباتی سیاسی‌و بزاڤی سەرتاسەری بە رێبەرایەتیی حیزبەكان، رێك دەخرێت. حیزبەكانی ئەم دەورانە هەتا ئێستا رێبەرایەتی بزاڤی سیاسی ـ نیزامییان لە ئەستۆ گرتووە‌و جووڵانەوەی رزگاریی نیشتمانیی نەتەوەی كورد هێدی هێدی رەوگەی راستەقینەی خۆی دەگرێتەبەر.

هیچ نظری موجود نیست: