۱۳۹۰ تیر ۲۹, چهارشنبه

رێگا...


گەڵا .. گەڵا پاییز سەفەر ئەكا
ئەو كاتەی خێڵی بەفر رێگای رێبەندان لەبەر ئەگرێ
شار ... بەفر ئەپۆشێ....

كۆتری سپی
توێژاڵ توێژاڵ، دای ئەتاشێ
لەسەر یاڵی بەرزی ئاواتا بووكە بەفرینە دائەنێ
ئەی ئاشنا ....
ئەو كاتەی "جەنگاوەری خۆرەتاو" بەری بە هەرەسی سەدەیەك گرت،
كەوی شانازیمان لە چوار چرا قاسپە قاسپ ئەیخوێند
ئەو كاتەی‌ ئایندە دەستی بە نیگای پەتی سێدارەوە گرت
شاخ هەستایە سەر پێ‌و شار كوڵەباڵی‌ لەبەر كرد...
ئەو كاتەی‌ مەرگ بە كۆلارە باوەش بە دیواری سینگمانا دەكات
خۆڵ ئەبێتەوە بە بەرد بەسەر زامی شەهیدی دڵكەیل‌و
ملوانكەی هەڵاڵەمان بۆ ئەنێرێتەوە
باران خۆی ئەخواتەوە بەسەر لێواری تێلدڕووەكانی مل بەكوێن
تریفە دەبێتەوە بە بلوور و بەسەر سینگی كانیەوە وردوخاش ئەبێت
كۆترە غەریبەكانیش بۆ گەڕانەوە شەیدایی ئەپێوەن
یار چاوەڕێی‌ نامەیەكی‌ ئاشنا و
نیگەرانیی بۆ گوڵەهێرۆی‌ خوشكانی چاوەڕێ، ئەبێتەوە بە هیوا
بۆ دوامەنزڵگەی‌ شادمانی لە سەر رێگای كڕێوەدا
كانی و رووبار، دەریاو كەنار، كزەباو بوار، بێدەنگی و هاوار
بۆ دیدار یەك ئەگرنەوە
ئێستا ئیتر ئێوەن تاجەگوڵینەی رێبەندان لە مل ئەكەن
لەبەر چرای ئەم سەدەیە
بە رووناكایی چوارچرا ... نێڵە نێڵ كوردایەتی گەش ئەبێتەوە
ئەوە هات ... مێژوویی هەزارەیەك
هەنگاوەكانی خێراترە بۆ لووتكە
تا مەیدانی شار ... بەپەلەیە بۆ بینینی باغستان
شوێنپێی هەور ئەگرێ‌و گوێ بۆ ترپەی دڵی هاوارێك هەڵخستووە
ئیتر ئێوەن رێگای بەفری یەكشەوەی ئاشتی ئەگرن
ئەوكاتەی دەستی كۆڵانی سەربەستیی ئەگرن
خۆزگەی خاك و
دڵی لەت لەتی نیشتمان ئەهێننەوە
شار دڵەخورپەیەتی بۆ گۆڤەند‌و زنار 
***
مەگەر تۆ ئاشنا ... مەگەر تۆ ئاشنا
لەم زستانە دڵساردەدا
بە تەزووی زریان ... بەخشندەیە تینی ئەوین، دڵگەرمە خاك
مەگەر تۆ... ئەی ئاشنا
مەلوولی نیگات بۆ دار ئەرخەوان ببزوێ
خەرمانێ گەزیزە بە باوشی غوربەتتانەوە
بۆنی هەڵاڵان و شەونمستان  لە بەرۆكی ئازادی بدەن
ئاڵەكۆك ... ئەی ئاشنا
تۆ تەنیایی لە هەور ئەچڕی‌ و بێدەنگی لە هەتاو، خوازبێنی لە ئیمپراتووری بەفر ئەكەی
***
لە بیرت دێ پەنجەرەی‌ لانەوازی گوندێكی‌ شێ
چاوەڕێی‌ توولە رێگاكانی‌ شاخ بوو
لە بیرت دێ ...
گوڵمێخەكێ دەستی گاشە بەردەكان  ئەگرت تا سەركەوێ بەرەو هەرمان بوون
هێشتا تاسەی "ئەی رەقیب" لە شوێنپێكانت وەیلانەو ملی رێگا ئەگرێ
ئەو دەمەی باخ شەیدایی بارانە و گوڵ هاودەمی خەندە
سوورەگوڵ ئاشقی "هاواری نیشتمان" ئەبێ
كۆلارەی "گڕوگاڵی منداڵان"، كۆرپەتان هەڵئەپەڕێنێ
قەڵەمە، خۆرهەڵاتی وشەت لە "كوردستان"دا ئەكاتەوە بە رستە‌و بە دێڕ ...
هەتا ئەبنەوە بە "شاباڵی پەیڤێكی كەسك" بۆ فڕین بەرەو ئاسمانی سەربەستی
.... ئیتر ئێوەن سەمای رووبار ‌و شەیدایی باران و هیوای باڵندە كۆچەرییەكان
ئەهێننەوە
دەستی "با" ئەگرن و گوڵ ئاشت ئەكەنەوە ‌و شانبەشانی ئازادی بەرەو شار ئەگەڕێنەوە
نە هیجرەتە كۆچ بە خەرمانەی سەربەستیی ئەكا و نە چارەنووس مەرگی ئەوین هەڵئەبژێرێ
"ئەی چاوەڕوانی گیزنگ، ئەی هەتوانی هەتاو.. ئەی ئەهوورای مێهر...
دڵ هیچ، گیان هیچ، نیشتمان دایك و خاك باوانە ... باوان!"
**
"هاواری نیشتمان": بڵاوكراوەی یەكیەتی جەوانانی دێموكراتی كوردستان، "گروگاڵی منداڵان": بڵاوكراوەی منداڵانی سەردەمی كۆماری كوردستان، "كوردستان": بڵاوكراوەی ئۆرگانی حیزبی دێموكرات لە سەردەمی كۆماری كوردستان.



هیچ نظری موجود نیست: