۱۳۹۷ مهر ۱۸, چهارشنبه

بۆ ئەوانەی خەمێکی ڕۆژهەڵات دەخۆن


 Bilderesultat for fellesskap illustrasjon

بۆ ئەوانەی خەمێکی ڕۆژهەڵات دەخۆن
بۆ پشتیوانی لە گوتاری "یەکگرتن، ڕەمزی سەرکەوتنە"

پاش زەنجیرەیەک دابڕان و ئینشعاب لە ناو ڕیزی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناهومێدی، بشێوی و شپرزەیەکی زۆر لە ناو ماڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێت. ئەم ڕووداوگەلە لە دنیای حزبایەتی و حزبی کوردیدا تازە و چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەوەی کە جیاواز بوو هیچ کام لە لایەنەکانی ئینشعابی حیزبەکان ئەجێندایەکی نوێ‌یان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نەبوو و بگرە دۆخی هاوپێوەندی و نزیکبوونەوەی حزبەکان لە ئەگەری هەر رووداوێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەک خست. بۆیە پێم وایە، ئینشعابەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان رەنگدانەوەی کەش و هەوای بێدەسەڵاتی و بێدەرەتانی بوو کە ساڵانێک لە نێو فەزای سیاسی و ئەزموونی باشووری کوردستاندا درووست ببوو. کاریگەری نەرێنی و خراپی ئینشعاب لە لای خەڵک و خودی بەدەنە و تەشکیلاتی حزبەکان ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو و ساڵی پێ نەچوو کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئینشعاب دەسخەڕۆیی بۆ لایەنەکان درووست کرد. بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا کۆمەڵێک لە هەوڵی یەکگرتنەوەی ریزەکانی حزبی دێموکرات و کۆمەڵەکان بوون. فەسیبووک و دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و درووستبوونی سەدان پەیجی یەکگرتوویی‌خوازیی دروست بوو و هەتا ئێستاش بە ئەنجام نەگەیشتوە. هۆکار زۆرە کە تا ئێستا بۆچی هەوڵەکان سڕ بوون و کاریگەرییان نەبووە. بەڵام ئەوەی لەم وتارەدا من ئەمەوێ باسی بکەم، سێ هۆکاری گرینگ هەیە کە ئێمە (من وەک لایەنگرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) پاڵپشت و پشتیوانی هەموو هەوڵێکی یەکگرتوویی‌خوازیی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەلاتی کوردستان بین:

ـــــــــــ یەکەم: ئێمە خەریکە لە جەوهەری بزووتنەوەی نەتەوەیی دوور ئەکەوینەوە:
بە درێژایی دوو سەدەیە کورد هەوڵ بۆ مافە نەتەوەیی‌یەکانی ئەدات، کە بە هۆکاری ژیۆپۆلیتیکی سەخت، ئایدۆلۆژیا دژبەیەکەکان، ململانێی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان نەیتوانیوە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی بگات و ڕێگای خوێن و ئاگری بڕیوە. بەردەوامیی و نەدۆڕاندنی ئیرادەی نەتەوەیی لە نێو خەڵکدا هەمێشە تەشقی سەرهەڵدانەوە و ڕاسانی کورد بوون. ئێمەی کورد خاوەنی دۆزێکی سیاسی و حقووقین کە بە بێ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، دێموکراسی لە هیچ کام لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیرکردوە بەدی نایەت. بەڵام وادیارە رۆحی یەکگرتوویی ناو حزبەکان، خەریکە سیمای ئەم پرسە ئەڕووشێنێ. ئەزموونی دوای ئینقلابی ئێران و گۆڕانکارییەکان نیشانی داوە کە هەتا  ئێستاش کورد خاوەنی گوتارێکی سیاسیی یەکدەست نیە کە بتوانێ مافەکانی کوردستانی تێدا ڕوون و ئاشكرا باس کرابێت. هەر حیزبێک خاوەنی پرۆژەی دەوڵەتسازی خۆیەتی و هێزی پێشمەرگەی خۆی هەیە و داهاتووی ئەم خەونە گەورانە کە حزبەکان هەیانە ناڕوونە. لانیکەمی ئەزموونی ساڵی پاری باشووری کوردستان، لادان لە جەوهەری کوردایەتیی دوو سەد ساڵ خەباتی کورد بوو. کەواتە یەکگرتن، ڕەمزی سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکاندایە. گەلێک سەرکەوتووە کە یەکدەنگ بە گژ دیکتاتۆریدا بچنەوە. لە پاڵ هەموو ئەوانەشدا ئاسایشی نەتەوەیی کورد بە یەکدەنگی و هاوگوتاری لە سیاسەتدایە. بێگومان دەتوانین لە ناو حزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستاندا سەدان خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە کە ببنە بنەمای پێکەوە کارکردن و هاوخەباتی. یەکێک لە کێشە گەورەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد ئەوەبوو کە کورد هیچکات قووڵایی ئیستراتێژی لەگەڵ گەل و خەڵکی خۆی نەبووە؛ بەڵکوو قووڵایی ئیستراتێژییان لەگەڵ داگیرکەران هەبووە و ئەوەش میلەتسازی کوردی بۆ کورد دواخستووە. کەواتە قووڵایی ئیستراتێژیی کورد دەبێ خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستان بێت.

دووهەم: دووژمنی هاوبەش دەبێ کۆمان بکاتەوە، نەک دوورمان بخاتەوە:
ئێمە لە هیچ دا هاوبەش نەبین، دەبوایە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا هاودەنگ و هاوخەبات بووینایە. دەبوایە خاڵی جەوهەری یەکگرتووی و بەرەی کوردستانی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دووژمنی هاوبەش کە کۆماری ئیسلامی‌یە،‌ بوایەت. لێکترازان و ئینشعاب، کەلێنێکی گەورەبوو لە ناو ماڵی کورد و براوەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی بوو. دووژمن سەلماندوویە کە ئێمەی بەر پەلار بکەوێ ئێعدام و سێدارە چاوەڕوانمانە. کەواتە خەساری گەورە جیا لەوەی کە نەوەی ئێستا دەیبینێ ئەوەیە کە بەردەوام دەبێتە قوربانیی ئەم شپرزەیی و بێ پلانی‌یەی کورد. لانیکەمی ئەزموون لە ڕابردوو بگرین و هەر لە ئێستاوە مشووری هاودەنگی و هاوخەباتی بخۆین. ئەرتەشێکی ڕزگاریخوازیی ئەتوانێ دووژمن بخاتە گیانەڵڵا و حزبەکانیش ئاڵترناتێڤی داهاتوو. با بزانین کە هێز لە یەکگرتووییدایە و دنیای دەرەوە و سیاسەتی جیهانی لەسەر بنەمای هێز دامەزراوە. خۆڵەمێشیکردنی سیاسەت و پەردەوازەیی، داهاتووی کوردستان تەموومژاوی و دوژمن گەورەتر دەکات. ئەگەر بمانەوێ ڕووبەڕووی سیاسەتی نەرم و زبری کۆماری ئیسلامی بینەوە، ئەوا یەکدەنگی و یەکگرتوویی تەنیا ڕێگاچارەیە.

سێهەم: بەم شپرزەییە، داخوا حکومڕانی ئێمە چۆن بێ؟!
ساڵی پار لە ماوەی یەک مانگدا دوو ئەزموون هەموو کوردستانی تووشی شۆک کرد. یەکەمیان شكستی ڕێفراندۆم و کارەساتی کەرکووک و ناوچە کوردییەکانی باشووری کوردستان بوو کە شۆکێکی گەورە بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو کارەساتە بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە. پێش ڕێفراندۆم کوردی ڕۆژهەڵات سەمای حەز و ئاواتەکانیان لە بینایی ڕێفراندۆمدا بەدی دەکرد، کەچی بشێوی ناوماڵی کورد لە باشوور و ئەزموونی حوکمڕانی بێسەروبەرەی حزبەکانی باشوور جیا لەوە ئەو کارەساتە گەورەیان بەسەر کورددا هێنا، دڵساردی و خەمێکی گەورەیان بۆ ئێمە بەجێ هێشت. زیاتر لە چارەکە سەدەیەک حوکمڕانی کوردی باشوور، خەمێکی قووڵ بوو بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەم هەموو ڕێسوایی‌یە چۆن لە ئەزموونی حزبەکانی خۆشیان بڕوانێت؟! بەڵام ... بەڵامێکی‌تر، پاش مانگێ، بوومەلەرزە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند. بە سەدان کەس گیان و ماڵیان لە دەست دا. بەڵام بوومەلەرزەکە زیاتر دەوڵەتی پووشاڵی و بەرمیلی قووپاوی کۆماری ئیسلامی وەلەرزە خست. دەوڵەت هیچ یارمەتییەکی خەڵکی لێقەوماوی نەدا. بەڵام هاوخەمی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی شکۆی دەوڵەتێک بوو. دەوڵەتێک کە بە هانای هاونیشتمانەکانیان لە کرماشانەوە چوون و ئەو یەکگرتوویی‌یە هەست و شعووری نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵاتی هێنایەوە سەر ئەژنۆ و هەستایەوە سەرپێ. سیاسەتمەدارانی ئێمە کاتێ ئەمە دەبینن چۆن بیر دەکەنەوە؟ ئایا ئەوە خەمێکی قووڵ نیە کە ناتوانن لەسەر ئەوەی کە ئێمەی کورد پێکەوە ئەتوانین [وەک ئەو خەڵکە] خاوەنی هاودەنگی و بەرەیەکی کوردستانی بین؟ ئەدی داهاتووی ڕۆژهەڵات بە دەردی باشوور ناچێت؟ چ گارانتی و چ زەمانەتێک هەیە کە لە پێناو لەت‌وپەت کردنی خاکی ڕۆژهەڵاتدا شەڕی براکوژی و دووبەرەکی و خیانەت ڕوو نەدات؟ ئەگەر ئێستا خەمێک لە رۆژهەڵات نەخۆین، ئەدی کەی و چۆن دەتوانین ئاسایشی نەتەوەیی‌مان بپارێزین و خاوەنی مافەکانی خۆمان بین؟ یان دەبێ تاکەی و تا چەند نەوەی‌تر خەبات بکەین و قوربانی بدەین؟
وڵاتی فینلاند و نەرویژ دوو نموونەن لە سەدەی ڕابردوودا. وڵاتی فینلاند تووشی شەڕێکی خوێنایی ناوخۆیی بوو، بەڵام لە نەرویژدا چەپ و ڕاست هێڵێکی هاوبەشیی سیاسییان دۆزیەوە و هەتا ئێستاش پەرلەمانیان کردە مەیدانی ململانێی سیاسی و تووشی شەڕی ناوخۆیی نەبوون.

بۆ دەبێ یەکگرتنەوە لە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات ڕوو بدات؟
"زانا و فەیلەسووفی گەورە، کۆنفۆسیۆس دەڵێ ئەگەر بمانەوێ باخی یەکساڵمان هەبێ ئەوا دەبێ بێستان و کشت و کاڵمان هەبێت، ئەگەر ئەمانەوێ باخی دە ساڵمان هەبێت، دەبێ باخی مێوە بنێن. بەڵام ئەگەر ئەمانەوێ باخی سەد ساڵمان هەبێت، ئەوا دەبێ منداڵ پەروەردە بکەین". کەواتە پەروەردە ئەتوانێ داهاتووی بنەماڵەیەک، کۆمەڵگایەک و تەنانەت وڵاتێک بگۆڕێت. هەموو ئێمە بەرپرسیارین لەبەرامبەر داهاتووی وڵاتەکەماندا و دەبێ لە شوێنێکەوە دەست پێبکەین.
ئەزموونی دەساڵەی ئینشعاب نیشانی داوە کە لە حیزبی دێموکراتدا [ئەزموونی ئینشعابەکانی حزبەکانی دیکە با بۆ خۆیان دابنێین کە خەسارناسی بکەن] ئایدۆلۆژیا و خەتی فیکری جیاواز ئینشعابی نەکردوە، بە پێچەوانەوە ساختار و پێکهاتەی تەشکیلاتی حزبی دێموکرات لە قەیراندا بووە و مەسەلەی کورسی و دەسەڵات لە حیزبی دێموکراتدا بووە هۆی ئینشعاب. بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە کە نە لایەنی ئینشعابی و نە لایەنی دیکەی دێموکرات خۆیان لە مێژوو، ڕێباز و هێما و سیاسەتی گشتیی حیزبی دێموکرات دانەبڕاندوە و بەردەوام بانگەشەی هەمان ڕێچکە و هەمان ڕێباز دەکەن و زۆرجار ڕووقایمتر لە جاران لەسەر ڕابردوو و خەباتی حیزبی دێموکرات سوور بوون. بەڵام ئەمە دیاردەیەکی تایبەتی دێموکراسیی ناوخۆیی حیزبی دیموکرات بوو کە دەریخست تا چەندە دەتوانین لە ناو حزبێکی شۆڕشگێڕدا دێموکراسیی سەقامگیر بێت. کە من پێم وایە و پێشم وابووە کە حیزبی دێموکرات زەرفیەتی ململانێی زیاتر لەوەی هەبوو کە پەنا بۆ لێکترازان نەبەن.
بەڵام ئەگەر کەمێ سەیری دەورووبەرمان بکەین، بیر بکەینەوە کە ئایا بەڕاسی ئینشعاب دوایین ڕێگاچارە بوو؟ ئایا ئێمەی دێموکرات هەر ئەوەندە زەرفییەتی پێکەوە هەڵکردن و پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هاوخەبات و هاوفکرمان بوون، هەبوو؟ ئەدی چؤن بتوانین لەگەڵ حزبەکانی‌تر یان ئەو حزبانەی کە لە داهاتوودا سەرهەڵدەدەن و درووست دەبن کار بکەین و لە ناو یەک پارلەماندا پێکەوە بین؟ هەتا کەی خۆتان بە زۆرینەی ڕؤژهەڵات دەزانن؟ لە ئاڵماندا بە ئەزموونترین و گەورەترین حزبی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ تاقە کورسییەکیشی نەهێنایەوە کەچی حیزبی ئاڵترناتیڤ بە شەش مانگ پێشینەی ڕاگەیاندنەوە توانی بگاتە پارلەمان. لە باشووریش ئەزموونی گۆڕان و جیابوونەوەکەی لە پارتی دەریخست کە دەتوانی ببێتە هێزی سێهەم. لەم هەڵبژاردنەی دواییشدا حزبی شوێعی کوردستان کۆنترین حیزبی کوردی نەبوونە خاوەنی کورسی، کەچی "نەوەی نوێ" چەند کورسییەکیان هێناوەتەوە. سیاسەت چاوەڕوان نەکراوە، کۆمەلگاش بەردەوام پێویستی بە خوێنی تازەیە. کۆمەڵە  و دێموکرات هەتا سەر ئەوەڵ و ئاخرین حیزبی ڕؤژهەڵات  نابن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر هەر وڵاتێکی ئەورووپایی بگەڕێن، لە زەماوەند، لە ڕێوڕەسمی حزبی و زۆر بۆنەی دیکە بڕوانین، بە سەدان و هەزاران کوردی ڕۆژهەڵات دەبینین کە پەڕیوەی هەندەران و غوربەتە. ئایا ئێوەی بەڕێوەبەری حیزبەکان بەرپرسیار نین لەبەرامبەر ئەو هەموو خەڵکەدا کە دەیان ساڵە لە نیشتمانەکەیان دوورن؟ ئایا مودیریەتی حزبی ئێوە و ناسەقامگیری و بشێوی ناوماڵی کورد بەرپرسیار نیە لە بەرامبەر ئەم هەموو توانا و سەرمایە ئینسانیەی کە ڕووی لە وڵاتانی دەرەوە کردوە؟ زۆربەی ئەو کەسانە پێشمەرگە بوون، کادر بوون، چالاکی سیاسی و خاوەنی ڕابردوویەکی سیاسیی بوون کەچێ ئێستا دەبێ لە سفرەوە دەست پێبکەن و هەتا خۆیان جێ ئەکەنەوە لە کۆمەڵگای دووهەم و سێهەمدا ساڵان دەخایەنێت. ئایا دەبێ ئەم نەوەیە و نەوەی داهاتوو و داهاتووتریش هەر دەبێ لە خەمی یەکگرتوویی ناوماڵی کورد و بشێوی حیزبەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستاندا بێت

دوا وتەی ئەم خەمە
ئێمەی لایەنگرانی دێموکرات تا کەی دەبێ ئەم خەمە قبووڵ بکەین؟
 بەش بە حاڵی خۆم نامەوێ گوشار بخەمە سەر هیچ لایەنێک بۆ یەکگرتنەوەیەکی بەتاڵ و پووچ، بەڵام ئەمەوێ بڵێم دەبێ هەموومان فشار بخەینە سەر حیزبەکان بۆ یەکگرتوویی، یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی. دەبێ کولتوورێک درووست بکەین کە ئیزن نەدەین بە سادەیی ببینە قوربانی سات‌وسەودای سیاسی. چیدیکە نەسڵەکانی‌تر قوربانی دووبەرەکیی کورد نەبن.
هاوڕێیان با جارێکی‌تر ئەزموونی باشووری کوردستان بە هەڵسەنگاندنێک بێنمەوە بیرتان: باشووری کوردستان وەک مێوەیەک وایە کە گەیوە. کوردایەتی لە باشوور پێگەیشتووە، بەڵام بە داخەوە کرمۆڵە. کرم تێیداوە و نە بێزت دێ بیخۆیت و نە بە کەڵکی خواردنیش دێت. حاڵ و هەوای باشووری کوردستانیش وەهایە سەیرکەن لە ماوەی یەکساڵدا هەزار ڕووخسار و هەزار شووناسی سەیروسەمەرمان بینی کە هیچکام یەکتر تەواو ناکەن. پرسی کورد لە باشوور ئەو مێوە کرمۆڵەیە کە نەوەکانی ئەمڕۆ تامی ناکەن، تەنیا بۆنی گەنیوی سیاسەتمەدارانیان بەسەردا دەچێ و میدیاکانیش وەک گەنە دەوری ئەدەن.
بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی مێوەیەکی جوانی وەک کۆماری کوردستانمان هەیە، بەلام ئافەتی دووبەرکی و نیفاقی سیاسی دەوری داوە. ئەگەر خەمێکی نەخۆین، مێوەکەی ئێمەش کرمۆڵ ئەبێت، ئەوە دڵنیا بن. بۆیە وەبیری دێنمەوە چونکە ڕووداوەکان و کارەساتەکان هێشتا گەرمن و هەستی پێ‌دەکەین. دەبێ بچێتە حافیزەی مێژوویی ئێمەوە کە نیفاقی سیاسی ئافەتێکی ترسناکە و داهاتوومان دەڕووخێنێت.
لە کۆتایی دا دەمەوێ بڵێم، هەموو هەوڵێکی یەکگرتنەوە، بونیادنانی کولتووری دێموکراسی و پێکەوە ژیان، پێکەوەکارکردن و پێکەوە هەڵکردن لای من پیرۆزە. ئەگەر مانیفێستی ڕزگاریی خوازیی پێشەوای مەزنمان لە حافیزەی مێژوویماندا مابێ و بیکەینە چرای داهاتوومان، ئەوا "یەکگرتن، ڕەمزی سەرکەوتنە". چ لە پلەی پێشـمەرگە، کادر، ئەندامێکی سادە، لایەنگر یان تەشكیلاتی نهێنیی حیزب دا بیت هەتا دەگاتە ئاستی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، ئەرکە لەسەر شانمان هەوڵی یەکڕیزی ماڵی کورد بدەین و کولتووری دێموکراسی بکەینە پێوەری ژیانی سیاسیمان. دێموکراسی وەک شاخی سەهۆڵ وایە، ڕەنگە ئێمە تەنیا لوتکەی شاخەکە ببینین، بەڵام ئەوەی گرینە شاخەکەیە لەناو دەریادا.
هاوڕێیانم، لە نێوان ئێمەدا هیچ شتێک بوونی نیە، ئەوە ئێمە بۆ خۆمان دیوارێکمان هەڵچنیوە. لە دنیای سیاسەتدا دیوار پەیامی دابڕان و پچڕانی پێوەندیی‌یە، کەواتە بە جێگای دیوار با "پرد"ێک درووست بکەین. پردێک کە هاوپێوەندی و نزیکبوونەوە  بێت. ئەو پردەش لە ناو ئەندام و سلوولەکانی حزبەکانەوە دەبێ دەست پێ بکات. بەهەزار هۆکار داهاتووی کورد لەیەکگرتووییدایە. ئێمە بەیەکگرتوویی، جیا لەوە دەبینە هێزێکی گەورە، خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی کوردیش یەکگرتوو دەکەین. جیا لەوە پرستیژی سیاسیی خۆمان دەبەینەسەر، ورە و هێزی جەماوەریش بەرز ئەکەینەوە. پێش بە شەڕی براکووژی، پێش بە خیانەت و پێش بە بێدەنگی و چاوەڕوانێ دەگیردرێ.

دنیای سیاسەتیش بەرفراوانە و هەموو فکر و ئەندێشە جیاوازەکان جیگایان ئەبێتەوە تەنیا دوو کەس جێگایان نابێتەوە: ئەوەی خیانەتکارە و بەردەوام هەوڵی خەوشدارکردنی بزووتنەوەی کوردستانە و کورد واتەنی: "جاش"ە. ئەوەی دیکەشیان دوژمنە کە هەمیشە لە هەوڵی سڕینەوەی ئێمەدایە کە هەمووکات کورد واتەنی : "دووژمن خەیاڵی خاوە، ئەوەی ناتوانێ لە سێدارەی بدات: کوردبوونە و ئازادی". 

هیچ نظری موجود نیست: