۱۳۹۰ تیر ۲۴, جمعه

خەونەكانی سەفەر بەسەر هێڵی بەردەوە

ئەم هاوارە دڵیەشانی نەوەیەكن لە شار، بەڵام بێزاریی نیە. بەڵكوو خەونێكە بۆ غەوارەبوون لە ناو پەرۆشی و جەنجاڵییەكانی شاردا. سەفەرێكە بەرەو خۆرنشین، رۆژ و شەو، بە كەناراوی زەمەندا رێ دەكەن، سەفەرێك بەناو تۆنێلی خەونەكانی شەقام، چركەكان لێك نزیك ئەبنەوە...
 "...بەسەر لێواری‌ رووبارێكی‌ عەشقن چەندە من لە تۆ ناچم ئەی‌ شەهوەتی ئاگرپژێنی سەر چیمەن"، لۆركا، (گۆرانی رۆژهەڵاتی)


ئەم هاوارە دڵیەشانی نەوەیەكن لە شار، بەڵام بێزاریی نیە. بەڵكوو خەونێكە بۆ غەوارەبوون لە ناو پەرۆشی و جەنجاڵییەكانی شاردا. سەفەرێكە بەرەو خۆرنشین، رۆژ و شەو، بە كەناراوی زەمەندا رێ دەكەن، سەفەرێك بەناو تۆنێلی خەونەكانی شەقام، چركەكان لێك نزیك ئەبنەوە، هەزارە و سەدەو دەیە پێكەوەئەلكێن. هەزارساڵ چڕ ئەبێتەوە بۆ چركەسات. پەڕگارێك هەموو دیاردەكان لێك دەئاڵێنێ. مەغناتیسێك رایەڵەكان رائەكێشێ و خەونەكان دوور ئەكاتەوە. بە رایەڵێكی رزاڤ‌و كەنفت دا هەزاران گرێ كوێرە ئەكەوێتە سیمای مرۆڤانیی مرۆڤ. كۆیلەبوون ئەگۆڕێ بۆ زمان‌و ملكەچی واژە هەتا بەندایەتی سەرعەرد بۆ ناو تۆڕێكی بەربەرینی ئەنترنێت. ئاغەواتی‌و میرنشینەكان كاڵ ئەبنەوە‌و سنوورەكان درزیان تێ دەكەوێ‌و شەق ئەكەوێتە ناوچاوانی كارێزی ئایندە...ئاسۆ گۆمێك خوێن بەرچاوی ئەگرێ. كامێرای ژیانەوە لە بەرجەوەندی نیگای سوورئاڵی ئاسۆوە رۆدەچێت‌و پەردەی شانۆی زامستان ئەكاتەوە. شەوارەیەك پێلووی شانۆیەك دائەڕنێ‌و حەكایەتەكان یەك لە دوای یەك وردو خاش دەكات‌و هێل هێڵ سووڕیان دەداتەوە‌و دەیانكاتەوە بە گورز. هەر گەردیلەیەك ئەبێتەوە بە بەرد، ئەبێتەوە بە دیكتاتۆر، ئەبێتەوە بە با، ئەبێتەوە بە عەشق، ئەبێتەوە بە تاوان، ئەبێتەوە بە بەرد، ئەبێتەوە بە رووناكی تا نزیك ئەبنەوە لە گیانی گوڵەكان‌و دەگەنە پێدەشتی وردە سەرنجەكانی پاییز، بە هەوروهەڵای زەماندا دادەگەڕێ و دەگاتەوە لووتكەی هێرەمێكی كاڵەوەبووی سەدە. لێرەوە، پەنجەرەی نەوەیەك ئەكرێتەوە: (سەرسەرای ژین ـ تاریك ... رووناكیەكی كز). ـ لە ناوەڕاستەوە. تابلۆیەك لە شاخێك بە باوشی مناڵێكەوە. چەند باڵاخانەیەك بە تەنیشت یەكەوە، كۆشكێكی لووت بەرز‌و ئاسماندڕ، هەركام بەرەو لایەكەوە سووڕاون‌و نیگایان كردۆتە رووناكی. دڵۆپێكی خوێنی گەش ئەدات بە سینگی بەرد دا. گۆرانییەكی ئاهوورایی ورد ورد حەكایەتەكان گرێ دەدات." رووناكی گەش ئەبێتەوە بۆ گۆشەیەك لە هێرەم... لای راست. لە نزیكەوە‌و بە دەنگێكی بەرز، دەگێڕێتەوە:"چ بێدەنگییەك بەرزتر لە هاوار، سپی وەك بەفری یەكشەوە. درزێك لە قەقنەسی مەرگ ئامێزت پڕ دەكا لە رووناهی. من قەفەس نیم هەڵواسراو بە تەمەنی كۆترەوە، من دار نیم بەر بهێنم بۆ جێ پێی رێگا، من رووبار نیم بەتەنیشت شاخەوە نووستبێتم تا خەون بە رایەڵەی جیهانەوە ببەسمەوە. من شەقام نیم پەلكێشم كەن بۆ مەیدان بۆ گوتاری جەنگ، من شار نیم بۆ خەونی مناڵانی سەرشەقام، من كۆڵان نیم بۆ چاوەڕوانیی پەنجەرەی یار، ئەمە ژیانی نەوەیەكی دڵتەنگە. ژیان لە رەنج چێژ ئەبات و بەرخۆدان لە ئامێزی خۆرهەڵاتی دروشمە كاڵەكان. دڵتەنگی‌و تەنگانە ئەبنە دۆست. جەنجاڵی سەری خۆی ئەخوات... حەكایەت حەكایەت بەرئەداتەوە بۆ گۆم. ئاگر بەر ئەبێتە گیانی خۆی و ئەستووتێنێ بێ قەرار، سەفەر گیانەڵایەتی بۆ جادە، خاك كەڵكەڵەیەتی بۆ ئاو.... هەموو ئێمە دڵتەنگین" بە سووڕی رووناكی كامێراكان، پەڕگارێك لە نێوان هەواو ئاسمان بە دەور تیشكی رووناكیدا ئەسووڕێ. پیتەكان هەڵئەوەرێن. بازنەیی دائەبارێن بەسەر سەرسەرای باڵاخانەكان. لە ناو جەنجاڵی واژەكاندا هاوار بەرز ئەبێتەوە. زستان پاڵی داوەتە بە گڕی بەردێكەوە. لای چەپ، بە تەنیشت سپێدەوە: "هەتاو ئەی رووناهی بۆ شەقاری سەهۆڵبەندانی شار، رابردوومان كاڵتر لە لالووتی كەنار چاوبڕكێ بە بەختی ئەكا، سەركەشتر لە ئەسپی زەمان كەنفتە ژان. رەنگە بە شەرابی سپێدە مەست بین تا بگەینە دوا مەنزڵگەی سەرزەوینی ئاو. ئێستا بدۆزینەوە و ئایندە لە رۆژهەڵاتی كارێزی نیگادا بترازێنین‌و خەو بەو زامستانەوە نەبینین. شێعر زامارە، زمان زامارە، عەشق زامارە، من سەرزەوینێكم شەقار شەقار، هەر بریندار ئەبمەوە بۆ خەونەكانم. كام حەكایەت بووە خەونەكان هەر لە خەیاڵدا سەخت بریندار بكرێن، كام چیرۆك بووە قارەمانی نەبێ، كام شانۆ هەبووە تەختەی شانۆی زامار بێ، كام شێعر هەبووە واژەكانی شێت بن‌و سەرگەردان... كێ نازانێ كاتێ گەڵا پێی وایە ئەبێتە لیرە بەر ئەبێتەوە، كێ نازنێ كاتێ زریان هەڵ ئەكا ئەستێرەكان پێی پێ دەكەنن، كێ نازانێ كاتێ رووبار ئەخنكێ كیسەڵەكان كڕنۆش ئەبەن بۆ ئاو، كاتێ مەرگ پێلوی نیگایەك رائەچڵەكێنێ رۆمانێك خۆی ئەكێشێتەوە، كاتێك شێعرێك پەنجەرەی خەیاڵ ئەكاتەوە تراژدییەك ئەبێتە شەونمی واژەكان ... ئەم حەكایەتانە نەبڕاوەن بۆ سەدەی نەوەكان. (لەسەرچۆك)، گەڵا لاسارەكانی پاییز، جادەكان ئەپێون بەرەو ئاسۆ."نەوەیەك لە پەنجەرەی بێدەنگیی سەر خەرەندم، برینێكم بەسەر چاوگی قەڵشێكی مێژووەوە. جوانیم لە تینویەتی ئاویلكەی گۆڕستان حەشار داوە. شارم بەتل هێناوە بۆ هەزارەی سێهەم. نەوەكانم بە دڵشكاوی گەڕاندەوە. ئەو دەمەی پەناگەی ئەندیشەكان نزارو بەردەنگی هاوارەكان بەرۆژە بوو، ئەشكەوتەكانمان گواستەوە بۆ بن دیواران‌و كەنارەكانی شار.." (رووناكایی بەرەو قووڵایی ئاسۆیەكی كز رۆ دەچێت). "سەفەر هێشتا بەناو تەمی زەمەندا رێ دەكا. پەژارە هاوڕێ و هاوسەفەرە، تراژدیای سەدەیەك لەگەڵمانا دێت، بارگرانی خەونێكمان پێیە، سەفەرێكم لێوڕێژ لە هەوراز. سەفەرێكم بەسەر گازرایی پشتی رووبارەوە. سەفەرێكم پڕ لە تەنیایی و تاریكیایی باڵاخانەكان. سەفەرێكم پڕم لە مەینەتی گوڵ. كاتێ لە دۆڵی مەلە عاشقەكان كۆچمان كرد، نەهات بوو... نەهات. هاتینە شاری نامۆكانەوە... رۆژگارێكی غەوارەیە شەقام. پەنجەرە بوو كۆڵانی ئەشكاندەوە. دڵكەش بوو خۆر هەتا دەگەیشتینە سەرشەقام. ترسێك بوو سەرتاپا بە باڵای تیشكی یەكەم بەیانی كۆچ. هەر نسرمێكی بن دیواران‌و لارێگەی سەرشەقام‌و كەناری جادەكان، هەر هەموو ئەشكەوتێك بوون بۆ حەسانەوەی دڵیەشانی نەوەكان، ساباتێك بوون بۆ دڵگەرمی دڵە تەنیاكان. رەنگە شار دەستپێكی زەمانەیەكی یاخیبوون بێت. كۆشكی سەرسەرای ئاسماندڕ تا پەناگەی كزی دیواران." رووناكیی تەواو سەرسەرای كۆشكی دادەگرتەوە، باڵاخانەكان ون دەبوون، بە سواری ئەسپێكی باڵدار، لە ناو تافی ئاسمان‌و بە شەیدایی با ئەسوڕێمەوە: ئەی هەتاو... باوشت پڕ بكە لە زیو، گزینگت بدە لە یەخەی شەقامی باڵندەكان، پرشنگت بكەوە بۆ خەمی ئاو، رووناكیت بدە بە سەرشاباڵی ئازادی تا بشكێتەوە بەسەر هەسێڵی شەڕ، نەكا جەنگاوەران رۆژگەز بن، سروودێكی ناو بەندی پەژارە ئازادكە هەتا لای بێدەنگیی حەقیقەت بۆ ئەوەی قەڵبەزەی ئەندێشە كەسك‌و شینەكان لە قەلەمڕەوی دێڕ تێپەڕن‌و نەكەونە بەر رنووی واژەكانی نەرمەواڵەی جەنگ، تا حەكایەتەكان نەكەونە بەر تەڵەزمی تابۆكان، تا چیرۆكەكان سەریان شۆڕ نەكەنەوە بۆ ناو رووباری رووداوەكان، با دێڕەكان پێچیان تێ نەكەوێ و دانەڕزێن ... بەدوای شەوی دڵكەش، خۆرهەڵات دێتەوە. مەرگ كاڵترە لە قەقنەس، ژیانەوە گەشترە لە رووناهی، شار دەستەودامێنی شەقامە، هەر شەقامە كۆڵانەكان ئەكاتەوە بە حەكایەت، هەر شەقامە دڵتەنگیی نەوەكان ئەتلێنێتەوە، هەر شەقامە زامی عەشقی بە شانەوەیە. لە بیرت دێ، گوندێكی شێ یان ئاسمانێكی خەیاڵ، یان ئەستێرەیەكی سێحراوی، یان مانگەشەوی عاشق، یان كانیلەیەكی دڵناسك، یان پەپوولەیەكی بێ ئۆقرە... هەر هەموو پێكەوە سەمایان دەكردو تاسەیان ئەبزاوند. ئەوە دوێنێ بوو... ئایندە بە بەستەڵەكی گوێسەبانەكانی حەیرانێكەوە مابوو... تراژێدی مێژوویەكی مل بەكۆتەڵی ئەلاواندەوە. ئەمە ئێستامانە بەسەر هێڵی راست ‌و چەپی دێڕەكانی درووشمێكی كاڵەوە. ئەوە ئایندەمانە بەسەر شەقامی شارەوە ئەتلێتەوە .... چیمان پێیە بۆ مێژوو جیا لە مشتێك خۆڵی هەناسەسەرد چیمان پێیە بۆ ئێستا جیا لە كاروانی خاكنشینان چیمان پێیە بۆ داهاتوو بۆ سەفەرێكی دی بەرەو كەناراوەكانی زەمهریر ... ئەمە سەفەری منە بەناو تۆنێلی خەونە كاڵەكاندا "رووناكیی جێمان ئەهێڵێ". گێڕەرەوە بێدەنگ. بێدەنگییەك بە هاواری سەدەیەك. منیش وردە وردە ئەشكێمەوە تا دڵتەنگیی شەرابە شكاوەكانی نەوەكەم. 

هیچ نظری موجود نیست: