۱۳۹۲ آبان ۱۰, جمعه

شەوانە III

گڕی تـێبەر دەبێ خۆر و بڵێسە و كڵپە دەستێنێ
پـڕیشكە و تیشكی رەنگامە بە دەوریدا دەپـڕژێنێ      ـــــــــــــــــــ شەریف حسێن پەناهی


هەر زوو گوتم، دەیڵێمەوە، نازانم بۆ لە مێشکمدا جێگای گرتوە و ناسڕێتەوە، ناشزانم هۆکاری گەشەکردنی چیە کە دە رۆژ یان نا مانگێ جارێ دەبێ وەک کامنتێکی وێڵ لێرە بڵاوی بکەمەوە، ناشزانم تا کەی ئەم نەخۆشییەم لەگەڵە، ناشزانم بەرەو کوێ هانمان ئەدات و سووچی سەرەوەی کام داڵانی مێشکم بۆ هەمیشە دائەگرێت، سەیرە، سەمەرەیە، مەرگە و نەهامەتی، خۆخواردنەوە و دانبەخۆداگرتن و تاسانێکی نادیارە. لە دوایین دێڕی ئەمشەودا خۆم ئەتوێنمەوە لە رستەیەکی کورت دا:
کە مناڵ بووم یەکەم چەخماخەی ژیانی کوردایەتیم، خوێندنەوەی شێعری قانع بوو، لە مەدرەسەی راهنمایی، سێ مامۆستامان هەبوو، دوانیان سەقزی و ئەوی دیکەیان خەڵکی مەریوان بوو. ئەو سێ کەسە کاریگەرییەکەی گەورەیان دانا لەسەر ژیانی
خوێندنەوە و نووسینم بە زمانی دایکی. باش لە بیرمە یەکێک لە مامۆستاکانم هەموو رۆژە "مشاعیرە[واتە شێعر سەندنەوە بۆ یەکتر بە پێی دوایین پیتی هەر دێڕە شێعرێک]"، ئەوەی دیکە مامۆستایەک بوو فێری دەکردین شێعری کوردی لەبەر بکەین: دوو شێعری ئەو کاتەی لەبەرمە و دواتر ناوی شاعیرەکانم زانی ئێستاش لەبیرم ماوە:
"کۆمەڵەشاخێ سەخت و گەردن کەش
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش
سوورە چنارەی لق و پۆپ درێژ
سێبەر ئەکات بۆ خەوی بەردەنوێژ
.... گۆران
ئەوی دیکەیان شێعرێکی تەنز بوو کە ئێستاش لەبەرمە:
"ئاردە بەڕووس نانم، گزگل خورشت و خوارم / زان سفرەام نباشد جز نان و دۆخەوارا" پێم وابێ مامۆستا هەژار بێت. هەروەها زۆر شێعری دیکە.
هەرکات دەهات، بەسەر تەختە رەشەکەوە، دەینووسی: فەراغەت مایەی عەقڵ و کەماڵە"
زۆر حەزم پێ دەکرد، ئەوەی بکەوتایەتە بەردەستم دەمخوێندەوە، بۆ نووسینی کوردی بەسەر هەموو پیتێکەوە حەوتێکم دادەنا و وام دەزانی ئەوە کوردییە. ئەمتوانی نامەی کوردی بخوێنمەوە. رۆژێک لە رۆژان نامەیەک لە خزمەکانمان بەدەست گەیشت لە کوردستانی عێراق، هەرچەند چەند کەسێکی خوێنەوارمان هەبوو لە تایەفەکەماندا، بەڵام منیان بە ژیر دائەنا، چونکە ئەمزانی نامە بخوێنمەوە، یادی بەخێر ئەبووبەکری ئامۆزام لە من زیرەکتر بوو لە دەرسا، بەڵام کوردی نەدەزانی و زۆرجار گەمەیان پێ دەکرد کە ئەو بۆ کوردی دەزانێ و تۆ نازانی. بەلام زۆرجاریش گەمەیان بە من دەکرد کە دەچووم و ئەویش دەرسی علومی پێ دەگوتمەوە. بەرهەرحاڵ ئەو رۆژگارە یەکێک لە مامۆستاکانم کتێبێکی قانعی هەبوو، رۆژانە لەگەڵ خۆی دەیهێنا و دەیبردەوە. منیش دادەنیشتم لە کاتی پشووی مەدرەسەدا و نەدەچوومە دەرەوە، دەهاتم و دوو سێ للاپەرەم لە کتێبەکە دەدڕی و دەمبردەوە بۆ ماڵەوە، پیشەی من ئەوەبوو بۆ ماوەی سێ مانگ، کەس پێی نەزانیم، نیوەی شێعرەکانی قانعم لەبەر بوو. حەزم لە نووسینەکانی وەک مازووکردنی لادێ، ژن مارەبڕین، ماڵ بەشکردن لەگەڵ براکەم، بەڵام ئیتر قووڵ بوومەوە بۆ دنیای شێعر، لەوانە سەد جار لاسایی قانعی شاعیرم کردبێتەوە. رۆژێ شێعرێکم نووسیبوو بە ناو سەگی لادێ. شێعرەکەم لەبیر نەماوە، بەڵام سەرەتاکەی ئاوا بوو:
دەنگی کەڵەشێر، حوو حووی تانجی پیر / هاژە هاژی ئاو ئەڕواتە ناو بیر
ئەوەلای نازانم ببورن.
پوخت و پاراوم کرد، بە دەست خەت دامە دەستی ئەو مامۆستایەم کە کتێبەکەم دڕاندبوو. یەکەم جار کە منی دیت زۆر خۆشحاڵ بوو، نەیدەزانی ککە من بووم، بەڵام گوتی، زۆر حەزم کردوە یەکێک لە منداڵەکان کتێبەکە هەموو رۆژێ دەدڕێنێت، ماڵی من ئاوەدان، وای لێ هاتبوو وەک دەفتەر چل بەرگی لێ هاتبوو، هەموویم کۆ کردبوەوە. دوایی هات و کتێبەکەی بە هەدیە پێدام، بەڵام قەت شێعرەکەی پێ نەدامەوە.
ساڵ هات و رۆشت، کاتێ ئەنجومەن ئەدەبی لە ئاوایی نێ دامەزرا، وەکک شاعیرێک بە نازناوی "فەرهەنگ"ەوە پێم نایە ناو ئەنجومەن، کتێبی باشم دەخوێندەوە، خۆم هەندێ کتێبم هەبوو پێشکەشی ئەنجوومەنم کرد. یەکێک لە کتێبەکان شێعرەکانی ئیمام شافێعی بوو. ئەوانی دیکە نازانم. بەڵام ئەو نازناوەی فەرهەنگیشم وا هەڵبژاردبوو کە فەرهەنگ بە نیشانەی ژێستێکی شاعیرانە و سەڵاح و ژیر لەیەکدابوویەوە. دواتر وازم لەو ناوە قەڵبەش هێنا و خۆشم بە هیچ ناوێکی سروشتی و ناسروشتی نەبەستەوە. هەڵبەت درۆزن دەرنەچم، ماوەیەک مایلەکەم بە ناوی کانی بوو، دواتر بە کچ دەرئەچووم، وازیشم لەو کانییە هێنا. راستییەکەی هۆکارەکەی نازناویی نوسەری گەورەی کوردی خوراسان، کەلیمووڵڵای تەوەحودی بوو بە ناوی "کانی ماڵ" ئەوەش کە ئەو دەیگێرایەوە ئەوەبوو کە لە ناوماڵەکەیاندا کانییەک تەقیوە و ئێستا بۆتە شوێنێک بۆ سەیرانی خەڵکی. منیش سەرەتا ویستم بیکەم بە کانی گەزنە[کانییەکە لە ئاوایی نێ دا]، دوای لێی گەرام، ماوەیەک کردم بە "گۆلبەن[کانییەکە بە سەر لووتکەی میراجییەوە و ئەروانێتە زرێبار و دەشتی مەریوان] تەنانەت یەک دێر شێعرم بۆ نووسیبوو، کە ئەویشم بیر نەماوە، بەڵام نووسیبووم،
گۆلبەن کە قیبلەی زرێباریمە / هەڵوەدای شنەی بێ قەراریمە /// 
پیری و هەزار عەیب، ئەوەشمان هەر بیر نەماوە. کە بوومە پێشمەرگە ئەو دەفتەر و نووسینانەم خۆشم نازانم لە کوێ یە و چی بەسەرهات، رۆژێک دایکم گوتی کە هەموویان لەگەڵ کتێبە دەرسییەکانیشمدا سووتاندوویانە. تەنیا عەرەبییەکەیان نەسووتاندبوو، کە پێان وابوو قورعانە.

ئێستا پاش ساڵانێک، دەغدەغە و کەڵکەڵەی کوردبوون و نووسین و شێعر و خەوبینین بە کوردایەتییەوە، داماوم بۆ رستەیەک لە پێناسەی ئەو هەموو خەوبینینە بکەم. پاش ساڵانێک، ئەمەوێ دیسان بەو هەوایە بنووسم، بەو شەیداییە، بەڵام ئیتر ئەو خەونە لە ناو جەنجاڵییەکانی ژیان و هەروا هوریای ئەم خەونە کرچ و کاڵانەدا ئەیانەوێ مانگێ جارێکک، داڵانەکانی مێشکم بگووشن و پەلم بگرن و لەبەردەم خەونەکانی خۆما قوت بمەوە  و بنووسم:
کوردایەتی دەبێت پەیوەست بێت بەجوانیناسییەوە، دەبێ پەیوەست بێت بە ژیری و ئەخلاقەوە، دەبێ کوردبوون لە هێڵی بەخشەندەیی و مرۆڤانی نەترازێت، بەڵام داخەکەم، ئەو خەونەی کە سواری سەری من دەبێت، دەڵێ:

زۆر جار خەوبینین بە کوردایەتییەوە، وەک خەوبینین بە دووپشکەوە وایە.



 30.10.2013; 23:44

هیچ نظری موجود نیست: