۱۳۹۲ آبان ۱۰, جمعه

رۆژگار

 خۆشم نازانم کەی و چۆن لە دایک بووم ... 
وێنەی گوندی نێ / لە فەیسبووکەوە وەرمگرتوە
ئاگام لە هیچ نیە، جار ناجارێ هەواڵێکم گوێ لێ بوە، 
بەڵام وا دیارە ژیان هەر وەک جارانە و فەرقێکی وەهای نەکردوە. بەڵام بە گشتی ئەمەوێ بڵێم، دنیای ئێمە ئەوەندە گۆڕاوە کە بە بارتەقای تەمەنی من، جیهان ئەوەندە پێشکەوتوو بوە کە من لە گوندێکی دوور کەوتووی سەر سنووری ئێران و عێراق لە دایک ئەبم و لەم تەمەنەشدا لە ئاڵمان، لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا ئەگرسێمەوە. راست وەک خەون وایە، وەک خەیاڵ، وەک فیلمەکانی هێری پاتێر، یان سەفەری زەمان، لەو پەڕی دواکەتووی فەرهەنگیدا دابەزیوم بۆ دنیای مۆدێڕن و دیاردەکانی، خۆسازاندن و راهاتن و فێربوونی دنیای مۆدێڕن زۆری دەوێ. نازانم راهاتووم یان هەر هێشتا نیشانەکانی دواکەوتووییم تێدا ماوە،
بەڵام بە قەولی ئاڵمانییەکان، ژیان هەم لەوێ و هەم لێرە لە شایزە دایە، یان ئیتر بە دڵیان نەبێت، کاتاسترۆفەیە. ژیان لەوێ بوە بە ژێر تەپ و تۆزی دواکەوتووی و لێرەش بوە بە ژێر تەنگەژەی ئامرازەکانی مۆدێڕنەوە. لەوێ دنیا لە سەقفی گوندێکی بچوک تێ ناپەڕێت، لێرە ئەو پەڕی کاکێشانیش ئەبێ لە خەیاڵدا جێگای خۆی بکاتەوە، لەوێ سادەییەکان ئەبن بە رق و نەفرەت، لێرە سادەییەکان دڵنشین و هێوەرکەرەوەن. لەوێ هەموو شتێ تێکەڵ بە سروشتە، لێرە ئەگەڕێن بە دوای سروشتێکی بێگەردا. لەوێ دراوسێ خزمە، کەسە، دۆستە، یارە ... لێرە دراوسێ ئاشنایەکی دوورەدەستی پار و پێرارە. لەوێ دایک، ئاخ دایک، ژینە، ژیانە ... باوک باوانە، لێرە دایک و باوک لە ماڵی پیراندا لەبەر بەپەنجەرەیەکی نیوە کراوەدا تێکەڵ بە باران و شەقامە درێژەکانی شارە. لەوێ کچان ئاواتەکانیان بە خەیاڵەکانی دوور کەوتووی کۆڵانەوە گرێ ئەدەن و شەویان لە سێکسێکی خەیاڵیدا ئەنوێنن، ماچ حەرامە، لێرە کچان خۆیان دەکەن بە بن باڵی عارەقەی کوڕان لە دیسکۆ و شەقامەکانی شارا. لێرە و لەوێ زۆر جیاوازە گوڵم ، تەنانەت یاریش جیاوازە، لەوێ یار یارە، دڵە، گیانە، ژیانە، لێرە یار هەمان شاتسەکەی خۆیانە و جار ناجارێ گەر شەوێکی خۆشیان نەبوو، شاتسێکی دی و رۆژێکی دی و شەوێکی دیکەیان هەیە. دوا پەیڤی گەڕۆکی ئەمشەوی من ئەوەیە، لێرەو لەوێ، من هەر خۆمم، هەر بە سادەییەکەی جاران و بە دڵەکەی باوان، بە خەیاڵە بەرزە فڕەکانمەوە و بە خۆشەویستی بێ سنوورم و بە دڵتەنگی سەرشەقام و بە ئێرەیی بردنم بە دنیای ئەمانەوەیە، تەنیا شتێک ئەتوانم بڵێم دڵم خۆش بکات، ئەوەیە مرۆڤ مرۆڤە، لە هەر دنیایەک بێت، هەر مرۆڤە، سەختە سادەییەکان بسڕمەوە، بەڵام تەنیا شتێک فێربووم، رێزگرتنی ئەمانە لە ژیانی خۆیان و دەورووبەر و ژینگە و وڵاتەکەیانە کە پێم وایە پڕبەهاترین و جوانترین سیفەتی ئینسانییان هەیە کە هیچ کەس ناتوانێ بە سادەیی بێ رێزی بکات بە خەڵکانی دیکە. وڵاتیان خۆش ئەوێ، ژیانیان خۆش ئەوێ، کەچی ئێمە ئەوەندە سەختمان گرتوە ژیان وڵات و ماڵ و عەشیقشیمان وێران و دەربەدەر کردوە. رێزگرتن لە ئازادیی و سروشت، رەمزی سەرکەوتنی ئەوان و ئێمەش؟! ...

هیچ نظری موجود نیست: