گەر هیچ سێبەری بوێ، منیش سێبەری هیچم
"سهید خهلیل عالی نژاد"
هەندێكجار مرۆڤ خەیاڵی ئەباتەوە ئەو شوێنەی كە دەتوانێ جیهانبینی خۆی لێوە فراژوو بكاتو بۆنو بەرامەی جوگرافیای دەورووبەری خۆی بكاتە پێوەری ژیوەری بیركردنەوە. رەنگە ئەمە دوایین مەنزڵگە بێت بۆ بینینی دنیا بە جۆرێكی دی. ئەز لە گۆشەنیگای پەیڤو كەژاوەی خەیاڵەوە دەمهەوێ بڕوانمە دنیاو سووچێكی ئەم جوگرافیا بەرینەو بە شێوەیەكی دیكە بڕوانمە ئەم نیگا كاڵو كرچانەی ژیانم.
لەدایكبووی نەوەیەكی دڵتەنگم كە بەسەر خواروخیچی شەقامی سەدەكاندا رێ دەكەن. ئێمە نەوەیەكین چاوەڕوان، چاوەڕوان بە دیار سەدەیەكی پڕ لە شیوەنو هاوار، پڕ لە كارەساتو پڕ لە نامۆیی، رەنگە نامۆیی بە بەژنو باڵای ئەم سەدەیەدا بڕابێت. كێ هەیە بزانێ سەدەیەك بە هەموو چاوەڕوانییەكانییەوە چەندە دەتوانێ نامۆییەكان پێناسە بكاتەوە، چەندە دەتوانێ سروشتو مرۆڤ پێكەوە ئاشت بكاتەوە، چەندە دەتوانێ لە ناو جەنجاڵی ژیانو كارەساتەكانو رووداوەكان، خۆیان ون نەكەنو هەمدیسان گیرۆدەی خەیاڵی سەدە بەتاڵەكان لە مرۆڤانیی نەبنەوە. ئەم خەیاڵە دەیهەوێ لە بەرجەوەندی نیگایەكی كاڵەوە بە ناو هەموو جەنجاڵییەكانی سەدەداو بەلای هەموو رەنجو ئازارەكانی نەوەكاندا تێپەڕێو نەبێ بە ژێرەوە. ئەم خەیاڵە هێند دڵكەیلو لانەوازە كە پڕە لە غوربەت، ساڕێژە لە نامۆیی پەنجەرەكان، پڕە لە بێقەراریی زریانی مل بەكوێن، پڕە لە دڵتەنگی جادەكانی شار، پڕن لە گریانو پێكەنینی گوڵەكان، پڕە لە دڵشكانی گوڵە قەیرەكانی ناو باغستانی حەكایەتە نەبڕاوەكان، پڕن لە هەرەسی تەنیایی، پڕن لە هیوا بۆ فڕین بەرەو دنیایەكی تر، فڕین بەرەو باغستانی گوڵەكان... لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەوە فڕین هەتا "با"و "گوڵ" ئاشت ببنەوەو شەوگاری تەنك و تەنیایی بترازێنینو رووناكی تۆخ بكەینەوە، تێپەڕین لە زستانی دڵكەیلو هەرەسی دڵڕەقی، ئاشتكردنەوەی ئاوەنگو شەونمی خەیاڵو عەشق، دڵدانەوەی دڵیەشانی سەدەی ژانی گەل لە پێدەشتی تەمتومان، رێگا بە دوای كاژێر و زەمەن بەدوای قەڵبەزەی تەمەن تا گەیشتن بە دوایین رووباری ساتەكانی شەقام. ئێمە نەوەیەكین خەون بە جیهانێكەوە ئەبینین ئازاد، ئازادی ژیان، ئازادمانەوە...بەختەوەریی بۆتە خەونی سەفەرێكی پڕ تراژیكی نەوەی من. تراژدیای مێژوو پێمان ئەڵێ مێژوو تەنیا تۆماركردنی سەركەوتنەكان نیە، بەڵكوو مێژوویەكی مل بەكوێن و داپاچراوی نیشتمانێكی دڵكەیلیش بەم لێژییەی سەدەدا سەركەوتووە. دەمهەوێ مەودای نێوان ئەهوورا بۆ ژیانەوەی داربەڕوەكانی سەركەلی رابوونو هاتنە بەری دارهەناری خۆشەویستی هەتا تێپەڕین لە دوڕگەی مەینەتیو گەیشتن بە بەندەری هیوا نزیك بكەمەوە. دەمهەوێ خەونی سەفەری خەیاڵ و هزر لەم شەقامەی ئەندیشەمدا داڵدە بدەم و هەرچی دڵ ئەڵێ بیهێنمە گوتار. هێڤی دارم قەڵەم بڕ بكا چوون منیش لەدایكبووی ئەم دڵتەنگییەم، تكایە پەنجەرەكان دامەخەن نەكا "با" گەڕێتەوە... تا بۆ پێدەشتی شەوانی پیری چرایەك هەڵبكەم هەموو كۆڵانە دڵتەنگەكان رۆشن بكاتەوە .... ئەم سەفەرە نادیارە و نازانم لهم نیشتمانه سهرگهردانهدا، ژوورێک ههیه بۆ منی تهنیاییهکانی من، بۆ منێک که خهیاڵهکانم سواری سهرم دهبن و وهک مشته کۆڵێ سینهی قووپاوم ئهگرنهوه ... رهنگه ئهم دێڕانه ههڵاتن بهدهست ئهو خهونهیلهوه بێت یان دۆزینهوهی ژوورێک بۆ حهسانهوهی تهنیاییهکانم... لای من تهنیایی بهشێکه له بوون، بهشێکه له جوانیی، بهشێکه له دڵتهنگی و ژان، مرۆڤ بهر لهوهی بیر له ئازادی بکاتهوه، تهنیا بوو. تهنیایی وهک حهسارێکی بهردین رووخا بهسهریا و له ئاکامی بێ بڕانهوهی تهنیایی دا، ئازادیی له دایک بوو. منیش خهون به ئازادییهکهوه دهبینم که لهدایکبوونێکی دیکهم پێ ببهخشێت!
ئهمهوێ بڵێم له گێژاوی ئهم خهمه گهورانهدا، من بۆ یار ئهنووسم، بۆ خهمه بچووکەکانی یار له شهقامی تهنیایی دا دهنووسم، بۆ لهدایکبوونهوهیهکی دیکهی یار، تا ببێته درهخت!
ئەمەوێ بنووسم ... یار
لای من تەنیایی یانی گوێگرتن بۆ بێدەنگییەکی قووڵ، بۆ هاوارێک کە ئێمە نایبیستین، بۆ بەربوونەوەی گوڵێ، بۆ پەڕینەوەی "با" لە شەقامی شارێکا، گوێگرتن بۆ شەونمێک کە چوەتە گیانی گوڵێکەوە، گوێگرتن بۆ نسرمی سێبەرێکی تەنیا، گوێگرتن بۆ منداڵێکی سەر سووچی کۆڵان، بۆ رادیۆی ژنەکانی گەڕەک، گوێگرتن بۆ بازنە و لیرەکانی خوشکەکانم، گوێگرتن بۆ زەمزەمەی گۆرانییەکی باوکم، لە نەهایەت دا گوێگرتن لە چۆڵەوانیی ... گوێگرتن لە خۆم، لە تەنیاییەکانم ... من ئەنووسم تەنیایی ، تەنیایی یانی عەشق لەم نزیکانە دەواری هەڵداوە !....
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر