۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه

لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی ... خۆشەویستی و لێبوردەیی بکەین بە ئامانج

یەک: توندوتیژی بەرهەمی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و ئابووری کۆمەڵگایە کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا رۆژ بە رۆژ پەرە دەستێنێ، لە شێوازێکەوە بۆ شێوازێکی دیکە، لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە .... پەیامێکی کورت بۆ رۆژی بەرەنگاریی ژنان دژ بە توندوتیژی ... وەرن هەرچی ژن هەیە بیکوژن، بزانن ئیتر جوانی ئەمێنێت ... بزانن ئیتر خۆشەویستی و ژیانی ئارام و مێهرەبانی و نازاری و شیرینی و نیانی و لە سەرووی هەموویانەوە ئینسانییەت ئەمێنێت ... کۆمەڵگا بە بێ ژن بوونی نیە و نەبوە و نابێ ... کۆمەڵگا یانی ژن و پیاو ... بەشێکن لەم سروشتە ئینسانییە! 

دوو ــ

با ئێمەش وەکوو فارس و تورک و عەرەب شانازی بە شارستانییەتی هەزار ساڵە نەکەین! شارستانیەتمان هەبوە یان نەبوە چوو و نایەتەوە! گرینگ ئەوەیە ئەمڕۆ چیمان هەیە تا کۆمەڵگاکەمان بەختەوەر بێت ... وەک بۆچوونی خۆم .. مێژووی ئێمە پڕە هیچ ... هیچی بەرهەم نەهێناوە، کولتوورێکی سەقەت و درۆزن و پڕ لە توندوتیژی بەرهەم هێناوە! رێز لە مرۆڤ ناگرین، بەتایبەتی بۆ ژن وەک دڕندە واین، ریز لە دار و بەرد و گیانداری دەورووبەرمان ناگرین! هەتا ئەم کولتوورە وەها بە سەقتی بمێنێتەوە، شانازی کردن بە مێژووی شارستانییەتی کورد، بەتاڵە لە بیرکردنەوەی شارستانی!

سێ ــــ

مێژوو چوو بە هەموو باشی و خراپییەکانییەوە، ئەمڕٶ چیمان هەیە کۆمەڵگا بەختەوەر بێت و لە ئاسایش دا بێت، ئێمە چەندە کێشەمان لەگەڵ داگیر کەر هەیە، دوو ئەوەندە کێشەی کۆمەلایەتییمان بەرامبەر بە خۆمان هەیە، لە هەموو ئاستەکاندا .. بنەماڵە شپرزەیە، کۆمەڵگا لەو شپرزەتر، سیستمی یاسا و رێسای کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەریی لە کۆمەڵگادا گەندەڵە ...

بەرهەمی ئەم هەموو گەندەڵییە، سیاسەتی گەندەڵ، رووناکبیری گەندەڵ، کۆمەڵگای گەندەڵ، رێکخراوی گەندەڵ ... تا دەگاتە ئاستێک کە تاکێکی گەندەڵ بەرهەم دەهێنێ ...


چوار ـــ

ئه‌گه‌ر بمانه‌وه‌ جیهانی خۆمان جوانتر و مێهربانتر بکه‌ین تاقه‌ رێگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاوه‌نی ئه‌م سیفه‌تانه‌ بین که‌ رێز له‌ سروشت، له‌ ژیان و له‌ مرۆڤ ده‌گرێت، خاوەنی ئەو ئەخلاقە کۆمەڵایەتییە بین کە تاکێکی بەرپرسیار بەرامبەر بە کۆمەلگا و دەورووبەری دروست دەکات ... دەبێ بەرامبەر بە ژن، بەرامبەر بە گیانداران و گیانلەبەران، بەرامبەر بە داهاتووی نیشتمان بەرپرسیاربین ... ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەم سیفەتانەدا، ئەمانگەیەنێت بە خۆشەویستیی ... دنیایەک کە لەوێدا خۆشەویستی بوونی هەبێت، گەندەڵی رووی تێناکات و گەشە دەکات ... دنیایەک کە بەری بێت لە خۆشەویستی و خۆشەویستی بەرامبەر مرۆڤ و ژیان و سروشت ، دنیایەکی کاول و وێرانەیە

هیچ نظری موجود نیست: