۱۳۹۲ آبان ۱۱, شنبه

شەوانە IV

ئەمە بەینێکە من تۆم نەدیوە
بەفرەکەی سوورێن لە من باریوە

بە قوربانت بم بۆ بەرز ئەڕوانی
بەر ماڵی ئێمە بە چۆڵ ئەزانی

وێنەکە پیرانەکۆن بەرەو دۆڵ سوورێن
هەر لە مناڵییەوە پێم سەیر بوە، یانی ببوو بە فیکر و پەرۆشییەکی گەورە بۆ من، باشە بڵێی باوکم مێژوو نووس بووبێت، یان گۆرانی بێژ، کە هیچ کامیان نەبوو، بڵێن بۆ، ئاخر ئەم ناوە درێژەی من "ئەفراسیاب" لە کوێ ڕا قووت بوویەو لە کۆنە دێی پیرانەکۆن، ئەویش لە شەوێکی نەهامەتدا یەخەی مناڵێکی وەک من بگرێتەوە. جارێ با ئەوە بوەستێ، ئەو رۆژە کە ئێوارەکەی من لە دایک بووم، دایکم لە کۆڵەدار بوە. هەر بە مناڵی کەوتمە گەڕان بە دوای ئەو ناوە درێژەدا. یەکەمجار لە دیوانی شانامەی فێردەوسی دابوو.  ئەمە دێڕێک لە شێعرەکانی کە لەو کاتەوە لەبەرمە: "شود کوه آهن چو دریای آب / اگر بشنود نام افراسیاب"، یانی هەرکات، لە هەرشوێنێک، ناوی من هات، شاخی ئاسن لە حەیبەتا ئەتوێتەوە. بەڕاسی خۆم لە خۆم ئەترسام. ئامۆزایەکم  هەبوو هەموو رۆژێ تێم ئەسرەواند،
ئەمگوت من ناوی پاشام هەیە. بەڵام با بمێنێ کە ناوی رۆسەم ئەهات، ئیتر بێتاقەتی ئەکردم. ئەو رۆسەمە خوێڕییە، لە هەموو شانامەدا پێم ئەوێرێت. کە وردە وردە گەڕام بە دوای ئەم ناوەدا، بۆم دەرکەوت ئەم ناوە مێژوویەکی تایبەتی هەیە. یەکەم ئەوەی کە باوکم هاوڕێیەکی خۆشەویستی بوە و هەمیشە دۆست بوون، ناوی ئەفراسیاو بەگ بوە لە ناوچەی شارەزوور (بەردەبەل و نەوێ). بەڵام ئەمەش جێگای گومان بوو.
دووهەم، ئاخر چۆن ئەبێ، ئەو ناوە درێژە، کە بۆ زۆر کەس هەر ناوترێت، بەتایبەت مناڵ هەر عیبادەی ئەکات و سەروگوێلاکی ئەشکێنێ، تەنانەت دایکم کردبووی بە "مەشە" ئاخر نازانم چۆن ئەفراسیاو ئەبێت بە "مەشە". وابزانم وەک مەحموودەکەیە کە کورد کردوویەتی بە "خولە"، بەهەر حال لەوانەیە ئەوە باسێکی زمانناسانە بێت و زۆر قووڵ بێتەوە.
سێهەم باشە بەراس ئەو ناوە درێژ و نامۆیە بۆ خۆی ئەکات بە "بناری سورێن و کۆنەدێی پیرانەکۆن" راست بە ماڵ ئێمەدا.
هەر لە یەکەم رۆژەوە هەر نەهامەتی بوو، دایکم ئەو رۆژە هەتا ئێوارە لە کۆڵەدار ببوو، بە کۆڵێ دارەوە و ئێوارەش من لە دایک بووم. سەرتان نەیشێنم، ئەو ئێوارەیە زەفتێکی شکاومان دەبێت، باوکم ئەو شەوە شریتێکی رۆسەم و زۆراب ئەگرێت و راست لەو کاتەدا ناوی من دێت و ئەبڕێت بەسەرما. ئیتر نازانم بۆچی تاقەتیان نەگرت و تاموڵیان نەکرد تا رۆژ بێتەوە و لانیکەم بەرچاوی خۆیان ببینن و لەو داروبەرد و شاخ و رووبارە، ناوێکم بۆ بدزۆنەوە و کورت و کورد و پوخت. ئاوا ئەو ناوە قەبەیە بڕا بەسەرما، بەڵام خوا هەڵناگرێ فانیلەکەم، یان هەمان فامیلی یان نازناوەکەم کەمێ قەرەبووی کردوە، لێرە ئەفراسیاوەکە زۆر قۆڕ ئەکەن بەتایبەتی بە زمانی ئاڵمانی : ئەبێتە ئەفرازیاب / ئیتر وەک زردەواڵە گژ ئەبمەوە، ئەوەنە ز ێی پێ زیاد ئەکەن، بەزیادم نەکرد.

هیوادارم منیش رۆژێ وەک بازێ کەس بیگۆڕم، یان نا کورتی بکەمەوە، بیکەم بە "ئەفراسیا، یان ئەفراس، یان ئەفرا، یان ئەفرە، یان هیچی پێوە ناهێڵم ئەف. 

هیچ نظری موجود نیست: