۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه

قەلەمڕەوی مێشوولەکان

ئێوارەیەکی درەنگوەخت لەگەڵ باوکم دا ئاوی دێبەر و بێستانێکی بچووکمان هەبوو دەهاشت، باوکم سەر کەلەبەرەکەی گرتبوو و بە بێڵئاسن، ئاژینی دەکرد و منیش لە خوارەوە خەریک بووم ئەگەر گۆلێک زیاتر ئاوی تێدابچوایە باوکم ئاگادار ئەکردەوە، هەر وا سەرقاڵ بووین کە باوکم هەر دەستی رائەوەشاند و بە ڕەشتییەکەی هەڵی دەسوڕاند، لە ناکاو هاواری لێ بەرزبوەوە و رووی کردە ئاسمان و هیچی نەگوت، کەمێکی تری پێچوو، ئەمجارە رووی کردە ئاسـمان و زمان لە بەین ددانی دابوو و گوتی: خوا من هەڵی ئەگرم و تۆ بیکە بە تەپاڵە بەسەرمانا، چاوێکی لە من کرد و گوتی رۆڵە بڕۆ باوشێک تەپاڵە بێنە و ئاگری بە ، کردم بە دین ئەوەوە مێشوولەی خوڵقاند، منیش بە پەلە کەوتمە ئەو لارێگەر و کەنار جۆگەیە و پڕ بە باوەشی خۆم تەپاڵەی ئەسڵم کۆ کردەوە، یانی تەپاڵەی وەهام هێنابوو بۆ چێشت لێنان ئەبوو، هی واش هەبوو رێک بەقەد بەڕەیەک ئەبوو، ئیدی نازانم ئەو مانگایە چی خواردبوو وا تەپاڵەی وەک قاوەسینی لەسەر ئەرزەکە کەوتبوو. سەرتان نەیەشێنم، چڕە دووکەڵێکم خستە ئەو ناوە و باوکم خۆی خستە بەر دووکەڵەکە، هەر دەسی رائەوەشاند، گوتم چیە باوە؟ گوتی رۆڵە ئا بێ، با ماچێکت بکەم، منیش چوومە بەرەوە و ماچی کردم و گوتی رۆڵە ئەتوانی وەجاخم رۆشن بکەیتەوە، گوتم دەی باوە بزانم چیم پێ ئەکرێت، گوتی رۆڵە خۆ ناڵێم پیاوم بۆ بکوژە، تەنیا یەک و دوانێ ئا لەم مێشوولانەم بۆ بگرە، با سواریان بم و ئەوەندە بقیڕێنم بەسەریانا تا شێتیان ئەکەم ... منیش بزەیەک گرتمی و بۆ هەڵنەستایەوە و کڵۆگڵێکی تێوەگلاندم، لەسەر پەرژینی زەویەکەمانەوە بازرەقەم بەست و ڵنگی پانتۆڵەکەشم بەسەر چڵی هەژگەڵەکەی پەرژینەکەوە دادڕا. 

لە دنیای خوایا، رقم لە مێشوولە کوێرە و مێشوولە بوە.بە تایبەت مێشوولە کوێرە کە ئەچێتە چاوی ئینسان، یان ئەچێتە گوێچکە و راست لە ناوەراستی گوێتا دەست ئەکا بە زیکە زیکە، وەک باوکم ئەیوت خۆ من هیچ نەیکوشتووم، ئەو زیڕە زیڕەیانە نەبێ، چش با تەنەکەیەک خوێنمان لێ بگرن ... زۆر جار بە حەماسەتیشەوە باسی ئەکرد، کە ئێواران لەسەر بانیجەکەماندا دادەنەنیشت، ئەیگوت بە دایکم با بچینە ماڵەوە بڕوانە هاتن، ئەڵیی هەورن ئەگرمێنن، چاو لێ کەن بڕاڕۆ ئەڵیی دوانزە سوارەن بە تەور و داسەوە دێن! دە بڕٶن، بۆ وازمان لێ ناهێنن، ئەوە جۆگە، ئەوە فازڵاو، ئەوە حەوشە و دەرووبان سەری تێکەن، بۆ بەربوونەتە ئەو دوو چڵە ئێسقانەی من.... 


ساڵ هات و چوو، لەم رۆژانە بابەتێکم لەسەر مێشوولە و سوودەکانی بۆ ئینسان بە فارسی خوێندەوە، بەڵام ئەوەندە ئەزانم ، مێشوولە بە میشوولەیی خۆیی و بەو هەموو سەرئێشەوە، سوودی بۆ ئینسان هەیە، ئەی هاوار، کورد بۆ کورد سوودی نیە... سەیرە دنیا.

ئێستا ئیتر 
باران بە خەستی دایکردوە، بە سیانی مشتێ پڕ ئەکەن، گەرما هێشتا لە جێگای خۆیەتی، تەنیا خێری ئەم بارانەی ئەمڕۆ ئەوەبوو، هەرچی مێشوولە هەبوو، کە شەوان نەیان ئەهێشت بخەوم شار بەدەری کردن، مێشوولەی چی ئەڵێ باڵەفڕەکانی شەڕی جیهانی دووهەمن و هەموویان چەکدار.

هیچ نظری موجود نیست: