۱۳۹۲ آبان ۵, یکشنبه

شەوانە II


1 
شەوە: ئێستاکە ئاوازی شەوانەی ئەوینداران خەو زڕانە ... گیانی منیش، ئاوازێکی ئەویندارانە...
وەهای گوت زەردەشت.

Nacht ist es: nun erst erwachen alle Lieder der Liebenden. Und auch
meine Seele ist das Lied eines Liebenden.
Also sang Zarathustra
٢


لەوسەرەوە،لەو سەرەی سەرەوە. لەسەر باڵکۆنی هەورەوە. لەسەر کورسی فڕۆکەیەکی سەفەریم و لە کڵاوڕۆژنەی پەنجەرەیەک، کە وەک کڵاوڕۆژنەی سەر تەنووری ئاوایی دەچوون چاوم بڕیوەتە دەشتی بێ پایان و بێ‌بڕانەوە. بەسەر زەریای شین دا تێ دەپەڕین. دەشت و مەزرای دوور دوور دەبینم. خزمەتکارێک لە ناو داڵانی فڕۆکەکە بە چەرخێک کە خواردنەوە و خواردنی پێیە دەگەڕێت. کوپێک قاوەی تاڵ لەدەستی خزمەتکارێک، ژنێکی باڵابەرزی قژ کاڵ، وەر ئەگرم. جێگایەک بۆ قاوە خواردنەوەکە بە کورسیی بەردەممەوە دانراوە و رایدەکێشم و بە ترسێکەوە، بۆ ئەوەی نەڕژێت بەسەر کۆشما دایدەنێم، ئەگەر خاڵۆم لەگەڵ بوایە بەو جێگایە دەگوت "حیزە فێڵ". ئەوکات لە ئاوایی پیران حەفتەیەک خەریکی ماڵکردنەوە بووین، خاڵۆم هات و گوتی ئەم تڕە کەڵەکەی ئێوە ناباتە ئێوارە ئەڕووخێ، ئێوارە هاتەوە رووخابوو. هەندێک لەبەرد و دیمە* کانی جێگۆڕکێ پێکرد، دەیگوت ئەمە حیزەفێڵی وەستاییە. ژنەکە هەندێ بە نەرویژی ئەدوێ، کەم تا کورت لێی تێی گەیشتم چ دەڵێت، دواییش بە "تووسن تاک" چووە ریزێکی دیکەی میوانەکانەوە. بە تەنیشت پیاوێکی رەش دانیشتووم و هەر لە سەرەتای سواربوونەوە دەستی لە کەمەربەندی خۆبەستنەوەکەی بەرنەداوە، بۆ ئەوەی نەترازێ. باش حەڵقەکانی نەکردوە بەیەکدا. سێ جار بە ئاڵمانی پێم گوت، کەچی هەر حاڵی نەبوو. دوایی خزمەتکارەکە نێزیک بوویەوە و بۆی بەست، یانی نەجاتی بوو لەو دڵەراوکێیە. پێدەکەنێ، منیش زەردەخەنەیەک دەمگرێت. لە ناکاو زەردەخەنەی منداڵێکی سەر زەرد کە خۆی داشۆڕاندوە بە سەر کورسییەکەی پێشمەوە، دێت بەڕووما. کەمێ ئەیدوێنم، بە ئاڵمانی لەگەڵ دایکی دا قسە ئەکات، منیش کەمێ بە زمان دەرهێنان و جوڵەی منداڵانە ئەیدوێنم. زەردەخەنەی منداڵەکەم لێ دوور ئەکەوێتەوە، گوێم لە دەنگێکی ئاشنای کوردانەیە، دەنگێکی گڕ و بەرز. پیاوێک منداڵەکەی هەڵئەپەڕێنێت بۆ ئەوەی نەگری: "ئەها ئاسکە و ماسکە و پاسکە گیان، ئۆخەی ئۆخەی"، منداڵەکەی باڵ ئەگرێتەوە، هەموو لایەک سەیری ئەکەن، روو لە ژنەکەی ئەکات، "ژنەکە جەوازەکانت پێیە؟"، ژنێکی قەڵەو و لەچک بەسەر، وەڵام ئەداتەوە، "نازانم. لەوانەیە لە ناو جانتا بچووکەکەدا بێت"، پیاوەکە بە سمێڵێکی پان و سەرێکی زل و تاشراوە کە دەتگوت شەکرت لەسەر شکاندوە، هەمووی جێگای بەرد و مشتەکۆڵی پێوە دیار بوو، گوتی: "وەڵڵا ژنەکە ئەگەر پێمان نەبێ، هەر ئەبین بە فلیم، لێرە بە پەڕۆیەکی پیس ئەمانگرن و فڕەمان ئەدەنە خوارەوە". پێکەنین ئەمگرێ، ئەمەوێ قاقا پێ بکەنم، خۆشە شتی وا لەناکاو ببیستی. دەزانێ پێ ئەکەنم، لە دوورەوە ئەپرسێ "کوردی برا؟"، بێ یەک و دوو دەڵێم "کوردم". برۆکانی لەناو گرژی و ئاڵۆزییەکدا ئەکاتەوە، پاشان ئەکەوینە گفتوگۆیەکی کورت. هەڵدەستێ و ئەڕوات بەرەو توالیتەکە لە ئاخری ناو فڕۆکەکەوەیە. هەر لە دوورەوە زیپی شەرواڵەکەی ئەکاتەوە، کەوتمەوە بیری بەنەخوێن و پانتۆڵ بەستنەکانی لای خۆمان، هەر لە دوورەوە بەنەخوێنیان ئەکردەوە و وەختی واش هەبوو پاش تەواو بوون لە توالیت لە ناو بازاڕیشا هەر خەریکی بەنەخوێن بەستن بوون. جاری وا بوە، هەر لە مەریوان، لە تاریکە بازاڕەکەدا، مزگەوتێکی لێ بوو، کابرا دەهاتە دەرەوە، بەنەخوێنەکەی نەبەستبوو هەتا لە تاریکە بازاڕەکە تێ دەپەڕی. وەختی وا هەبوو دەستێکی بە بەنەخوێنەکەیەوە بوو و دەستێکی بە شت و مکی ناو دووکانەکان و خەریکی مامەڵەکردن بوو. لەسەر پەنجا تمەن شتەکەشی نەدەکڕی و وازی دەهێنا. کە دیتم کاتی گەڕانەوەش هەر دەستی بە شەرواڵەکەیەوە بوو. هاتەوە هێشتا مناڵەکەی ئەگریا، منیش لە پەنجەرەی فڕۆکەکەوە سەیری خوارەوەم دەکرد، ئەو هەموو دەشت و دەرەم دەبینی کە تا دەهات بچووک‌تر دەبوونەوە. کەوتمەوە بیری ئەو وتەیەی کە مرۆڤەکان هەتا خۆیان بە گەورە بزانن، بەڵام هەر بچووکن، بەتایبەت ئەگەر لە ئاسمانەوە سەیری زەوی بکەیت، تەنانەت باڵاخانەکانی دەستی مرۆڤیش هەر بچووکن، زۆۆر بچووک. کەچی ئەوان زۆر خۆیان بە گەورە ئەزانن. خاڵۆم جارێک هاتە سلێمانی و منیش گوتم با کەمێ خۆشی لێ بگوزەرێت، بردمە سەرچنار، سواری قەتارەکەم کرد و کە قەتارەکە بەرەوخوار داگەڕا و لە حەیبەتا هاواری ئەکرد. کە دابەزین ئەیگوت، سواری ئەم قەتارە و تەڵاق کەوتن وەک یەک وایە. دواتر سواری چەرخ و فەلەکەکەم کرد، لە سەرەوە بووین، وەستا و لەکار کەوت، دەیگوت مەگەر بە عەلی‌کۆفتەر دامانبەزێنن. من لە قاقای پێکەنیندا بووم کە گوتی: بڕوانە بۆ خەڵک لە خوارەوە، ئەونە بچووکن بۆ ئەوە دەبێ بیانکەیت بە تەزبێحەوە. راستی ئەکرد، لەوێ بۆ ئەوە دەبوون بیانکەی بە تەزبێحەوە، بەڵام من بەم سەرەوە تەنانەت باڵاخانەکانیان بۆ تەزبێح دەبوون. یەکڕاست سەرنجم چووەوە لای کوردەی لامەسەب، منداڵەکەی ژیر نەئەبوویەوە، دەیگوت بابە ئەگەر ئەم فڕۆکە کە دائەبەزێ، چۆن  دێتە خوارەوە، ئێمە داناکەوین؟ باوکیشی زۆر بە جیدییەوە، رۆڵە ئێستا هەر دوو گوێی ئەگرن، راست لە سەر ئۆسلۆ دێتە خواروە، دوای ئەوەش کلکی ئەگووشن لە جێی خۆیا وشک ئەبێت. کەوتمەوە بیری مناڵی، کەرمان هەبوو، کەرێکی دێز. کە سواری دەبووین مانی دەکرد و لە جێی خۆیا نە ئەجوڵا، کە دا ئەبەزین لەنجەی ئەکرد و ئەڕۆشت. دواتر فێڵەکەی فێر بووین، کلکمان ئەگوشی، دەستی ئەکرد بە لۆقە و ناوزکمان هەر چی تێدابوو راست دائەتەکی و ئەهاتە بەر میزەڵدانمان. ئەو کات ئەیانوت کەری وێرغە، راستیان ئەکرد، وێرغەسواری خۆش بوو، بەڵام من باشـم لێ نەئەزانی، دواتر فێر بووم، بەڵام هەتا فێر بووم لۆقە ناوسکی چڕاندین و هەرچی ریخۆڵە و میخۆڵە بوو دابەزین، ئێستا ئەگەر فەحسێکی ورگ و ناوزگمان بکەن، هەمووی کۆبوەتەوە لە خوارەوە. لەو بیرەدابووم کە فڕۆکە هاتە خوارەوە، تاوێک بە خێرایی رۆشت، هێدی هێدی خاوی کردوە، دیسان ورگی من لە بەرخۆیەوە هەر دەڕۆشت. کەوتمەوە بیری دەرسی فیزیک لە قوتابخانە، کە باسی وزە و جوڵە و شتی وایان دەکرد. هەرچۆن بوو تەواو بوو. ئەو دڵەراكێیەشم لەگەڵ کوردە بردە سەر. ئەو لە من دێهاتی تر و هەرچی باسی کلک‌گوشین و کلك نان بەشانەوە، هەڵچوزان و شتی وابوو منی بردوە بۆ منداڵی و منداڵەکەشی ئارام نەکردوە. گەرچی نوستالۆژی بە کەر و کەرسواریش بۆ خۆی دنیایەکی هەیە، وەک دۆستێکم هەبوو ناوی نابەم، وێنەیەکی لەگەڵ هێسترەکەیان گرتبوو، هەمووجارێ نیشانی ئەدام. منیش هەموو جارێ ئەمگوت حەوت کوڕ گیان، خۆ لەگەڵ جونی فێر لۆپێز وێنەت نەگرتوە. ئەیگوت خاترەمان زۆرە پێکەوە. جا ئیتر نازانم!؟

ــــــــــــــــــــــــــــــ
 دیمە: مووری دار کە بۆ ماڵکردنەوە بەکاری دەهێنن.

Mittwoch, 23. Oktober 2013
22:39


هیچ نظری موجود نیست: