۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه

نیوەشەوێ

نیوەشەوێ جگەرەکەم ئەکوژێتەوە. لەو شەقامە سارد و سڕەدا بە دەم کزەبایەکی لاسارەوە، 
شان بە شانی زەمان ئەجوڵێم. مەست و شەکەت، شووشەی شەراوەکەم لی ئەڕژێت. وەک چڵی گیا لە بێخا هەڵکێشرا بێتم، دەکەوم، هەڵدەسمەوە و دەست بە پەراسووی هەوا ئەگرم و بەرز ئەبمەوە، باڵ ئەخشێنم تا دەگەمە سەر کورسییەکی نزیکی ویستگەی شەمەندەفەرەکان. ژنێک جگەرەکەم دائەگرسێنێتەوە، دوکەڵی من و ژنی سەرشەقام ئەکەونە سەما کردن، منیش لە بەرپێیدا هەڵدەسم و بە دەم قاقایەکی بەرزەوە ئەفڕم... ئەفڕم ... دیسانەکە جگەرکەم ئەکوژێتەوە، ژنەکە نامێنێ، شەمەندەفەرەکان ئەجوڵێن، ویستگەکان وەک من شەکەت ئەکەون بە دەما. هێشتا شووشەکەم بە دەستەوەیە، قومێکی تر لێ ئەدەم و وەک گەڵا پەڵکێ ئەکەومە سەر کورسییەکی باڵابەرز. کە رۆژ لە ژێر باڵی پیاوێکی سەر رەشدا بەر ئەبێتەوە و بەئاگا دێم .. چەند منداڵێک یاری بە شووشەکە ئەکەن تا من لەسەر کورسییەکە کەوتووم...

هیچ نظری موجود نیست: