۱۳۹۱ شهریور ۴, شنبه

یه‌کگرتن و پرسیاره‌کانی من؟؟


یه‌کگرتن و پرسیاره‌کانی من؟؟
Afrasiab Grami
ئه‌م یه‌کگرته‌نی حزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه‌ پاش سێ ده‌یه‌ خه‌بات دژی کۆماری ئیسلامی هه‌م جێگای پرسیاره‌ و هه‌م جێگای خۆشحاڵی. پیرۆزبایی کردن له‌ یه‌کتر و کادر و پێشمه‌رگه‌ کانی خۆیان و ته‌رخان کردنی تی ڤی یه‌کانی رۆژهه‌ڵات و تیشک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیاره‌ کارێکی گه‌وره‌ رووی داوه‌. به‌م پرسیاره‌کان چین؟

له‌ به‌یاننامه‌ و راگه‌یاندراوه‌که‌یاندا، روویان له‌ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کۆمه‌لێک به‌ندیان هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ پیی به‌رنامه‌ و پێڕه‌وه‌ی هه‌ر کام له‌و دوو حزبه‌ داڕێژراوه‌ که‌ هێڵه‌ گشتییه‌کانی یه‌کگرتنه‌که‌ ده‌رده‌خات:
ـــــ به‌ پێی بارودۆخی رێکخستنی حزب و سازمانی له‌ مودیریه‌تی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، ده‌توانین بڵێین هیچ هیزێک یان دوو هیزی سیاسی نوێنه‌رایه‌تی رۆژ هه‌ڵاتی کوردستان نیه‌، له‌و به‌یاننامه‌شدا هاتوه‌ ئیمکانی وتووێژ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه‌دا فه‌راهه‌م بکرێت، به‌لام نه‌گوتراوه‌ "پژاک" چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ له‌ حاڵێکدا هێزه‌ و خاوه‌ن پێگه‌یه‌، هه‌رچه‌ن ئاماژه‌ کراوه‌ که‌ هیچ لایه‌نێکی کوردی ناتوانێ ده‌ستێوردان له‌ پرسی سیاسی رۆژهه‌ڵاتدا نابێ بکات و مه‌حکومی ده‌که‌ن، به‌لام ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی له‌ به‌رامبه‌ر بوونێکدا. یان حزبه‌ ئیسلامییه‌کان، چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌یه‌ک له‌م چه‌شنه‌ ده‌که‌ن، هه‌رچه‌ند سازمانی خه‌بات له‌ زۆر رووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیڵه‌ گشتییه‌کاندا یه‌ک ناگرنه‌وه‌.

ــــ روون نه‌کراوه‌ته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئینشعابی حزبه‌کاندا ده‌که‌ن و ئایا ئه‌وان له‌ مه‌یدانه‌که‌ ده‌رده‌که‌ن یان وتووێژیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و رێکار داده‌نێن بۆ پێکهاتنیان.

ــــ ئه‌و ورده‌ حزبانه‌ی که‌ به‌ رواڵه‌ت ده‌رکه‌وتون و چالاکییه‌کی ئه‌وتۆیان نیه‌، به‌ڵام هه‌ن، چۆن مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن؟ ئایا ده‌بێ وه‌ک ئه‌م دو حزبه‌ پێشینه‌ی دوور و درێژیان هه‌بێت، یان به‌ وته‌یه‌ک حزبی چه‌ند رۆژی و پێشمه‌رگه‌ نه‌بوه‌ و ته‌قه‌ی له‌ کوردستاندا نه‌کردوه‌ ناتوانێ بێته‌ ناو به‌ره‌که‌وه‌. هه‌رچه‌ند ئاماژه‌ به‌ فره‌حزبی و دروستکردنی رێکخراوی مه‌ده‌نی دراوه‌.

ـ روون نه‌کراوه‌ته‌وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کاندا ده‌که‌ن، ئه‌و رێکخراوانه‌ له‌ چوارچیوه‌ی ده‌سه‌لاتی سیاسی ئه‌و حزبانه‌دا جێگایان نابێته‌وه‌، ئه‌وان دامه‌زاراوه‌ی مه‌ده‌نین، ئه‌م درووستکردنی رێکخراوگه‌له‌ به‌ چ مه‌به‌ستێک؟

ـــــ روون نه‌کراوه‌ته‌وه‌ روانگه‌یان به‌رامبه‌ر هێڕش بۆ سه‌ر ئێران و هه‌ڵوێستی ئه‌وان چی ده‌بێت، ئاماژه‌ به‌ ئاڵوگۆره‌کان کراوه‌، کام ئاڵوگۆر، ئایا شۆرشه‌کانی ناوچه‌که‌ ته‌نیا هۆکاره‌ یان هه‌ڕه‌شه‌کانی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئیران؟!!

ـــــ کۆمه‌ڵه‌ و دێموکرات سالانێک له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سوسیالیزم و کۆمۆنیزم و سه‌رمایه‌داری و کرێکاری و ئه‌و چه‌مگه‌له‌ شه‌ڕی براکوژیان دامه‌زراند و به‌ ده‌یان و بگره‌ سه‌دان که‌س کوژران و بریندار بوون ه‌ له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونه‌ هۆی دڵه‌راوکێ و بێ هیوای و نائومێدی خه‌ڵک، بۆچێ به‌ روونی باس نه‌کراوه‌ که‌ چیدیکه‌ ئه‌م دیارده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دووپات ناکه‌نه‌وه‌، به‌ڵێننامه‌یه‌ک ئیمزا بکه‌ن. به‌ڵام هیچ ئه‌گه‌رێک له‌ داهاتوو دا چاوه‌رواننه‌کراوه‌، به‌لام بێ گومان بۆ ئه‌م دوو حزبه‌ به‌م روانگه‌ مۆدێرنانه‌وه‌ له‌وانه‌ش وه‌ها دیارده‌یه‌ک روو نه‌داته‌وه‌، به‌لام به‌ گومانی من سیستمی مودیرییه‌تی سوننه‌تی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات ،،، دڵنیاکه‌روه‌ نین.

ـــ هیچ باسێک سه‌باره‌ت به‌ جوڵه‌ و حه‌ره‌که‌تێک له‌ ئاست کوردستاندا نه‌کراوه‌ ، پێوه‌ندییه‌کانیان له‌ ئاست هه‌رێمی کوردستاندا چی لێ به‌سه‌ر دێت؟ ئایا ده‌بێ هه‌تا کوردی باشوو نه‌گه‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆیی و هه‌تا بۆمبی ئه‌تۆم دروست نه‌که‌ن و هه‌ره‌شه‌یان له‌سه‌ر نه‌مێنێ ده‌بێ کوردی رۆژهه‌ڵات چاوه‌رێ بکات؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ یه‌کگرتن چ مانایه‌کی هه‌یه‌؟

ـ زۆرێک له‌ دۆستان ده‌ڵێن، ئێمه‌ که‌ ره‌خنه‌ ده‌گرین یه‌کریزی ماڵی کوردمان پێ خۆش نیه‌، به‌لام بێ گومان ئاواتی منه‌ یه‌ک ده‌نگ له‌ مه‌یدانه‌که‌دا بین، دڵسۆز بین، بۆ نیشتمانه‌که‌مان، له‌ ئوروپادا هه‌موو حزبه‌کان پێگه‌ی خۆیان هه‌یه‌، جیاوازی و کێشه‌یان هه‌یه‌، به‌لام ئه‌وه‌ی ئه‌وان خزمه‌تی ده‌که‌ن خه‌ڵک و نیشتمان و وڵاته‌که‌یانه‌. ئێمه‌ حزبه‌کانمان بۆ ده‌نگ دان و ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆیی کورد ناوێت، ئێمه‌ حزب و رێکخراو و دامه‌زراوه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خزمه‌ت ده‌وێت. ده‌بێ هه‌موو تاکێکی کورد نه‌ ته‌نیا حزبه‌کان، خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت، که‌ ئه‌وه‌ هه‌بوو ئیدی کولتووره‌که‌شمان جوانتر ده‌بێت. پیویسته‌ ئه‌و دۆستانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ بیر نه‌که‌وه‌ که‌ ئێمه‌ دژی یه‌کگرتنین، ده‌بێ بزانن که‌ گه‌ر نه‌که‌ونه‌ به‌ر ره‌خنه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ ته‌نکاوێ بکه‌ونه‌ مه‌له‌ و پرسی کوردی رۆژهه‌لاتیش به‌ لارێدا به‌رن، هه‌ر حزب و سازمان و ده‌وڵه‌تێک ره‌خنه‌ی لێ نه‌گیرێت، ناتوانێ دیموکراسی بونیات بنێت، کۆڵه‌که‌کانی دێموکراسی له‌سه‌ر ئیراده‌ی ئازاد و ره‌خنه‌یه‌..

به‌ هیوای یه‌کگرتنی سه‌رتاسه‌ریی و هیوادارتر کردنی نه‌وه‌ی ئه‌مرۆی کورد بۆ ژیانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌

هیچ نظری موجود نیست: