۱۳۹۱ مرداد ۲۶, پنجشنبه

خه‌ونی ئه‌مڕۆژانه‌ چه‌ند گه‌وره‌بن، ئه‌وه‌نده‌ش دوور ئه‌که‌ونه‌وه‌ .....؟


Afrasiab Grami
ئازادیی به‌شێکه‌ له‌ بوونی ئێمه‌، خه‌وبینین به‌ ئازادیی به‌شێکه‌ له‌ ئازار و ده‌ردی ئێمه‌ به‌ درێژایی لانیکه‌می دوو سه‌ده‌، له‌م دنیایه‌ی که‌ ئێمه‌ تێی که‌وتووین، ئه‌وه‌نده‌ فه‌زای ترس و دڕدۆنگیی بڵاوه‌ی کردوه‌ که‌ به‌ری ئازادیی له‌ رۆژهه‌ڵاتدا به‌ نه‌زۆکی هێشتۆته‌وه‌. له‌ رۆژئاوا په‌یکه‌ری ئازادیی بووه‌ هێمای ساتێک له‌ مرۆڤ بوون و مرۆڤایه‌تی وه‌ک خۆی رێزی لێ گیرا، له‌ رۆژهه‌ڵات ئه‌م په‌یکه‌ره‌ هێند مه‌زن کرایه‌وه‌ که‌ له‌ شێوه‌ی دیکتاتۆری خۆی نواند و په‌یکه‌ری مرۆڤه‌ ئازاده‌کان له‌ خوێن گه‌وزان ... ناسیونالیزم عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی گه‌شه‌یان کرد و له‌ پێناو ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیاندا خه‌ونی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌یان به‌ تاڵان برد.
.. ئه‌م ره‌وته‌ درێژه‌ی هه‌بوو، ئێمه‌ی کورد له‌ جه‌رگه‌ی گۆڕانکارییه‌کان و کاولکارییه‌کاندا بووین راست ناوه‌راستی بوومه‌له‌رزه‌ی کوشتار و کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ ... هه‌روا درێژه‌ی هه‌بوو ... به‌هاری عه‌ره‌بیی هه‌موو خه‌ونی عه‌ربچیه‌تی و ته‌عریب کردنه‌کانی به‌تاڵ کرده‌وه‌ له‌ بوون ... تورکیه‌ ئێستا له‌به‌رامبه‌ر خه‌ونی گه‌وره‌ی کورد دا، ئه‌ژنۆی ئه‌له‌رزێ ... پاشکه‌وتووترین وڵاتی دنیا که‌ خه‌ون به‌ دواکه‌وتووی گه‌وره‌وه‌ ده‌بینێ ئێستا په‌ل ئه‌کوتێ بۆ مانه‌وه‌، تلیسمی ناسیونالیزمی فارسیش به‌ره‌و کۆتایی دروستکردنی ئوستووره‌ی کورشی مه‌زن ئه‌ڕۆن! چه‌ند سه‌یره‌ ئه‌م رۆژگاره‌ چۆن تل ئه‌خوات، چه‌ند شێواوه‌ ئه‌م باوانه‌ له‌ داوێنی خه‌ونه‌ مه‌زنه‌کان بۆ تاڵانکردنی خه‌ونی ئه‌وانی دیکه‌!

..................................
چه‌ند نه‌وه‌ی تر .... کورد چ دۆخێک ئه‌گۆڕێ، میلله‌تێک که‌ تینووی ئازادی و گه‌یشتن به‌ مافه‌کانیه‌تی به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕوات؟ ئایا خه‌ونی مه‌زنی کورد بوون که‌ په‌یوه‌نده‌ به‌ ئازادییه‌وه‌ ئه‌بێت به‌ ژێر هه‌ره‌سی په‌یکه‌ری دیکتاتۆره‌کانه‌وه‌ یان ئه‌توانێ نموونه‌یه‌ک بێت له‌ دیموکراسی ناوچه‌که‌؟

****
بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ چه‌ند نه‌وه‌ی پێش، کۆماری کوردستان ئولگووی دێموکراسی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات .... گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندن ئه‌وه‌یه‌ زه‌مانێک له‌ ناوه‌راستی ئورووپادا یه‌هوودییه‌کان ده‌کوژران و ده‌کرانه‌ ناو کوره‌ی مرۆڤسووتاندنه‌وه‌، ئه‌وا له‌ کۆماری کوردستان وه‌ک هاووڵاتی پله‌یه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌کرا! ئایا به‌راستی سه‌ره‌رای بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کاتی کۆماری کوردستان، نموونه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک نه‌بوو؟!
****
ئێستامان چی؟ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان له‌به‌رده‌م پرسیاره‌ گه‌وره‌کاندا و چاوه‌ڕوانی نه‌وه‌یه‌ک که‌ خه‌ون به‌ کوردستانێکی گه‌وره‌وه‌ ده‌بینێ؟!
ئازادی تا کوێ بڕ ئه‌کات و تا که‌ی ده‌بێته‌ بیانوی به‌رده‌وام بوون ...
ئه‌م بێده‌نگیی و خه‌وه‌ قورسه‌ کوردی گرتوه‌ته‌وه‌ تا که‌ی هه‌ڵده‌سێته‌وه‌ و دائه‌چڵه‌کێ؟

بۆچوونی من ئه‌وه‌یه‌، خه‌ونی گه‌وره‌ پێویستی به‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ و بیرکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ و هێزی گه‌وره‌ و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ تا به‌ ئاواته‌کانی خۆی بگات.... ئێمه‌ له‌ ناو هه‌موو ئه‌م خه‌ونه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ سێبه‌ریان کردوه‌ته‌وه‌ سه‌رمان مه‌حاڵه‌ به‌بێ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی رزگاری ده‌رباز ببین!

ئه‌م خه‌ونه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ .... ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌کی دیکه‌ بێت بۆ نووسین!

هیچ نظری موجود نیست: