۱۳۹۱ تیر ۲۳, جمعه

کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ وتوێژێک له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عارف نادری

ئا: ئه‌فراسیاب گرامی 
بیوگرافی: 
عارف نادری لە گوندی " بۆێڵا"ی سەر بە شارستانی بیچاڕی گەرووس لە (١٩٧٧)دایکبووەو لە شاری قوروەدا نیستەجێ بووە.
لە شارستانەکانی قوروە ، دێولان و بەشێک لە بیجاڕ چالاکیی مەدەنی و سیاسیی هەبووە.
لە سەرەتای ساڵی ٧٠ی هەتاوی دەستی بە چالاکیی سیاسی کردوەو هاوکات لە گەڵ بلاوبوونەوەی "ئاویەر" و " سیروان" لە ساڵانی ٧٥ـ ٧٦دا دەستی داوەتە نووسین و دوایی لە گەڵ کۆمەڵێک بڵاقۆکی دیکەدا هاوکاریی بووە.
بە هاوکاری چالاکانی دیکەی قوروەو دێولان کۆمەڵی رێکخراویان وەکوو؛ ئەنجومەنی جەوانی قوروە، ئەنجومەنی ئەدەبیی لەیلاخی دێولان، ئەنجومەنی سەربەخۆی خوێندکارانی قوروە، رێکخراوی نادەوڵەتیی تەنین ، دەورەکانی فێرکاریی زمان و ئەدەب و مێژووی کوردیی دامەزراندوە. هەروەها یەکەمین بڵاڤۆکی شاری قوروە " لاوانی قوروە"، پاشانیش " فاختە" و " گۆرانیی باران"یان بڵاوکردۆتەوە.
لە ساڵی ٨١ی هەتاویش وەکوو دەنگی یەکەمی خەڵکی قوروە بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەو شارەو تا کاتی هاتنە دەرەوەی لە وڵات، واتە خەکەلێوەی ٨٦ ئەندامی شوورا بووە.
پێوەندیی و هاوکاریی لە گەڵ هەموو پارتە کوردییەکان، بزاڤی خویندکاری و بزاڤی ژنان و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەبووەو لەم رێگەوە پردێکی پیوەندییان لە نێوان چالاکانی مەدەنیی ئەو ناوچە و هیندێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان ساز کردبوو.
بە هاوکاریی تەشکیلاتی نەهێنیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ئێران دەرباز و دێتە هەرێمی کوردستانەوە و تاکوو نێوەراستەکانی ساڵی ٢٠١٠ لە ریزەکانی حدکادا دەبێت. لە ماوەی ئەو ساڵانەشدا هەمیشە وەکوو رۆژنامەوان و چالاکیی سیاسی بە باکگراوەندی ماڤی مرۆڤەوە چالاکیی کردووەو ئیستەش ماوەیەکی کورتە وەکوو کەسێکی سەربەخۆ دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە.
ـ گوتاری کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ساڵانێکهوه‌ک گوتارێکی به‌هێز باڵی به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا کێشاوه‌و زۆر لهحزب و چالاکانی سیاسی بهخۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردوه، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بهچ مانایه‌که‌؟ 

کۆمەڵگای مەدەنی یەکێک لە پرسە گرینگەکانی فەلسەفەی سیاسی و یەکێک لە تەوەریترین چەمکەکانی جیهانی مۆدێڕنە، کە زۆر بیرمەندی بەناوبانگ (وەک: هێگل، مارکس، تۆماس هابز، ژان ژاک رۆسۆ، جان لاک، ئانتۆنیۆ گرامشی و...) ورووژاندوویانە. هەڵبەت پێناسەکردن و شێوازی روانینی مارکس و گرامشی لە گەڵ روانگەی هێگل و ئەوانی دیکە ، ئاقارەکانیان جیاوازە. دەتوانین بڵێن ئەو واتایەی کە لە کۆمەڵگای مەدەنی لای ئێرانییەکان و ئێمەی کورد لەو وڵاتەدا باوە، لە سەر رێچکەی هێگلییەکەیە.
کۆمەڵگای مەدەنی ئەو کەوشەن و بەستێنە ئازادو کراوەیە کە ئێرادەو ویست و بڕیاری تاکەکانی ئاگای کۆمەڵ بێ دەستێوەردانی هێژمۆنییەکی باڵادەست و دەستەمۆکەر بیچمی پێدەدەن. واتە کۆمەلێک بەرژەوەندی ، بەها، ئامانج و ئارمانجی هاوبەش کە زۆرترین قازانج بۆ زۆرترینی خەڵک دەستەتبەر دەکەن، شوناس و نێواخنیەتی. لە گەڵ بنەماڵە، دەوڵەت و بازاڕدا جیاوازەو هیچ یەک لەوان نیە، بەڵام  دەتوانێ لە گەڵ ئەواندا پێوەندیی هارمۆنیک و ناهارمۆنێکی بە پێی کۆمەڵگاکان هەبێ. چۆنکە کۆمەڵگای مەدەنی بیاڤی گشتی و کەوشەنی ژیانی کۆمەڵایەتیە. بەڵام بیاڤێک کە لەوێدا میتۆدەکان " گشتیتر"،" ئەندیشەتەوەرتر"، "دادپەروەرانەتر" و "کارامەتر"ن. پارمێترە  سەرەکییە دیاریکەرەکانی بریتین لە: فەزایەکی چەشناوشەن کە پلورالیزم و تولێرانسی تێدایە، رێکخراوەتەوەرو بە شێوەیەکی تەکوزمەندی ئاگایانە چین و توێژە جۆراجۆرەکان لە چوارچێوە ئازادو پێناسەکراوەکاندا، خواستەکانیان کانالیزە کردووەو میکانیزمەکانی بە دواداچوون و دەستبەرکردنیان فۆرمۆلە کراوە. واتە خواستە جۆراجۆرەکان لە چوارچێوەی دامەزراوە مەدەنییەکان ئۆرگانیزە کراون، بۆیە کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵگەی دامەزراوەتەوەرەو ئەمە راێکخراوە جۆراوجۆرەکانن کە بە شێوەیەکی هاوبەش پێکهێنەری قەوارەیەکی نێوانی لە نێوان دەوڵەت لە سەرەوە و بنەماڵە وەکوو بنیاتی سەرەکی و سەرەتایی جڤاکن. کەوشەنێک کە لە ئەندیشەو زانست و ئەزموونە هەمەجۆرو رەنگاورەنگەکان بۆ هاتنە ئارای هزرو کولتوورێکی دێموکراتیک ، ئەکتیڤ و مرۆڤتەوەر لە سەر بنەمای رێژەیی روانین شکڵ دەگرێت. واتا یاسا هەیەو ئەساسی هەموو شتێش لە سەر بنەمای رێکەوتنی کۆمەڵایەتییە. شارستانیەتی سەردەمیانە پێوەندیی راستەوخۆی بە بەهێزی و لاوازیی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەر جوگرافیاو کیانێکی سیاسییەوە هەیە. لەوەها حاڵەتێکدا، مۆدێڕنیتە، مۆدێڕنیزم و مۆدێڕنیزاسیۆن واتای راستەقینە پەیدا دەکات و کۆمەلگایەک دەچێتە قۆناخی تێپەرێن لە نەریتە ناکارامەکان و هێنانەئارای مەدەنییەت بە واتا باوو دروستەکەی خۆی. کۆمەڵگەی مەدەنی، یانی لە ئارادابوون پێکهاتە مەدەنییەکان. لە نەبوونی وەها پێکهاتەیەکدا، جڤاکەکە ئەگەرچی لە بواری مۆدێڕنیزاسیۆنیشەوە گەشەسەندوو بێتە پێش چاو، بەڵام لە واقیعدا، لە قۆناخی پێشامۆدێڕنە. وەها جڤاکێک، جۆرێک رەشۆکی بوونی لە ناخ دایە. بە هۆی نەبوونی ئاگایی پێویست و نەبوونی ئامووزشی شارۆمەندی و تێگەیشتنی دروست لە ماف و ئەرک، تەنیا بژاردەکانی ئەو جڤاکەن کە خواستە جۆراجۆرەکانی هەمووان بەرجەستە دەکەنەوە، لە وەها فەزایەکدا، " هزری گشتی " و دەنگی گشتیی یان ریژەیی کۆمەڵ غایبە. خۆدئاگایی و خۆدباوەڕی کزو لەرزۆکن. بۆیە هەمیشە خۆلیایی "قارەمان"یان هەیە. 
لە حاڵیکدا کۆمەڵگای مەدەنی بە واتای خەڵکی ئۆرگانیزەکراوە، ئۆرگانیزاسیونیش بە واتای بوونی ناسیاری و زانیاری، پلانمەندی و ئامانجمەندییە. رێکخراوەگەڵێکی رۆنانکراو لە دڵی جڤاک بە شێوەی ئاسۆیی کە بێچم و تەشک بە فەزای دیمۆکراتیک لە پانتای گشتیدا دەدەن. بەرپرسایەتی دورست دەکەن و پەرە بە متمانەی دوو لایەنە لە نێوان شارۆمەنداندا بە شێوەیەکی تەوەرمەندانە دەدەن و هەر دوو بیاڤی کۆمەڵایەتی و سیاسیش لە خۆ دەگرن.
لە پێوەندی لە گەڵ دەسەڵاتیشدا، تایبەتمەندییە بنەماییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن: دەسەڵاتی یاسا، رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین، ئازادیی کۆبوونەوە، ئازادیی کار، نەبوونی گەندەڵیی ئیداری، رێژەی سووچ وتاوان و توندوتیژی، یاساکانی مەدەنی، سزا، سیستمی چاوەدێری کردن لە سەر دامودەزگا جۆراجۆرەکان، سەربەخۆیی و دادوەرانەبوونی دەزگای دادوەری و...هتد بن. هەروەها هەرچی رێژەی رێکخراوە سەربەخۆکان، سەندیکاکان، بزووتنەوە رووناکبیری و خوێندکاری و فەرهەنگییەکان، کەرتی تایبەت، ناوەندەکانی وەشان، رێکخراوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤ، بەشداری کۆمەڵایەتیی بەربڵاوو فرەچەشن بوونی پێوەندییە مرۆڤییەکان، دەرفەتی گەشەسەندنی شوناس و بەها و ئەندیشە جیاوازەکان، تەعاوەنییەکان، بزووتنەوە جڤاکییەکانی لایەنگری ژینگەو ئاشتی و یەکسانی و ... زیاتر بێت، کۆمەڵگایەکی مەدەنیی  بەهێزو بە باندۆڕە کە لە تەشکگرتنی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و گوتاری زاڵ رۆڵێکی کاریگەرو دیاریکەر دەگێڕێت

ـ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چه‌مکه‌کانی وه‌ک مافی شارۆمه‌ندی، تێلۆرانس و ... تا چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ کوردی دێته‌وه‌، ئایا هێنانه‌ئارای ئه‌م چه‌مکانه‌ ده‌ره‌نجامی بێئاکام مانه‌وه‌ی خه‌باتی حزبه‌کان بوو، یان هاتنه‌ئارای گوتاری ئیسلاحات لهئێران بوو؟

پرس و مژاری کۆمەڵگای مەدەنی و ژێرکۆکەو دەرکەوتەکانی لەو وڵاتانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە بابەتێکی  لە مێژینەو جێگیربوو نیە. ئەگەر لای رۆژئاواییەکان بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ و سەرەتاکانی سەدەی ١٨ دەگەڕێتەوە، لە وڵاتانی ئیسلامیدا، لە دەیەی ٨٠ی سەدەی بیستدا، دەبێتە پرسێکی ورووژێندراوو جێگەی تێڕامان و سەرنج پێدان و خوێندنەوە. رەنگە لە لای چینی بژاردەو بلیمەتی جڤاکەوە تێگەیشتنی لێ بۆبێت و لە کۆڕە رووناکبیرییەکاندا گەنگەشەو لێکدانەوەی لە سەر کرابێت، بەڵام لە بیاڤی گشتیدا بەرۆژەڤ نەکراوەو لە ژێر ئەم سەردێڕەدا زەق نەبۆتەوە. بە جۆرێک کە ناتوانین قامک لە سەر بیرمەندێکی یەکێک لە نەتەوەکانی سەردەست بە سەر کوردستان لە رابردوودا دانین و بیر و بەرهەمهێنانە فیکرییەکانی لەم راستایەدا  دەستنیشان بکەین. گرینگدان بە گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتی ئێراندا لە سەرەتای دەیەی ٧٠ هەتاویدا هاتۆتە ئاراوە، لە کۆڕە تایبەتییەکانی نوخبەکان و رووناکبیرانداو پاشان دەبینین زۆر بابەت و کتێبی پێوەندیدار لەمەڕ گوتار و چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی و لێکەوتەکانی دێتە وەشان، کە سەردەمی زێڕێنیشی سەردەمی دەسەڵاتی رێفۆرمخوازنی حکوومەتی ، بەتایبەت ٤ ساڵەی یەکەمە.
ئەوەی کە ئەو گوتارە تا چەندە لە گەڵ بزووتنەوەی کوردیدا دێتەوە، دەبێ بڵێن بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ دیمۆکراتێکی کورد، سەرکەوتنی پێوەندییەکی سەداسەدو راستەوخۆی بە چەسپانی وەها گوتارێکەوە هەیە. ئەم بزووتنەوەیە لەو قۆناخەوە کە لە تەشکێکی مۆدێڕندا، خۆیی دەرخستووە، واتە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بۆ دامەزاراندنی کۆمەڵەی ژـ کاف و پاشانیش یەکەمین حیزبی مۆدێڕنی کورد (حدک) دەگەڕێتەوە، خاوەنی گوتارێکی مەدەنی و شارستانیانەو گونجاو لە گەڵ بەها هاوبەشە مرۆڤییەکانی سەردەمدا بووە. تەنانەت رێکخراوەکانی پێش لەمە؛ "خۆیبوون" لە باکوورو "هیوا" لە باشوور، خاوەنی هیچ چەشنە گوتار و ستراتێژییەکی توندوتیژانەو نامەدەنی نەبوون و هەروەها ئەگەر ژێدەر بیری کوردایەتی دەستنیشان بکەین کە سەرچاوەکەی بۆ ئەندیشەکانی " ئەحمەدی خانی"و " حاجی قادر" دەگەڕێتەوە، مرۆڤ ناتوانێ توخمگەلی دژ بە بەها هاوبەشە مرۆڤییەکان کە نێواخنی کۆمەڵگایەکی ئاشتی تەوەر و ئازادی ویستە بدۆزێتەوە. بۆ نموونە لە گوڤاری " نیشتمان"، بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژـ کاف، جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە رێکاری سەرکەوتنی کوردو دەستبەرکردنی ماڤەکانی شێوازی مەدەنییە. خۆدی ئەم جەختکردنە لە سەر خەباتی مەدەنی لەو بڕگە هەستیارەی مێژوودا، سەلمێنەری شوناس و نێوەرۆکی راستەقینەی تەڤگەڕی ئازادیخوازی کورد تا هەنووکەیە. هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نیە کە ئەم جووڵانەوەیە دەقادەق لەو چوارچێوەیەدا ماوەتەوە، بەڵکوو لە هێندێک بڕگەی مێژوویدا، بیری رزگاریخوازی باڵی بە سەر ئازادیخوازی و دیمۆکراسی لە رەوتی بزووتنەوەکان و تەنانەت لە گوتاری بزووتنەوەکانیشدا کێشاوە. بەم پێیە کۆمەڵگای مەدەنی و ژێرکۆکەکانی ئاوات و خواستی سەرەکیی کورد بووەو هەیە. گرینگیدان بە ئۆرگانیزاسیون و رێکخراوە مەدەنییەکان لە کۆمارە کەم تەمەنەکەی کوردستان، خۆی لە خۆیدا، بەڵگەیەک بۆ گرێنگیی رۆڵی جڤاک لای بیرمەندانی ئەو سەردەمەی کورد بووە. جەختکردنی بزووتنەوەی کورد لە سەر دروشمی " دیمۆکراسی بۆ ئێران"، جۆرێک پێداگری کردن لە سەر کۆمەڵەی مەدەنییە، ئەگەرچی بوونی دیمۆکراسی لە وڵاتێکدا، دەقاودەق بەواتای هەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی نیە، هەر ئەو جۆرەی کە ئەگەری ئەوە هەیە لە وڵاتێکدا جۆرێک لە کۆمەڵگای مەدەنی لە نەبوونی دیمۆکراسیدا بوونی هەبێت. بەڵام بۆنییەتی هەر دوویان و بەهێز بوون و کاریگەر بوونیان بە تەواوی گرێدراوی یەکترینە.
لە بنەڕەتدا، یەکێک لە ئەرک و رۆڵە سەرەکی و هەرە گرینکەکانی هەموو لقەکانی تەڤگەڕی کوردی بەهێزکردنی ئەو جڤاکە و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنیە، چۆنکە خۆدی ئەو بزووتنەوانە بەرەهەم و دەرئەنجامی عەقڵییەت و هەستی بەرپرسایەتیی مەدەنیی بەرانبەر بە کۆمەڵ و جڤاک لە بڕگەیەکی دیرۆکیدان. مادام کە بیرۆکەی کۆمەڵگای مەدەنی لای کورد، نامۆ یان کەمتر ناسراو بێت، بزووتنەوەکان لاوازترو تەریک کەوتوون و داگیرکەر زاڵترو مەیدانی مانۆڕی بەرینترە، بەپێچەوانەکەشی راستە. ئێمە توخمەکانی وەها کۆمەڵگایەک لە غایبی رووناکبیری ناحیزبیدا بە روونی لە ئەندیشەکانی د. قاسملۆ زیاتر لە هەموو کوردێک دەبینین. بۆیە کاتێک گوێ لە کۆمەڵێک لە بۆچوونەکانی د.قاسملۆ دەدەی، مرۆڤ وا دەزانێت، هەنووکە گوتراون. شەهید فوئاد مستەفا سوڵتانیش، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەموو هەوڵی خۆیی خستبووە پێناو رێکخستن و هارمۆنێک کردنی جڤاک و نافەرمانیی مەدەنییەوە، زۆر باش هەستی بە بۆشایی ئەم رەهەندە کردبوو. تەنانەت لە بەرەی ئایینیشدا، ئەگەر ئاخاوتنوەریی کاک ئەحمەد موفتیزادە، لە زانستگای تاران بکەینە بنەما، دەبینین هەموو ئەو گوتانەی کە دوایی کاکڵەی لێدوانەکانی " محەمەد خاتەمی" لەمەڕ کۆمەڵەی مەدەنییە، کاک ئەحمەد دوو دەیە پێش ئەوە هیناویەتە بەرباس.
ئەوەی راستی بێت هەر دووی ئەوانە، هەم دۆشداماوی و بێ گوتاریی حیزبەکان و هەم گەشەی چینی مامناوەندی لە ئێران و کوردستان و هاوتەریبیش بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و وشیاریی خەڵک، بەجیهانیبوون و شۆڕشی زانیاری و شۆڕشی پێوەندییەکان، وە هاتنەئارای گوتاری رێفۆرمخوازیی لە ئێران. واتە بزووتنەوەی رێفۆرمخوازی لە ئێران، دەرئەنجامی جەبری سەردەم و زەمەن بوو. حەقیقەت ئەوەیە کە پاش تیرۆری کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی کورد، کە هەم روانینی ستراتژێک و هەم توانای گوتارسازییان هەبوو؛ فوئاد مستەفا سوڵتانی و پاشان بیرمەندترین کەسایەتیی هاوچەرخی کورد د.قاسملۆو دواییش د.شەرفکەندی وەکوو دوایین نەسڵی رێبەرانی پێشەنگ و هەلومەرج خوڵقێن، کە دەیانتوانێ هەم کۆمەڵگاو هەم شۆڕش لە بواری هزرییەوە دابین بکەن و بەرهەمهێنەری خۆراکی فیکری بن، تیرۆر کران. خەباتی چەکداری کۆتایی پێهات و بێ ئەوەی کە ئەو حیزبانە چ بە شێوەی تاکەکەس و چ بە شێوەی کۆمایی، تا هەنووکەش بتوانن گوتارو خوێندنەوەیەکی گونجاویان بۆ کۆمەڵگای کوردستان هەبێ. ئەوان وایاندەزانێ کە قۆناخی خەباتی شاخەو ئەوانیش هێژمۆنیی زاڵن و خەڵک بەستراوو چاولێکەری ئەوانە. لە نێوان ئەم بۆشاییەدا، هاتنە ئارای گوتاری رێفرمخوازیی دەوڵەتی لە ئێران و ئەو فەزا نیمچە کراوە کاتییەی کە هاتە ئاراوە، دەرفەت و مەودای نزیکبوونەوەی کوردانی رۆژهەڵاتی بە یەکترداو بوونی هێندێک تریبوون ئەو هەلەی رەخساند کە ئاڵوگۆری بیروڕا بێتە ئاراوەو خەڵک هەوڵبدەن لە کەمترین دەرفەت و کەرەستەکان بە پێچەوانەی خواستی هەر دوو جەمسەری کونتڕۆڵکەر، واتە حیزبەکان وەکوو میرات و سامانی سیاسیی خۆیان لە لایەک و داگیرکەریش لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی کردەکیکردنی هێزە پەنگراوەکان بدەن. بێ ئەوەی کە حیزبەکان بە جیا لە خۆیان بزانن، بەڵکوو بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە حیزبەکان بە هۆی دووربوون لە وڵاتەوە، خوێندنەوەیەکی گونجاو لە گەڵ هەلومەرجەکەیان نیە. لە قوناخی خەباتی چەکداریدا، بەهاکان شتێکی دیکە بوون و پاش ئەوە جێگۆڕکی بەو بەهایانە هاتبوو، پێشتر جۆرێک خۆ دوورڕاگرتن لە ئارادا بوو، بەڵام پاش ئەوە پێوەندیگرتن و تێکەڵبوون و رۆڵگێڕانی زیاتر. ئەگەر ئێمە بە شێوەیەکی خێرا چاوێک بە سەر ئارشێوەی بەشی راگەیاندنی حیزبە کوردییەکان وەکوو زمانحاڵی ئەو حیزبانەدا بخشێنین دەبینین کە بەداخەوە پاش ئەوەی لە ئێراندا، پرسی کۆمەڵگای مەدەنی و لێکەوتەکانی دێتە ئاراوە، ئەو مژارانەش لە لایەن حیزبەکانەوە دەرووژێندرێن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سیاسەتی ئەم حیزبانە جۆرێک دژەکردەوە لە هەمبەر گوتاری دەسەڵاتی زاڵە تا ئەوەی کە کردارێکی سەربەخۆ بێت و دەسەڵات بە چالێشدا بکێشێ و قەیران بخوڵقێنێت. ئەگەرچی لە سۆنگەیەکی دیکەوە، دەتوانین بڵێن ریفۆرمخوازانی حکوومەتی، دەستیان بە سەر گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینەدا گرت و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بێ گوتاریانیش کردن. ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی هەمەکی باسی لەو گوتارە دەکرد، بەڵام کەرەستەو تواناو تەنانەت زمانی چۆن گشتیکردنی ئەو چەمکەی نەبوو. بە کورتی کۆمەڵگای مەدەنی، بیچمگرتن و گەشەسەندنی پڕۆسەیەکی مۆدێڕنە، کە نە حیزبە کوردییەکان بە تەواوی لە گەڵێدا تەبان و بۆ بەستێنسازیی لە پراکتیکدا و شێڵگیرانە تێکۆشاون و نە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییش ویستی رۆنانی هەبووە، کە بینیمان لە ئاکامیشدا، گوتیان مەبەست و ویستی ئێمە " مدینەالنبی " بووە. بۆیە هاتنە ئارای ئەو گوتارەو گشتگیربوونی چ لە ئێران و چ لە کوردستاندا، دەرئەنجامی بێ ئەنجام مانی خەباتی چەکداری حیزبەکان و هاتنە ئارای گوتاری چاکسازیی لە ئێراندا بوو. هەڵبەت لە پێوەندی بە کورد و حیزبەکانیەوە، کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەگەری تەشکگرتن و گەشەکردنیدا، بە هێزبوونی کۆمەڵگاو جووڵانەوەی کوردی لێدەکەوێتەوەو بۆ دەسەڵاتی داگیرکەرو پاوانخوازیش نۆشست و تەریک کەتنەوە. دەسەڵاتی زاڵ دەرەوست بەو بەستێن سازییە نیەو هۆکارەکەی دیارە، بەڵام جووڵانەوەی کورد، بۆیە بە شێوەیەکی شێڵگیرانە  دەرەوستیی بەرانبەر نیە، چۆنکە تێگەیشتنێکی دروستی لە کۆمەڵگای کوردی و لە پێگەو قورسایی هەنووکەیی خۆی لەو کۆمەڵگایەدا نیە. مەرجی پێبەندبوونی بزووتنەوەی کوردی بە گەشەپێدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان ئەوەیە لە پراکتیکدا دەروەست بە پلۆرالیزم، تلۆرانس بێت و بەم رادەیەی هەنووکەیی دژوازی، جیاوازی و مەودا لە نێوان گوتارو کرداریدا نەبێت. هەروەها لە نێو ریزەکانی خۆییشدا پێویستە دەروەست بەو پرەنسیپانە بێت، نەک تەنیا روو و ئاراستەی گوتارەکانی بەرەو کۆمەڵگایەک بێت کە خۆی بە ئاوێنەی باڵانۆێنی دەزانێت.

ـ گه‌شه‌کردنی شاره‌کانی کورد و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واری و دروستبوونی بزاڤی خوێندکاری لهکوردستان ئه‌م گوتاره‌ی به‌هێزترکرد، ئایا به‌ستێنه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی لهکوردستان ئاماده‌یه‌؟
بێ گومان گەشەسەندنی شارنشینی بەو واتایەی کە جگە لە کۆجێیی خەڵک خاوەنی پێوەرەکانی دیکەی ژیانی شارنشینیش بێت، خۆی لە خۆیدا  بەستێنی رۆنانی کۆمەڵگای مەدەنییە. بەڵام دەبێ بزانین تا چەندە پێکهاتەو جوگرافیای مرۆڤیی شارەکان لە پێکهاتەی خێڵەکی، بنەماڵەیی، مەزهەبی و ناوچەیی بە دوورن و تا چ ئاستێک فەرهەنگی شارنشینیی مۆدێڕن بە سەر شاردا زاڵە. بۆ باسکردن لە سەر شار ئێمە نابێت تەنیا قەناعەت بە رواڵەتی مۆدێڕنی شارەکان و بەربڵاوییان بکەین. لانیکەم لە بەرچاو گرتنی ئاستی پێوەرەکانی گەشەی پێشەیی و مرۆڤی پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەر بنەمای زاناییە، زانایی مرۆڤ یان شارۆمەند یان جڤات و جڤاک لە سەر "ماف" و "ئەرک"، ئەمەش پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەوارییەوە هەیە، بۆیە هەروەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوویشدا ئاماژەم پێکرد، گەشەی ئەو بوارە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنە ئارای وەها گوتارێک بوو. هاوتەریبیش بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و یەک لەوان بزاڤی خوێندکاریی کورد، هەم بەرهەم و هەم دینامۆی تەشکگرتن و بەهێزبوونی کۆمەڵگەی مەدەنین.
مادام کە ئێمە باس لە کۆمەڵگایەک دەکەین کە دەیان ساڵە خاوەنی رێکخراوی مۆدێڕنی تایبەت بە خۆیە، لە قۆناغی جیاوازی میژووییدا خواستەکانی خۆیی فۆرمۆڵەو ئاراستە کردووە، هەوڵی ئۆرگانیزەکردنی چین و توێژە جۆراجۆرەکان و کانالیزەکردنی خواستەکانیانی داوە، تەنانەت با ئەمانە ناتەواوو سەقەتیش بووبن، نیشانەی بوونی پوتانسییەلێکی بەهێز لەو کۆمەڵگایە بۆ هەرچی بە مەدەنی کردنییە، توانای تێپەڕێن لە نەریتەوە بۆ مۆدێڕنیتەو، وەرگرتن و هەڵکردن لە گەڵی، ئەگەرچی کەس حاشا لەوە ناکات کە بیچمگرتن و گەشەسەندنی وەها جڤاکێک پرۆسەیەکی درێژخایەن و رەوتێکی زەمانبەرە، کە پێویستیی بە ئەزموونکردنی زۆر هەیە. بەڵام کاتێک کە ئێمە چاو لە پێکهاتەی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین دەبینین کە ئەم جڤاکە بەهرەیەکی هێجگار زۆری بۆ وەرگرتن و خۆگونجاندن لە گەڵ پێکهاتە و بەها سەردەمییەکان و پێشڤەچوون لە کورتترین زەمەندا هەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا کە دەسەڵات بە مەبەستی دیاریکراو و بۆ بەرژەوەندیی خۆی و توێژی چالاکی جڤاکیش بە ئامانج و مەبەستی ویستراوی خۆیان پرسی کۆمەڵگای مەدەنییان بە رۆژەڤ دەکردەو ئاوریان لێدەدایەوە، وێڕای روانگەی ئەمنییەتی و هەموو ئەو کۆسپ ولەمپەڕانەی کە لە هەرێمی رۆژهەڵاتی کوردستاندا حاکم بوو، دەتوانین بڵێن چالاکانی کورد ئەگەرچی هێندیک  درەنگ جۆڵانەوە بەڵام تا رادەیەکی باش کەلکیان لەو دۆخە گرت و توانییان بە قازانجی کورد بێگوێزنەوە.  بە هەوڵی چالاکانی کورد وێڕای کەم دەرەتانی و بێ ئیمکاناتی کۆمەڵگەی کورد بە شێوەی تاک و کۆمایی لە زۆر بوارەوە گەشەی شیاوو بەرچاوی کرد. بە جۆرێک کە لە کاتی هاتنەسەرکاری ئەحمەدی نیژاد، زۆر کەس وەکوو مەتەرێزی بەرخۆدانی مەدەنی لە کوردستان ناویان دەبرد. ئەمانە خۆی لە خۆیدا فاکتەری بوونی بەستێنی ئامادە، ئەگەرچی ناتەواو بۆ پێشخستنی پرۆسەی بەهێزکردنی بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە حاڵی حازردا بە شێوەیەکی نافەرمی لە کوردستانەدایە. پارامێترەکانی دیکەی وەک: چالاکی و چالاکانی خوێندکاری ، کرێکاری، ژنان، منداڵان، مافی مرۆڤ، پارێزەرانی ژینگە، ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان و...سەلمێنەری بن. هەوێنی سەرەکیی بیچمگرتنی کۆمەڵگەی مەدەنی، وشیاریی تاک و کۆما و هەست بە بەرپرسایەتیی وێژدانی و ئینسانی و خواستی هەنگاوهاوێشتنی هاوبەش بە شێوەیەکی دڵخوازانەو خۆبەخشانە لە پێناو بەرژەوەندی و بەها کۆماییەکانە، یان بە واتایەکی دیکە بوونی خۆدئاگایی ـ خۆدباوەڕیە. ئەمە لە لای تاکی کورد و جڤاکی کورد بە شێوەیەکی رێژەیی، بەڵام بەداخەوە پەنگراو بوونی هەیە. 

ـ ئه‌زموونێک کهبزووتنه‌وه‌ی کورد له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا لهرۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و به‌ستێنانه‌دا شکڵی گرت بریتی بوو لهدرووست بوونی ئین جی ئۆکان، فراکسیۆنی کورد لهمه‌جلیس، به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و ... ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌گشتی له‌کوێ سه‌رچاوه‌ی گرت و به‌ره‌و کوێ رۆشت؟
بۆ تیشک خستنە سەر ئەو ئەزموونە، ئاخێزگەو بەستێنەکانی حەق وایە سەرەتا ئاماژە بە تێکۆشانی بزووتنەوەی کورد و هەروەها بە ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و پاشانیش کۆڕو کۆبوونەوەکان و ئەنجوومەنەکانی خوێندکاریی خویندکارانی کورد لە زانستگاکانی نێو ئیراندا بکرێت. تەنانەت لەم نێوەدا ناتوانین حاشا لە رۆڵی گۆڤارێک وەکوو "سروە"ش لە سەرەتادا بکەین. بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئەگەرچی راستەوخۆ پێکهێنەری بیاڤ و دیسکورسی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای کوردستان لە نێوەراستەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەدواوە نەبووە، بەڵام بەستێنە سەرەتایی و سەرەکییەکە لە لایەن ئەوانەوە دانرابوو، بەڵام ئەوان توانای ئاقاردانیان پێ نەبوو و لە پێگەی هێزەی پێشەنگ و ئافرێنەرو رێگاپیشاندەرەوە، هاتبوونە ئاستی هێزێکی ئامۆژگاریکەرو ئەگەر زێدەرۆییش نەبێ تەنانەت نامۆ لە گەڵ قۆناخەکەدا. ئەمەش مەجالی بە کەس و کەسانی تازەتر دا کە بێنە نێو مەیدانی چالاکییەوە.  پێم وابێ یەکەمین کۆڕی ئەدەبیی چالاک بە گوتارێکی جیاوازەوە لە مەریوان لە کۆتایی ٦٠کانداو یەکەمین ئەنجوومەنی خوێندکارییش لە سەرەتای ٧٠کاندا بە ناوی " کانوونی کازیوە" لە زانکۆی تاراندا دامەزرابێت. لەو بڕگە دیرۆکییەدا، کە کۆمەڵگا بە تەواوی داخرا بوو، تەنانەت لە ئاستی کەلان شارەکانی ئیرانیشدا، هەموو هەوڵەکان لە کەوشەنی ئەدەبدا رەنگی دەدایەوە. هاوتەریبیش لە گەڵ ئیران، کە یەکەم دەنگە جیاوازو خوێندنەوە جیاوازەکان لە لایەن خویندکاران و لە نێو زانکۆکاندا بەرزکرایەوە، واتە گرووپی "طبرزدی" و گۆڤاری "ندای دانشجو"(هەڵبەت لە ئێراندا "ایران فردا" و بەشی پەیامی خوێنەرانی رۆژنامەی "سلام"یش هەبوو)، لە کوردستاندا چەند ساڵ دواتر لە لایەن گوڤاری خوێندکاریی " روانگە "وە کەوتە رۆژەڤەوە. هەڵبەت هاوکات لە گەڵ ئەو فاکتانەی کە لە وەلامی پرسیارەکانی پێشووتردا ئاماژەی پێکراوە،ناچالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەر دوو بواری تیئۆری و پراکتیک، هاتنە سەرکاری رێفۆرمخوازانی حکوومەتی، بڵاوبوونەوەی دەیان گۆڤار و رۆژنامەو چاپی پەرتووکی جۆراجۆرو هاتنە کایەو بە رۆژەڤ بوونی جۆرێک لە گوتاری لیبراڵ دێمۆکراسی لە نێو کۆمەڵگاو بوون و کاریگەری تەلەڤیزیۆنی " مد تێڤی "و گوتاری کوردستانیی پارتی کرێکارانی کوردستان و خەباتی جەماوەریی کورد لە باکووری وڵات ، سەرهەڵدانی هاوکاتی ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان لە کاتی پیلانی نێودەوڵەتی دژ بە سەرۆک ئاپۆ و...، هەر یەک بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لە سەر بیچمگرتنی بیاڤ و گوتارێکدا بوو کە لەو ساڵاندا و تەنانەت بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم رۆژانەشدا(بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی نۆهەمی کۆماری ئیسلامی)، رەنگدانەوە دوور لە چاوەروانییەکانیمان بینیوە. 
ئەوەی راستی بێ بێ هیچ چەشنە دوو دڵییەک دەتوانین بڵێین ژێدەری راستەقینەی ئەو هەوڵ و هەنگاوانە لە ناخی خۆدی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەر دەستی کۆمەڵێک کەسایەتی و سیمای نوێ و گەنجی  کورد هاتە ئاراوە. کەسانێک کە پێیان وابوو لە نێوان دوو رێیانی حیزبی کوردی و کۆماری ئیسلامیدا، رێگایەکی سێهەمیش هەیە، ئەویش بەهێزکردنی فاکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو. ئەم سیما نوێیانە نەتەنیا خۆیانیان بە هەڤڕکی حیزبەکان نەدەزانێ بەلکوو لەو باوەڕدا بوون کە ئەو هەوڵانە بە مەرجی حیزبەکان توانای بە خۆداچوونەوەیان هەبێ، زێڕێنترین دەرفەتی مێژووییان بۆ دەڕەخسێنێت.
راستییەک کە حیزبە کوردییەکان توانای لێکدانەوەو وەرگرتن و بەکردەییکردنیان نەبوو.
هەنووکە بەداخەوە هیچ یەک لەو رێکخراوانە بە شێوەیەکی ئەکتیڤ بوونیەتیان نەماوە. هۆکارێکی چوونە سەرەوەی تێچووی چالاکیی مەدەنیی و بەرزبوونەوەی ئاستی سەرکەوت و توندوتێژی لە لایەن داگیرکەری ئێرانییەوەیە، ئەم فەزا بە گشتی بە سەر هەموو ئێراندا زاڵەو لە کوردستاندا دوو قاتترە، تەنانەت لە بەلۆچستان و ئەلئەهواززیاتریش. بەشێکی دیکەش کە بەرهەمی ئەم داخراوییەیە، ناچالاکی یان کەم کاریی کەسانی خاوەن توانا لەم بوارەیە. کۆمەڵێک لەو کەسانەش کە پێشەنگ لەو بوارانەدا بوون، یان لە بەندیخانەدان یان هەڵوەدای تاراوگە بوون. 

هەموو هەوڵ و جمانێک هێندێک هەورازو نشێو بە خۆوە دەبینێت، ئەم بزووتنەوەش لە ماوەی ١٤ ساڵێ رابردوودا بەدەر لەم رێسایە نەبووە. بەڵام هەنووکەش باندۆڕدانانێکی بەرچاوی لە تەشک بەخشین بە گوتاری کورد لە سێ پانتای نێوخۆ، دیاسپۆرا وتەنانەت بە شێوەیەکیش لە حیزبەکاندا هەیە.

۱۳۹۱ تیر ۱۷, شنبه

خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست!



خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست! 
نووسین ئاسانه‌، ته‌نیا ده‌بێ وشه‌ هه‌ڵه‌کان بسڕینه‌وه‌، نووسه‌ر مارک توانین جارێکیان گوتی: ئێوه‌ ده‌تانهه‌وێ فێری نووسینی باش و شیاوی خوێندنه‌وه‌ بن؟ یان هه‌میشه‌ خه‌ون به‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبێک یان چیرۆکێکه‌وه‌ ده‌بینن؟ دواتر ئێوه‌ ئه‌م وشانه‌ بۆ ئازایه‌تی و رێزلێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، چونکه‌ هه‌موو شتێک روونه‌ که‌: نووسین مه‌هاره‌ت و کارامه‌ییه‌، که‌ هه‌ر که‌سێ ده‌توانێ فێر ببێت به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌ن، خوێندن و یان ئامووزشیی حیرفه‌یی. 
رێگای یه‌که‌مین بیرۆکه‌ی نووسینی ئاماده‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ بۆ نووسه‌ر زۆر دوور نیه‌، زۆرجار وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ خۆی بناسێنێت. 
خۆتان دڵنیا بکه‌ن! 
به‌ ڕێزه‌وه‌ 
د. فریتس گزینگ 
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژکاریی ئه‌ده‌بیی قوتابخانه‌ی نووسین 


وه‌رگێران له‌ ئاڵمانییه‌وه‌: ئه‌فراسیاب گرامی 
ئه‌وه‌ش ده‌قی ئاڵمانییه‌که‌ی له‌ خواره‌وه‌،  هیوادارم باشم کردبێته‌وه‌ به‌ کوردی. 







Liebe Leserin, lieber Leser!

"Schreiben ist leicht. Man muss nur die falschen Wörter weglassen", hat der Schriftsteller Mark Twain einmal gesagt. Sie wollen auch das gute, lesenswerte Schreiben lernen? Oder haben schon immer davon geträumt, ein Buch zu schreiben, eine Geschichte zu veröffentlichen? Dann werden Ihnen diese Worte Mut machen, denn sie machen eines deutlich: Schreiben ist ein Handwerk, das jeder erlernen kann, unabhängig von Alter, Schulbildung oder Berufsausbildung.

Der Weg von der ersten Schreibidee über den druckreifen Text bis zum Autor ist nicht so weit, wie sich manche vorstellen.

Überzeugen Sie sich selbst!

Herzliche Grüße
Inline-Bild 2

Dr. Fritz Gesing
Mitglied im literarischen Beirat der Schule des Schreibens

۱۳۹۱ تیر ۱۳, سه‌شنبه

ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق 4


ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق

کارگه‌ی چیرۆکنووسی: عه‌باس مه‌عرووفی
و: ئه‌فراسیاب گرامی
چوار 

چیرۆک یانی دۆزینه‌وه‌

ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌ له‌ رێگای جێگیربوونی بنه‌ماکانی بیرکارییه‌وه‌ بیچم ئه‌گرێ. واته‌ دۆزینه‌وه‌ سات به‌ سات، واته‌ گرتنی ته‌پۆڵکه‌ به‌ ته‌پۆڵکه‌، واته‌ له‌ پاژ(جزئ)ه‌وه‌ گه‌یشتن به‌ گشت (کل). 
چیرۆکنووس هه‌واڵده‌ری رادیۆ یان تی ڤی نیه‌ هه‌واڵه‌کان به‌ راست و درووستی به‌هه‌مووان رابگه‌یه‌نێت، یان به‌ کورتی باسی لێوه ‌بکات. کۆمه‌ڵناس یان فه‌یله‌سووفیش نیه‌. ئه‌گه‌ریش ده‌روونناسی ئه‌زانێ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ که‌سایه‌تییه‌کانی ناو چیرۆکه‌که‌یدا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، له‌ حاڵێکدا ده‌روونناسیش نیه‌. و ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌رخۆیه‌ که‌ سه‌یری که‌سایه‌تییه‌کانی ده‌کات و ده‌بینێ چ کارێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌که‌ن یان چی تازه‌ ئه‌ڵێن. خۆڕاگریی چیرۆکنووس، شتێکه‌ وه‌ک خۆڕاگری خوداوه‌ند، به‌ مه‌خلووقاتی خۆی چاو و گوێ و زمان و عه‌قڵ ده‌به‌خشێ و دواتر سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ له‌م کار و کرده‌وه‌ و گوفتاری ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ دوو پێ‌یه‌. 
چیرۆک، واقعییه‌تێکی نه‌مرانه‌یه‌.

۱۳۹۱ تیر ۱۱, یکشنبه

پاشا و وه‌زیر


پاشا و وه‌زیر 

ئه‌فراسیاب گرامی 
که‌ منداڵ بووین، یاری "پاشا و وه‌زیر"مان ده‌کرد. به‌سه‌ر شقارته‌یه‌که‌وه‌ ناوه‌کانمان ده‌نووسی "پاشا، وه‌زیر، سه‌رباز و دز و ... هه‌تا دوایی" و به‌ نۆبه‌ هه‌ڵمان ده‌خست و به‌خت یاری هه‌رکه‌سێ بوایه‌ ده‌بوویه‌ پاشا و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرد. لووتی به‌رز ده‌بوو و بڕیاری ده‌رده‌کرد. فه‌رمانی به‌وه‌زیر ده‌کرد که‌ ئه‌و که‌سه‌ی دز ده‌رده‌هات خۆی رووت بکاته‌وه‌ و بکه‌وێته‌ کۆڵانه‌وه‌ و هه‌مووان پێی پێده‌که‌نین. یان ئه‌وه‌ی بڕواته‌ سه‌ر بان و وه‌ک که‌ر بزه‌ڕێنێ تا خه‌ڵک لێی کۆده‌بوونه‌وه‌.

۱۳۹۱ تیر ۳, شنبه

ده‌مامکه‌کان و په‌یامی ئاشته‌وایی


ئه‌و بارودۆخهسیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ چ لهئاستی نێوخۆیی و چ لهئاستی ده‌ره‌کییدا بهخاڵهلاواز و به‌هێزه‌کانییه‌وه‌ لهرۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا درووست بووه، به‌رهه‌می گه‌شه‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کورد لهسه‌ده‌ی بیسته‌م تا بهئێستایهکهبهدڵنیاییه‌وه‌ بارودۆخێکی سه‌خت و دژواری تێپه‌ڕاندوه‌ و که‌وتۆته‌ ململانێیه‌کی ناهاوسه‌نگی سیاسی و ئایدۆلۆژیی سه‌د ساڵی رابردوه‌وه‌. ئه‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان گه‌یاندۆته‌ ته‌شقی سیاسه‌ت و ململانێکانی ناوچه‌که‌، دۆزێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی حاشالێکراوهلهلایه‌ن نه‌ته‌وه‌ باڵاده‌سته‌کانی ده‌ورووبه‌رییه‌وه‌. لهکاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی کورد سه‌رهه‌ڵدێنێ کهگوشار و زه‌بروزه‌نگی نه‌ته‌وه‌ تازهبه‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتوه‌کان و هه‌وڵدانیان بۆ پێکهێنانی "ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌" لهئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا بوون و بهتوندی هه‌ر چه‌شنه‌ جووڵه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردیان سه‌رکوت کردوه‌. بهخوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌کان و گوتارهسیاسییه‌کانی سه‌د ساڵی رابردووی ناوچه‌که‌ و ئێران بهتایبه‌تی، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ گوتاری رزگاریخوازی کورد نه‌یتوانیوه‌ مه‌وداکانی گه‌یشتن بهدۆزی نه‌ته‌وه‌یی خۆی کورت بکاته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ هۆکارهده‌ره‌کییه‌کان قورساییه‌کی گران و زۆریان هه‌بوه‌ به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کوردیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی کهلێره‌دا پێویستهئاماژه‌ی پێ بکه‌ین، قورسایی ده‌رد و ژانێکی نێوخۆییهکهنه‌یهێشتوه‌ کورد لهقۆناخهپێویسته‌کانی خۆیدا گه‌شه‌ی به‌رچاو ببینێ و بتوانێ مه‌ودای درێژماوه‌ی خه‌باتی سیاسیی کورد کورت بکاته‌وه‌ و بهئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت. سه‌رهه‌ڵدان و شکڵگرتنی ده‌یان رێچکهو رێبازی سیاسیی لهرۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا و په‌ره‌سه‌ندنی گوتارهسیاسییهجۆراوجۆره‌کان، نه‌ته‌نیا نه‌بوونه‌ پاشخانێکی به‌هێزی فیکری و بونیاتنه‌ر بۆ داهاتووی کۆمه‌ڵگەی کوردی، به‌ڵکوو بههه‌موو هێز و توانایانه‌وه‌ ئاسه‌وارێکی ناهه‌مواریان له‌سه‌ر کۆی پێکهاتهگشتییه‌کانی کۆمەڵگەی کوردی به‌جێ‌‌هێشت.

ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق


ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق

کارگه‌ی چیرۆکنووسی: عه‌باس مه‌عرووفی
و: ئه‌فراسیاب گرامی
سێ:

واقعییه‌تی گێڕانه‌وه‌: 
واقعییه‌تی گێڕانه‌وه‌، بیره‌وه‌رییه‌کی ده‌ستکاری کراوی واقعییه‌تی مه‌وجووده‌. نووسه‌ر به‌ چاوی خۆی رووداوه‌که‌ نابینێ و ناگێڕێته‌وه‌، به‌ڵکوو به‌ کامێرای تایبه‌ته‌وه‌ به‌ وێنه‌ و رووداوه‌کان و کاراکتێره‌کانه‌وه‌ خه‌ریک ده‌بێ. 
گۆشه‌نیگای کامێرای بینین له‌ چیرۆک و رۆماندا، یه‌کێک له‌ تێکنیکه‌کانی نووسینه‌ که‌ نه‌زانینی کارێکی ئاسان، ئه‌سته‌م ده‌کاته‌وه‌. 
ده‌بێ ده‌ست بخرێته‌ ناو واقعییه‌ته‌وه‌. واقعییه‌ت له‌ هه‌ر رووداوێکدا، که‌ره‌سته‌ی خاوه‌ که‌ هه‌موو نووسه‌رێکی به‌توانا ده‌یکاته‌ چیرۆک. 
نووسه‌ر به‌ واقعییه‌تی مه‌وجوود خیانه‌ت ده‌کا هه‌تا له‌ هه‌مبه‌ر هونه‌ردا وه‌فادار بمێنێته‌وه‌. 

۱۳۹۱ خرداد ۲۸, یکشنبه

وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سۆران عه‌لیپوور

    ئەنجامەکانی شەر لە خودی شەر روخێنەرترن

    به‌شی دووهه‌م و کۆتایی
    ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی



    سۆران عه‌لیپوور: هاوکێشەکە بەو شێوەیە بوو تا دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەبوو و بناغەکانی حکومەتیان پتەو دەکرد، کورد زیاتر دەکەوتە دەرەوەی بازنەکەوە
    سۆران عه‌لیپوور: پارتە کوردیەکان زۆر درەنگ هەستیان بە گرینگی ئاوردانەوە لهرەوتی نوێی کۆمه‌ڵگا کرد، کە هەستیشیان پێکرد زیاتر لە خەمی مۆرک لێدانی حیزبی و دەستەمۆ کردنی خودی رەوتەکە بوون تا بایەخ پێدان و وەرگرتنی پەیامەکانی.

    سۆران عه‌لیپوور: رووناکبیر دەتوانێ پاڵ بەو دیوارانەوە بنێ کە دەوری ئێمەیان تەنیوە، شایەد ئەو دیوارانە نەروخێن بەلام مەیدانی ئازادی ئێمە فراوانتر دەبێتەوە، زیاتر باوەرم بەو پرۆسەیە هەیە کە بەردەوام هەوڵی بەرین کردنی پانتایی ئازادی دەدا تا ئەوەی گەیشتن بە "مدینە فاضلە" بکاتە ئامانج


    شۆڕشی 57، گرینگترین رووداوی سیاسی ئێران بوو لهسه‌رده‌می نوێدا، به‌گشتی کورد که‌وته‌ بارودۆخێکه‌وه‌ کهتوانی به‌شێک لهکوردستان ئیدارهبکات، ئه‌و بارودۆخهچۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ به‌گشتی خواسته‌کانی کورد چ بوو؟

    شۆرشی ١٩٧٩ سیمای دەسەلاتی سیاسی ئێرانی گۆری، دۆخێک هاتە ئاراوە کە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت بۆ هەموو جیهانیش دیاردەیەکی نوێ و ئەزموون نەکراو بوو،  ئەو یەکگرتوویی ئیدۆلۆژیکی ـ  ئاینیەی کە لە نێو شیعە و رابەرەکانی دا هەبوو، بێ بەرنامەیی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها کەلک وەرگرتن لە هەستی بریندار و نارازیی  خەڵکی ئێران، هەژموونی باڵی نەریتی لە شۆرشی ئێران دا زیاتر کرد، بە رادەیەک کە هێزە پێشکەوتن خوازەکانیشی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە، ئەو مۆدێلە نامۆیەی دەسەلاتدارێتی کە دەنکەکەی لە سەرەتای سەدەی بیست چێنرابوو لە ئێرانی دوای پاشایەتی بەری گرت.

۱۳۹۱ خرداد ۲۷, شنبه

کورتترین چیرۆکی جیهان


کورتترین چیرۆکی جیهان
ئه‌فراسیاب گرامی

بۆ فرۆشتن: پێڵاوی مناڵه‌که‌، هه‌رگیز له‌پێ نه‌کرا!
ده‌گێڕنه‌وه‌ ئێرنێست همێنگۆی ئه‌م چیرۆکه‌ی له‌ شه‌ش وشه‌دا بۆ به‌شداری له‌ کێبه‌رکێیه‌کی کورته‌چیرۆکدا نووسیوه‌ و له‌ کێبه‌رکێکه‌شدا سه‌رکه‌وتوو بوه‌.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن که‌ ئه‌و کورته‌چیرۆکه‌ی له‌ گره‌وێک له‌گه‌ڵ یه‌کێ له‌ دۆسته‌کانیدا که‌ پێی وابوه‌ به‌ شه‌ش وشه‌ هیچ کات ناتوانین چیرۆکێ بنووسین، نووسیویه‌تی.
کورتتترین چیرۆکی ترسناکی دونیا، چیرۆکێکه‌ که‌ نووسه‌ره‌که‌ی که‌س نازانێ کێ یه‌!؟

دوایین مرۆڤی سه‌رزه‌وی، ته‌نیا له‌ ژووره‌که‌یدا دانشتبوو که‌ له‌ ناکاو له‌ ده‌رگایان دا.

منیش له‌م رۆژانه‌دا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نووسراوه‌ بووم، چیرۆکێکی چه‌ند دێڕی وه‌ک گه‌ڵایه‌کی لاسار که‌ با هێنابێتی هاته‌ ژووره‌که‌مه‌وه‌:

 ـ دایکم که‌ په‌نجه‌ی له‌سه‌ر گوڵی قاڵییه‌که‌ بوو گریا تا خه‌یاڵی له‌ دوایین زه‌رده‌خه‌نه‌ی پشت تارمایی چاییه‌که‌ی ده‌ستی باوکم دوور که‌وته‌وه‌. (ئه‌فراسیاب گرامی)

۱۳۹۱ خرداد ۲۶, جمعه

چیرۆکێ له‌ پائۆلۆکۆئیلۆ


چیرۆکێ له‌ پائۆلۆکۆئیلۆ
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌:  ئه‌فراسیاب گرامی
که‌سێ هه‌بوو هه‌موو ژیانی به‌ خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤیندارانه‌ تێپه‌ڕاند و کاتێ له‌ دنیا ده‌رچوو هه‌موو که‌س پێیان وابوو که‌ جێگای ئه‌و به‌هه‌شت ده‌بێت. که‌سێکی دڵڕه‌حمین و مێهره‌بان وه‌ک ئه‌و، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جێگای به‌هه‌شته‌. له‌و کاته‌دا به‌هه‌شت هێشتا گه‌شه‌یه‌کی وه‌های به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیبوو. پێشوازیکردن له‌و به‌ باشی به‌ڕێوه‌ نه‌چوو. فریشته‌یه‌ک که‌ ده‌بوا ئیزنی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی بۆ به‌هه‌شتی پێدابایه‌ گه‌ڕا و ناوی له‌ لیسته‌که‌دا نه‌دۆزییه‌وه‌، کاتێ ناوی نه‌بوو هه‌ناردی بۆ دۆزه‌خ. له‌ دۆزه‌خدا هیچ که‌سێ داوای کارتی پێناس یان ده‌عوه‌تی لێ ناکه‌ن و هه‌رکه‌سێ بگاته‌ ئه‌وێ خێرا ده‌یکه‌نه‌ ژووره‌وه‌. ئه‌و که‌سه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌وێ مایه‌وه‌. چه‌ند رۆژ دواتر شه‌یتان به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ هاته‌ به‌ر ده‌روازه‌ی به‌هه‌شت و یه‌خه‌ی پترۆسی پیرۆزی گرت که‌ نه‌یده‌زانی چی رووی داوه‌. پرسی چی بوه‌، چی رووی داوه‌؟ شه‌یتان که‌ چاوی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو گوتی: ئه‌و که‌سه‌ی که‌ هه‌ناردووتانه‌، کار و ژیانی ئێمه‌ی تێک داوه‌. له‌و کاته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ دانیشتوه‌ و گوێ به‌ قسه‌ی  ئه‌وانی دیکه‌ ده‌گرێ، چاویان لێ ده‌کات، گوی بۆ ده‌رده‌ دڵه‌کانیان ده‌گرێ، ئێستا هه‌موویان له‌ دۆزه‌خ‌دا خه‌ریکن پێکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن و یه‌کتر له‌ باوه‌ش ده‌گرن و یه‌کتر ماچ ده‌که‌ن. دۆزه‌خ شوێنی ئه‌م کارانه‌ نیه‌ ! بێن و ئه‌م پیاوه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. کاتێ گێڕه‌ره‌وه‌ چیرۆکه‌که‌ی ته‌واو کرد به‌ تاسه‌یه‌که‌وه‌ له‌ منی روانی و گوتی: "به‌ عه‌شقێکه‌وه‌ بژی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ رێکه‌وت رێگات که‌وێته‌ دۆزه‌خیش ... خودی شه‌یتانیش بتگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ به‌هه‌شت". پائۆلۆکۆئیلۆ



۱۳۹۱ خرداد ۲۳, سه‌شنبه

ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق... کارگه‌ی چیرۆکنووسی: عه‌باس مه‌عرووفی 2


ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق
کارگه‌ی چیرۆکنووسی: عه‌باس مه‌عرووفی
و: ئه‌فراسیاب گرامی
دوو:

مه‌شقی نووسین :
له‌ یه‌که‌مین بیره‌وه‌رییه‌ خۆشه‌کانی من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ی که‌ ده‌مهه‌ویست چیرۆک بنووسم، به‌ڵام نه‌مده‌زانی. چیرۆکه‌کانی چیخۆفم ده‌خوێنده‌وه‌ و چونکه‌ ئه‌م چیرۆکانه‌ ساده‌ و دڵبزوێن بوون، به‌ باشی ده‌متوانی کۆپییان لێ هه‌ڵبگرم.
سه‌ره‌تام وه‌ک مه‌شقی نووسین بوو.
دواتر ده‌متوانی فێر ببم که‌ ناوی شه‌قامه‌کان، شار و ئاده‌میزاده‌ رووسییه‌کان بگۆڕم به ئێرانی.
پێم وایه‌ له‌ چوارده‌ساڵییه‌وه‌ تا حه‌فده‌ ساڵی شتێک له‌ نێوان سێ ساڵدا، به‌رهه‌مه‌کانی چێخۆفم خوێنده‌وه‌ و نووسیم.
ئه‌وڕۆکه‌ که‌ ساڵانێکه‌ تێپه‌ڕیوه‌، بیره‌وه‌ریی ئه‌و رۆژانه‌ و هه‌رکات ناوی ئانتوان چێخۆف ده‌بیستم  ئه‌بێته‌ بزه‌یه‌ک و ده‌که‌وێته‌ سه‌ر لێوم. یادکردنه‌وه‌ی مرۆڤێکی دڵنه‌وا و مێهره‌بان که‌ عاشقی مرۆڤه‌کان بوو و ئه‌م عه‌شقه‌ له‌ ته‌واوی نووسینه‌کانیدا شه‌پۆل ده‌دات.
یه‌كێ له‌ چیرۆکه‌کانی چیخۆف که‌ له‌بیر ناچێته‌وه‌ "تاوانبار"ی ناوه‌. وێنه‌یه‌کی روون و زوڵاڵ له‌ ژیان و سیمای پیره‌مێردێکی هه‌ژاره‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می تێزاره‌کاندا قوربانی و چاره‌ڕه‌ش بووه‌.

۱۳۹۱ خرداد ۱۹, جمعه

کارگه‌ی چیرۆکنووسی عه‌باس مه‌عرووفی .... نووسه‌ر کێ یه‌؟


ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق
کارگه‌ی چیرۆکنووسی عه‌باس مه‌عرووفی
و: ئه‌فراسیاب گرامی
یه‌ک:

نووسه‌ر کێیه‌؟
هه‌ندێک له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ هه‌رکه‌س خوێنه‌واری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێ ده‌توانێ ببێته‌ نووسه‌ر.
هه‌ندێک ده‌ڵێن ئینسان ده‌بێ خاوه‌نی توانایی و به‌هره‌ی خوداوه‌ندی هه‌بێت تا بتوانێ چیرۆکێک بنووسێت.
هه‌ندێکی دیکه‌ له‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ نووسه‌ری پێویستی به‌ رواڵه‌تێکی تایبه‌ت نیه‌، به‌ڵام هه‌رکه‌سێ که‌ ده‌توانێ شتێ بنووسێ، بێگومان چیرۆک نووس نیه‌.