۱۳۹۴ خرداد ۹, شنبه

سەیر و سەمەر

زۆر جار بۆچوونی سەیر و سەمەر دەبینم و دەخوێنمەوە، زۆر لە مێژ نیە منیش ئەم کێشەیەم لای خۆم چارەسەر کردوە. بەڵام وادیارە هەر لە فەیسبووک باوە.
ـــ یەکەم، کێشەی رووناکبیری حزبی. راستییەکەی فشە و تەوەهومێکی جیدییە، چ لای ئەندامانی خوێندەواری حزبەکان و چ لای ئەوانەی هەڵبراون لە حزبەکەیان و بە جٶرێک لە جۆرەکان ئێستا بوونەتە رەخنەگر. لای من رووناکبیری حزبی خراپترین دیاردەی سیاسیی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتە. ئەندام بوون واتە پەێڕەو و پرۆگرامی حزبەکەت دەناسی و قبووڵتە. گەر بڕیارێک یان هەڵەیەک یان سیاسەتێکی هەڵە دەبینن، بەو مانا نیە کە جاڕ بدەن و لە فەیسبووک یان ... بڵاوی بکەنەوە، ئەو حزبە کاتێک نەتوانی لە رێگای تەشکیلاتییەوە رەخنەکانی خۆت ئاراستە بکەیت، ئەدی بەڕێز دەتوانی واز لەو خەبات و تێکۆشانە بێنیت. پێویست ناکات خۆت لە ناو تەوەهوماتی خۆتدا بخولێیتەوە. جەوهەری خەباتی هەر تاکێک بۆ گەیشتن بە مافەکانیەتی. ئەگەر نەبوو، واتە لە ئەسڵدا تۆ خەبات ناکەیت، بەڵکوو خۆت فریو دەدەیت. کەواتە هیچ حزبێک دێموکرات بوونی بەوەدا ناناسرێتەوە کە نەوێری رەخنە لە سەرۆکەکەی بگریت.
ـــــ دووهەم، سەربەخۆیی کوردستان گەورەترین دەغدەغەی ئەندامانی حزبەکان و رووناکبیرانی ئێمەیە. بەڵام ئەم گوتارە، لە پراکتیک و واقعییەتی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نابینرێ، بەڵکوو تەوەهووم و ناسازگارییە لە ناو دوڕیانێکی سیاسییدا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە لە سەربەخۆیی بە رێگایەکدا دەڕوات و بیرکردنەوەی لەوەی لە ئێراندا بمێنی لە رێگایەکی دیکەوە. کورت و پو خت رای خۆشم بڵێم، سەربەخۆیی کوردستانی گەورە تەنیا گوتارێکی رادیکاڵی ناو دنیای مەجازییە. بەڵکوو من لەگەڵ گوتاری سەربەخۆیی کوردستانی رۆژهەڵاتم نەک هەموو کوردستانی گەورە. رەنگە ئەوە بە مانای پارچەپارچەکردن لەقەڵەم بدرێت، بەڵام لای من خەونی کوردستانی گەورە تەوەهومێکە و واقعیی سیاسیی ماڵی کورد وا دەخوازێ کە چوار دەوڵەتی دراوسێ بین تا چوار بەش پێکەوە.
سێهەم ــــ دژایەتی بە واتای بەرگری لە سیاسەتەکانی حزب: ئەم دیاردە وەک خۆم رووی داوە، زۆرجار کامنتێک لە نائاگاهییەکی تەواوەوە دامناوە و زۆر لایەنی گرتۆتەوە. رەنگە ئەم بۆچوونەشم هەڵە بێت. بەڵام وا دیارە بە لێشاو سەیرو سەمەرەترین بۆچوون بڵاو دەبێتەوە کە خەریکە کۆمەڵناس و سیاسەتمەدار و رووناکبیری لە وڵاتی ئێمەدا لە حەشیمەتی خەڵکی ئاسایی زۆرتر بێت. یانی هەر ماڵێک دوو کۆمەڵناس، دوو رووناکبیر، دوو شاعیر دوو رەخنەگر و رەنگە دوو شتی دیکەی تێدا بێت. ئەم هەڵچوون و داچوونەی کەف و کوڵی فەیسبووکی، وەک بڵقی سەرئاو وایە کە هیچ قازانجێکی نیە جیا لەوەی ئێمە چاوەروان بین تا بزانین ئەوەی شارەزایە با قسە بکات و ئێمەش گوێ بگرین. بەهەر حاڵ، لەمەودوا من زۆرتر گوێ ئەگرم. هەڵبەت بیشڵێم، ئەهلی فەیسبووک و ئەهلی ئورووپا و باشووری کوردستان، نوسخەی فەیسبووکی و نوسخەی مەجازی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کاریگەریی و ئایندەیەکی نابێ.
چوارەم، کۆمەڵگای ئێمە شپرزەیە. شپرزەییەکەشی لەوە دێت کە هەمو لایەک خۆی بە خاوەنی هەموو شتێک دەزانێت. لە ناو مێژوودا دەژین. ئوستوورەمان کردوەتە بنەمای ساخکردنەوەی مێژوو. بەدوای شتێکدا دەگەڕین کە پێویستی زەرووری نیە. رق و نەفرەتمان زۆرترە لەیەکتر هەتا دۆستایەتی. دوو کورد خاڵی هاوبەشیان کەمترە لەگەڵ دوو کەسی بێگانە. ئەم دەردە، نەخۆشییە. نەخۆشی یەکنەگرتوویی. ئەگەر هەموو لایەک، بۆ مانگێک دەمبەس بۆ ئاکارەکانی خۆی بکات. کار بدرێ بە کارزان، هەموو لایەک مانگێ تەحەمولی یەکتر بکات. [بابە وەڵا هەموومان بۆ دێموکراسی گەر خەبات دەکەین، ئەمە دێموکراسی نیە بەرامبەر یەکتری] ... ئەوا رەنگە تۆزێک بارە لارەکەمان راست بکەینەوە.
پێنجەم، رەنگە کۆتایی نەبێت، بەڵام وەک کۆتایی. دواهات و سەرەنجامی پرسی کورد ئاشتییە، چ لە گەڵ خۆی و چ لە گەڵ دراوسێ زاڵەکانی، چ لەگەڵ فارس و عەرەب و تورک و ئەوانی دیکە. بمانەوێ و نەمانەوێ حوکمی مێژوو وایە. مێژووی ژاپۆن و ئاڵمانییەکان و زۆر گەلانی دیکە ئەوە دەیسەلمێنن کە غەدری مێژوو لە بیر ناکرێت، بەڵام بەو مانا نیە کە نەسڵەکانی ئایندەش هەمان رێگا بگرن. کەواتە رێگای ئاشتی بۆ کورد، هەر دێت. کەواتە ئەو بیرە فاشیستییەی کە پێی وایە نابێ ئاشتی لە هیچ بەشێک کوردستان سەربگرێت، هەڵە. راستە کورد چەکی بۆ شەر ی هەڵنەگرتوە، دەبێ واش بێت. بەرگری رەوای کورد، مافی خۆیەتی و ئێستاش وەک خۆم ئامادەی ئەو شەڕەم لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی کورددا، بەڵام دواهات ئەم شەرەش هەر ئاشتی و مێزی گفتوگۆ و پێکەوەژیانی میللەتانە. کەواتە کەمتر یەکتری بەوە تاوانبار بکەین کە کوردی هەرزان فرۆش کردوە.
لەگەڵ رێز بۆ هەموو لایەک، ئەمەش سەرەتای ساڵ بوو، هیوادارم کەس ئەم نووسینە، بە مەبەستی سیاسی لێک نەداتەوە. بەڵکوو تەنیا بۆچوونی تاکەکسی خۆمە کە لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسیدا نەماوم، تەنیا وەک کوردێک چالاکم. واش دیارە هیچ کاریگەرییەکم نیە جیا لەوە رێگای نووسینی چەند دێڕێک بە خۆم بدەم. شەو باش

هیچ نظری موجود نیست: