۱۳۹۴ خرداد ۹, شنبه

سەفەری بەرد

سەفەری بەرد
لە گوندێکی سەرلێشێواو لە دایکبووم. ساڵی نەهات. ساڵی سەرلێشێواویی و دەربەدەری. ساڵی بەفرە قورسەکە. ساڵی گرانییەکە. ساڵی ئاوارەییەکە. گەرمە شەڕی دوای شۆڕش. قین و رقە قیزەوەنەکانی دوای شۆڕش. شەڕ. بارگرانی شەڕ و نەهامەتی. وەیلان و بریندار و کوژران و قڕان و شیوەن. شەرای ئەم گەرمە وەحەشەتە، روومەتی منی نازانم چەند ساڵانی دەگەوزاند لە خۆڵێک کە هێشتا گەردەکەی ناوچاوانی من و هەزارەها وەک من ئەگرێتەوە.
***
وەک "با" سینەم پڕە لە دەرد، لە بەژنی کزەبا ئاڵاو ژیانم و ئاسکی سڵۆکی بەختیش کوژراو بە بەردی نەهات. گێژ ئەخۆم بە دەوری تەمەنما و هەڵئەزنم بە دیواری ناهومێدی، سەرم توند کردوە لە دەوران و خۆم ئەکێشم بە قەڵافەتی بیرەوەریی کز و لەدەست‌چووم. هەموو هەر هیچ و هیچ لە مندا رەز. پێم لەسەر بازڕەقەی زراڤی ساڵ و مشتێ عومری ماوە. هێشتا هەر جانتای هیجرەتی زەردەخەنەی دایک قورسە بەسەر شانی زامارم. زەمان لەدەستم دەرچووە. باوەگەورەم سنووقێ ترێی لە ترس و وەحشەتی سەدەی بیستەمی پێ بوو، باوکیشم تا دواجار لە سووچی کزی حەسرەتی دایکیا بوو، ناولەپی دەستی جێی گاسنی کارەساتی ئەو سەدەیە بوو، خۆیشم بەردێکی هەڵکەنراوی سەدەی کارەسات و خەمە گەورەکانم تا ئەمڕۆ. نە شەقامی غوربەت بەرگەم ئەگرێ، نە رێگا، نە ژوورەکەم، نە ژاوەژاو و دەنگەدەنگەکانی هەزارەی سێهەم، و نا کورسییەکەشم بەرگەم ناگرێ! وشە لەناو زمانمدا قورس و گرانە و ئەجوڵێ. پشکۆیەک گڕ وا لە ناو سینەم دا. زۆرجار لەبەر خۆمەوە، ئەم چەند دێڕە شێعرەم لە تەنیایی خۆما ئەڵێمەوە:
" ئێواره‌یه‌ و
بوومەلێڵە
تەمتوومان لە گیانی منا کز ئەسووتێ!
گڕ بەرئەبێتە گیان و
قەڵغانی رۆحم شەق ئەبا
نازانم نا ... ئەی گیانەکەم!
شەقام چۆن بەرگەی من ئەگرێ!
*
ئێواره‌یه‌ و
تاوێکی تر لە پردەکەی شار ئەگەڕێم
هوروژمی (با) دێت و دەڕوا
پاڵتۆکەم بەرگەی سەرما ناگرێ !
ئاخۆ ئەبێ ئەو بزانێ!
بەم جادە مەرگڕێژەدا
بێ وڵاتی چ تاو و لەرزێکی گەورە بێ؟!
*
ئێوارەیە!
تەم ماڵەکەی گواستۆتەوە بۆ ناو سینەم
زریان لە لەشما ئەگەڕێ
بێدەنگی ساڵەهای ساڵ
بە تینی ئازار و حەسرەت
بۆتە بورکان ، هاوار ئەکا و ئەقیژێنێ"
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەڵێ گیانە! بە بارتەقای سەفەرێک ئەنووسم، رەنگە بە ئەسپایی، بێ ئەوەی خەونی خەزانی گوڵی بشێوێنێ، لێرەوە؛ ئەمەوێ لە نزیکترین ویستگەی قەتارەکاندا، بە کۆڵێ حەسرەتی دێرینەوە، لە ناو خەونی بەناحەق گەورەبوونماندا و منیش بە پێ‌وە بمرم و هاوار بکەم : "تکایە بوەستن! ئەمەوێ دابەزم .... ماڵئاوا ئەی کەویری وەحشەت!؟"

هیچ نظری موجود نیست: