بزاڤی نەتەوەیی كورد لەروانگەی سیاسییەوە
پێشەوا قازی محەممەدو كۆماری كوردستان
بێهزاد خۆشحالی
و: ئهفراسیاب گرامی
بزووتنەوەی قازی محەممەد بەهۆی نێوەرۆكی جیاوازو تایبەتمەندییە سیاسییە مۆدێڕنەكانی، گرینگترین بزووتنەوە لەمێژووی سیاسیی نەتەوەی كورددا بەئەژمار دێت. بنەماییترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی پێشەوا قازی محەممەد كە بووە هۆی دامەزرانی "كۆماری كوردستان" لەماوەی ساڵانی 1946 ـ 1947دا، بەنێوەرۆكێكی دێموكراتیك لەجێگیركردنی كردەكارێكە كە تا ئێستاش دەتوانێ باشترین نموونەی سیستمی دەوڵەتیی بۆ حكوومەتەكان لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا بێت.
كردەكار: پێشەوا قازی محەممەد
هۆكار: قازی محەممەد
گۆڕەپان:
الف: كات: 1946 ـ 1947
ب: شوێن: بەشێكی سەرەكی كوردستان لەباشووری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ناوچەی موكریان)و بەشێك لەباكووری كوردستان (سەقزو بانە) كە تا ئەوكات ئەوانە بەشێك بوون لەویلایەتی ئازەربایجانو ئەردەڵان.
ئامراز: راپەڕینی چەكدارانەو پێوەندییە دیپلۆماتیكییەكان
ئامانج: دامەزرانی كۆماری كوردستان
هەروەها كە گوترا، بنەماییترین تایبەتمەندیی "كۆماری كوردستان" بەرێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، تایبەتمەندیی دێموكراتیكی ئەو بوو كە لەروانگەی پێكهاتەیی، پێناسەو دامەزرانەوە، چوارچێوەیەكی مۆدێڕنی هەبووەو هەڵگری شرۆڤەیەك بەپێناسەو چەمكە نوێیەكان لەدێموكراسییە. لەم روانگەوەو بەپێی چوار تیۆریی نوێی دێموكراسی، واتە دێموكراسیی بازاڕ، دێموكراسیی نیئۆكۆماریخواز، دێموكراسیی باوك سالارانەو دێموكراسیی ژاكۆبنی، دەتوانین بڵێین "كۆماری كوردستان" لەسەر بنەمای دێموكراسییەكی ژاكۆبنی دامەزراوە كە تێیدا لەسەر بنەمای رێككەوتنی بەهاكانو پلەیەكی باڵا لە بەشداریی سیاسی دەتوانین ببینین. لە وەها پێكهاتەیەكی دێموكراسیدا دەتوانین گرینگیی وشەگەلێك وەك نەتەوەییو نەتەوە لە چوارچێوەی چەمكی ئیرادەی كۆمەڵایەتیدا بدۆزینەوە كە بە ئەبستراكت (مجرد) قبووڵكردنی، نێوەرۆكی سیاسی بەخۆوە دەگرێتو لەچەمكی "رەزامەندیی گشتیی نەتەوەیی (رچایت ملی همگانی)"و "نەریتی كەڵەكەكراوی نەتەوەیی(سنت ملی انباشتە)"دا كورت دەكرێتەوە.
خاڵێكی دیكە كە دەتوانین لە"كۆماری كوردستان"دا بیدۆزینەوە، چەمكی "نەتەوەخوازی"یە كە وەكوو چەمكێكی مۆدێڕن، شوناسی كۆمەڵێك لەمرۆڤەكانە كە خۆیان بەوێنەی شوناسێكی جیاواز لەچوارچێوەی یەكەیەكی سیاسی، شوێنێكی جوغرافیاییو كولتوورێكی جیاوازدا پێناسە دەكەن.
تایبەتمەندیی سێهەمی "كۆماری كوردستان"، لەرۆڵی گرینگی پێشەوا قازی محەممەد، دەتوانین ببینینەوە. قازی محەممەد هەرچەندە كەسایەتییەكی ئایینی بەپێگەیەكی بەهێزی بنەماڵەییەو زۆركەس رۆڵی "ئایینی ـ كاریزمایی" بۆ بەلووتكەگەیشتنی كەسایەتی پێشەوا دەزانن، بەڵام ناتوانین رۆڵی "هێژمونی عەقڵانی"ئەو لەخودئاگایی، شوێن هەڵگرتنی درووست (جهتیابی معین)، هاوئاهەنگی، رێكخستنی بیروهزرو بەرهەمهێنانی لە پێكهاتەیەكی پراكتیزەكراو بەناوی" كۆماری كوردستان"دا، لەبەرچاو نەگیردرێ. گرینگتر ئەوەیە كە تایبەتمەندیی كەسایەتیی بەرزی ئایینیو بنەماڵەیی، دەبێتە "ئاوەزمەندێتی (عقلانیت)"ی رێبەریو جەماوەر بەهۆی هۆگریی خێڵەكیو هێندێكیش ناوەندخواز، لەكۆڕێكدا ئاپۆرایان دەداو بەناسینەوەو پێناسەكردنەوەی "شوناس"، هەستو ورەی "خۆیبوون (ما بودن)"نیان پێدەبەخشێ، "خۆیبوون"ێك كە ئەركی رەنگدانەوەو بەرز ڕاگرتنی بایەخەكان دەداتەوە بەجەماوەرو بەواتای "ئیدئۆلۆژی نەتەوەیی"، شوناسو كەسایەتی نەتەوەیەك دەنوێنێت.
تایبەتمەندیی دیكەی "كۆماری كوردستان"، پێكهێنانی رەوشێكی لەبار بۆ دەورانی تێپەڕین لەپێكهاتەیەكی نەریتی بۆ ئۆرگانیزاسیۆنێكی "مۆدێڕن"ە. سەرهەڵدانی "كۆمەڵەی ژ.ك" یان كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردو كاریگەربوونی حیزبی هیوا لەكوردستانی عێراقدا، كە پێكهاتە نهێنییەكەی بەشێوەی رێكخستنێكی نهێنی لەسەر بنەمای "كوردبوون"و دواتر گۆڕان پێكهێنان لەپێكهاتەكەدا بۆ "حیزبی دێموكراتی كوردستان" لەگەڵ چوارچێوەیەكی تەواو دیاریكراوی "حیزبی مۆدێڕن"و چڕبوونەوەی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان لەچوارچێوەی "حیزبی"دا، یەكێكی دیكە لەتایبەتمەندییە گرینگەكانی كۆماری كوردستان لەو سەردەمەدا بەئەژمار دێت.
تایبەتمەندییەكی دیكەی كۆماری كوردستان، گەڵاڵەكردنی داخوازییە مۆدێڕنەكان لەسەردەمێكو لەشوێنێكدا كە لەبنەڕەتدا نە هەڵگری "كۆمارییە"و نە دێموكراسی. هێنانە بەرباسی گرینگی "كۆماری" لەپاڵ چەمكی "دێموكراسی" لە وڵاتێكی كاریزماپەروەر كە تانوپۆی هزرە حكوومەتییەكانی تەنیوەتەوە، هاوپێوەندییەكی پیرۆز بوو كە بنەما سەرەتاییەكانی گۆڕان لەچییەتی ئەم پێكهاتەیەو شكاندنی پێكهاتەی زەینی ـ نەستیی(ناخوداگاە) خەڵكی، نۆژەن كردەوەو هزری مرۆڤی رۆژهەڵاتی بەرەو "خەڵكباوەڕی" نە "كاریزماپەروەری" ئاراستە كرد.
هەوڵ بۆ جێگیركردنی پەروەردەو فێركردنی مۆدێڕن لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا، وەڕێخستنی دەسەڵاتی دادوەری، تێپەڕین لەخێڵگەراییو عەشیرەگەراییو ئاراستەكردنیان بەرەو "نەتەوەخوازیی كورد"، تێپەڕین لە دووبەرەكیو هەڵاواردنە ئاینییەكان، بەرەو قبووڵكردنی فرەئایینیو فرەیی، یەكیەتیی ئیستراتیژیك لەگەڵ ئازەرییەكانداو پەسندكردنی رێككەوتننامەی پشتیوانی لەكەمایەتییەكانی بیاڤی ژێر دەسەڵاتی كۆماری كوردستان، دامەزرانی سیستمێكی ئەمنییەتیی مۆدێڕن، چاپەمەنیو بڵاوكراوەكان بە ئازادیو هەوڵ بۆ پەرەپێدانی چاپو بڵاوكردنەوە، فێركردنی زمانی كوردی وەكوو زمانی فەرمیو دامەزرانی رادیۆو راگەیاندنی هەمەلایەنە بۆ دابینكردنی دێموكراتیكی پێداویستییە كولتووری، پەروەردەو فێركردن، سیاسیو هەموو بیاڤەكان لەپاڵ هەوڵا بۆ پراكتیزەكردنی ئامانجە دێموكراتیكەكان لەبیاڤی حكوومەتی كوردستاندا، لەتایبەتمەندییە بەرچاوەكانی دیكەی كۆماری كوردستانو ئەم دەورەیە بەئەژمار دێ.
لەبیاڤی "چاپەمەنی"یەكاندا ئەوەی كە "بەرچاوە" بڵاوكراوەكانی وەكوو: "نیشتمان"، "هاواری كورد"، "هاواری نیشتمان (ئۆرگانی یەكیەتیی جەوانانی كوردستان)"، "كوردستان"، "گۆڤاری هەڵاڵە"و... دەتوانین وەك بەڵگە بهێنینەوە. پێداگری لەسەر مافی دیاریكردنی چارەنووس بۆ نەتەوەكان، مافی دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەی كورد، مافی سەربەخۆیی نەتەوەكان، هەوڵ بۆ سەرهەڵدانی بزاڤێكی رووناكبیری بۆ كورد، بزاڤی فەرهەنگیی نەتەوەی كورد، ئاشتیو دێموكراسی بۆ جیهان، چوونە نێو بیاڤە فەرهەنگیو كۆمەڵایەتییەكانو جێگیركردنیان بە جێگای روانگە عەشیرەتی، ئەتنیكیو مەزهەبییەكانە كە بە روونی دەردەكەوێو پێویست بە بەڵگەهێنانەوەش ناكات.
گرینگیدانی "كۆماری كوردستان" بە مەسەلەی ژنانو دامەزراندنی یەكیەتییەكی تایبەت بۆ ژنان بە مەبەستی گرینگیدان بە كاروباری ژنان لەژێر چاودێریی راستەوخۆی "قازی محەممەد" ـ ئەویش لە دەورانێكدا كە شوناسی ژن وەكوو مرۆڤ لەرۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ حكوومەتەكانی ئەو كات نامۆ بوو ـ لە"قازی محەممەد"و "كۆماری كوردستان" نموونەیەك بۆ "رێبەری"و "دەسەڵاتداریەتی" دروست دەكات كە بەگەڕانەوە بۆ ئەو، دەتوانین زۆر لەپرەنسیپە دێموكراتیكەكان بۆ رێككەوتنی ئەوڕۆی كۆمەڵگای جیهانی وەدەست بهێنین.
پێشەوا قازی محەممەد تەنانەت لەكاتی ئاویلكەشدا، بۆ پارێزگاری لە"دێموكراسی"و "مافی دەنگدانی خەڵك"، "مەرگ"ی خۆی دەداتەوە دەستی دەنگی خەڵكی تا نەكا خەڵك لە"بیری نوێ"و "نوێخوازی" ئەو، بەگومان بن. ئەمەش لەوانەیە پڕبەهاترین تایبەتمەندیی "كۆماری كوردستان"و "پێشەوا قازی محەممەد" بێ. "كۆماری كوردستان"، دەتوانێ خاڵی دەستپێكی هەڵبژاردنێكی سیاسی بۆ دێموكراسی لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی دیكتاتۆرەكان لەرۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بێت.
سەرچاوەكان:
1) قاضی محمد و جمهوری در آینەی اسناد، بهزاد خوشحالی، 1380
2) وبلاگ نظریەهای ناسیونالیسم، بهزاد خوشحالی
3) ناسیونالیسم دمكراتیك و دمكراسی چند فرهنگی، كتێبی ئیلكترۆنیك، بهزادخوشحالی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر