۱۳۹۰ دی ۲۰, سه‌شنبه

عه‌بدولڵا حیجاب: حیکایەتی ئەوەی کە هێزەکانی چەپی کورد ئانتی تێزی بیری نەتەوەیی لە کوردستانن و سەنتێزی بەربەرەکانیی ئەوان لە گەڵ بورژوازیی کورد ئەو کۆمەڵگا خەیاڵیە دەبێ کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە خەیاڵی دامەزراندنی دایە، ڤایرۆسێکی فیکرییە کە تەنیا زەربە لە خەباتی عەداڵەتخوازانەی گەلی کورد بۆ ئازادی، دێمۆکراسی و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ دەدا


رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
له‌ نیوان ئه‌مڕۆ و دوێنێ دا
ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
عه‌بدوڵڵا حیجاب
به‌شی یه‌که‌م:
عه‌بدولڵا حیجاب: حیکایەتی ئەوەی کە هێزەکانی چەپی کورد ئانتی تێزی بیری نەتەوەیی لە کوردستانن و سەنتێزی بەربەرەکانیی ئەوان لە گەڵ بورژوازیی کورد ئەو کۆمەڵگا خەیاڵیە دەبێ کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە خەیاڵی دامەزراندنی دایە، ڤایرۆسێکی فیکرییە کە تەنیا زەربە لە خەباتی عەداڵەتخوازانەی گەلی کورد بۆ ئازادی، دێمۆکراسی و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ دەدا

کورته‌یه‌ک له‌ بیوگرافی به‌رێز عه‌بدولڵا حیجاب:
عەبدوللا حیجاب، گوندیم، کوردێکی زۆر ئاساییم. بنەوانم لە هەرێمی سەرئەلباکی سەر بە ئەیالەتی وان لە باکووری کوردستانن، خۆم و خووشک و براکانم خەڵکی ورمێین، منداڵەکانم لە باشووری کوردستان لە دایک بوون. ناسنامەی سەرەکیم کوردستانیە و بۆ ناسنامە لاوەکیەکانیش دەتوانم ئێرانی بم، عێراقی بم، تورکیەیی بم یا خەڵکی هیچکام لەو وەڵاتانەش نەبم. پێشمەرگە بووم، پەنابەر بووم، خوێندکار بووم، کارمەند بووم، بێ دەسەڵات بووم، بە دەسەڵات بووم و ئێستاش هەر لە گەڵ ئەو هەڵکێش داکێشە ڕووبەڕووم. هێندێک لەم لا و لەو لا گەراوم، زۆر پارلەمان و کۆشک و تەلارم بینیوە، بەڵام هەر ئەوینداری گوندە تەپ و تۆزاوییەکەی خۆم لە دەڤەری سۆمای ورمێم.
پرسیاره‌کان:
ـ  سه‌ره‌تای پرسیاره‌که‌م له‌ به‌رێزتان به‌ پرسیارێککی گشتگیر ده‌ست پێده‌که‌م، زۆرێک له‌ کارناسانی سیاسی پێیان وایه‌ که‌ کێشه‌ی کورد بۆ سیستم ومودیرییه‌تی سیاسی ده‌سه‌لاتانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان دا ده‌گه‌رێته‌وه‌، ئایا بزووتنه‌وه‌یسیاسی و کۆمه‌لایه‌تی کورد، به‌ مه‌به‌ستی دابین کردنی مافه‌ سیاسی و کۆمه‌لایه‌تییه‌کانیهه‌ڵقوڵاوی چ باروودۆخێک بوو؟ به‌ تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا؟
عه‌بدوڵا حیجاب: با لانی کەم ئێمەی کورد پرسی نەتەوەیی خۆمان بە "کێشە" نەناسێنین. ئێمە کێشەمان نیە، دۆزێکی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریمان هەیە کە ڕیشەی لە شێوەی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران لە گەڵ ماف و ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەی کورددا هەیە.
لە پێوەندی لە گەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا دەتوانین باسی سێ تێڕوانینی جیاواز بکەین: تێڕوانینەک کە زیاتر لە تێئۆری مودێرنیتەوە نزیکە ڕاپەرینە نەتەوەییەکانی کورد بەو دژکردەوانەوە دەلکێنێتەوە کە پێشەنگە نەتەوەییەکانی کورد لە بەرامبەر سیاسەتی نەتەوەسازیی دەولەتە تازە دامەزراوەکانی دەسەڵاتدار بە سەر کوردستانەوە نیشانیان دا و مەبەستیان ئەوە بوو کە جێگایەک بۆخۆیان لە دەسەلاتی سیاسی دا وەدەست بێنن. لەو ڕوانگەیەوە یەکەم ڕاپەرینی نەتەوەیی کوردستان بە ڕاپەرینی شێخ سەعیدی پیران و لە درێژایی ئەویشدا سەرهەڵدانی ئاگری لە دژی کۆماری نوێدامەزراوی تورکیە دەناسێنن. بە پێی ئەو تئێۆرییە یەکەم ڕاپەرینی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بزووتنەوە نەتەوەییە بوو کە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ی لێ کەوتەوە و لە باشووریش بزووتنەوەی بارزانی بە یەکەم سەرهەڵدانی نەتەوەیی کورد دەژمێرن.
ڕوانگەیەکی دیکە کە زیاتر خزمایەتی لە گەل ئەو تئێۆرییە سیاسیەوە هەیە کە بە تێڕوانینی ئێتنیسیستی دەناسرێ، ڕیشەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دەگەرێنێتەوە سەر دەسەڵاتی سوننەتیی میرنشینە کوردەکان و ویستی ئەوان بۆ سەروەری لە هەرێمێکی بەرفراوانتردا. لایەنگرانی ئەو تێڕوانینە، یەکەم تێئۆریسیەنی ئەو بیرە بە حەزرەتی ئەحمەدی خانی دەزانن کە لە کۆتایی سەدەی ١٧ی زایینی دا باسی پێویستی یەکیەتی کورد بە مەبەستی دامەزراندنی سەروەریی نەتەوەیی دەکا.
تێڕوانینی سێهەم کە لە ڕوانگەی منەوە باشتر لە گەڵ ڕاستیەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دەگونجێ، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەو ئاڵوگۆرە ئابووری، پیشەسازی و کۆمەڵایەتیانەوە گرێ دەدا کە لە کۆتایی سەدەی بیستەم لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕوویان دا. بێگومان بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ناتوانێ بە شێوەی بە تەواوی سەربەخۆ لەو ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەوە شکڵ بگرێ کە لە کۆمەڵگا جیرانەکاندا لە گۆڕێ دا بوون، بە تایبەت ئەو ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە لە کۆمەڵگاکانی ئەرمەنی، تورک و فارس و دواتریش لە کۆمەڵگای عەرەب دا ڕوویان دا. بەڵام ناکرێ سەرەتای شکڵ گرتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تەنیا بەو دژکردەوانەوە پێوەند بدرێ کە لە بەرامبەر دەسەڵاتە ناوەندییەکاندا ڕوویان داوە.
بەشێک لە پێشەنگەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەم لە بزووتنەوەی تەنزیمات لە نێوەڕاستی سەدەی ١٩ و لە سەردەمی عۆسمانیەکاندا و هەم لەو ئاڵوگۆرانەی کە بزووتنەوەی پاشایەتی دەستووری لە سەردەمی قاجار دا لێی کەوتەوە بە شێوەی چالاکانە بەشدار بوون. هەمووی ئەوان بە ناو و ناسنامەی کوردی خۆیانەوە ئەو دەم چالاکی‌یان دەنواند. تەنانەت سوارانی عەشایریی حەمیدییە کە لە خزمەتی سولتان حەمیدی عۆسمانی دا بوون ناسنامەیەکی کوردییان هەبوو. هەر چەند ئەو ناسنامانە ئەو دەم لە شکڵی ئێتنیکدا بوون و ناکرێ بە ناسنامەی نەتەوەییان بە حیساب بێنین، بەڵام پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یان هەر لەو ئاستەدا بوو کە ناسنامەی تورک و عەرەب و فارس لەو سەردەمەدا بووی.
سەرەتای جیاکردنەوەی ناسنامەکان لە نێوان کۆمەڵگا قەومیەکانی ئەو کات کە بە سەرەتای شکڵ گرتنی بیرۆکەی نەتەوەیی لە لای پێشەنگە نەتەوەییەکانی کوردیش دەژمێردرێ دامەزرانی جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقی لە ئیستانبۆل لە ساڵی ١٨٨٩دا بوو کە وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی تورک دەژمێردرێ، بەڵام بەشێکی دامەزرێنەران، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی کورد و عەرەبیش بوون. دواتر کوردەکان لە ساڵی ١٩١٠دا لەو کۆمەڵە جیابوونەوە و جەمعیەتی تعاون و ترقی کوردستانیان دامەزراند و دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری تایبەت بەو جەمعیەتە تا لەو ڕێگایەوە بیری نەتەوەیی خۆیان بڵاو بکەنەوە. بەر لە دامەزرانی ئەو کۆمەڵەیە، لە ساڵی ١٨٩٨دا گۆڤار یا رۆژنامەی دوو حەوتوانەی کوردستان دەستی بە وەشان کردبوو. لە مەیدانی خەباتی بە کردەوە بۆ ئازادیی کوردستاندا ڕاپەرینی چەکدارانە سەری هەڵدابوو و بە گشتی کوردستان لە رەوتی وشیاری نەتەوەییدا بوو. بۆیەش بە جێیە کە ریشەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بگەڕێندرێتەوە سەر ڕاپەرینی شێخی شەمزینان، سەیدا شێخ عوبەیدوللا شەمزینی لە ساڵەکانی ٨٠ی سەدەی نۆزدەی زاینی دا. هۆکاری ئەو سەرهەڵدانەش دەگەرێتەوە سەر هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو دەم و هەوڵدانی هەر کام لە کۆمەڵە قەومیەکانی ئەو سەردەمە بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی لە ناوچەی خۆیاندا. بۆ شێخ عوبەیدوللا دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کە بتوانێ ببێ بە هاوپەیمانی عۆسمانی لە کێشەی دژی ڕووسەکان، ئەرمەنیەکان و دەوڵەتی شیعەی قاجاردا هەم لە ڕووی نەتەوەییەوە و هەم لە رووی دینیەوە واجبێکی سەر شان بوو. بە دوای ئەو ڕاپەرینە، هەر دوو ڕاپەرینەکانی شێخ مەحموودی حەفید و سمایل ئاغای شکاک یا سمکۆ هەر بەو مەبەستە دەستیان پێکرد.
با ئەوەش لە بیر نەکەین کە جیاوازییەکی مەزن لە نێوان قۆناغی سەرهەڵدان و قۆناغی بە جەماوەریبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا هەیە. ئەوانەی من باسم کردن بە قۆناغی سەرهەڵدانی بزووتنەوە و شکڵ گرتنی بیری نەتەوەیی لە لای کۆمەڵێکی پێشەنگی کۆمەڵگاوە دەژمێردرێ. بۆیەش دوای هەر سەرهەڵدانێک، بە لە نێو چوونی سەرکردە یا سەرکردەکانی ڕاپەرینەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، خەباتی نەتەوەییش بێدەنگ دەبوو. قۆناغیی بە جەماوەریبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان زۆر نوێیە.
پ ـ  سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ سه‌ده‌ی گۆڕانکارییه‌ مه‌زنه‌کان له‌ ئاستیجیهانیدا ناوزه‌د ده‌کرێ، به‌ڵام کورد به‌ پێی هه‌ڵکه‌وتوویی له‌ ناوچه‌ی قه‌یراناوییرۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌‌رده‌وام به‌ره‌و شکست رووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، به‌گشتی سه‌ده‌یبیسته‌م بۆ کورد و به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان  چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
و ـ سەدەی بیستەم نە تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەڵانی دانیشتووی  ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردەمێکی پر لە ڕووداو و قەیران بوو. لەو سەدەیەدا خەریتەی سیاسی هەرێم شکڵی گرت، وەڵاتانی نوێ دامەزران و کوردستان کرا بە کۆلۆنیەکی نێو دەوڵەتی. هەر لەو کاتەشدا ڕووداوە سیاسیەکانی سەدەی ڕابردوو ئەو دەرفەتەیان بۆ خەڵکی کوردستان پێک هێنا کە هەبوونی خۆیان وەک نەتەوە بسەلمێنن و لە سەر ئەو بنەمایە داوای مافی بەشداربوون لە دەسەڵاتی سیاسی دا بکەن.
هەموو شکستەکانی کورد لە سەدەی ڕابردوودا هەستانەوەیەکی بە هێزتریان بە دواوە بووە. کە وابوو شکستەکان کاتی و تەنیا لەمپەرێک بوون لە سەر ڕێگای خەباتی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە یەکسانی و ئازادی.  ئەگینا خەباتی نەتەوەیی کورد زیاتر گەشاوەتەوە و لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا گەیشتە ئاستی هەرە بەرزی خۆی. لە باشووری کوردستان دەسەڵاتێکی نەتەوەیی دروست بوو، لە باکوور خەباتێکی بەرینی جەماوەری دەستی پێکرد و لە ڕۆژهەڵات گەشەکردنی بیری نەتەوەیی گەیشتە قۆناغێکی بەرز کە تەنانەت زەخت و زۆریی دیکتاتۆریی حاکمیش ناتوانێ بە تەواوی پێش بە خۆنواندنی بگرێ.
لە ڕوانگەی منەوە بەرهەمی خەباتی نەتەوەیی کورد لە سەدەی بیستەمدا لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا بە نرخێکی زۆر کەمتر لەوەی کە کورد تا ئێستا داویەتی بە ئەنجام دەگا. 
پ ـ  ئه‌گه‌ر قۆناخی به‌هێزی کورد له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌سنیشان بکه‌ین، کام قۆناخ و ساڵان بۆ کورد وه‌ک خاڵی وه‌رچه‌رخانده‌سنیشان ده‌که‌ن؟
دامەزرانی جەمعیەتی تعاون و ترقی لە ساڵی ١٩١٠، هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی شەریف پاشا و سەرکردەکانی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی بۆ کورد پاش شەری جیهانیی یەکەم کە چەند خاڵێکی پەیمانی سێڤری لێ کەوتەوە، ڕاپەرینی شێخ سەعیدی پیران، سەرهەڵدانی ئاگری و دامەزراندنی دەوڵەتی کاتیی کورد لە بناری کێوی ئاگری،  ڕاپەرینەکانی سمکۆ لە کۆتایی شەری جیهانی یەکەمەوە تا کۆتایی ساڵەکانی ٢٠ی سەدەی بیستەم، ڕاپەرینی شیخ مەحموودی حەفید، دامەزرانی کۆمەڵەی خۆیبوون لە ساڵی ١٩٢٧دا، کۆمەڵەی هیوا لە ساڵەکانی شەری دووهەمی جیهانی، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ساڵ١٩٤٢ و پاشان گۆڕانی بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥دا،دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، ڕاپەرینی بارزانی، ڕاپەرینی چەکدارانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، سەرهەڵدانی چەکدارانە لە باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤ەوە، دامەزرانی بزووتنەوەی یاسایی کورد لە تورکیە لە ساڵەکانی ٩٠ەوە، دامەزرانی حکوومەتی هەرێم کوردستان لە ساڵەکانی ٩٠ەوە هەموویان بە دەستکەوتی گەورەی کورد دەژمێردرێن. بەڵام وەکوو قۆناغەکانی وەرچەرخان دەبێ پەیمانی سێڤر، ڕاپەرینی شێخ سەعید، دامەزرانی کۆماری کوردستان، دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە جەماوەریبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان لە ساڵەکانی ٩٠ەوە و شۆڕشی مێدیای کوردی بە دامەزرانی تەلەڤیزیۆنی ساتێلیتی ناو بەرین.
پ ـ ئه‌گه‌ر به‌ پێی رووداوه‌کان و شوێندانه‌رییان درێژه‌ به‌ پرسیاره‌کانبده‌م، له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم بالی به‌سه‌ر فه‌زایسیاسی و رێکخراوه‌یی کوردستان کێشا. زۆر له‌ حزب و رێکخراوه‌کان به‌ بیرۆکه‌ی چه‌په‌وه‌باشاری جه‌ریانی ناسیونالیستی کورد بوونه‌وه‌، کێشه‌ی کوردیان له‌ بیاڤی سیستمیکۆمه‌ڵایه‌تی چینی سه‌رمایه‌دار دا وێنا ده‌کرد، ره‌وتی مارکسیستی کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێننو کوردستان کێشه‌ی کوردی به‌ره‌و چ ئاقارێک برد ؟
با بەر لە هەموو شتێک هەڵەیەک لە بواری تێگەهی (مفهوم) تێئۆریکەوە کە بە داخەوە لە لای زۆر ڕووناکبیر و سیاسەتمەداری کوردیش بووە بە باو، بەڵام هەڵەیە، زیانهێنەرە و لە دژی مەبەستی خۆی کار دەکا ڕاست کەمەوە. تێگەهی ناسیۆنالیزم لە تێئۆری سیاسیدا و لە کردەوەی سیاسیش دا لە بزووتنەوەی ناسیۆنال یا بزووتنەوەی نەتەوەیی جیاوازە. بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەیەکی نەتەوەییە کە لە تئێۆری سیاسی دا پێ دەڵێن National Movement و کوردییەکەی دەبێ بە بزووتنەوەی نەتەوەیی. بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی Nationalistic Movement ە کە بە کوردی دەبێتە بزووتنەوەی نەتەوەپەرست، ئایدیۆلۆژییەکی سیاسیە کە هزری نەتەوەیی دەکا بە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و لە نێوبردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەیی خۆیانەوە. ئەوەی یەکەمیان عەداڵەتخواز و ڕزگاریدەرە، ئەوەی دووهەمیان هێڕشکار و چەوسێنەوە. جەوهەری بزووتنەوەی کوردی لە گەڵ ناسیۆنالیزم نامۆیە و ناکرێ بە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی بناسێندرێ. ئەوە غەدرێکە لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی کورد کە خەبات بۆ ئازادی نەتەوەیی لە گەڵ ئایدیۆلۆژییەکی دڕ کە لە سەر بنەمای هەڵاوەردن و هێڕشکاری دامەزراوە تێکەڵ بکرێتەوە.
ئێستا با بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکەت. کەم تا کورتێک هەموو ڕاپەرینەکانی کورد پاش شەری جیهانی دووهەم ڕەنگێکی سووریان پێوە دیار بووە. بە گشتی سوننەتی حیزبایەتی لە کوردستان ڕیشەی لە بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکاندا هەیە، بەڵام زۆربەی هێزەکان لە قۆناغێک دا خۆیان لە ئایدیۆلۆژیی چەپی کلاسیک ڕزگار کردوە و بە شێوەیەک لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دوور کەوتوونەتەوە. ئێستا ئەو هێزانەی کە دەعیەی کۆمۆنیستبوون دەکەن، زیاتر ئۆگری لایەنی عەداڵەتخوازیی بزووتنەوەی چەپن تا لایەنی ئادیدیۆلۆژی کلاسیکی ئەو بزووتنەوەیە. هەر چەند تاک یا کۆمەڵی بچووکی توندڕەویش هەن کە ئایدیۆلۆژیی چەپ وەکوو دینێکی نوێ چاو لێ دەکەن و بوون بە سۆفیی تەریقەتی کۆمۆنیستی. بەڵام ئەوانە هیچ کات نە هێزێکی جیددی بوون و نەش تەنانەت بارێکی سەر شانی هەژارانی کوردیان سووک کردۆتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئایدیۆلۆژیی چەپ دەوری دووبەرەکی نانەوە و چەواشەکاریی لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی کورددا گێڕاوە. ئەوا بە مانای کەم کردنەوەی دەوری شۆڕشگێرانەی ئەو بە هەزاران تێکۆشەرە چەپە نیە کە لە ڕیزی ڕێکخراوە مارکسیستیەکاندا بۆ ئازادیی کوردستان تێدەکۆشان، ئۆگری ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوون و ئێستاش هەر لە مەیدانی تێکۆشان دا ماون. قسەی من لە سەر ئایدیۆلۆژیی چەپ یا مارکسیستیە کە لە سەر بنەمای کێشە نانەوە یا کۆنفلیکت دامەزراوە و بە توندی لە دژی پێکەوە ژیان یا ژیانی هارمۆنیک لە هەموو کۆمەڵگایەک ڕادەوەستێ. دوبارە با ڕوونی کەمە تا ئەو قسەیە بە چەواشە لێک نەدرێتەوە: حیکایەتی ئەوەی کە هێزەکانی چەپی کورد ئانتی تێزی بیری نەتەوەیی لە کوردستانن و سەنتێزی بەربەرەکانیی ئەوان لە گەڵ بورژوازیی کورد ئەو کۆمەڵگا خەیاڵیە دەبێ کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە خەیاڵی دامەزراندنی دایە، ڤایرۆسێکی فیکرییە کە تەنیا زەربە لە خەباتی عەداڵەتخوازانەی گەلی کورد بۆ ئازادی، دێمۆکراسی و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ دەدا.
ئێستا تەنیا لایەنی جیددی سیاسی لە کوردستان کە لە سەر بنەمای سوننەتی سیاسی چەپ کار دەکا و جارێ سۆسیالیسمی وەلا نەناوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بە لق و پۆپەکانیەوەیە. بەڵام پکک ڕێبازێکی سەربەخۆی دامەزراندوە و خۆی بە چەپی کلاسیک نازانێ، هەر چەند کە لە بواری تئێۆری سیاسیەوە ئایدیۆلۆژیی ئەو ڕێکخراوە دەکەوێتە خانەی بیری توندڕەوی چەپەوە و کولتووری سیاسی ئەو ڕێکخراوەش لە گەڵ کولتووری دێمۆکراسی لیبەرال جیاوازە. باقی هێزە جیدییە سیاسیەکانی کورد، هەر نەبێ بە قسە لایەنگری کولتووری دێمۆکراسی لیبەراڵن کە ڕێگا بە شکڵ گرتنی سیستەمێکی فرەچەشن یا پلۆرال دەدا. لە ڕاستیدا خەباتی بە کردەوەی پکک ش لە قۆناغی ئێستاداهەر خزمەت بەو فەرهەنگە سیاسیە دەکا، بەڵام ئەگەر لایەنی زێهنی ئەو ئایدیۆلۆژییە دەرفەتی گەشەکردن پەیدا بکا و ببێ بە فەرهەنگی سیاسیی زاڵ، ئەو دەم بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی کوردستان لە گەڵ لەمپەر یا چالشی جیددی ڕووبەڕوو دەبێ.

درێژه‌ی هه‌یه‌ ....     

هیچ نظری موجود نیست: