۱۳۹۰ دی ۲۵, یکشنبه

عه‌بدوڵڵا حیجاب: بزووتنەوەی کورد پێویستی بە کۆپی کردنی مودێلی خەباتی شوێنەکانی دیکە نیە، پێویستی بە سارێژکردنەوەی برینەکانی خۆی هەیە...


رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا
ئا: ئه‌فراسیب گرامی
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی
عه‌بدوڵڵا حیجاب: بزووتنەوەی کورد پێویستی بە کۆپی کردنی مودێلی خەباتی شوێنەکانی دیکە نیە، پێویستی بە سارێژکردنەوەی برینەکانی خۆی هەیە. پێویستی بەوەیە کە زێهنیەتی دوورخەرەوە، دووبەرەکی ساز، کێشەخوڵقێن و دڵساردکەرەوە وە لا بنێ و بە ڕووحی یەکگرتووی نەتەوەییەوە بۆ پێشەڕۆژ بەرنامە دابڕێژێ. من لە دروشمدان و بە پێچەوانەکارکردنی سیاسەتمەدارانی کورد ماندوو بووم و دڵنیام کە بە گۆڕینی فەرهەنگی سیاسی زاڵ دەکری ڕەوشی سیاسی بزووتنەوەی کوردستان ئاڵوگۆڕی چەندی و چۆنی بە سەر دابێ

پ ـ پاش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی 57، سیستمێکی دێموکراتیک له‌ ئیراندا جێگیر نه‌بووو کێشه‌ی کورد بێ چاره‌سه‌ری مایه‌وه‌ و بگره‌ ویسته‌کانی کورد رادیکاڵتر هاتنه‌گۆرێتا راده‌یه‌ک که‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد  هه‌ڵگیرسانی شه‌ر له‌ کوردستاندا بوو، زه‌مینه‌کانیپێکنه‌هاتن و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی چ بوون؟
کورد پاش ساڵی ١٩٧٩ یا ٥٧ی زاینی لە دەسەڵاتی ناوەندی دوور نەکەوتەوە، دەسەڵاتی ناوەندی لە هیچ قۆناغێک دا کوردی لە بازنەی دەسەڵات نزیک نەکردەوە. لە ڕوانگەی منەوە سەرەکیترین هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان و دەوڵەتی ئێراندا دەگەڕێتەوە سەر زێهنیەتی فراوانخوازی دەسەڵاتداران کە پاش شۆڕشی ٥٧ ئاڵوگۆری بە سەردا نەهات.
گەلی کورد ئەو دەرفەتەی کە ساڵی ١٣٥٧ پێک هاتبوو بۆ هێنانە گۆڕێی داوانەتەوەییەکانی خۆی بە کار هێنا و دەوڵەتی نوێش هەر بە تێڕوانینی سەردەمی پاشایەتیەوە دەیەویست مامەلە لە گەڵ داخوازەکانی گەلی کورد بکا. کاتێک نەتەوەی کورد هەوڵی دا کە پێش بە سیاسەتی داپلۆساندن و بێدەنگکردنی خەڵکی کوردستان بگرێ، شەڕ دەستی پێکرد و ئاسایی بوو کە مەودای نێوان گەلی کورد و دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر بێ.  
پ ـ به‌گشتی شه‌ڕ له‌ کوردستان  چئاسه‌وارێکی له‌ دوای خۆی به‌جێ هێشت؟
و ـ شەر هیچ کات چاککەرەوە نیە و ئاسەواری باشی نابێ. بەڵام شەڕ ئەو نرخەیە کە گەل ئامادەیە بۆ ئازادیی خۆی تەحەممولی بکا. شەری کوردستانیش لەو ڕاستیە بە دوور نیە. ئاسەوارەکانی ئەو شەرەی کە کۆماری ئیسلامی بە دژی گەلی کورد بەرێوەی بردوە و ئێستاش سەرەڕای واز هێنانی هێزە سیایسەکانی کورد لە شەری چەکداری هەر بە یەکجاری کۆتایی پێ نەهاتوە، وێڕای لە دەستدانی سەرمایەیەکی گەورەی مرۆڤی و ئابووری، نەبوونی ئاسایش و ئەولەکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەموو ناوچەکانی کوردستانە. بە هەزاران پێشمەرگەی کوردستان گیانیان لە دەست داوە و لە دەستدانی هەر مرۆڤێک خۆی لە خۆی دا خەسارێکی قەرەبوونەکراوەیە و هەر یەک لەو پێشمەرگانە دەیانتوانی لە ئاوەدانکردنەوە و گەشە پێدانی کۆمەڵگای خۆیان دا دەوری گرینگ بگێڕن. بە دەیان هەزار کەسی بێ تاوان بوون بە قوربانیی شەرخوازیی ڕێژیم و بە دوای خۆیان دا بە هەزاران بنەماڵەی داغدار و بە نیازیان بە جێ هێشتوە. بە هەزاران کورد بوون بە قوربانیی سیاسەتی دژی مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی. ئەوانە هەموویان بنەماڵە و کەسوکاریان هەیە و هەر چەند بەشێکیان لە بەرەی دژی گەلی خۆیان دا بوون، بەڵام ئەگەر ئێستا دەرفەتی ژیانیان بوایە ڕەنگە ڕێبازێکی دیکەیان هەڵبژاردبایە.
شەڕ هەروەها کولتووری توندوتیژی دەخوڵقێنێ کە ڕێگا لە تەحەموول کردنی یەکتر، دێمۆکراسی و گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ دەگرێ و ئەوەش خەسارێکی گەورەیە. لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بە دەیان هەزار کەس لە دەرفەتی ژیانی ئاسایی بێ بەش کراون، لە بنەماڵە و چوارچێوەی ژیانیان دوور خراونەوە و بناغەی ژیانێکی ئاساییان لە دەست داوە. هەمووی ئەوانە گرفتی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن. ئاسەوارەکانی دەروونی شەر، دژمنایەتی و توندوتیژی، زۆری پێ دەچێ تا قەرەبوو دەکرێتەوە. هەروەها لە بوارەکانی ئابووری و گەشەسەندنیشەوە کوردستان لە ئاستێکی هەرە خوارەدا ڕاگیراوە و ئەوەش کێشە دەخوڵقێنێ. 
پ ـ وڵاتی ئێران و کوردستان به‌تایبه‌تی به‌دوای شۆڕشی 57 و ده‌یه‌ی شه‌ست،به‌ سه‌ختتریتین بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕی پاش ئه‌و فه‌زایه‌، ره‌وتیرێفۆرم که‌ به‌ 2ی جۆزه‌ردان ناوبانگی ده‌رکرد سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ستێنه‌ سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی رێفۆرم له‌ ئێراندا بوارێکی بۆ مشارکه‌تیسیاسی کورد له‌ ئاستی پارلماندا هێنایه‌ گۆڕێ، جه‌نابتان ئه‌م فه‌زایه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
و ـ ئەو دەرفەتەی کە پاش ڕەوتی ٢ی جۆزەردان هاتە پێش، بەر لەوەی کە دەرفەتێکی سیاسی بۆ خۆنواندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بێ، تەقینەوەیەکی جەماوەری بە مەبەستی خۆدەرباز کردن لەو قەیرانە بوو کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران پێکی هێنابوو. بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لە خوڵقاندن و بەرەو پێش بردنی ئەو دەرفەتەدا دەورێکی نەبوو، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ تێیدا بەشداری کرد. من پێم وایە کە ئەگەر هەر لە سەرتاوە بە لێکدانەوەیەکی کراوەترەوە سەیری ئەو دەرفەتەمان کردبا، ڕەنگە کۆمەڵێکی زیاتری خەڵکمان لە دەوری بەرنامەی سیاسی بزووتنەوە کۆکردبایە. بەڵام دڵنیا نیم کە دەستکەوتێکی زیاترمان وەدەست دەهێنا. پرۆسەی سیاسی ئەو کات لە ژێر سێبەر و لە چوارچیوەی سیستێمێکدا بەڕێوە دەچوو کە لە کوللیەتی خۆی دا لە دژی داخوازەکانی گەکی کورد بوو.
بەڵام سەرەڕای سنوورداربوونی دەرفەتەکان، لەو سەردەمە دا کۆمەڵێک چالاکڤانی کوردی دانیشتووی دەرەوەی وەڵات هەوڵیان دا کە لە گەڵ بزووتنەوەی نێوخۆ پێوەندیی فیکری دابمەزرێنن. لە نێوخۆش دا هەوڵێکی وا هەبوو. من دواتر لە کوردستان چاوم بە هێندێک گۆڤار و ڕۆژنامەی نێوخۆی وەڵات کەوت کە تەنانەت نووسراوە و بابەتەکانی منیان بڵاو کردبوەوە، بە بێ ئەوەی کە خۆم ئاگادار بم. واتە هەوڵ دان بۆ سوود وەرگرتن لەو سەرمایە نەتەوەییەی کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و بەشێکیشی لە دەرەوەی وەڵات شکڵی گرتبوو و بزووتنەوەی نێوخۆیی پێویستی پێ هەبوو بە جیددی لە گۆڕێ دا بوو.
هەر چەند ئەو ڕەوتەی کە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی خاتەمی دا هاتە گۆڕێ، بە ئاکام نەگەیشت و لە بنەڕەت ڕا ئەوانەی کە لە دەوری خاتەمی بوون بڕوایان بە گۆڕانی ڕەفتاری ڕێژیم نەبوو، بەڵام خەڵک لەو سەردەمەدا توانی تا ڕادەیەک ویست و داخوازەکانی بێنێتە گۆڕێ. سەرەڕای ئەمەش، بەرەیەکی دیکە لە ڕووناکبیرانی تازە پێگەیشتووی کورد هاتنە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیەوە و توانیان لە قۆناغی نوێی خەباتی نەتەوەایەتی دا دەور بگێڕن. بەشێکی کادرە لاوەکانی بزووتنەوەی کورد بەرهەمی ئەو خەباتەن.  
8 ـ ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند خاڵدا ده‌سنیشان بکه‌ین، جیاوازییه‌کانی پرسی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد و ریفۆرمخوازی ده‌وڵه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز که‌ له‌مدواییانه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا،  له‌ چیدان؟
یەکەم خاڵ تێڕوانینی لایەنەکان لە سەر قەوارە یا ستروکتووری دەسەڵاتە. ڕێفۆرمخوازەکانی ئەو دەم و ئێستاش بە شێوەی گشتی دەیانەوێ لە چوارچێوەی سیستەمی ویلایەتی فەقیهی دا، رواڵەتێکی نەرم لە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی کۆماری ئیسلامیان لە بنەڕەت ڕا ناوێ. واتا جیاوازیی یەکەم لەوە دایە کە داخوا ڕێفۆرم بە مەبەستی ڕاگرتنی ڕێژیمە یا خود کاناڵێکە بۆ تێپەڕبوون لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. گۆڕانخوازانی نێوخۆیی دەیانەوێ یاسای گشتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بەرن، بزووتنەوەی کوردی ئەو یاسایە بە سەرچاوەی هەموو گرفتەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەزانێ.
دووهەم خاڵ، تێروانینی لایەنەکان لە سەر چۆنیەتی دابەش کردنی دەسەڵاتە. چارەسەریی پرسی کورد لە بە ڕەسمیەت ناسینی ناسنامەی نەتەوەیی و بەشداریکردنی کورد لە دەسەڵاتی سیاسی دوورەپەرێز لە ناوەندگەرایی دایە. بزووتنەوەی سەوز ئێرانێکی دەوێ کە خاوەنی دەسەڵاتێکی بە هێزی ناوەندی بێ. کە وابوو بابەتی دووهەمی جێگای ناکۆکی شێوەی دەسەڵاتداری پاش ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە. کورد ناتوانێ لە گەڵ ڕەوتێکدا بێ کە هەبوونی ناسنامە جیاوازەکان ئینکار دەکا و ئامادە نیە لە گەڵ هەرێمەکان دەسەڵاتی سیاسی دابەش بکا.
سێهەم خاڵی جیاواز، ڕۆڵی ئایین و ئێتنیسیتە یا قەومیەت لە شکڵ پێدانی ناسنامە و یاسای نوێی وەڵات دایە. لە سەردەمی پاشایەتی دەستوورییەوە تا ئێستا نرخە کولتووری، مێژوویی، زمانەوانی و کۆمەڵایەتیەکانی نەتەوە یا قەومیەتی فارس و ئایینی شیعەی دوازدەئیمامی دوو بنەمای سەرەکی بۆ پێناسە کردنی ناسنامەی ئێرانی بوون. یاسایەکی نوێی دێمۆکراتیک، وێڕای ڕێزگرتن لە هەمووی ئەو نرخانە، دەبێ ڕێزی یەکسان بۆ هەموو نرخەکانی باقی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران دابنێ و لە جیاتی نرخە جیاکەرەوەکان، پێداگری لە سەر نرخە کۆکەرەوەکانی وەکوو دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ و یەکسانی بکا. بزووتنەوەی گۆڕانخوازی ئێران جارێ خۆی لە سەر ئەو بابەتە گرینگە ساخ نەکردۆتەوە.
چوارەم خال، پێوەندی نێونەتەوەییە. بزووتنەوەی کوردستان پێویستی بە پێوەندییەکی قووڵی کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زمانەوانی و پەروەردەیی لە گەڵ وەڵاتانی جیران کە کوردیان تێدا دەژی هەیە. بۆ ئازەربایجانیەکان، بەلووچەکان، تورکمەن و عەربەکانیش هەر ڕەوشێکی ئاوا لە گۆڕێ دایە. بۆیەش بۆ بزووتنەوەی کوردستان گرینگە کە هاوکاریی هەرێمی، لە چوارچێوەی هەڵگرتنی لەمپەرەکانی هاتوچوو، بازەرگانی، خزمەتگوزاری، دامەزران و سەرمایەگوزاری پتر گەشە بکا و مودێلێکی نوێی سیاسی لە ناوچەدا گەشە بسێنێ. ئەو بیرۆکەیە بۆ سەرانی بزووتنەوەی سەوز نامۆیە. کە چی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ئێران لە داهاتوودا تەنیا مودێلی کاریگەر دەبێ.
ئەگەر بچینە نێو وردەکارییەکانەوە دەتوانین جیاوازی دیکەش ڕیز بکەین. بەڵام هەمووی ئەو خاڵانە لە چوارچێوەی یاسایەکی گشتیی نوێ دا کە لە سەر بنەمای دێمۆکراسی و پیوانەکانی مافی مرۆڤ شکڵی گرتبێ چارەسەر دەکرێن. کەوابوو بە دێمۆکراتیزە کردنی ئێران لە ڕێگای دەستوورێکی نوێیەوە گرفتێک لە سەر ڕێگای پێکەوە کارکردن نامێنێ. نموونەی ئەو ڕەوتە لە ئەورووپا دەبینین. ئێستا ڕەنگە مودێلی یەکیەتیی ئەورووپا سبەینێ لە گەڵ گرفتی جیددی ڕووبەڕوو بێ و تەنانەت سەریش نەکەوێ، بەڵام مودێلی هاوکاری لە سەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندیی دوولایەن باشترین جێگرە بۆ ڕەوشی ئێستا.
9ـ پرسی نێوان ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌ سیاسییه‌کانی کورد (حیزبه‌کان) چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
هێزەکانی کورد بۆ دابەش کردنی دەسەڵات و بەشداری لە ڕەوتی بریارداندا تێدەکۆشن. دەسەڵاتداران ئەو داوایە رەد دەکەنەوە. تەنانەت لە باشووری کوردستان و عێراق کە کورد یەکێک لە پایەسەرکیەکانی دەسەڵاتە، ئەو گرفتە بە یەکجاری چارەسەر نەکراوە. من پۆێم وایە بە بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی و پشتیوانیی بەرینی خەڵک لە داخوازەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، دەوڵەتەکان سەرئەنجام ناچار دەبن کە تێروانینیان بە نیسبەت هێزەکانی کوردستان بگۆڕن. بەڵام بۆ ئەوەی هێزەکانی کوردیش ببن بەو فاکتۆرە کاریگەرەی کە هەموو لایەک حیسابیان لە سەر بکەن، دەبێ پرۆژەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی، هەر نەبێ لە چوارچێوەی ئەو وەڵاتانەی خەباتیان تێدا دەکەین پێشکەش بکەین. هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیان بەوە هەیە کە هەر چی زووە خۆیان لەو پچڕ پچڕی و ناکۆکیانەی کە هەیانە ڕزگار بکەن. 
پ ـ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی هه‌میشه‌راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ شوێندانه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و به‌تایبه‌تیکوردستانی ئێران، به‌هاری عه‌ره‌بی و رووخانی دیکتاتۆره‌کان چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌‌رکورد له‌ کوردستانی ئێران هه‌یه‌؟ ئایا کۆپی وه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ک له‌ کوردستانیئێراندا مه‌حاڵ ده‌بێت؟
بزووتنەوەی کوردستان لە کۆپی کردنی مودێلی سیاسی یا مودێلی خەبات دەستکەوتێکی نەبووە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگای کوردستان تەنیا دەرفەتی پێشکەوتن و گەشە سەندنی بەو مودێل و شێوەکارانە داوە کە لە گەل پێشینەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری گەلی کورد دەگونجێ. بۆیەش هەموو بزووتنەوە سیاسیە خۆماڵیەکان توانیویانە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بزووتنەوە نامۆکان لە مەیدان دەرکراون. نموونەکەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیە کە بە ڕاستی لە کوردستاندا هێز نیە، بەڵام هەر دوو ڕەوتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی سۆسیال دێمۆکراتی عەداڵەتخواز جێگە و پێگەیەکی شیاویان لە کوردستان پەیدا کردوە.
لە بواری فێربوون لە ئەزموونەکانی ئەو بزووتنەوە سیاسیەی کە بەهاری عەرەبی لێی کەوتەوە، سروشتیە کە هەر ئەزموونێکی سەرکەوتوو لایەنی وای هەبێ کە تێکۆشەرانی کورد دەرسی لێ وەربگرن. من کە ڕابردووی تێکۆشانی نەتەوەی کورد لە گەڵ ڕاپەرینی وەڵاتانی عەرەبی هەڵدەسەنگێنم، دەبینم کە ڕاپەرینەکانی کوردستان ڕابردوویەکی پر ئەزموونتریان هەیە و ماوەی خۆڕاگرییان درێژخایەنتر بووە. بەڵام کورد نە پشتیوانی دەرەکیی جێگای متمانەی هەیە و نە ئەو یەکگرتووییەی کە بتوانێ سەرکەوتنمان مسۆگەر بکا. کە وابوو یەکەم دەرس و گرینگترینیان کە دەکرێ لەو بزووتنەوەیە وەربگیرێ، یەکڕیزیە.
خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستان یەکێک لە درێژخایەنترین بزووتنەوە نەتەوەییەکان بووە کە تا ئێستا لە گۆڕێ دایە. بە پێچەوانەی زۆربەی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان کە پێشتر بە شێوەی نایەکگرتوو، لێرە و لەوێ و لە کۆمەڵی بچووکەوە دەست پی دەکەن و دواتر هەم دەبن بە خەباتی سەرانسەریی جەماوەری و هەم پلاتفۆرمی هاوبەشی خەبات دروست دەکەن، ئێمەی کورد بە شێوەی یەکگرتوانە دەست پێ دەکەین و دوایە بەردەبینە گیانی یەکتر. لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هێزە سیاسیەکانی کوردی ڕۆژهەڵات زۆر شانازی گەورەیان وەدەست هێناوە، بەڵام لە هەمان کاتیش دا هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دیاردەی مەحکوومی شەری براکوژی بوون. ئەو زێهنیەتەی کە ئەو تاوانەی لێ کەوتەوە، ئێستاش بە هێزە و ئەگەر دەرفەتی بێ، دوور نیە ئەو ڕابردووە نەخوازراوە دووبارە بکاتەوە.
کە وابوو بزووتنەوەی کورد پێویستی بە کۆپی کردنی مودێلی خەباتی شوێنەکانی دیکە نیە، پێویستی بە سارێژکردنەوەی برینەکانی خۆی هەیە. پێویستی بەوەیە کە زێهنیەتی دوورخەرەوە، دووبەرەکی ساز، کێشەخوڵقێن و دڵساردکەرەوە وە لا بنێ و بە ڕووحی یەکگرتووی نەتەوەییەوە بۆ پێشەڕۆژ بەرنامە دابڕێژێ. من لە دروشمدان و بە پێچەوانەکارکردنی سیاسەتمەدارانی کورد ماندوو بووم و دڵنیام کە بە گۆڕینی فەرهەنگی سیاسی زاڵ دەکری ڕەوشی سیاسی بزووتنەوەی کوردستان ئاڵوگۆڕی چەندی و چۆنی بە سەر دابێ.  
پ  ـ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ چه‌ند خاڵدا خه‌سارناسی یان پاتۆلۆژی بزووتنه‌وه‌یسیاسی بکه‌ین، ئه‌و خالانه‌ کامانه‌ن و زۆرتر چ به‌ستێنیک ده‌گرێته‌وه‌ که‌بزووتنه‌وه‌ی کوردی لاواز یان به‌هێز بووه‌؟
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر چەند بزووتنەوەیەکی یەکدەنگ و خاوەنی یەک بەرنامەی هاوبەش نیە، بەڵام بە شێوەی هاوتەریب زۆر قۆناغی دژواری خەباتی تێپەڕ کردوە و سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگای ئێستاش لە تێکۆشانی سیاسی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد بەردەوامە. ئەو بەردەوامیە خاڵی هەرە بە هێزی ڕێکخراوەکانی سیاسی کوردە. کۆڵنەدان لە تێکۆشانی بەردەوام لە دژی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، ڕەوابوونی داخوازەنەتەوەییەکانی گەلی کورد و نامەشرووعبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای کوردستاندا نیشان داوە و جیهانیشی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە کە کۆماری ئیسلامی نوێنەری گەلانی ئێران نیە. ئەو بزووتنەوەیە هەر وەها زۆر نرخی بەرزی نەتەوەیی خوڵقاندوە کە لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا دەکرێنە هەوێنی شکڵ گرتنی قەوارەی نەتەوەی کورد.
گرینگترینی ئەو کۆسپ یا چالشانەی کە بزووتنەوەی کورد ناچارە ڕێگاچارەیان بۆ ببینێتەوە ئەوانەن:
ـ دووبەرەکی و پرش و بڵاوەیی نێوخۆیی کە زۆر جیابوونەوە و لێکترازانی لێ کەوتۆتەوە.
ـ گۆڕینی تاکتیکی خەبات و بەشداریکردن لە سیاسەتدا لە سەر بنەمای پێشبرکێی سیاسی لە جیاتی دژمنایەتی و هەوڵ دان بۆ بەدناوکردن یا لە مەیدان بەدەرکردنی ڕەقیبەکان.
ـ تێپەڕبوون لە خۆ بە ناوەند دانان و هاوکاریکردن لە سەر بنەمای پیوانەکانی دێمۆکراسیی لیبەرال.
ـ دانی پلەیەکی پیرۆز بە کادری حیزبی و بە ڕێکخراوی حیزبی و هەر بەم ڕادەیەش دابەزاندنی نرخی باقی بەشەکانی خەباتی دەرەوەی ڕێکخراوە حیزبیەکان.
ـ داڕشتنی بەرنامەی هاوبەشی خەبات و شکڵ پێدانی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی.
ـ داڕشتنی بەرنامەی بەرفراوانی نەتەوەیی کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە سەر بنەمای نرخە هاوبەشە نەتەوەییەکان کۆبکاتەوە و زمانێکی هاوبەشی نەتەوەیی بخوڵقێنێ کە پارسەنگی نێوان جیاوازییەکان لە بوارەکانی ئایینی، ناوچەیی و زاراوەییەوە بە شێوەیەک بپارێزێ کە هەموویان خۆیان بە خاوەنی هاوبەشی یەک پرۆژەی نەتەوەیی بزانن.
ـ ئێمەی کورد بۆ داڕشتنی بەرنامەی کار بۆ داهاتوو پێویستیمان بە دوکترینێکی نوێی سیاسی هەیە. ڕابردوو دەتوانێ چرای ڕێگای خەباتی داهاتوو بێ، بەڵام ڕئێالیزمی سیاسی ناچارت دەکا کە تەنیا بە پشتبەستن بە ڕابردوو کار نەکەی. ئالوگۆڕەکانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوەمان پێ دەسەلمێنن کە بۆ گۆڕین و پێشکەوتن، بەرنامەڕێژی بۆ داهاتوو لە خولانەوە لە بازنەی کۆن دا کاریگەرتر دەبێ. کەم تا کورتێک لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ئاڵوگۆریان بە خۆیەوە بینیوە، بزووتنەوەی نوێ لە سەر بنەمای خەباتی ڕابردوو شکڵی نەگرتوە و زیاتر ڕووی لە داهاتوو بوە.
ــ  بەرنامەی داهاتووی کار دەتوانێ لە سەر چەند بنەما دابمەزرێ:
ـ کۆدەنگی لە سەر گٶڕینی قەوارەی دەسەڵات لە ئێران دا لە سیستەمی ناوەندییەوە بۆ سیستەمێکی دابەشکراو بە سەر هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکاندا کە لە چوارچێوەیەکی فێدراڵ دا پێکەوە کۆ دەبنەوە.
ـ کۆدەنگی لە سەر یاسایەکی گشتی دامەزراو لە سەر بنەمای دێمۆکراسی لیبەراڵ، ڕێزگرتن لە مافی تاک و بە کۆمەڵ کە لە چوارچێوەی کۆنوانسیۆنە ناسراوەکانی نێونەتەوەییدا بە پێی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی پارێزەری مافی مرۆڤ گونجاون، دوورەپەرێز لە بناژۆیی، دەمارگرژی و خوێندنەوەی زێهنی یا سابژەکتیو لە مێژوو و ناسنامە.
ـ کۆدەنگی لە سەر پێویستی گەلی کورد بە سیاسەتێکی نێونەتەوەیی دارێژراو لە سەر بنەمای هاوکاریی لەودیو سنوور لە گەڵ ئەو وەڵاتانەی کە کوردیان تێدا دەژی لە بوارەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردە، زمانەوانی و ئابوورییەوە.
ـ کۆدەنگی لە سەر هاوچارەنووسبوونی گەلی کورد و دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ سەرەڕاستکردنی پێوەندییەکانی نێوخۆیی هێزە کوردستانیەکان بە بێ خوڵقاندنی کێشە و گرفت بۆ یەکتر.
ـ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ خەباتی داهاتوو کە تێیدا جێگای هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان ببێتەوە.
ـ دامەزراندنی ئۆرگانێکی خاوەن سەڵاحیەت بۆ پێڕاگەیشتن بە ناکۆکیی نێوان هێزە کوردییەکان و داڕشتنی ستراتێژیی هاوبەشی نەتەوەیی.
ـ گرینگیدان بە شێوازەکانی دیکەی خەبات و ڕێگەدان بە دەستپێشخەرییە جەماوەری، پیشەیی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ بردنە پێشی ئامانجی هاوبەشی سیاسی.
ـ شەرمەزار و حەرام کردنی بیرکردنەوە لە شەڕ، زمانی کێشە خوڵقێن و دووبەرەکی نانەوە بۆ چارەسەریی کێشە نێوخۆییەکان.

... کۆتایی.  

هیچ نظری موجود نیست: