وێبنووسی ئه‌فراسیاب گرامی/ هەوڵم داوە ئەوەی دەینووسم و بیری لێ دەکەمەوە لێرە کۆی بکەمەوە.
۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه
لێرەش
۱۳۹۱ دی ۲۴, یکشنبه
نەمری
ژان کوکتوو، لەمەڕ بارس، رەخنەگری ناوداری سەدەی بیستەم دەنووسێت: "خەریکە هێدی هێدی دێڕە نەمرەکان دەنووسێتەوە". لەم دێرەی “ژان کوکتوو” دا وا دەرئەکەوێت کە نووسەرە بە ناوبانگەکان، ئەیانهەوێ پەیامێکی نەمرانە بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگا ببەخشن، ئەوان بەر لەوەی کە بە نەمری بمێننەوە، بە سێحری دێر و وشە پێمان ئەڵێن، بتانەوێ و نەتانەوێ ئێمە بە نەمری ئەمێنینەوە. سەر دەرووی ئەم باسە ئەوەیە، نووسەر ئەیهەوێ جیهانی ئەو دیوی خەون و خەیاڵەکانی ئێمە پێکەوە ببەستێت. ئەوەی نووسەر و خوێنەر جیا ئەکاتەوە، نووسەر خەون بە خەونە دەبینێت، خوێنەر خەون بە نووسەرەوە دەبینێت. واتە نووسەرئەکەوێتە دۆخێکەوە کە خەونە شاردراوەکانی ئێمە ئەنووسێتەوە. هیچ نووسینێک بەدەر لە خەیاڵ و خەونی ئێمەی خوێنەر بوونی نیە، ئەوەی واتا دەبەخشێتە نووسین، خەون و خەیاڵی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە کە نووسەر گیان دەکات بەبەریانا و ئەیانووسێتە و دەقە نەمرەکان دەخوڵقێنێت. رازی نەمریش لە جیهانی نووسەردا لەم دێڕەوە سەرجاوە دەگرێت کە ئەوان هێدی هێدی دێرە نەمرەکان ئەنووسنەوە و ئێمەش دێرە نەمرەکان فەرامۆش ئەکەین.
۱۳۹۱ شهریور ۱۱, شنبه
Çiwarşemeyekî baranî hemişeyî
۱۳۹۱ مرداد ۲۳, دوشنبه
په‌یڤی ته‌نیایی 5
که‌ڵکه‌ڵه‌ی هه‌میشه‌یی من ئه‌وه‌یه، به‌رده‌وام ته‌نیایی قورساییه‌کی زۆر بخاته سه‌ر ژووره‌که‌م! هه‌ندێجار له کۆڵانی پشته‌وه‌ی مناڵیمدا یاری ئه‌که‌م و ئێواره‌ی دره‌نگ وه‌ختێ ده‌چمه‌وه بۆ ماڵه‌وه.، هه‌ندێ جار ئه‌بم به نامه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی و خه‌یاڵ ئه‌مباته‌وه تا به‌ده‌م خه‌ونێکی خۆشه‌وه رائه‌په‌ڕم! هه‌ندێ جاریش ده‌ست ئه‌گه‌رم به په‌لی ته‌مه‌نم و به هه‌ورازێکی سه‌ختا رێ ئه‌که‌م، جار نا جارێ له سێبه‌رێکی ناوه‌ختا پشوو ئه‌ده‌م! سێبه‌راو سێبه‌ر نزیک ئه‌بمه‌وه له مه‌رگێکی بێده‌نگ ... ده‌م به ده‌م ته‌نیایی هاوڕێ و دڵبه‌ری منه، نزیکتر له ئاوێنه‌ی ژووره‌که‌م! بۆیه ئه‌ترسم ئه‌م هاوڕێ ئازیزه، ئه‌م دڵبه‌ره نازاره ... هێدی هێدی له‌گه‌ڵ لێدانی دڵ و هه‌ڵچوونی خوێنمدا یه‌کیان گرتوه بۆ تێکشکانی رۆحی من
په‌یڤی ته‌نیایی 4
ته‌نیایی به‌شێکه له من، ته‌نیایی کوختێکه هه‌موو ئێواران رێگام ئه‌وێ ئه‌گرێته‌وه، ته‌نیایی حه‌ژمه‌تی بارانێکی نزیکه له منه‌وه ...
ئیستا من له‌گه‌ڵ بازنه‌ی سێبه‌راویی ته‌نیاییدا رێ ده‌که‌م و شوێن پێی باران هه‌ڵئه‌گرم. ئه‌مویست بڵێم ئه‌مڕۆژانه تۆ له کوێی؟! له‌گه‌ڵ کام گه‌واڵه هه‌ورێ سه‌فه‌ر ده‌که‌ی! خۆت ده‌خزێنیته نیشتمانی کام گوڵی غوربه‌تییه‌وه. سه‌ر ئه‌ده‌ی له کام تاقه‌دار! له به‌ر په‌رژینی کام باغستانا چاوه‌ڕێی ده‌ستی پاییزی. ئه‌مه‌وێ به‌سه‌ر گه‌ڵا گه‌ڵای باهه‌ڵگرتووی غوربه‌ته‌وه بۆت بنووسم: "من ته‌نیام وه‌ک ته‌نیایی دڵۆپه شه‌یداکانی باران ... ئه‌ی دلۆڤانترین دڵۆپی باران..."
په‌یڤی ته‌نیایی 3
سادقی هه‌دایه‌ت ده‌ڵێ: "بۆ سێبه‌ره‌کان ده‌نووسم"! به‌ڵام سێبه‌ر به بێ من بوونی نیه، سێبه‌ر ساباتێکی ترسنۆک و تاریکه، ئه‌ونده ترسنۆک که به رووناهییه‌کی کز شه‌ق ئه‌بات و ماڵی رووناکی به‌سه‌ردا ئه‌ڕووخێ
نه‌خشین خوشکم ... ساده‌ترین ژنی دنیا و مێهره‌بانترین مرۆڤی سه‌رزه‌وی، قسه‌خۆش، ده‌مبه‌پێکه‌نین و وره به‌رز، له ساته دژوار و سه‌خته‌کاندا شتێکی لێوه فێربووم که ناتوانم له سه‌دان کتێب‌دا وه‌ک خۆی به‌ده‌ستی بێنم. پێکه‌نین!
ده‌یگوت دنیا پێکه‌نینێک به من قه‌رزاره، خه‌م هیچ نیه:. خه‌م ته‌نیا پیرمان ئه‌کات و هیچی تر، چاییه‌کی دا ئه‌کرد و چوار کڵۆ قه‌ندیشی له‌گه‌ڵ داده‌نا، خه‌سووی به لاچاوه‌وه ده‌یڕوانی بۆی. ئه‌ویش ئه‌تریقایه‌وه و کڵۆ قه‌ندێکی تری زیاد ئه‌کرد،
رووی ئه‌کرده من و ئه‌یگوت، مه‌شه گیان:
تۆخوا /چوار چواری پیوه بخۆ، ئه‌ونه گیسک و بزنمان هه‌یه به‌شمان ئه‌کا تا ئه‌مرین! دنیا نابێ ئه‌ونه سه‌خت بیگرین ...
به‌راسی بیری ده‌که‌م، بیری قسه‌ی خۆش و پێکه‌نین و شیرینیه‌که‌ی و چایی خواردن له‌گه‌ڵیا ...
ئێستا هه‌رکات چایی ده‌خۆم، بیری ئه‌وه ئه‌که‌مه‌وه دوو دووی پێوه بخۆم یان چوار چوار! ♥
په‌یڤی ته‌نیایی
چه‌ند خۆشه له‌م دنیایه هێشتا په‌نجه‌ره‌یه‌ک مابێ بۆ هیوا و ئومێده‌کانی مرۆڤ و تاوێک پێ بکه‌نێ به ده‌مته‌وه!
ئه‌مڕۆژانه دڵته‌نگیی به‌شێکه له ژیان!

