۱۳۹۱ دی ۲۴, یکشنبه

نەمری

ژان کوکتوو، لەمەڕ بارس، رەخنەگری ناوداری سەدەی بیستەم دەنووسێت: "خەریکە هێدی هێدی دێڕە نەمرەکان دەنووسێتەوە". لەم دێرەی “ژان کوکتوو” دا وا دەرئەکەوێت کە نووسەرە بە ناوبانگەکان، ئەیانهەوێ پەیامێکی نەمرانە بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگا ببەخشن، ئەوان بەر لەوەی کە بە نەمری بمێننەوە، بە سێحری دێر و وشە پێمان ئەڵێن، بتانەوێ و نەتانەوێ ئێمە بە نەمری ئەمێنینەوە. سەر دەرووی ئەم باسە ئەوەیە، نووسەر ئەیهەوێ جیهانی ئەو دیوی خەون و خەیاڵەکانی ئێمە پێکەوە ببەستێت. ئەوەی نووسەر و خوێنەر جیا ئەکاتەوە، نووسەر خەون بە خەونە دەبینێت، خوێنەر خەون بە نووسەرەوە دەبینێت. واتە نووسەرئەکەوێتە دۆخێکەوە کە خەونە شاردراوەکانی ئێمە ئەنووسێتەوە. هیچ نووسینێک بەدەر لە خەیاڵ و خەونی ئێمەی خوێنەر بوونی نیە، ئەوەی واتا دەبەخشێتە نووسین، خەون و خەیاڵی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە کە نووسەر گیان دەکات بەبەریانا و ئەیانووسێتە و دەقە نەمرەکان دەخوڵقێنێت. رازی نەمریش لە جیهانی نووسەردا لەم دێڕەوە سەرجاوە دەگرێت کە ئەوان هێدی هێدی دێرە نەمرەکان ئەنووسنەوە و ئێمەش دێرە نەمرەکان فەرامۆش ئەکەین.

هیچ نظری موجود نیست: