۱۳۹۲ آبان ۵, یکشنبه

شەوانە I

شەوانە
١
حەز ئەکەم هەندێک جار شەوانە بنووسم، شەو بێدەنگییەکی تایبەتیی هەیە؛ بێدەگییەکی قووڵ کە هەموو مرۆڤ هەستی پێدەکات؛ بۆیە زۆر جار، شەو بەشێکە لەو بێدەنگییەی کە سێبەری بەسەر هەموو رۆژگاری مرۆڤەوە هەیە. ئەگەڕێنەوە کە شاعیری ئاڵمانی پاول رویکس؛ شەوان کە خەڵکی ئیتر بەرەو جێگای ئارامییان دەڕۆشتن، تابلۆیەکی بە بەرماڵەکەیدا دائەکوتاو کە لێی نووسرابوو: شاعیر خەریکی کارە". رەنگە ئەمە تەنیا رەمزی ژیانێکی شاعیرێک یان نووسەرێک نەبێت کە خەون و خەیاڵ یان ئەو چەمکە مۆدێڕنەی کە زۆرجار نووسەرانی ئێمەی پێ قەڵب ئەبێ، واتە فانتازی؛ سواری سەریان ئەبێت و خەوزڕانێکە کە هەموو ژیان ئەگرێتەوە. بەراست وایە کە نووسین خەوزڕانێکی هەتاهەتاییە. شەو گەر نەنووسیت، ئەو خەیاڵە سەرکەشە دێتە خەوت، زۆر لە نووسەران بوون ئەگەر نەیانووسابایەت، ئەوا دیقیان ئەکرد. ناڵێم من منیش هاوتای ئەوانم؛ بەڵام هەندێ جار ئەو خەیاڵە سواری سەرت ئەبێت؛ بڕبڕەی پشتم ئەگرێت و وات لێ دەکات لە نیوەشەوێکی بێدەنگدا قنج بیتەوە و دەست بۆ قەڵەم ببەیت؛ زۆر جار بوە شێعرێکم بەدەم خەو و خەیاڵەوە تەواو کردوە کە هەستاوم نەماوە لە جێگاکەی خۆیدا، یان لە دەست چوە یان وەک خەوی دوێنەشەو بیرم چۆتەوە. بۆ ئەوەی ئەم بیرچوونەوەیە بەرۆکم نەگرێت، بڕیارمداوە، کورت یان درێژ، شێعر یان پەخشان یان  هەر شتێک کە مێشکی من هەڵیبگرێت، بیهێنمەوە سەرکاغەز و بینووسمەوە.

٢
لای من هەر شەوێک، پەنجەرەیەکی دیکە بەڕووی ژیاندا دائەخرێت، باش لە بیرمە، باوکم، سەریناکەی لە باوەش ئەنا، جگەرەیەکی لە قوتووی تووتنەکەی ئەپێچایەوە، ئەیکرد بە دەمنەکەیەوە، مژێکی قووڵی لێ ئەدا و لە پەنجەرەکەوە ئەیڕوانییە دەرەوە، جار ناجارێ باش ئاگای لە دەرەوە نەبوو، ئەیگوت ڕٶلە ئا دانەیەکتان بڕواتە دەرەوە، بزانە وەشتە، خۆشە، بارانە ئەی چی؟ دایکم، کە زۆر بێتاقەت ئەبوو بەدەستیەوە، ئەیگوت کورە ئەرێ وەشتە، بەرد ئەبارێت ... باوکم ئەگەر توڕە نەبوایە، ئەوا ئەچوە ناو بێتاقەتییەکانی خۆی و ئەیگوت، ئەمشەویشمان پێوە دا. لای منیش کە بیری ئەو ساتانە دەکەمەوە، ئەمشەویش پەنجەرەیەکی دیکەمان داخست، نازانم تاکەی بە تەمای پەنجەرەیەک بین، کە بۆ هەمیشە پەنجەرەکانی دیکەمان بەسەردابخات .... ژیان زۆر نامەردانە ئەجوڵێتەوە، زۆریش!
 وەک دوایین دێڕێک؛ شەوانە ئەبینە قەلەندەر و رۆژ ئەبینە رۆژگارپەرستێکی دەربەدەر؛ بۆیە نە رۆژگار ئەمانگرێتە خۆی؛ نە شەو ئەهێڵی بستێک خاکمان هەبێت و ئەمەیە یەکەم دەرووی نووسین.
٣

ئەمەش تیرێژە چیرۆکێک:
رەشمارێکی تەنیا، ماوەیەک بوو شەیدای "مانگ" ببوو. چەندین جار بە دزی مانگەوە کە لە کانی خۆی ئەشۆرد، تەماشای ئەکرد و سەرتاپای باڵای ئەبینی، تەنانەت بە ڕووت و قووتی. نیوەشەوێ هەستا و ئارەزووی سەرکەش بوو. ویستی کوڵی دڵی دامرکێنێ. کە نزیکی کانی بوویەوە، مانگ رووت ببوویەوە. ویستی باوەشی بگرێت و تامەزرۆی لە حەزی مانگەشەو بشکێنێت. خۆی هاوێشتە کانی، تا لە ناکاو مانگ دڵی رەنجا و رۆشت.




*** شەوی پڕ ئەستێرە،  بە هۆلەندی  De sterrennacht، یەکێک لە بەرهەمە ناودارەکانی نیگارکێش ڤینسان ڤوون گوگ (١٨٥٣ ـ ١٨٩٠)


Afrasiab Grami
 23.10.2013; 00:28


هیچ نظری موجود نیست: