۱۳۹۲ خرداد ۲۳, پنجشنبه

لەبەردەم یاسادا Vor dem Gesetz

فڕانتس کافکا
وەرگێڕان لە ئاڵمانییەوە: ئەفراسیاب گرامی

لەبەردەم یاسادا، دەرگاوانێک وەستاوە. پیاوێکی لادێی بەرەو ئەم دەرگایە دێت و داوای چوونە ژوورەوە دەکات. بەڵام دەرگاوانەکە دەڵێ ئێستاکە ئەو ناتوانێ بڕواتە ژوورەوە.  پیاوەکە کەمێ تێدەفکرێ و دەپرسێت، ئایا پاش کەمێکی دیکە ئیزنی چوونە ژوورەوەی هەیە؟ دەرگاوان گوتی: " لەوانەیە ئیمکانی ئەوە هەبێت"، "بەڵام ئێستاکە نە". لەوێڕا دەرکەی یاسا وەک هەمیشە ئاوەڵایە و دەرگاوانەکە خۆی لا داوە، پیاوەکە سەری لار ئەکاتەوە و لە لای دەرگاکەوە سەیرێکی ناوەوە دەکات. دەرگاوانەکە لە کاتێکدا کە ئاگای لێیەتی و بە پێکەنینێکەوە دەڵێ: "ئەگەر تا ئەو رادەیە حەزت لێیە، هەوڵ بدە بە بێ ئەوەی من بزانم بڕۆ ژوورەوە. بەڵام بزانە" من بەدەسەڵاتم. لەگەڵ ئەوەشدا بزانە کە من پلەنزمترین دەرگاوانم. داڵان بە داڵان دەرگاوانەکان وەستاون و هەرکام بە دەسەڵاتتر لەوانی دیکەن. تەنانەت منیش لەبەرامبەر دیمەنی سێهەمین دا توانایی خۆڕاگرتنم نیە". پیاوە دێهاتییەکە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها کێشەیەک بە خەیاڵیشی دا نەدەهات، بیری ئەکردەوە، مەگەر نابێ یاسا هەمیشە دەرکی بەڕووی هەموو کەسێکدا ئاوەڵا بێت؟ بەڵام کەمێ سەرنجدارتر چاو لە دەرگاوان و پاڵتاوە چەرمییەکەی دەکات، لووتێکی گەورە و تیژ، ریشە زۆر و تەنکە تاتارییەکەی دەبینێت، بڕیار ئەدات چاوەڕێ بکات تا ئەوکاتەی ئیزنی چوونەژوورەوەی پێ بدات. دەرگاوانەکە کورسییەکی پێ ئەدات و ئیزن دەدات لە پاڵیا دابنیشێت.
لەوێدا ساڵ و رۆژ دادەنیشێت. هەموو رێگایەک تاقی دەکاتەوە، تا ئیزنی چوونەژوورەوە وەربگرێت، و بە لێ پاڕانەوە دەرگاوانەکە ماندوو دەکات. دەرگاوانەکە زۆر جار خۆی بە پرسیارکردن لێی سەرقاڵ دەکات، پرسیاری وەتەن و زۆر شتی دیکە، بەڵام پرسیارگەلێکی زۆر بێ‌تاقەتییانە، هەر وەکوو ئاغا و نۆکەرەکانی وابوو، و هەموو جارەش دووپاتی دەکردەوە کە هێشتاکە ئیزنی چوونە ژوورەوەی پێ نادات. پیاوەکە سەفەرەکەی خۆی بە زۆر شتی گرانباییەوە ئامادە کردوە، هەرچی لەگەڵ خۆی هێناوە هەمووی بەکار هێنا، تەنانەت گرانبایی‌ترین ماڵی خۆی وەک پێشکەشی، بە دەرگاوانەکە بەخشی تا رەنگە رازی بکات و دەروویەک بکاتەوە. دەرگاوان هەموو پێشکەشییەکان  قبووڵ دەکات و هەموو جارێکیش دەڵێت: "من هەموو ئەمانە تەنیا بۆ ئەوەی قبووڵ دەکەم کە هەتا تۆ گومان نەکەی من لەم کارەیاندا کەمتەرخەمی دەکەم". پیاوەکە لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا بێ وچان دەرگاوانەکەی خستە ژێر چاودێرییەوە. دەرگاوانەکانی دیکەی فەرامۆش کرد، چونکە پێی وابوو ئەم دەرگاوانی یەکەمە تەنیا لەمپەری بەردەم چوونەژوورەوەی ئەو بۆ ناو یاسایە. لە ساڵەکانی سەرەتاوە، بە دەنگێکی بەرز خۆی دەخستە بەر تانەو تەشەرەوە و لەعنەتی لە خۆی دەکرد، دواتر لە سەردەمی پیری دا بە بۆڵە بۆڵێک لە ژێر لێوەوە، دەدوا. عادەتی منداڵانە بە خۆیەوە دەگرێت و لەوێڕا پاش ئەو هەموو ساڵەی چاودێریکردنی دەرگاوانەکە، تەنانەت ئەسپێکانی یەخەی پاڵتاوە چەرمییەکەی دەناسێت، بە پاڕانەوەش تەنانەت داوا لە ئەسپێ‌کانی داوا دەکات کە لە نەرمکردنی دڵی دەرگاوانەکەدا یارمەتی بدەن. سەرەنجام هێزی دیتنیشی لاواز ئەبێت و ئیتر بە باشی نازانێ کە دەورووبەری تاریکە یان ئەوەی کە چاوەکانی بە لاڕێدا دەیبەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئێستا لەناو تاریکیی تۆخدا، رۆشناییەکی رووخێنەر بەرەوڕووی دێت. ئیتر لەوە زیاتر ناژیت. بەر لەمەرگ، هەموو ئەزموونەکانی لە نێوان ئەم ساڵانەدا لە چوارچێوەی تەنیا یەک پرسیاردا هێشتۆتەوە، پرسیارێک کە تا بەئێستا لە دەرگاوانەکەی نەکردوە. لەوێڕا کە ئیتر ناتوانێ قامەتی چەماوەی خۆی راست بکاتەوە، بە ئیشارەتی دەست، بانگی دەرگاوانەکە دەکات. دەرگاوان بە ناچار بەتەواوەتی سەری خوار ئەکاتەوە، چونکە بە تێپەڕبوونی زەمان قامەتی پیاوەکە بە نیسبەتی ئەو زۆر بچووک و گۆڕاوە. دەرگاوان: "ئەتهەوێ ئێستا چی دیکەش بزانی؟، "حەزەکانت تێربوونی بۆ نیە". پیاوەکە گوتی" هەموو عەوداڵی "یاسا"ن، بۆچی ئەم هەموو ساڵە کەسێک نەبوو، جیا لە من خوازیاری چوونە ژوورەوە بێت؟ " دەرگاوان تێ دەگات کە کابرا خەریکە تەواوی دەکات و بۆ گەیشتن بە هێزی بیستنی ئەو، دەقیڕێنێت بەسەریدا و  دەڵێت: "ئەم دەرگایە جیا لە تۆ هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێ بڕواتە ژوورەوە، ئەم دەرگایە تەنیا بۆ تۆ بوو. ئێستا دەڕۆم و دەرگاکە دەبەستم".

http://www.textlog.de/32064.html

هیچ نظری موجود نیست: