
- سه‌ره‌تا وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک
بۆ چوونه نێو باسه‌که‌مانه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی کورد له روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی
سیاسییه‌وه چۆن پێناسه ده‌که‌ن؟
حامید
گه‌وهه‌ری:
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه که هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، مافی خۆیه‌تی بۆخۆی چاره‌نوسی خۆی
دیاریی بکات، بزوتنه‌وه‌ی کورد، بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگارییخوازانه‌ی، نه‌ته‌وه‌یی
نیشتمانییه و دیموکراتییه، به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی مافێکی یاسایی له
وڵاتی خۆیدا. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به‌بێ مه‌یل و ویستی خۆی به خاکه‌که‌یه‌وه دابه‌شکراوه
به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی دراوسێی کوردستاندا و به‌پێچه‌وانه‌ی یاسای په‌سه‌ندکراوی
نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان مافی ده‌ستنیشانکردنی چاره‌نوسی خۆی لێسنراوه. نه‌ته‌وه‌یه‌کی
کۆڵۆنییه و ناتوانێت له زێدی خۆیدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی
وڵاتی خۆی و نه‌وه‌کانی داهاتوی بدات. کاتێک له ئازادیی و مافی یه‌کسان و به‌رامبه‌ر
له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌کانی ده‌دوێت، زیندانی ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ر ویستی
داگیرکه‌راندا کاردانه‌وه‌ی سیاسی هه‌بێت، به چه‌ک وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه و ئه‌مه‌ش
وایکردوه که به به‌رده‌وامی له شه‌ڕ و ئاواره‌ییدا بێت.
ـ سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ کورد، سه‌ده‌ی سه‌رکه‌وتن و شکه‌سته‌کان بوو،
بزووتنه‌وه‌ی کلاسیکی کوردی هاته بازنه‌یه‌کی دیکه‌وه و ئه‌حزابی سیاسی درووست
بوون، به‌گشتی به‌ستێنه سیاسییه‌کانی ئه‌وکات چ بوون که حزبه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا؟
وه‌ڵام:
جیهان له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دوو جه‌نگی مه‌زنی به‌خۆیه‌وه بینی. ئه‌م جه‌نگانه،
دوو به‌ره‌ی دژبه یه‌کی له به‌رامبه‌ر یه‌کتردا زه‌ق کرده‌وه که بۆ ماوه‌ی
پتر له هه‌شتا ساڵ به‌ربه‌ره‌کانی یه‌کتریان کرد. له‌و کێشه‌یه‌دا که به شه‌ڕی
سارد ناوبانگی ده‌رکرد، مافی گه‌لی کورد و زۆر گه‌لی تر پێخوست کرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
سه‌ده‌ی بیسته‌م گه‌شه‌سه‌ندنێکی زۆری ئابوریی، تێکنیکی، سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تی و
فه‌رهه‌نگی له جیهان و کوردستاندا به‌خۆیه‌وه بینی. بنه‌مایه‌کانی دیموکراسی تێکه‌ڵاو
به دیارییکردنی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌کان به‌ده‌ست خۆیان گه‌شه‌یسه‌ند و ده‌یان
نه‌ته‌وه‌ی بهژمار بچوکتر له نه‌ته‌وه‌ی کورد، به مافی خۆیان گه‌یشتن و ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دامه‌زراند. له‌و سه‌ده‌یه‌دا دامه‌زرانی ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و
سیاسیی له وڵاتاندا بوون به واقعێکی سیاسی. به‌و واتایه کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م
و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، له زۆربه‌ی وڵاتاندا، فه‌وتان و له‌ناوچوونی بزوتنه‌وه
کلاسیکه‌کانی به‌دوادا هات و خه‌باتی ڕێکخراوه‌یی و کاری به‌کۆمه‌ڵی سیاسیی و مه‌ده‌نی
جێی بزوتنه‌وه کلاسیکه‌کانی گرته‌وه. گه‌لی کورد له‌و گۆڕانانه بێبه‌ش نه‌بوو،
وه‌ک نهتهوهکانیتر پێی نایه قۆناخی نوێوه و له‌کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا
له په‌راوێزی نوسینه‌کانی فه‌قێ ته‌یران و ئه‌حمه‌دی خانی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌شه‌ی کرد. بۆ یه‌که‌مجار ساڵی 1880 شێخ
عوبه‌یدوڵا نه‌هری یه‌که‌م بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی به مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆ
کردنی کوردستان ڕێکخست. به‌دوای ئه‌و بزوتنه‌وه کلاسیکییه‌دا، گه‌لی کورد ده‌ستی
کرد به خه‌باتی ڕۆشنبیریی و ساڵی 1898 ڕۆژنامه‌ی کوردستانی بڵاوکرده‌وه و دوای
جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، له ساڵی 1926دا یه‌که‌م ڕێکخراوی خۆی له‌ژێر ناوی
"کۆمه‌ڵه‌ی خۆیبوون" دامه‌زراند. هه‌ڵکه‌وته‌ی جوغرافیایی، دڕنده‌یی
داگیرکه‌رانی کوردستان، خیانه‌تی زلهێزه‌کانی جیهان و به‌گشتی لاوازیی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی
و کهمئهزمونی گه‌ل و سه‌رکرده‌کانمان ڕێگر بوون له‌به‌ر ده‌م نه‌ته‌وه‌ی کورددا
که وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی تر له سه‌ده‌ی نۆزده و بیسته‌مدا، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
خۆی دامه‌زرێنێت.
ـ له ئیران شۆڕشی مه‌شرووته، بوه هۆی گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی
له ئاستی ئێران‌دا، بۆ کورد کام قۆناخ ده‌توانین وه‌ک قۆناخی نوێ و سه‌رده‌می نوێ
ده‌ستنیشان بکه‌ین که بووبیته هۆی گۆرانێک له پێکهاته‌ی سیاسی؟
وه‌ڵام:
شۆڕشی مه‌شروته‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی که له سه‌رده‌می محه‌مه‌د عه‌لی شای قاجاردا به
ئه‌نجام گه‌یشت، قۆناخێکی نوێی له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران‌دا پێکهێنا.
به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه‌وه، ئێران بوو به خاوه‌نی یاسای بنه‌ڕه‌تی "قانون ئه‌ساسی"
و په‌رله‌مان، به‌ڵام ڕه‌زاشا و دواتریش محه‌مه‌د ڕه‌زای کوڕی، ته‌نیا ڕهواڵهتێکیان
له‌و ده‌ستکه‌وتانه هێشته‌وه، به جۆرێک گه‌لانی ئێران نه‌یانتوانی به‌شێوه‌ی
بنه‌ڕه‌تی لێی سودمه‌ندبن. په‌رله‌مان کرا به دیوه‌خانی شا و یاسای بنه‌ڕه‌تی
پێشێلکرا و دواتر ده‌زگای هه‌واڵگریی "ساواک" و حیزبی ڕه‌ستاخیز ده‌سه‌ڵاتی
ئێرانیان گرته‌ده‌ست و نه‌یانهێشت شۆڕشی مه‌شروته به ئامانجه دیارییکراوه‌کانی
بگات. نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌هۆی کۆڵۆنی بوونی گه‌لێک قۆناخی گرنگ خستوه‌ته پشت سه‌ر،
له شه‌ڕی چالدیران 1514وه بگره تا په‌یمانی زوهاب له 1639، شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵا
نه‌هری له 1880 و نه‌مانی ئیمپراتۆریی عوسمانی له 1923. پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی
عێراق و لکاندنی باشوری کوردستان به‌و ده‌وڵه‌ته. په‌یمانی سیڤه‌ر له ساڵی 1920 و
دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له ساڵی 1946. شۆڕشی ئه‌یلول و په‌یمانی جه‌زایر له
ساڵی 1975. ڕوخانی ڕژێمه‌کانی پاشایه‌تی له عێراق و ئێران و ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و
نه‌مانی سه‌دام حوسێن. نه‌مانی سیستمی دوو جه‌مسه‌ریی و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌زمی نوێ
له جیهان و...تد. هه‌رکام له‌و گۆڕانانه کاریگه‌ریی ڕاسته‌خۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر
ژیانی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تی و چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ی کورد و بۆ بزوتنه‌وه‌ی
ڕزگاریخوازیی کورد به قۆناخی نوێ ده‌ژمێردرێن.
- ئه‌گه‌ر لاپه‌ره‌کانی
میژووی هاوچه‌رخ هه‌ڵبده‌ینه‌وه، ده‌بینین که بزووتنه‌وه‌ی کوردی به پێچه‌وانه‌ی
بزووتنه‌وه‌کانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌ره‌و ئیسلام گه‌رایی نه‌چوو؟ له‌هه‌مان
کاتیش‌دا به‌ربه‌ره‌کانێی له‌گه‌ڵ نه‌کرد؟ هۆکاره‌کان چ بوون؟
وه‌ڵام:
پیاوانی موسوڵمان له سه‌ده‌کانی ڕابردوودا، قازانجی زۆریان به بزوتنه‌وه‌ی کورد
گه‌یاندوه. زۆربه‌ی ڕاپه‌رین و بزوتنه‌وه‌کانی کوردستان له حوجره‌ی فه‌قێیان و
ته‌کیه و خانه‌قای شێخانی کوردستانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، به‌ڵام له مێژووی
هاوچه‌رخدا که ئیسلامی سیاسیی سه‌ریهه‌ڵدا، بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌کانی کوردستان
سه‌رنجی که‌متریان به بزوتنه‌وه ڕزگارییخوازیی نه‌ته‌وه‌ی کورد داوه و له زۆر
حاله‌تدا، له جیاتی خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌که‌یان، تیرۆریستیان په‌روه‌رده کردوه
و چالاکانی سیاسیی و مه‌ده‌نی و سکولاری کوردیان تیرۆر کردوه و فتوای کوشتنی خه‌ڵکیان
ده‌رکردوه. حیزبه ئیسلامییه‌کانی کوردستان نه‌یانتوانیوه وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی عه‌ره‌ب،
فارس و تورک، ئیسلامی سیاسی بکه‌نه ئامانج بۆ ڕزگارکردنی نه‌ته‌وه‌که‌یان و له
زۆر بواردا بوونه‌ته پاشکۆی حیزبی ئیسلامییه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌و
وڵاتانه‌دا که کوردستانیان داگیر کردوه. له حیزبه ئیسلامییه‌کاندا به چه‌شنی
حیزبه کۆمونیسته‌کان، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لاوازه و ئه‌گه‌ر هێزیان هه‌بێت له
دامه‌زراندنی حکومه‌تی ئیسلامیی و حوکمی قورئان ده‌دوێن. ڕێککه‌وتنی کورده
ئیسلامییه‌کانی باکوری کوردستان له‌گه‌ڵ حیزبی داد و گه‌شه له تورکیا و به‌ستراوه‌یی
حیزبه ئیسلامییه‌کانی باشوری کوردستان به کۆماری ئیسلامیی ئێران و عه‌ره‌بستانی
سعودی و کرده‌وه‌کانی ئه‌نسارئیسلام له باشوری کوردستان، نمونه‌ی ئاشکرای ئه‌و
بۆچوونه‌ن.
- له ناوه‌راستی سه‌ده‌ی
بیسته‌م، ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم وه‌ک دیارده‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی هه‌موو
ناوچه‌که‌ی گرته‌وه، ئه‌م ئایدۆلۆژییه بۆ نه‌یتوانی ببێته پاشخانێکی فیکری بۆ
بزووتنه‌وه‌ی کورد؟
وه‌ڵام:
شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی و سه‌رکه‌وتنی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی له‌و شه‌ڕه‌دا، له ئه‌وروپای
ڕۆژهه‌ڵات و ئازادکردنی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سۆڤیه‌ته‌وه،
کاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو له ڕاکێشانی ڕای سه‌رکرده و خه‌ڵکانی ئه‌و وڵاتانه به‌ره‌وه
تیۆریی و سیستمی سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت. له میانه شه‌ڕه‌که‌دا ئایدیۆلۆژیی
کۆمونیزم، کاریی زۆری کرده‌وه سه‌ر گه‌لی کورد و سه‌رکرده‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی
کوردستان و دواتریش حیزبی دیموکراتی کوردستان، به‌و هیوایه که یه‌کێتی سۆڤیه‌ت
ڕزگارکه‌ری نه‌ته‌وه ژێرده‌ست و چه‌وساوه‌کانی جیهانه، به‌ڵام دوای سازانی
ستالین له‌گه‌ڵ قه‌وامولسه‌لته‌نه و محه‌مه‌د ڕه‌زاشا و پاشه‌کشه‌ی سه‌ربازانی
سۆڤیه‌ت له ئێران و دواتریش به‌ستنه‌وه‌ی حیزبه کۆمونیسته به‌ناو براکان و لایه‌نگریی
سۆسیالیزم، به‌ره‌وه به‌رژه‌وه‌نده ده‌ستنیشانکراوه‌کانی سۆڤیه‌ت، به‌ره‌به‌ره
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی له سۆڤیه‌ت دورکردهوه. له‌به‌ر ئه‌وه بوو که به‌شێک له
لاوانی کورد و وڵاتانی تر، له ڕه‌وتی خه‌باتدا، به‌ره‌وه تیۆریی ماوویی چوون و
به‌شێکیشیان هوشهمینهیان کرد به هێمای دواڕۆژیان، به‌ڵام هیچکام له‌وانه نه‌یانتوانی
ببنه پاشخانی فیکریی گه‌له‌که‌مان، چونکه سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج
و ئه‌و چوارچێوه فیکرییه دانه‌مه‌زرابوو که بتوانێت له جیهاندا جێبگرێت و نه‌ته‌وه‌کانی
جیهان له‌خۆیدا کۆبکاته‌وه. به ڕای من، هه‌رچه‌نده لێنین له سه‌ره‌تای دامه‌راندنی
ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی‌دا له سۆڤیه‌ت، قازانجی زۆری به بیری کۆمونیزم گه‌یاند، به‌ڵام
دواتر ده‌رکه‌وت که له دامه‌زراندنی سۆسیالیزمدا سه‌رنجی تۆکمه و ته‌واو به
باری فه‌رهه‌نگیی و کۆمه‌ڵایه‌تی دانیشتوانی سۆڤیه‌ت نه‌دراوه و ته‌نیا باری
ئابورییه‌که‌ی له‌به‌رچاو گیراوه، له‌گه‌ڵ به‌رینی خاک و زۆریی دانیشتوانی، نه‌ک
ڕاده‌ی پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگیی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی خه‌ڵکه‌که‌ی. ئه‌وه بوو که
دوای 70 ساڵ له دامه‌زراندنی سۆسیالیزم له سۆڤیه‌تدا، کاتێک هاشم ڕه‌فسنجانی سه‌رکۆماری
ئه‌وکاتی ئێران، چوو بۆ ئازه‌ربایجانی باکور، ئیسلامییه‌کانی ئه‌و وڵاته به‌ناو
سۆسیالیستییه، کوته عه‌باکه‌یان به دیارییه‌کی پیرۆز بۆخۆیان زانی. ئه‌م باسه
گرنگه و له ڕاستیدا لێره‌دا جێی نییه که به وردی ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م، به‌ڵام
بۆ زانیاریی خوێنه‌رانی به‌ڕێزی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه، پرۆڤیسۆر جه‌میل حه‌سه‌نلی
هاووڵاتی باکوری ئازه‌ربایجان ده‌یان به‌ڵگه‌ی سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانی ستالین و
ڕێبه‌ران ئه‌وکاتی سۆڤیه‌ت سه‌باره‌ت به کۆماره‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجان له
دوو کتێب‌دا کۆکردوه‌ته‌وه و من له کتێبێک‌دا له‌ژێر ناوی (به‌رزبوونه‌وه و که‌وتنی
فیرقه‌ی دیموکراتی ئازه‌ربایجان)، له‌گه‌ڵ کتێبێکی تر له‌ژێر ناوی (کۆماری
کوردستان 22/1/1946- 17/12/1946) بڵاومکردوهتهوه. ئه‌م دوو کتێبه، وه‌ڵامی ئه‌م
پرسیاره ده‌ده‌نه‌وه که بۆچی ئایدۆلۆژی کۆمونیزم نه‌یتوانی ببێته پاشخانی
بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد.
ـ بۆچی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ نه‌یتوانی خه‌ون و ئاواته‌کانی کورد به‌دی
بێنێ؟ یان به واتایه‌کی دیکه، بزووتنه‌وه‌ی کوردی به‌ره‌و کوێ برد؟
وه‌ڵام:
هیچکام له بزوتنه‌وه ڕزگارییخوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پ و ئیسلامیی و ...تد تا
ئێستا نه‌یانتوانیوه خه‌ون و ئاواته‌کانی کورد به‌دی بهێنن. هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م
بۆ کرد، هه‌ڵکه‌وته‌ی جوغرافیایی، دڕنده‌یی داگیرکه‌رانی کوردستان، خیانه‌تی
زلهێزه‌کانی جیهان به گه‌لی کورد، لاوازیی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و که‌م ئه‌زمونی
گه‌ل و سه‌رکرده‌کانمان، ڕێگر بوون له‌به‌ر ده‌م نه‌ته‌وه‌ی کورددا که وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی
تری جیهان، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دامه‌زرێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌روه‌ک له
وه‌ڵامی پرسیاری پێشودا ئاماژه‌م بۆ کرد، بیری چه‌پ له کوردستاندا نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه
گه‌له‌که‌مان له پله‌ی گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌تی جیهان به ئاوات بگه‌یه‌نێت،
به‌ڵکوو بزوتنه‌وه‌کانی کوردی توشی قه‌یرانی فیکریی و سیاسیی کردوه و ڕۆڵه‌کانی
نه‌ته‌وه‌ی کوردی له هه‌وڵدانی ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌ده‌ستخستنی مافه‌کانی دورکردهوه.
بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کانی کوردستانی دوو کوت و چه‌ند کوت کردوه و بۆ ماوه‌یه‌کی
زۆر به‌ره‌و ئاقاری ناڕونی بردوه که تا ئێستاش زیانه‌کانی قه‌ره‌بوو نه‌کراون.
ـ شۆڕشی 57، گریگترین رووداوی سیاسی ئێران بوو له سه‌رده‌می
نوێ‌دا، به‌گشتی کورد که‌وته بارودۆخێکه‌وه که توانی به‌شێک له کوردستان ئیداره
بکات، ئه‌و بارودۆخه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
وه‌ڵام:
شۆڕشی 1979ی ئێران وه‌رچه‌رخانێکی گرنگی سیاسیی بوو له ئێران‌دا. گه‌لانی ئێران
هه‌رگیز وه‌ک سه‌رده‌می ڕاپه‌رینه‌کانی به‌رله شۆڕش، یه‌کڕیز و هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست
نه‌بوون بۆ ڕوخاندنی حوکمی پاشایه‌تی له ئێران‌دا، به‌ڵام دواتر یه‌کنه‌گرتنی هێزه
سکولاره‌کان له‌ژێر دروشمێکی دیموکراتیدا، خومه‌ینی و لایه‌نگرانی سه‌رخست. ئه‌وان
له بڵاویی هێزه‌کان و ساویلکه‌یی خه‌ڵکانی ئێران که له سه‌رده‌می محه‌مه ڕه‌زاشادا،
کاریی ڕێکخراوه‌یی و به‌کۆمه‌ڵیان نه‌کردبوو، که‌ڵکیان وه‌رگرت و حوکمی خومه‌ینی و
ئیسلامی شیعه‌ی 12 ئیمامیان به سه‌ر گه‌لانی ئێران‌دا سه‌پاند. ئه‌وه ڕاسته که
شۆڕشی 1979، کوردستانی خسته قۆناخێکی نوێی سیاسییه‌وه و له شار و گونده‌کانی
کوردستاندا خه‌ڵک به‌شدارییان کرد له به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌یان، به‌ڵام دڕنده‌یی
خومه‌ینی و لایه‌نگرانی، که‌مئه‌زموونی و بڵاویی هێزه سیاسییه‌کانی ئێران و
کوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی، شکستیان به بزوتنه‌وه‌ی کورد هێنا.
له‌م باره‌یه‌وه من کتێبکی 1100 لاپه‌ڕه‌ییم له‌ژێر ناوی (ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له
ده ساڵدا 1978- 1988) بڵاوکردوه‌ته‌وه و ئاماژه‌م بۆ که‌ندوکۆسپه‌کانی ده ساڵی
یه‌که‌می بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
کردوه.
- به‌گشتی خواسته‌کانی
کورد چ بوون؟
وه‌ڵام:
خواستی بزوتنه‌وه‌ی کورد له شۆڕشی 1997دا وه‌رگرتنی مافی خودموختاریی هه‌رێمی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو له چوارچێوه‌ی جوغرافیای سیاسیی ئێران‌دا. حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران که نوێنه‌رایه‌تی زۆربه‌ی گه‌لی کوردی ده‌کرد، هه‌وڵیده‌دا،
ئه‌و مافه له ده‌ستوری ئێران‌دا بگونجێنێت. له به‌رامبه‌ردا خومه‌ینی و لایه‌نگرانی
له ڕژێمی کۆماری ئیسلامی‌دا، خه‌ریکی فریودانی خه‌ڵک و ده‌سته‌مۆکردنی بزوتنه‌وه‌که‌ی
بوون و دژی دانی خودموختاریی. هه‌رچه‌نده له وتوێژه‌کانی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی
خه‌ڵکی کورددا که حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی
کوردستان، چریکی فیدایی خه‌ڵکی ئێران "لقی کوردستان" و مامۆستا شێخ عیزه‌دین
حوسێنی به‌شداربوون تێیدا و گه‌ڵاڵه‌یه‌کی خودموختاریان ئاراسته کرد و دواتر
حیزبی دیموکرات گه‌ڵاڵه‌که‌ی له شه‌ش مادده‌دا کورت کرده‌وه، به‌ڵام دیسانیش
کۆماری ئیسلامی به بیانووی جیاواز، خواستی نوێنه‌رانی گه‌لی کوردی خسته پشت ئه‌ستۆ
و سه‌رئه‌نجام شه‌ڕ کۆتایی به وتووێژ و ڕێککه‌وتنه‌کان هێنا.
- به‌رگری ره‌وا یان شهر
له کوردستان له کوێوه ده‌ستی پێ کرد و ئاکامه‌کانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و بزووتنه‌وه‌ی
سیاسی چ بوون؟ به‌گشتی جه‌نگ له کوردستان چ ده‌ره‌نجامگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و
سیاسی به دواوه بوو؟
وه‌ڵام:
هه‌ر ناوێکی لێ بنێین شه‌ڕ یان به‌رگریی ڕه‌وا، کوردستانی توشی کاره‌سات کرد. به‌رله‌وه‌ی
که کێشه‌ی کورد و ڕژێم ئاوێته‌ی شه‌ڕ ببێت، له کوردستاندا شه‌ڕی خۆبه‌خۆ هه‌بوو.
شه‌ڕ له‌نێوان حیزبی دیموکرات و عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ، کۆمه‌ڵه و سوپای ڕزگاری و
دیموکرات، چه‌کدارانی سه‌ربه ڕژێمی به‌عسی عێراق و سه‌ڵته‌نه‌تخواز دژی ڕژێمی
ئێران، شه‌ڕی حیزبی دیموکرات و ڕێکخراوی په‌یکار، کۆمه‌ڵه و چریک دژی ده‌ره‌به‌گه‌کان.
دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی کۆماری ئیسلامیی دژی گه‌لی کورد، شه‌ڕی کۆمه‌ڵه و
دیموکرات بۆ ماوه‌ی نۆ ساڵ وه‌ک درێژترین شه‌ڕی سه‌ده‌ی بیسته‌م. شه‌ڕ له هه‌موو
بوارێک‌دا زیانی قه‌ره‌بوونه‌کراوی لێکه‌وته‌وه. زیاتر له شه‌شهه‌زار مرۆڤی تێدا
کوژرا، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر مناڵانی کوردی له خوێندن و په‌روه‌رده‌بوون دورخسته‌وه،
گه‌شه‌ی ئابوریی وه‌ستاند و زیانی به ئابوریی کوردستان و ئێران گه‌یاند و سه‌دان
هه‌زار که‌سی له زێدی خۆی کرده‌وه و ئاواره‌ی وڵاتانی کردن و ...تد.
ـــ ده‌یه‌ی حه‌فتا له ئێران ره‌وشێکی دیکه به‌سه‌ر ئێران‌دا هاته
ئاراوه، نه‌زمی نوێی جیهانی هاته ئاراوه، چینی نوخبه‌ی شاری دروست بوو، شاره‌کان
گه‌شه‌ی خێرایان به خۆیه‌وه بینی، گۆرانکارییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ئاست
ئێران‌دا هاتبوه ئاراوه، گوتارە رووناكبیرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە جیاواز
لەگەڵ ئەوەی كە تێكڵاوی ئیدئۆلۆژییەكانی بیری چەپو راست‌و دینی بوون، هەموویان لە
چوارچێوەی گوتاری ناسیونالیستیدا كاریان كردووەو هەوڵی خۆپێناسەكردن بوون‌و بە
واتایەك بە دوای "گەڕان بە دوای شوناس دا" بوون، ره‌وتی رووناکبیری کورد
به‌ره‌و چ ئاقارێک رۆشت؟
وه‌ڵام:
یاساخ بوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی، ڕۆژنامه‌وانی، سیاسیی و حیزبایه‌تی له سه‌رده‌می
حوکمی پاشایه‌تیدا له ئێران، له شۆڕشی ساڵی 1979 دا زیانی زۆر و قه‌ره‌بوونه‌کراوی
به گه‌لانی ئێران گه‌یاند. ئه‌و ڕه‌وته دوای دامه‌زرانی کۆماری ئیسلامیش به‌رده‌وام
بوو، تا سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می له ساڵی 1376دا به سه‌رکۆماری ئێرانی هه‌ڵبژێردرا.
خاته‌می بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هه‌لی له ده‌ستچوو له بواره‌کانی فه‌رهه‌نگی،
کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و دیپلۆماسیی نێوده‌وڵه‌تیدا، سیاسه‌تێکی نوێی گرته‌به‌ر و
تیۆریی (گفتوگۆ له نێوان فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کان)ی ئاراسته کرد. له‌ناوخۆی
ئێرانیشدا پاڵپشتی کرد له کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسیی
و کۆمه‌ڵایه‌تیدا. به‌و هه‌نگاوه‌ی مێشکی تین‌و به ئازادیی چینه جیاوازه‌کانی خه‌ڵک
و به‌تایبه‌ت لاوان، خوێندکارانی، ئافره‌تان، کرێکاران و نه‌ته‌وه کۆڵۆنییه‌کانی
له ئێران‌دا هاندا که له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری ئێران‌دا بێنه مه‌یدان و داخوازه‌کانیان
ڕابگه‌یه‌نن. قه‌یرانی ئیسلامی سیاسی له ئێران له لایه‌ک و شکستی سۆسیالیزمی
سۆڤیه‌ت له هه‌شتاکاندا له لایه‌کیتردا، له‌گه‌ڵ کهمئهزمونیی حیزبه سیاسییه‌کانی
ئێران و کوردستان له کاری به کۆمه‌ڵدا، بوونه هۆی هاندانی خه‌ڵک که به‌دوای
شوناسی خۆیاندا بگه‌ڕێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چینی نوخبه دروشمه‌کانی خۆی له ده‌وری
ئازادیی و مافی ئافره‌تان، ڕۆژنامه‌نوسیی، مافی کرێکاران و نه‌ته‌وه‌کان و ئازادیی
زیندانه سیاسییه‌کان و...تد کۆکرده‌وه که مافێکی یاسایین له ده‌ستوری ئێران‌دا.
ڕوناکبیری کوردیش له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا، به تێبینییه‌وه هاته
مه‌یدان و به پێچه‌وانه‌ی بیری به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی، به‌دوای شوناسێکدا گه‌ڕا
که زاخاوی مێشکی بێت له خه‌باتی دواڕۆژدا.
ــــ گوتارێک که باڵی به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی و روناکبیری
کوردستاندا له‌ده‌یه‌ی حه‌فتادا کیشابوو، گوتاری خه‌باتی مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد له چوارچیوه‌ی ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و ... بوو،
ئایا ئه‌مه به‌رهه‌می بێ ئاکام مانه‌وه‌ی شه‌ری چه‌کداری بوو یان وشیاری سیاسی
یان لاوازی حیزبه سیاسییه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان؟
وه‌ڵام:
هه‌رچه‌ند شه‌ڕی چه‌کدارانه له سه‌رده‌مێکدا ڕاگری بزوتنه‌وه‌ی کورد بووه له
به‌رامبه‌ر دوژمنانی کوردستان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ
له سه‌رده‌می تێکنیکی به‌هێز و پێشکه‌وتوی جیهان، ئیتر باوی نه‌ماوه، یان
قورسایی خۆی له ده‌ستداوه. کورد نه خاوه‌نی ئه‌و جبه‌خانه‌یه که له به‌رامبه‌ر
داگیرکه‌راندا خۆی پێبپارێزێت و نه ئابورییه‌که‌ی ئه‌وه‌نده به‌هێزه که له شه‌ڕدا
خۆی پێ بحاوێنێته‌وه. هه‌روه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا گوتم چینی نوخبه و
ڕوناکبیری کورد و ئێرانی دروشمه‌کانیان له ده‌وری مافه‌کانی مرۆڤ، ماف و ئازادیی
ئافره‌تان، ڕۆژنامه‌نوسیی، مافی کرێکاران و نه‌ته‌وه‌کان و...تددا کۆکردوه‌ته‌وه
که مافێکی یاسایین له ده‌ستوری ئێران‌دا، به‌و تێبینییه‌وه که ڕژێمی دیکتاتۆر
به کرده‌وه کاردانه‌وی توندی له به‌رامبه‌ر ئه‌و داخوازانه‌دا هه‌یه.
ــــ گوتاری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خۆی له هه‌ناوی نه‌وه‌ی خوێندکاری
کورد هاته ئاراوه و ده‌یان بلاڤۆک و بلاوکراوه‌ی خویندکاری هاته ئاراوه، پاشان
ره‌وتی فراکسیۆنی کورد له مه‌جلیسی ئێران دروست بوو و رێکخراوی مافی مرۆڤی
کوردستان و ئین جی ئۆکان دامه‌زران، به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد پێک هات، ئه‌م هه‌وڵانه
به‌گشتی به‌ره‌و کوێ رۆیشت؟ ده‌ره‌نجام و شکه‌سته‌کان چ بوون؟
وه‌ڵام:
تا ئه‌و ڕۆژه‌ی مرۆڤ بمێنێت، کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش له جیهاندا به‌رده‌وام
ده‌بن و کێشه‌کان هه‌ر ڕۆژه‌ی خواستێک و شێوازێک به‌خۆیانه‌وه ده‌گرن. به
درێژایی مێژوو لاوان و خوێندکاران له ڕیزی پێشه‌وه و سه‌ر قافڵه‌ی ئه‌و خه‌باته
بوون. به چوک بوونه‌وه‌ی دونیا له کامپیۆته‌ر، یان ته‌له‌فۆنێکی ده‌ستیدا،
ئاساییه که لاوان و خوێندکاران زانیارییه‌کانیان ده‌به‌نه‌سه‌ر و ئهڵقهکامی
زنجیره‌ی په‌یوه‌ستبوونیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌رفره‌وان ده‌که‌نه‌وه و زۆر به‌په‌له
له تاقیکردنه‌وه سه‌رکه‌وتووه‌کانیان ئه‌زمون وه‌رده‌گرن. ئه‌گه‌ر تا دوێنی
لاوی کورد به تاوانی بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ک ده‌گیرا و به ساڵان له زینداندا
ڕاده‌گیرا، ئه‌مڕۆ پێویست به‌وه ناکات ئه‌و مه‌ترسییه بخاته سه‌رشانی خۆی، به‌بێ
هه‌ستکردنی دوژمن، له ماوه‌ی چه‌ند چرکه‌یه‌کدا نامه‌که‌ی بڵاوده‌کاته، له ئه‌زموونی
گهلانیتر بۆ وڵاته‌که‌ی و بۆ ئازادیی و مافه‌کانی که‌ڵکوه‌رده‌گرێت. له‌به‌ر ئه‌وه
جێی خۆیه‌تی که کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خۆی له هه‌ناوی لاوان‌دا ببینێته‌وه و
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئین جی ئۆ و به‌رگرییکردن له مافی ئافره‌تان و کرێکاران دامه‌زرێنێت
و له په‌رله‌ماندا فراکسیۆن پێکبهێنێت. ئه‌م دامه‌زراوانه هه‌نگاوی سه‌ره‌کین له
په‌روه‌رده‌کردنی لاوان‌دا که له گۆڕانکارییه‌کانی دوایی، توشی سه‌رلێشێواوی نه‌بن.
ــ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ئێران قۆناخێکی دیکه بوو له ئێران، ره‌وتی
سیاسی و باڵه‌کانی ریژیمی به ئاقارێکی دیکه‌دا برد، کورد بێده‌نگی نواند، ئایا
بێده‌نگی مه‌سڵه‌حه‌تی کورد بوو یان به پیچه‌وانه؟
وه‌ڵام:
بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، بزوتنه‌وه‌یه‌کی خۆڕسک بوو که دوای هه‌ڵبژاردنی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ری
سه‌رۆککۆمار بۆ ئێران سه‌ریهه‌ڵدا. ئایه‌توڵلا خامنه‌یی و کاربه‌ده‌ستانی کۆماری
ئیسلامی به پرۆگرامێکی پێشوه‌خت، ده‌نگه دراوه‌کانی خه‌ڵکیان به میر‌حوسێن موسه‌وی
و ئایه‌توڵا که‌روبی خسته سه‌ر ده‌نگی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نژاد و ئه‌ویان به سه‌رکۆماری
هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک ناساند، که‌چی پلانه‌که‌یان ئاشکرا بوو و له به‌رامبه‌ردا خه‌ڵک
داوای ده‌نگه‌کانیان کرده‌وه. کاتێک سه‌رنج به داخوازه‌که‌یان نه‌درا، ڕژانه
ناو شه‌قامه‌کان. موسه‌وی و که‌روبی که غه‌در لێکراوی ئه‌و ڕووداوه بوون، جڵه‌وی
ئه‌و بزوتنه‌وه‌یان گرته‌ده‌ست و ناوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزیان لێنا. هه‌رچه‌نده
کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی به دڕنده‌یی و چه‌ک و گرتن و زیندان خامۆشیان
کرد، به‌ڵام له مێژووی خه‌باتی مه‌ده‌نی ئێران‌دا، بزوتنه‌وه‌یه‌کی بێهاوتا بوو.
خوێندکار، کرێکار، ئافره‌ت، بازاڕیی، ڕۆشنبیر و به‌گشتی هه‌موو چینه‌کانی له‌خۆیدا
کۆکرده‌وه. بێده‌نگبوونی حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستان له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا،
ئاوێته‌ی ترسێک بوو که له ڕوبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسییه
ئێرانییه‌کان هه‌یانه. له ڕاستیدا بیانوی پاراستنی گیانی خه‌ڵک دیارده‌یه‌کی ڕه‌واڵه‌تی
بوو، چونکه به درێژایی مێژووی خه‌باتیان شانازی به ڕاده‌ی زۆریی شه‌هیده‌کان ده‌که‌ن.
نمونه‌یه‌ک له‌و دوره په‌رێزییه ده‌هێنمه‌وه. پترله شه‌ست و پێنج ساڵه حیزبی
دیموکراتی کوردستان (هه‌ردوو باڵ) خه‌بات ده‌کات و هه‌زاران ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی
شه‌هید بووه، به‌گوێره‌ی پرۆگرامه‌که‌ی ده‌یه‌وێت له چوارچێوه‌ی جوغرافیای
ئێران‌دا کورد به مافی خودموختاریی یان فیدراڵی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام جگه‌له شه‌ش
مانگ له سه‌رده‌می پێشه‌وا قازی محه‌مه‌ددا نه‌یتوانیوه بۆ تێکشکاندنی ڕژێمه
دیکتاتۆره‌کان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌ک حیزبی سه‌رتاسه‌ریی ئێران به‌ره
پێکبهێنێت. له‌نێوان کۆنگره‌کانی پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا له‌گه‌ڵ موجاهیدینی خه‌ڵک له
شورای به‌رگریی نیشتمانیدا ڕێککه‌وت، به‌ڵام نه‌یتوانی کاری به‌کۆمه‌ڵ بکات و دوای
کۆنگره‌ی شه‌شه‌م به هه‌ڕه‌شه‌ی موجاهیدین له شورا ده‌رچوو، ئه‌گه‌رنا به
تاوانی به‌شدارییکردن هاوکات له شورادا بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی و لهژێرهوهشدا
وتووێژکردنی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ده‌ریان ده‌کرد. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر حیزبه
سیاسییه‌کانی ئێمه باوه‌ڕیان به ژیانی هاوبه‌ش له ئێران‌دا هه‌یه، ده‌بێ
هاوکاریی ڕێکخراوه‌کانی ئێرانیی بکه‌ن و له داهاتودا به‌شداربن له بڕیاردان و به‌ده‌سته‌ڵات
گه‌یشتن له ئێران‌دا، ئه‌گه‌رنا دروشمه‌کانیان بگۆڕن، چونکه گه‌لی کورد ناتوانێت
به ته‌نیا ڕژێمی ئێران بروخێنێت و ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌ده‌ست بگرێت.
ـــ ساڵی 2011 بۆ دنیای عه‌ره‌ب، به‌هاری عه‌ربی به دواوه بوو
زۆر شۆڕش و بزووتنه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا، بۆچی بۆ کورد به مێژینه‌ی خه‌باتی
سیاسییه‌وه له‌م ئالوگۆرانه دواکه‌وت؟
وه‌ڵام:
بزوتنه‌وه‌ی کورد و عه‌ره‌ب زۆر لێک جیاوازه. عه‌ره‌به‌کان خاوه‌نی 22 ده‌وڵه‌تی
سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام کورد هێشتا جێی حه‌وانه‌وه‌ی له وڵاتی خۆیدا نیه و وڵاته‌که‌ی
داگیرکراوه. ته‌نانه‌ت باشوری کوردستان که سه‌ربه وڵاتی عێراقه، هێشتا به‌شێکی
له چنگ عه‌ره‌به شوینییهکاندایه و ناهێڵن بگه‌ڕیته‌وه سه‌ر باشور. له ئێران،
تورکیا و سوریا هه‌لومه‌رج له‌وه‌ش ئاڵۆزتره. ئێمه ده‌زانین ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا
له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد و دوو جه‌مسه‌ریی جیهاندا، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌کانیان
له وڵاتاندا، پشتی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان ده‌گرت و پشتیان له خواستی گه‌لان و
ڕاده‌ی جێبه‌جێکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیی ده‌کرد، به‌ڵام دوای کۆتایی شه‌ڕی
سارد، له ساڵی 1995وه سیاسه‌تی خۆیان گۆڕی بۆ دژایه‌تی کردنی دیکتاتۆره‌کان و به‌رگرییکردن
له مافی دیموکراتی و دابینکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیی له وڵاتانی ڕو له گه‌شه‌دا.
شه‌ڕ دژی تاڵه‌بان له ئه‌فگانستان و شه‌ڕ دژی سه‌دام له عێراق له‌و چوارچێوه‌یه‌دا
بوو که به پرۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسرا. به‌خۆشییه‌وه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی
دواییدا، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له دیکتاتۆره‌کانی وه‌ک: سه‌دام حوسێن، معمه‌ر قه‌زافی،
زینه‌لعابدین بنعه‌لی، حوسنی موبارک له‌ناوچوون و گۆمان ناکرێت که له ماوه‌یه‌کی
که‌مدا ئه‌و شه‌پۆله، چه‌ند وڵات و سه‌رکرده‌ی تری جیهانیش ده‌گرێته‌وه و ئه‌گه‌ر
کورد به‌شداریی چالاک و یه‌کگرتووی نه‌بێت، ڕه‌نگه له ڕوداوه‌کانی داهاتودا سودی
زۆر نه‌بینێت.
ـ ئه‌گه‌ر حافڤهی تاریخی نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌کانی به‌ر له ئێمه
له به‌رچاو بگرین، به گوتاری به‌هێزی ناسیونالیستی نه‌خشیندراوه، له‌م روانگه‌وه
حزبه‌کان یه‌که‌مین پێگه‌ی ئه‌و بیرکهۆ مێژووییه‌ن بۆ کۆمه‌ڵگا، به گشتی
جیهانبینی و روانگه‌ی حزبه‌کان له‌هه‌مبه‌ر داهاتووی پرسی کورد چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟
ئایا کارکردی خۆیان له‌ده‌ست داوه یان؟
وه‌ڵام:
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له گوتاری ناسیۆنالیستی، هه‌وڵدانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی
و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کورد، پێویسته بڵێم هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵۆنی نییه له
جیهاندا که دژی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌ی بێت. هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان و که‌سایه‌تییه
پێشڕه‌وه‌کانی کوردستان دوای جه‌نگی یه‌که‌م و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی دووه‌می
جیهانی، هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان ده‌دا و به ئاشکرا له رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی
ده‌دوان. کۆمه‌ڵه‌ی خۆێبوون، حیزبی ئازادییخوازی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی
کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی هیوا و لیژنه ئازادیی، یان شێخ مه‌حمود و سمایل ئاغای سمکۆ،
خاوه‌ن دروشمی سه‌ربه‌خۆیی بوون بۆ کوردستان، به‌ڵام دوای کۆتایی جه‌نگی دووه‌م و
دامه‌زرانی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له جیاتی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان، به‌رینبوونه‌وه‌ی
سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و په‌ره‌سه‌ندنی بیری سۆسیالیستی له
کوردستاندا، ئه‌و دروشمه له هه‌موو کوردستاندا گوڕی بۆ خودموختاریی له
چوارچێوه‌ی جوغرافیای وڵاتاندا. من له کتێبی (کۆماری کوردستان 22/1/1946-
17/12/1946)دا هۆ و به‌ڵگه‌کانی ئه‌و گۆڕانه‌م بڵاوکردوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌م
وتووێژه‌م ده‌قی ئه‌و کتێبه‌ت به ده‌نگ بۆ ده‌نێرم.
ـ مشارکت سیاسی یان به واتایه‌کی دی، به‌شداری ژنان له پرۆسه
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا و له نێو بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیریدا چۆنه و ئایا
بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کورد تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه ؟
وه‌ڵام:
ئه‌گه‌ر ئێمه ئافره‌تی کورد به نیوه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واریی بزانین و باوه‌ڕمان
به‌و وته‌یه‌مان هه‌بێت، جیاکردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له خه‌باتی
سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر شێوه خه‌باتێکی تر، به‌و واتایه‌یه که مرۆڤ له
کارکردن‌دا ته‌نیا له نیوه‌ی جه‌سته‌ی خۆی که‌ڵکوه‌رگرێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆخۆی له‌لای
خۆی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی به‌م جۆره بکات، ده‌بینێت تا چ ڕاده‌یه‌ک له کارکردن‌دا
ده‌وه‌ستێت. به بڕوای من نابێت له خه‌باتی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگیی و
ڕوناکبیرییدا ئافره‌ت و پیاو لێکداببردرێن و ده‌بێ هاوشانی یه‌کتر بن له خه‌باتدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئافره‌ت مافی خۆیه‌تی له هه‌ر ئۆڕگانێکدا تێبکۆشێت که خواسته‌کانی
خۆی تێیدا ده‌بێنێت. بوونی ئافره‌ت له بزوتنه‌وه‌ی کوردستاندا لاوازتر له‌وه‌یه
که مرۆڤ ئاماژه بۆ چالاکییه‌کانی بکات. ئه‌وانه‌ش که له حیزبه‌کاندا تێده‌کۆشن،
ژماره‌یه‌کی به‌رچاو نین.
ـــ بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری کورد وه‌ک سووژه‌یه‌ک بۆ راڤه و ته‌ئویلی
بزووتنه‌وه‌ی کورد په‌رده‌وازه و نایه‌کانگیر، ئایا کۆمه‌ڵگای کوردی نوخبهکوژه
یان هێشتا بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری کورد شکڵی به‌رینی به‌خۆوه نه‌گرتوه و له
دۆخی نوخبه‌گه‌رایی خۆی دا ماوه‌ته‌وه، هۆکاره‌کانی نایهکانگیربوونی ئه‌م
بزووتنه‌وه بۆ چ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا بزووتنه‌وه‌یه‌کی وامان هه‌یه؟
وه‌ڵام:
به گشتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له خه‌باتی کاری به کۆمه‌ڵدا لاوازه و باش په‌روه‌رده
نه‌کراوه. نا سه‌قامگیریی لاوان و به‌تایبه‌تی ڕوناکبیران له کاری به‌رده‌وامدا
له ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه که وزه و جوڵه‌ی به‌رده‌وامیان، به‌ده‌ستخستنی
ئاواته‌کانیان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونکه شێوازی کار و به‌ڕێوه‌بردنی حیزبه‌کانی
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای شیوازی حیزبه کۆمونیسته به‌ناو
براکانی سۆڤیه‌تی پێشوو دامه‌زراوه، ناتوانن بیری جیاوازی ڕوناکبیران قبوڵ بکه‌ن
و له به‌رامبه‌ریاندا کاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌بێت و توڕه ده‌بن و ئه‌نجامه‌که‌ی
به ڕاکردن و دورکه‌وتنه‌وه‌ی ڕوناکبیر، یان دورکردنهوهیان له بزوتنه‌وه و
بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی ناڕاستی به‌دوادا دێت. له ماوه‌ی ئه‌و 32 ساڵه‌دا که
کۆماری ئیسلامیی ده‌ستی به‌سه‌ر ئێران‌دا گرتووه، ده‌یان هه‌زار ڕوناکبیر له
حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دورکه‌وتونه‌ته‌وه. ئه‌و ته‌نگژه‌یه بۆچی و له
کوێوه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا پیویستیی به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی نییه؟ له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا به ڕاشکاوی ده‌بێت دان به‌و ڕاستییه بنێم که به‌ڵێ کۆمه‌ڵگای کورد
نوخبهکوژهوه و پێویسته بۆ به‌خته‌وریی خۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی ئاوڕێک له نه‌ته‌وه
سه‌رکه‌وتووه‌کانی جیهان بداته‌وه.
ـ وه‌ک پرسیاری کۆتایی، کاری رووناکبیری کورد له‌م دۆخه‌دا چیه؟
وه‌ڵام:
وه‌ک تاک ڕوناکبیری کورد له کاره‌کانیدا بۆ کوردستان چالاکه. نوسه‌ر، ڕۆژنامه‌نوس،
شاعیر، تێکنیککاری کورد له بواره جیاوازه‌کاندا، کارکردن به کامپیۆته‌ر و سیاسه‌تزان،
هه‌موویان کاری شایسته ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌کاری به‌کۆمه‌ڵدا کڵۆڵهن، یان توانای
کاری به کۆمه‌ڵ و قبوڵکردنی دیسیپلینی چوارچێوهداریان نییه، یان سه‌رکرده‌کان
قبوڵی هه‌ڵسوکه‌ت و ڕا و بۆچوونه‌کانیان ناکه‌ن. ئه‌م کاره‌ی به‌ڕێزتان ده‌یکه‌ن،
کاریی ڕوناکبیرییه و به بروای من ڕوناکبیری کورد ده‌بێت هه‌وڵی لێک نزیککردنه‌وه‌ی
کورد و ڕێکخراوه سیاسیی و مه‌ده‌نیی و که‌سایه‌تییه‌کانی بدات بۆ کاری به‌کۆمه‌ڵ.
له په‌روه‌رده‌کردنی خۆی و ڕۆڵه‌کانی نه‌وه‌ستێت و به فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌کی
کۆڵۆنی بۆ ڕزگاریی کوردستان له ده‌ست داگیرکه‌ران په‌روه‌رده‌یان بکات. له هه‌موو
بوارێک‌دا بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست هه‌وڵبدات.
ـــ تکایه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ هه‌بێت که جێگای ئاماژه
بێت، وه‌ک کۆتایی ئه‌م وتووێژه باسی بکه‌ن و سپاس بۆ ئهمهگداریتان؟
وه‌ڵام:
گرێپوچکهیهک له بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی و کاری به کۆمه‌ڵی حیزبایه‌تیدا هه‌یه
که زیانی زۆری به بزوتنه‌وه، حیزبه‌کان و ته‌نانه‌ت تاکی کورد گه‌یاندوه. ئه‌م
گرێپوچکهیه، نهحاواوهیی سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر که به به‌رده‌وامی
جیابوونه‌وه و له‌تکردنی حیزبه‌کانی به‌دوادا هاتووه. ئێمه دوو ئه‌زموونی ئه‌رێنی
و نائهرێنیمان له بزوتنه‌وه‌ی کورد له باشور و ڕۆژهه‌لاتی کوردستان هه‌یه. یه‌که‌میان
به‌ره‌ی کوردستانیی له باشور که توانی به یه‌کده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و
حکومه‌ت دامه‌زرێنێت و دووه‌میان کێشه‌ی نێوان کۆمه‌ڵه و حیزبی دیموکرات له
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که نه‌یهێشت له وتووێژه‌کانی ساڵی 1359 دا له‌گه‌ڵ ڕژێمی
ئێران، ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ست بهێنێت و ته‌نانه‌ت کات بکرێت بۆ خۆسازدان و په‌روه‌رده‌کردنی
ئه‌ندامانیان. بێگومان هه‌موو حیزبه سیاسییه‌کان دژبه ڕژێمی کۆماری ئیسلامین، به‌ڵام
کرده‌وه‌کانیان سه‌باره‌ت به یه‌کتر و به‌ربه‌ره‌کانی خۆبه‌خۆیان له خزمه‌ت
ئامانجه‌کانی کۆماری ئیسلامیدایه. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته شێوازێک بۆ نه‌هێشتنی
ناکۆکییه‌کان بدۆزنه‌وه. هه‌روه‌ها به‌سه حیزب دروستکردن، ئێمه ئه‌وه‌نده‌مان
حیزب هه‌یه که هه‌موو بیروبۆچوونه جیاوازه‌کانی کوردستان له‌خۆیاندا کۆبکه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر هاوڕێ دێرینه‌کانمان له حیزبی دیموکرات‌دا (هه‌ردوو باڵ) بخوازن، من پرۆژه‌یه‌کم
هه‌یه که ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت له‌به‌ر ده‌م یه‌کگرتنه‌وه دیموکراته‌کان. له
کۆتاییدا سوپاس بۆ به‌ڕێزتان کاک ئه‌فراسیاب که ئه‌و هه‌له‌ت بۆمن ڕه‌خساند که
له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاره‌کانت، هه‌ندێک له بۆچوونه‌کانی خۆم ئاراسته‌ی
خوێنه‌ران بکه‌م.
کورته‌یه‌ک له بیوگرافی:
حامید گه‌وهه‌ری ساڵی 1944
له گه‌ڕه‌کی مزگه‌وتی سوریی شاری مهاباد چاوی به‌ژین کردوه‌ته‌وه. خوێندنی سه‌ره‌تایی
و ناوه‌ندیی و دواناوه‌ندی له مهاباد و ئاماده‌یی له کرماشان ته‌واوکردوه.
ساڵی 1962 چووه‌ته ڕیزی سوپای ئێران و بۆ ماوه‌ی 18 ساڵ پله‌داری سوپای ئێران
بووه. ساڵی 1968 به تۆهمه‌تی هاوکارییکردن له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕیی حیزبی
دیموکراتی کوردستان، له مهاباده‌وه دورخراوه‌ته‌وه بۆ کرماشان و سێ مانگ و چه‌ند
ڕۆژ زیندانی کراوه. ڕۆژی 19/2/1979 (30/11/1357) به هاوکاریی چه‌ند هاوڕێی سه‌ربازگه‌ی
مهابادی بۆ حیزبی دیموکرات چهککردوه. به‌شداریی کۆنگره‌کانی 4 و 5 و 6 ی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردوه. ساڵی 1986 کوردستانی به‌جێهێشتوه و چووه‌ته
وڵاتی سوید و ئێستاش له‌و وڵاته ده‌ژی. سه‌دان وتاری جۆراوجۆری له ڕۆژنامه و
گۆڤاره‌کاندا بڵاکراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها چاوپێکه‌وتن له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی
کوردستان. 24 کتێبی چاپکراوی له بواره‌کانی مێژوویی، فه‌رهه‌نگیی، کۆمه‌ڵایه‌تی،
ئافره‌تان و سیاسیی هه‌یه که 7 کتێبیان وه‌رگێڕاون. سێ ڕۆژژمێری کوردیی به
دیارییکردنی ڕووداوه مێژووییه‌کان بڵاوکردوه‌ته‌وه و 17 ساڵ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی
گشتیی فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه کوردستانییه‌کان و 9 ساڵ سکرتێری ئه‌و فیدراسیۆنه بووه.
ئه‌مه‌ش
لیسته‌ی به‌رهه‌مه‌کانم
1-بادانه‌وه یان پێچه‌قاندن
2-ڕاپۆرت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی کوردستان
3-کوردایه‌تی و حیزبایه‌تی
4-کورته مێژووی ئاواز و گۆرانیی کوردی
5-لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گشتی و پێداچوونه‌وه به بیره‌وه‌رییه‌کانی
که‌ریم حیسامیی دا
6-کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان
7-کۆماری دیموکراتی (ئایدیۆلۆژی ، ستروکتور ، ستراتیژی ، تاکتیک و
کرده‌وه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK)
8-ڕاستییه‌کان بۆخۆیان ده‌دوێن
9-کۆمه‌ڵه و چۆنیه‌تی دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی. به هابه‌شی
له‌گه‌ڵ عاسی ڕه‌باتی و نه‌وزاد وه‌لی
10- چاوخشاندنێک به‌سه‌ر وتاره‌کانمدا
11- باشوری کوردستان له‌نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا
12- چه‌ککردنی سه‌ربازگه‌ی مهاباد 1979
13- کورد له سوید : له مێژووی 25 ساڵه‌ی فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه
کوردستانییه‌کان دا
14- ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده ساڵدا 1978 – 1988 به‌رگی یه‌که‌م
15- ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده ساڵدا 1978 – 1988 به‌رگی دووه‌م
16- کۆماری کوردستان 22/1/1946 – 17/12/1946
17- کۆکردنه‌وه‌ی ئاڵه‌کۆک بۆ غه‌نی بلوریان
ئه‌و
به‌رهه‌مانه‌ی که کردومن به کوردی
18- مه‌کسیکی : نوسینی جه‌ک
له‌نده‌ن
19- مه‌گه‌ر له وڵاتی ئێوه‌دا که‌ر نییه : نوسینی عه‌زیز نه‌سین
20- کورده‌کان ، نوسینی حه‌سه‌ن ئه‌رفه‌ع
21- کورد تورک عه‌ره‌ب : نوسینی سیسیل ج ئیدمۆندس
22- مێژووی شارستانییه‌ت : نوسینی ئیزاک ئاسیمۆف و فرانک وایت
23- ئافره‌ت له کاروانی مێژوودا: نوسینی سیامه‌ک ستوده
24- به‌رزبوونه‌وه و که‌وتنی فیرقه‌ی دیموکراتی ئازه‌ربایجان :
نوسینی جه‌میل حه‌سه‌نلی
Afrasyab.g@gmail.com
www.amrojane.tk
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر