۱۳۹۸ آبان ۳۰, پنجشنبه

لاوان و بەرمیلی قوپاوی سیاسەت لە ئێران


بۆچی لاوان و بەتایبەت گەنجانی کورد لە پانتایی سیاسەت لە ئێراندا رادیکاڵ بوون و بزووتنەوەی لاوانی کورد هەمیشە خوازیاری رووخان و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی ئێراندا بووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و هۆکارەکانی رادیکاڵبوونی بزووتنەوەی لاوانی کورد، راستەوخۆ پێوەندیی بە رێتۆریکی سیاسەت و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی‌یەوە هەیە کە نەوەی نوێی پشتگوێ خستووە و درزێکی گەورەی لە نێوان نەوەکاندا درووست کردووە.

زیادەڕۆیی نیە کە بڵێین کۆماری ئیسلامی یەکێک لە پاشکەوتووترین سیستەمە سیاسییەکانە کە لە ڕووی ئایدۆلۆژی، ئابووری و ئەخلاقی‌یەوە بە تەواوی داڕماوە و بەرگەی تیشکێکی ئازادیی ناگرێ و لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. لەسەرەوە هەتا پێکهاتە وردەکانی کۆمەڵ، پەرە بە دواکەوتووی، توندوتیژی و داهێزرانی کۆمەڵایەتی ئەدات و لەم نێوەشدا قوربانی هەرە گەورەی ئەم بەرمیلە قووپاوەی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، توێژی گەنج و نەوەی نوێ‌یە.
رەنگە ئاسان بێ باس کردن لە ڕۆڵی لاو لە پانتایی سیاسەتدا و سەدان درووشمی بریقەدار لاپەڕەی رۆژنامەکان و گوتاری سیاسەتمەدارەکان بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرینگە بونیادنانی سیستەمێکی سیاسیی پێشکەوتووانەیە کە رۆڵی لاو بەڕۆژ بکات و نەوەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان ئامادە بکات. بۆیە رووبەڕووبوونەوەی نەوەی و سیستەمی پاشکەوتووانە هەمیشە رادیکاڵ بووە و بە پێچەوانەی پلانی پێشتر داڕێژراوەوە، خەونی گەورەتریان هەیە و گۆڕانکاری گەورەتر وەدی دەهێنن. نموونەی هەرە زیندوو  بەهاری عەربی بوو کە توانی گۆڕانکاریی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەدی بێنێ. تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان پانتایی دەرخستنی توانایی‌یەکانی لاوان بوو کە شکۆی پووشاڵی دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی تێکشکاند و ئاسۆی دێموکراسی رووناکتر کردەوە. هەرچەندە بەهاری عەرەبی بە خەونەکانی نەگەیشت، بەڵام لێرەدا گرینگی رۆڵی لاو لە بزاڤە کۆمەڵایەتی‌یەکاندا راستییەکی حاشا هەڵنەگر و چارەنووسسازە.
گەنج یان رەنجی لاو
گەنج، لاو توێژێکی کۆمەڵایەتی‌یە کە لە ڕووی فیزیۆلۆژیکی، ناسیاری‌ و کۆمەڵایەتیبوونەوە جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ نەوەی پیر و نەوەی منداڵ و ساوادا هەیە. توێژێکن خاوەنی خەون و خەیاڵی زیندووتر و چالاکترن. سەربزێوی، پرسیارکردن و چالاکبوون لە خەسڵەتە بنەمایی‌یەکانی نەوەی نوێن و دەکرێ بڵێین گرینگترین نەوەن کە دەتوانن جووڵە و بزاوتی کۆمەڵایەتیی نوێ بخوڵقێنن.
بێگومان یەکێک لە گرینتگترین پێناسەکان کە بۆ توێژی لاوان ئەکرێ و بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوەیە کە، لاوان دینامیزم و هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵگایە و دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگایەک زیندووە کە نەوەی نوێی کۆمەڵگاکەی زیندوو و پرسیارکەر بێت. زیندوو بەو واتایە کە لە هەموو ئاستەکانی سیاسەت و کۆمەڵدا بەشداریی چالاکانەی هەبێ و هەروەها پرسیارکەر بەو واتایە کە نەوەیەکی رەخنەگر، وشیار و توانایی بونیادنانی سەردەمی خۆی هەبێ. ئەو هۆکارانەی کە دەتوانین لە گەشەکردنی بیر و زەینی چالاکانەی لاواندا رۆڵیان هەبێ گەلێک زۆرن و دەتوانین لە سێ ئاستی سیاسەت، کۆمەڵ و ئابووریدا توێژینەوەیان لەسەر بکرێ. لە ڕووی سیاسییەوە لاوان نەوەی ئێستان و دەبێ و دەکرێ بەشداری جووڵە و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان بن هەتا بتوانن داهاتووی کۆمەڵەکەیان بونیاد بنێن. لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە، نەوەی نوێ خاوەنی خەون و حەزی کۆمەڵایەتیی خۆیانن و ئەیانهەوێ لەگەڵ یەکتری هاوبەشی بکەن و ئەوەش سەرەتاکانی کولتووری دێموکراسی‌یە کە نەوەی نوێ بتوانن ئارەزووەکانیان لەگەڵ یەکتردا و پێکەوە وەدی بێنن. کۆمەڵگا بەردەوام لە گەشەکردن دایە و دیاردەی نوێ و پێویستیی نوێ دەخوڵقێنێ. هاوکات کە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە پەرەسەندن‌دان و زۆربەی دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگاش لەسەر توێژی لاوان تاقی دەکرێتەوە و نەوەیەکی هەستیارن کە دەکرێ زووتر لە توێژەکانی کۆمەڵ کاریگەرییان لەسەر دابنرێ و بەلاڕێدا ببرێن. لە رووی ئابووریشەوە، ئاستی بێکاری، بێ دەرەتانی و بشێوی بارودۆخی ئابووری وڵات وا دەکات کە سەرمایەی ئینسانی و بەتایبەتی گەنجان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بکاتەوە کە دەرەنجامەکانی خەسارێکی قەرەوبوو نەکراوەیە. کە دەتوانین هەڵاتنی مێشکەکان، زیادبوونی توندوتیژی و تاوان لە کۆمەڵگا و تێکچوون شیرازەی بنەماڵە سەرەتاکانی ئەم بارودۆخە بن. لەم روویەوە دەتوانین بڵێن هۆکارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی سێ بیاڤی گشتی کۆمەڵگان کە دەتوانن هەم رۆڵی گەورەیان لە پێشکەوتنی لاواندا هەبێ و هەمیش نەوەی نوێ لە ئاست داواکارییەکانیان دوا بخەن.
ئەوەی کۆمەڵگایەک نەوەیەکی پێشکەوتوو و گۆڕانخواز پەرەوەردە دەکات، پێوەندیی بە ئازادیی و دێموکراسییەوە هەیە کە توێژی لاوان وەک هێزی بونیادنەری ئێستا و داهاتووی وڵات لەبەرچاو دەگرێ و پێی وایە دێموکراسیی قووڵ لە کۆمەڵگادا بێ بوونی هێزی لاو مسۆگەر نابێ. بەڵام دواکەوتن و خەسارهەڵگربوونی نەوەی نوێ لە سیستەمێکی ئایدۆلۆژی و دواکەوتوودایە کە پێی وایە ئایدۆلۆژیاکەی لە مەترسیدایە و نەوەی نوێ بۆ بیری کەنفت و پاشکەوتووانە پەروەردە دەکات کە دەرەنجامەکەی داخراویی کۆمەڵگا و توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. نموونەی ئەم سیستەمگەلە زۆرن لە دنیادا و نموونەی هەرە دواکەوتووشی کۆماری ئیسلامییە کە خەونی گڵاو بۆ نەوەی نوێ ئەدۆزێتەوە و بە ملوێن گەنجی بۆ ئیستشهادی و جیهادی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لە پێناو ئایدۆلۆژیای شەڕخوازانە و تێرۆر پەروەردە کردووە کە پێی وایە تیرۆر و شەڕ پێویستیی بە نەسڵی نوێ هەیە.
لە ئێراندا لاوان هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، کوانووی گەرمی شۆڕش و ڕووخانی رێژیمی پەهلەوی بوون، بەشدارییان لە شۆڕش، لە شەڕ و خۆپیشاندانە گەورەکاندا هەبووە و هاوکاتیش لە بونیادنانەوە و سەرهەڵدانی بزاوتە کۆمەڵایەتی‌یە نوێیەکاندا رۆڵی چالاکیان هەبووە. بەڵام بەداخەوە رەنجی لاو نەبۆتە گەنج و سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆ نەوەی نوێ، بە پێچەوانە بۆتە رەنج و داڕمانی سەرمایەی ئینسانیی لاوان. بەندیخانەکان قەڕەباڵغتر بە گەنجانی ئازادیخواز و پارکەکان پڕ بوون لە گەنجی موعتاد و تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان. رەنجی خوێن و خەباتی لاوان لە ئێراندا، گەنجێتی وڵاتێکی داڕماند. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ داخراویی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە هەموو ئاستەکاندا کە نایهەوێ ژیانی کۆمەڵایەتیی گەنجان گەشە بکات کە پێویستیی بە بزووتنەوەیەکی رادیکاڵتەوەرە.

لاوانی کورد و دەهۆڵی دڕاوی کۆماری ئیسلامی
کوردستان بە هۆی بارودۆخی سیاسی و ژیۆپۆلیتیکی سەختەوە، هەمیشە کەوتۆتە بەر پلاری دوژمنکارانەی رێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا و سیاسەتی نەرمەفزاری و سەختەفزارییان دژی نەتەوەی کورد بەکار هێناوە. لە کاولکردن و شێواندنی ئێکۆسیستەمی کوردستان، کوشتن، ئێعدام، گرتن و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە بگرە هەتا هەوڵی سڕینەوەی شووناسی کوردبوون و داماڵینی لاوانی کورد لە خەبات و مێژووی کورد، گرینگترین سیاسەتی دوژمنکارانەی رێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بووە. لەم روویەوە، خەباتی لاوانی کورد لە نێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ورد و کەلاندا بەرچاوە و دوو هێڵی سەرەکی ئەگرێتەوە: یەکەم، هەوڵدان بۆ دابینبوونی دێموکراسی لە وڵاتدا و بە گژداچوونەوەی دیکتاتۆری کە پاراستنی کەرامەتی لای کورد و ئازادی بناخەی خەبات و تێکۆشانەکەیەتی. دووهەم، دابینبوونی مافەنەتەوایەتی‌یەکانی و گەڕان بە دوای ناسنامەی نەتەوەییدا و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی توانەوەی شوناسی کوردبوونە. هەر ئەوەشە کە لاوانی کورد و خەباتی لاوانی کوردی لە سەرانسەری ئێراندا جیا دەکاتەوە و رادیکاڵتری دەکات.
بۆ گەڕان بە شوێن پێناسەی لاوی کورد پێویست ناکا تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی بخوێنینەوە، بەڵکوو بەرهەمی خوێن و خەبات، گەڕان بە دوای ناسنامەی کوردبوون لە سێمبوولەکانی وشیاری و ئازادیخوازیی لاوانی کورد بووە کە چەندین نەوەیە بێوچان خەبات دەکات و بە گوتارێکی ئاگرینەوە بە گژ داگیرکەراندا ئەڕواتەوە. لاوی کورد هەڵگری ئەو شوناسەیە کە هەزاران جۆر مەرگی تاقی کردۆتەوە بەڵام دواجار کەشتی هومێدی لە کەنار لەنگەر ئەگرێ. ئەوەی تێکشکاو و داڕماوە، دەهۆڵی دڕاوی سیاسەت و شکۆی شکاوی کۆماری ئیسلامییە کە بەدناوترین سیستەمی سیاسییە لە هەزارەی سێهەمدا.


هیچ نظری موجود نیست: