۱۳۹۰ اسفند ۱۹, جمعه

ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ دا له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ جه‌میل کولاهی


ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ دا  له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ جه‌میل کولاهی
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی

ئاماده‌ کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
جه‌میل کولاهی: شەڕی ئێران و عێراق، بووه‌ هۆی ئەوە کە شەڕێکی گەورەو لە نێوان دوو وڵاتی گرینگی رۆژهەڵاتی ناڤیندا بوو، سێبەری خستبووە سەر شەڕی کوردستان
جه‌میل کولاهی: پەنا بردن بۆ ساز دانی حیزبی هاوشێوەی حیزبی رابردوو لە لایەن ئێنشعابییەکانەوە نیشانەی نەبوونی باوەڕ بە خۆ بوون و بێوەری بوون لە هەر چەشنە بیرو هێزرێکی نوێە
جه‌میل کولاهی: بزووتنەوەی سەوز هیچ پەیامێکی بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران پێ نەبوو. بۆیە پشتیوانی لە جووڵانەوەیەک کە مافەکانی کوردی رەچاو نەکردووە، دوورە لە عەقڵیەتی سیاسی و من ئەو بێ دەنگییە بە تەواوی سیاسییانە و ژیرانە دەبینم



ــــ شۆڕشی 57، گریگترین رووداوی سیاسی ئێران بوو له‌ سه‌رده‌می نوێدا، به‌گشتی کورد که‌وته‌ بارودۆخێکه‌وه‌ که‌ توانی به‌شێک له‌ کوردستان ئیداره‌ بکات، ئه‌و بارودۆخه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ به‌گشتی خواسته‌کانی کورد چ بوون؟ به‌رگری ره‌وا یان شه‌ر له‌ کوردستان له‌ کوێوه‌ ده‌ستی پێ کرد و ئاکامه‌کانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی چ بوون؟
بەڵێ دەکرێ شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ئێران وەکو قووڵترین گۆڕانکاری مێژووی هاوچەرخی ئێران ناو ببەین کە کۆتایی بە تەمەنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران هێنا. هەر چەند لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئێران و هەموو نەتەوەکانی ئێران بەشدار بوون، بەڵان مەلاکان بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی مەزهەبی گەلانی ئێران هەر زوو دەستییان بە سەر ئێراندا گرت و هەر لە بەرێکەوە حیزب و لایەنە سیاسییەکانیان هەڵوەشاوە راگەتاند. بە بڕوای من ئەگەر کورد ئەوکات، یەکگرتوو ببایا بە دڵنیاییەوە بە مافە رەواکانی دەگەییشت. لە لایەکەوە نزیک بە نیوەی کوردی ئێران شیعە مەزهەبن، رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کە لە سەر بنەمای ئیسلامی شیعە دامەزرابوو، بە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب زۆرێک لە کوردە شیعەمەزهەبەکانی بۆ لای خۆی راکێشا بوو. لە لایەکی دیکەوە ئەو لایەنانە کە لە ناوچە رزگارکراوەکان بوون بریتی بوون لە سێ لایەنی سەرەکی بە سێ بیرو ئەندێشەی بە تەواوی لە یەک جیاواز. یەکەم حیزبی دیمۆکراتی کوردیستانی ئێران کە ئاڵا هەڵگری خەباتی نەتەوەیی بوو لەو بەرەیە بوو. دووهەم کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە ئاڵاهەڵگری بەرەی کۆمۆنیزم لە کوردستان بوو. سێهەم تاقمە ئیسلامییەکان بە رێبەرایەتی ئەحمەدی موفتی زادە بوون. هەر سێ لایەن چەکدارو بە جیهانبینی جیاوازەوە. کۆمەڵە ئیسلامییەکانی بە کۆنەپەرەست دەزانی و حیزبی دیمۆکراتی بە بورژوا دادەنا، ئسلامییەکان کە لە لایەن رژیمەوە پشتیبانی دەکران دوو لایەنەکەی دیکەی بە کافر دەزانی، دژی هەر دوو لایەن بوون، حیزبی دیمۆکراتیش هەڵس و کەوتی هەر دوو لایەنی دژ بە بەرژەوەندی کورد دەزانی و بۆیە دەکەوتە بەر هێرشی هەر دوو لایەن.  بەڵام حیزبی دیمۆکرات کە دۆکتور قاسملو رێبەرایەتی دەکرد بە پێی بەڵگەکان ویستی یەکگرتووی لایەنەکان بووەو تەنیا کاتێ هێرشیان بۆ کردووە، دژکردەوەی نیشان داوە. رژیمیش دیارە لەم ناتەباییە قازانجی کردووەو ئاگرەکەی خۆشتر کردووە.
من لێرەدا دەمەوێ بەوە ئاماژە بکەم کە نامهەوێ لایەنگری لە حدکا بکەم و بڵم بێ تاوانە، هیچکام بێتاوان نین، بەڵام باسی من لە سەر ئۆسوولی بوونی ئامانجەکەیە، کە هەم کۆمەڵە و هەم ئیسلامییەکان هەڵەیان دەکرد، چونکە کێشەی کورد کێشەی دین و ئایین یان کێشەی چینایەتی نەبوو، بەڵکوو کێشەی نەتەوایەتی بوو کە هەر دوو لایەن دژی بوون. بەڵام ئەمڕۆ بە تێپەڕینی کات بەشێکی هەرە زۆر لەو هێزانە هاتوونەتە سەر عەقڵ و داوای ئەو شتەی دەکەن کە لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧دا حدکا داوای دەکرد. بۆیە بەرنامەی حدکا هەڵە نەبووە. ئیسلامییەکان بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵەش بە هاوپەیمانی فارسەکان دژی حدکا کە هەڵگری ئاڵای نەتەوایەتی بوو راوەستان. کە بە داخەوە کێشەی نەتەوایەتی بوو بە قوربانیی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی و کۆمۆنیستی.
دەکرێ بڵین بەو پێیە کە سێ لایەنی سیاسی ئەوکات سێ خواستی جۆراوجۆریان بووە، یەکەم کۆمەڵە لە ژێر دروشمی "کرێکارانی جیهان یەک بگرن" خوازیاری هاتنە سەرکار دەسەڵاتی دیکتاتوری پڕۆلێتاریا، نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە سەرانسەری ئێران بووە، ئیسلامییەکان خوازیاری هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی ئیسلامی بوون، کە ئەم لایەنە لایەنگری کۆماری ئیسلامی بوون، حیزبی دیمۆکراتیش لە ژێر دروشمی "دیمۆکراسی بۆ ئێران و خۆدمۆختاری بۆ کوردستان" خوازیاری چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد بوو. ئیسلامییەکان و کۆمۆنیستەکان کە ئێستا بەشیکیان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوایەتییەو دەبێ چارەسەر بکرێ، ئەو کات بە توندی بەرەنگاری حیزبی دیمۆکرات دەبوونەوەو هەر کامەیان ناوو ناتۆرەیەکیان دەخستە پاڵی. بەڵام ئیمڕۆ بە خۆشییەوە هێندێکیان لە حیزبی دیمۆکرات خۆیان لە باری نەتەوەگەراییەوە تۆخترو رادیکاڵتر نیشان دەدەن. بۆیە بە داخەوە ئەو هێزانە کە کوردیان رێبەری کردووە خواستێکی هاوبەشییان نەبووە، بۆیە بە سانایی رژیم توانیویە بە لە خزمەت گرتنی لایەنێک (ئیسلامییەکان) و کەوتنەوەی ئاژاوە لە نێوان دوو لایەنەکەیتردا (حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە) بە سەرکوردستاندا زاڵ بێ.
ئەو شتەی کە بە بەرگری رەوا ناوی هاتووە لە مێژوودا، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکار کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردووە. بۆ نموونە چەند حەوتوو دوای هاتنە سەر کاری رژیم، نەوروزی خوێناوی سنە روو دەدات. لە ئەساسدا کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە کێشەی نەتەوەیی نیە، تا بە دوای چارەسەریدا بێ، چونکە رژیم لە سەر ئەساسی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی دامەزراوە کە نەتەوە، نەتەوەگەرایی و مافی نەتەوەیی دژ بە بنەماکانی ئیسلام دەزانێ، چونکە هەر وەک کۆمۆنیستەکان چون بە دوای ریکخستنی کرێکارانی جیهانەوەن، رژیمیش کە رژیمێکی ئیسلامییە لە بیری ساق کردنەوەی ئۆممەتی یەکگرتووی ئیسلامدا بوو، کە دان نان بە مافی نەتەوەیی و چارەسەر کردنی کێشە نەتەوایەتییەکان، لە گەڵ ساق کردنەوەی ئۆممەتی یەکگرتووی ئیسلامیدا یەکی نەدەگرتەوە. بۆیە دەبوو ئەو خواستانە سەر کۆت بکرێن تا رێ بۆ گەیشتن بە پڕۆژەکەیان خۆش بکەن.
بە داخەوە ئاکامەکانی ئەو شەڕە بۆ کورد، زۆر گران تواو بوون، چون بە دوای شەڕێکی قورس و گراندا کورد بە ئاکامێک نەگەیشت، کە ئەویش دەگەڕیتەوە بۆ چەندین هۆ. لەوانە دەتوانی ئاماژە بکەین بە شەڕی ئێران و عێراق، بە هۆی ئەوەوە کە شەڕێکی گەورەو لە نێوان دوو وڵاتی گرینگی رۆژهەڵاتی ناڤیندا بوو، سێبەری خستبووە سەر شەڕی کوردستان. رژیمیش لەو دەرفەتە کەڵکی وەردەگرت بۆ سەرکوتی دڕندانەو بێ بەزەییانەی ئازادیخوازانی کوردستان. رژیم بایکۆتێکی خەوەری خستبووە سەر شەڕی کوردستان، ئەگەرچی رۆژانە بە دەیان کەس لە هێزەکانی لە کوردستان دەکوژران. دووهەم شتێ کە دەتوانین ناوی لێ بێنین بێ پشتیوانی نەتەوەی کورد بوو. وڵاتانی بە ئیدیعای خۆیان لانکەی دیمۆکراسی، لە بەرامبەر سات و سەودای بازرگانی چاویان لە رژانی خوێنی لاوانی کورد بە دەستی رژیم نووقاندبوو. واتە نەوت و گاز لە بەرانبەر بێ دەنگی کردن لە رژانی خوێنێ لاوانی کورد. بەستنی پەروەندەی تێرۆری دۆکتور قاسملو لە بەرانبەر سات وسەودای ئابوورییەوە... لایەنێکیتری ئەو مەسەلەیە ئەوە بوو کە راگەیەنە گشتییەکان وەک ئەمڕۆ پێشکەوتوو نەبوون. بۆ وێنە ئینتێرنێت کە لە ماوەی چرکەیەکدا هەواڵێک بە گوێی دنیا دەگەیەنێ، نەبوو. شتێکی زۆر گرینگی دیکەش کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، شەڕی هێزە سیاسییەکانی کورد پێکەوە بوو، کە بوو بە هۆی خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە. دوای شەڕی عێراق و ئێرانیش نەبوونی پشتی جەبهەیەکی قورس قایم و لاواز بوونی رێبەرایەتی حیزبەکان ئەوەندەیتر خەباتی کوردی رۆژهەڵاتی تووشی شکست هێنا. 

ـــ نه‌زمی نوێی جیهانی هاته‌ ئاراوه‌، گۆرانکارییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ ئاست ئێراندا هاتبوه‌ ئاراوه‌، بزووتنه‌وه‌ی ئیسڵاحات به‌ گوتارێکی تازه‌وه‌ هاتبوه‌ مه‌یدان. له‌م بارودۆخه‌دا 2ی جۆزه‌ردان چ په‌یامێکی بۆ کورد هه‌بوو و پرسی کورد بۆ له‌م ده‌رفه‌ته‌ش نه‌بووه‌ خاوه‌ن پێگه‌ی خۆی؟
ئێمە کاتێ باس لە بزووتنەوەی رێفورمخوازی دەکەین، دەبێ بزانین ئەو کەسانە چ باکگراوندێکیان هەیە؟ ئایا ئەوانە کە داوای رێفورم دەکەن کەسانێکی لائیک و دیمۆکرات بوون؟ یان بەشێک لە دەزگای رۆحانییەت و دەسەڵاتی ئێران؟ راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوان بەشێک بوون لە دەزگای رۆحانییەت و دەسەڵاتی ئێران، کە باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیه و یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی هەبوو. کەواتە نە تەنیا بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوون لە دەزگای سەرکوتی جووڵانەوەی کورد. باش لە بیرمە کە برای سەرۆک کۆماری رێفورمخواز،  محەممەد رەزا خاتمی، کە سکرتێری گشتی "جبهە مشارکت" گەورەترین حیزبی رێفورمخواز بوو، دوای خۆپیشاندانی سێ رەشەمەی ١٣٧٧ی سنە، هاتە شاری سنە لە کۆبوونەوەیک کە بۆ خوێندکاران گرتی ، لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی رێفورمخوازەکان بەرانبەر بەو سەرکوتە خوێناوییە هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، وتی ئەوانە خەڵکی سنە نەبوون ئەو خۆپیشاندانەیان کرد، بەڵکوو سێ هەزار کەس لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە هێنڕا بوون و ئەو ئاژاوەیان نایەوە!!! یان بۆ نموونە دۆکتور جەلالیزادە نوێنەری ئەوکاتی شاری سنە لە مجلیسی رژیمدا دەڵی جێگری یەکێک لە وەزیرەکان کە رێفورمخوازیش بووە وتوویە کە ئه‌گه‌ر به‌ر پرس و جێگری سۆنیمان له‌ ئێداره‌کاندا هه‌بێت له‌و دۆنیا چ وه‌ڵامێكمان بۆ " فاتمه‌ی زه‌هرا" هه‌یه‌‌؟ ئەمە بە کۆرتی عەقڵیەتی رێفورمخوازەکانە بەرانبەر بە کێشە نەتەوەیی و کەمایەتییەکان لە ئێراندا. ئایا ئەم عەقڵیەتە دەتونێ هەڵگری بەرنامە بۆ چارەسەری کێشەی کورد بێ؟
کەوابوو ئەو گۆتارە وێڕای ئەوەی کە هێندێ ئازادی بەرتەسکی چاپەمەنی بۆ ماوەیەکی کۆرت هێنایە ئاڕاوە، هیچ قازانجێکیتری بە حاڵی کورد نەبوو. چون شێوەی بیر کردنەوەی رێفورمخوازەکان بەرانبەر بە کێشەی کورد هەر وەک ئەو باڵەکانیتری رژیم بوو و لە هێندێ بواریشدا خراپتر، چون ئەمان بە توندی شۆڤێنیزمی فارسیشیان تێکەڵ بە مەزهەبەکە کردبوو، خراپتر بوون. لە لایەکیترەوە وڵاتانی رۆژئاواش بۆ گەیشتن بە قازانجی ئابووری زیاتر بە هەموو شێوەیەک پشتیبانی لە رێفورمخوازان دەکرد، تەنانەت دوای دەرچوونی حوکمی دادگەی میکونووس وڵاتانی ئۆرووپایی باڵوێزەکانیان لە تاران بانگهێشت کردبووە، کە دوای هاتنە سەرکاری خاتەمی هەموویان هاتنەوە، کە ئەمە نیشانە ئەوە بوو کە پشتیبانی لە خاتەمی لە پشتیبانی لێ قەوماوان لە ناو سنوورەکانی ئێراندا، بۆ ئەو وڵاتانە گرینگترە،  چون قازانجی زۆرترە. شتێکی دیکە ئەوە بوو کە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکدارییان نەمابوو، کە ئەمەیان کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر پەراوێز کەوتنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتدا.

ــــ گوتارێک که‌ باڵی به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی و روناکبیری کوردستاندا کیشابوو، گوتاری خه‌باتی مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد له‌ چوارچیوه‌ی ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و ... بوو، ئایا ئه‌مه‌ به‌رهه‌می بێ ئاکام مانه‌وه‌ی شه‌ری چه‌کداری بوو یان وشیاری سیاسی یان لاوازی حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان؟
ئەو شێوازە لە خەبات بە هاتنە سەرکاری خاتەمی و نەمانی خەباتی چەکداری لە لایەن حیزبی دیمۆکراتی کوردستانەوە بە زەقی سەری هەڵدا. خەباتی چەکداری ئەگەرچی نەبووە هۆی چارەسەری کێشەی کورد لە رۆژهەڵات، بەڵام بە رای من کارێگەرییەکی زۆری هەبوو لە پێکهاتنی ئەو خەباتە مەدەنییە. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە زۆرێک لەو کەسانە کە دەستیان دایە بنیاتنانی ریکخراوە مەدەنییەکان، یان ئەندامی حیزبە سیاسی و چەکدرایەکان بوون یان باکگراوندێکیان لەو حیزبانە هەبوو. بۆیە ناتوانین بڵین شکستی حیزبە سیاسییەکان بوو. خەباتی مەدەنیش شێوازیتری لە خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە مافەکانی بوو و هەیە. بەڵام خۆی بە تەنیا ناتوانێ رزگاری دەر بێ. چون مەسەلەی کورد لە گەڵ شوێنەکانی دیکەی دنیا جیاوازی زۆرترە. ئەگەر ئەو دوو خەباتە هاوکات بێ، یان ئەوەی کە خەباتی مەدەنییەکە هەبێ هێزێکی چەکداریش هەبێ بۆ پشتیوانی ئەو خەباتە، بێ گۆمان بە ئاکام دەگات. چون دنیای ئەمڕۆ دنیای هێزە، هەر لایەنێک هێزی هەبوو ئەوە دنیاش حیسابی لە سەر دەکا. بە واتایەکیتر ئەو دوو شێوازە لە خەبات تەواو کەری یەکن لە وڵاتێک وەک کوردستان. خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر هێزێکی قورس و قایم لە پشتی نەبێ وەک پارەی بێ پشتوانەیە. بە کورتی ئەگەر هێز نەبی کەس وڵامت ناداتەوە.
رێکخرواە مەدەنییەکان لەوانە ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و... لە سەر بردنە سەری ئاستی وشیاری نەتەوەیی کورد رۆڵێکی گرینگیان هەیە، هەر کامەیان دەتوانێ ئەو توێژەی وا رێبەرییان دەکا وشیار بکاتەوەو مافە نەتەوەیی و سینفییەکانیان پێ بناسێنن. لە ناوچەیەک وەک رۆژهەڵاتی کوردستان کە رژیم و هێزە ئۆپۆزیسیونەکانی رژیمیش لە دەرەوەو ناوخۆی ئێران دژیێن و خوازیاری سەرکوت کردنیێن و هەروەها پشتیوانێکی دەرەکی نیە، خەباتی مەدەنی ناتوانێ تاقە ئاڵترناتیڤ بێ. بۆیە دەبێ هێزێکی سیاسی و چەکدار هەبێ کە پشتیوانی ئەو خەباتە بێ، تا حیسابی لە سەر بکرێ.

ـــ هۆکاره‌کان و ئومێده‌کان بۆ به‌دیهاتنی خواسته‌کانی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ به‌ستێنی ره‌وته‌ ئیسلامییه‌کاندا چۆن ده‌نرخێنن؟
خواستەکانی کورد خواستگەلێکی عەلمانین، خواستگەلێکی دنیایی وەک دیمۆکراسی، مافی نەتەوەیی، بەرانبەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی. بەڵام دیمۆکراسی و مافی نەتەوەیی وەک خواستگەلی عەلمانی لە گەڵ بەرنامەو خواستی رەوتە ئیسلامییەکان یەک ناگرنەوە، چون رەوتە ئیسلامییەکان کار بۆ دنیای فەرزی پاش مردن دەکەن. کەوابوو دوو گۆتاری عەلمانی و مەزهەبی لە کوردستان، بەرانبەر بە یەک رادەوەستن و کوردستان دەبێتە مەیدانی ململانێ دوو گۆتاری جیاواز. بە پێی تەجرۆبەش ئیسلامییەکان ئەو ئاژاوەو شەڕە دەنێنەوە. چونکە گۆتاری مەزهەبی وەک گۆتاری کۆن و سۆننەتی هەست بە مەترسی دەکا. مەترسی لەوە کە گۆتاری عەلمانی خەریکە جێگای پێ لێژ دەکا. بۆیە رەوتە ئیسلامییەکان گەورەترین هەڕەشەن لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. جیا لەوە کوردستان لە دوو مەزهەبی سەرەکی ئیسلام واتە شیعە و سۆننی هەر وەها یارسانی پێک هاتووە (کۆمەڵێکی نە زۆر پێڕەوی ئایینەکانی دیکەش لە کوردستان دەژین)، ئەو رەوتە ئیسلامییانە دەتوانن کوردستان بەرەو شەڕێکی فیرقەیی ببەن وەک ئەوەی عێراق و ئەفغانستان. ئەو هەواڵانەی وا لە کوردستان دێن جێگەی نیگەرانین، ئێمە لە هەواڵەکان دەخوێنینەوە کە چەند لاوی رۆژهەڵات لە ئەفغانستان خۆیان تەقاندۆتەوە، ئەمە مەترسییە بۆ سەر داهاتووی کورد. بۆیە من پێم وایە دەبێ کورد وشیار بێ و هەروەها حیزب و رێکخراوە سیاسی مەدەنییەکانی کورد لەو بارەوە وشیاری بدەنە خەڵکی کوردستان.

ــــ ره‌وتی ئینشعابه‌کان له‌ ناو حزبه‌کاندا سه‌ریان هه‌ڵدا، رێکخراوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سه‌ریهه‌ڵدا به‌ مێتۆدی ده‌یه‌کانی شه‌ست و ئایدۆلۆژی ئاپۆیی و چه‌پ؟ به‌ستێنی هه‌موو ئه‌م ئاڵو گۆرانه‌ چ بوون؟
کاتێ باس لە رەوتی ئینشعابی حیزبەکانی رۆژهەڵات دەکرێ، دەبێ بگەڕینەوە بە بۆ مێژووی لانیکەم ٢٠ ساڵ پێشی ئەو حیزبانە. ئەو حیزبانە نزیک بە دوو دەیە پێش خاوەنی هێندێ کەسایەتی بوون کە سەرو گەردنێک لە هەر هەمووی ئەوانەی ئێستا سەرتر بوون. چ لە باری زاناییەوە چ لە باری شۆڕشگێڕییەوە. رێبەری لێوەشاوە و شۆڕشگێڕ دەتوانێ حیزبێک کە لە حاڵی شۆڕشدایە، بە پێی بەرنامەو رێبازەکەی بباتە پێش، بە بێ ئەوەی لا دانێک لە رێبازی حیزبەکە بێتە ئاڕاوە. دانانی بەرژەوەندی گشتی لە سەروی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە، زانستی سیاسی و خوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان، هەڵسووڕو چالاک و دڵسۆزی نەتەوەو شۆڕش لە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەری شۆڕشگێڕو لێوەشاوەن. بۆیە هەبوونی رێبەرێکی شۆڕشگێڕو لێوەشاوە، بۆ بەهێز بوونی رێکخراوی سیاسی پێویستە. رێبەری لێوەشاوە رەنگە نەتوانێ پێش بە ئینشعاب بگرێ بەڵام ئەو کەسانەیش وا جیا دەبنەوەو  دەیانەوێ ئاژاوە بنێنەوە، وەک ئینشعابییەکانی کۆنگرەی هەشتەمی حیزبی دیمۆکراتیان لێ دێ، کە سێبەری قاسملو و شەرەفکەندی نەیدەهێشت بە هیچ شێوەیەک پەلو پۆ بهاوێن. بۆیە هەبوونی رێبەری زاناو شۆڕشگێڕ لە نێو حیزبی شۆڕشگێڕدا پێوێستییەکی بێ ئەملاو ئەولایە.
نەبوونی دیمۆکراسی لایەنێکیتری مەسەلەکەیە، هێندێ لە ڕێبەرانی ئێستای ئەو حیزبانە دیمۆکراسی و دەنگی خەڵکیان تا کاتێ قبووڵە کە خۆیان دەنگ بهێننەوە، ئەگینا هەر هەمووی یاساو رێساکان کە پێشتر باوەڕیان پێ بوو، ژێ پێ دەنێن، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە هەستی شۆڕشگێڕی لە وجوودی ئەو بە ناو ڕێبەراندا مردووە، لە لایەکیترەوە لە بەر ئەوەی کە رادەی زانستیان لە ئاستێکی نزمدایە، هەمووکات ترسی لە دەستدانی پلەو پایەی حیزبی دایگرتوون، چونکە دەزانن کە توانایی بەرهەم هێنانی بیری نوێیان نیە، تاکو ئەوەی کە دەنگی خەڵک بۆ بەدەست هێنانی پلەو پایە بە دەست بێنن، بۆیە بە ناچار دەکەونە پەلەقاژەوە و پەنا دەبەنە بەر نامۆعادڵەگەری و هەڵویستی نادیمۆکراتییانە، تەنیا بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. کە ئەم کردەوە نادیمۆکراتییانە ئینشعابی لێ دەکەوێتەوە. چونکە ئەو بە ناو رێبەرانە بەرژەوەندی خۆیان لە سەروی بەرژەوەندی گشتیدا دەبینن. راست بە پێچەوانەی رێبەرە زاناو شۆڕشگێڕەکان کە بەرژەوەندی گشتی دەخەنە سەروی بەرژەوەندی تاکەکەسی و تەنانەت حیزبیشەوە.
جیا لەوانە دەستێوەردانی پارتەکانی باشوور فاکتورێکی گرینگە کە ناکرێ بەرچاو نەگیردرێ. هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و هەڕەشە لە ئێران هۆیەکی دیکەی ئەو ئینشعابانە بوو، چون هێندێ لەو بە ناو ڕێبەرانە پێیان خۆش بوو وەک رێبەر بڕۆنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکیش بە چەپڵە پێشوازییان لێ بکا.
لە سەر پژاک یان لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە باس زۆرە. ئەو لقەی پەکەکە لە راستیدا بۆ رزگاری گەلی کورد لە رۆژهەڵاتدا دا نەمەزرا. پەکەکە کە بە دوای دەسگیر کردنی ئۆجەلان کەوتبووە رەوشێکی نالەبارەوە، لە لایەکەوە پێویستی بە ئێران بوو، لە لایەکیترەوە ناوی لە نێو لیستەی تێرۆری رۆژئاوادا بوو. بۆیە دەبوو کارێک بکا کە هەر دوو لایەن بە دەس بێنێ. پەکەکە سەرەتا چەندین جار بۆ دەرباز بوون لە لیستەی تێرۆر ناوی خۆی گۆڕی، بەڵام قازانجێکی نەبوو. دوای شەڕی عێراق و ئەمریکا پەکەکە لەوە دەترسا کە تووشی چارەنووسێک وەک گرووپە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان بێ، کە ئەمریکا هەموویانی هەڵپێچا. جیا لەوەش پەکەکە بە هۆی پاشە کشە لە دروشمی سەربەخۆیی بۆ چوار پارچە توشی قەیرانی ناوخۆیی هاتبوو. بۆیە بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانانە، سیاسەتی بنیات نانی پارتی دەسکردی بۆ پارچەکانیتری کوردستان گرت. کە لەم راستایە پژاکی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنا. پەکەکە دەیهەویست لە رێگەی ئەو لق و پۆپانەیەوە بتوانێ لە گەڵ رۆژئاوا بە تایبەتی لە گەڵ ئەمریکا بکەوێتە دانوستاندن. بۆیە بەو کارەی ویستی وا پیشان بدا کە ئۆپۆزیسیونی دژمنێکی رۆژئاوا، واتە ئێرانە. تا بەم شێوەیە رێگەی رۆژئاوا لە بەردەم خۆی ئاوەڵا بکا. بەڵام ئەم سیاسەتە سەری نەگرت. جیا لەوانە پەکەکە قازانجیتری دەکرد کە بریتی بوو لە کۆ کردنەوەی چەکداری زیاتر و ئیمتیاز وەرگرتن لە داگیرکەرانی کوردستان بە بۆنی کۆنتڕۆڵ کردنی شۆڕشی پارچەکانیتر لە رێگەی ئەو لق و پۆپانەی خۆیەوە. لەم نێوەدا ئێرانیش بەرژەوەندی خۆی لە پێکاهاتنی پژاک هەبوو. کە دەکرێ ئاماژە بکەین بە: خاڵی کردنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هێزی شۆڕشگێرو کارامە بە فیڕۆ دانی لە تورکیە، گۆشار هێنانی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، بە ئاڵترناتیو کردنی پژاک وەک هێزێکی گوێ لە مست بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات، سەرکۆتی ساناتری جووڵانەوەی مەدەنی کە بە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی چەکداری هێزەکانی رۆژهەڵات پێکهاتبوو، خواستی رژیم لە ناسینی جووڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک جووڵانەوەیەکی تێرۆریست هاو چەشنی پەکەکە لە دنیای دەرەوە. ئەم خواستانەی رژیم بە تایبەتی لە شەڕی ئەم دوایە کە بە شەڕی قەندیل ناسرا دەرکەوت. لە لایەکەوە رژیمی ئێران رۆژانە بۆ جێگیر کردنی ناوی پژاک لە زەینی خەڵکدا پەیتا پەیتا ناوی دەهێنا، لە لایەکی دیکەوە لقی رۆژهەڵاتی پەکەکەش بە دەرکردنی دوو ژمارە لە گۆڤاری "ئاڵترناتیو" کە بە توندی هێرشی کردبووە سەر پارتە کانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەتەکانی رژیمیان بە باشی جێبەجێ کرد. خاڵێکی زۆر گرینگی دیکە ئەوەیە کە بە رەزامەندی پەکەکە-پژاک کۆماری ئیسلامی لە چیای جاسوسان بنکەی دانا، تا باشتر بتوانێ هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکا.
لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە لە نەبوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناوچەدا پێک هات، بەڵام بە سیاسەتی هێرشبەرانە بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات. رۆژانە ئێمە دەبینین کە لە میدیاکانی پەکەکەوە هێرش دەکرێتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات، پرسیار ئەوەیە کە مەگەر ئەوان ئۆپۆزیسیونی ئەو حیزبانەن یان کۆماری ئیسلامی؟ هێرش کردنە سەر ئۆپۆزیسیونی رژیم مانای چیە؟ ئایا دەکرێ ئەو حیزبەی کە پژاک، بە بێ ئەو توانای ئاو خواردنەوەشی نیە، دۆستی کۆماری ئیسلامی بێ و پشتی جەبهەی کۆماری ئیسلامی بێ، بەڵام پژاک کە لقێکە لەو حیزبە، ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی بێ؟
بۆیە پژاک پارتی سیاسی و ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی نیە، بەڵکوو کڵاوێکی گەورەیە کە بۆ کوردی رۆژهەڵات ساز دراوە کە راست هاوشێوەی کڵاوەکەی رۆژئاوای کوردستانە.

ــــ هۆکاره‌کانی یه‌ک نه‌بوونی ماڵی کورد چین؟
هەر وەک پێشتر باسم کرد، لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ تا ئێستا سێ بیرو ئەندیشەی جیاواز بە سەر کۆمەڵگەی کوردستاندا زاڵ بوون واتە بیری نەتەوەیی، ئیسلامی و کۆمۆنیستی، بەڵام لایەنی نەتەوەیی و ئیسلامییەکەی بە هێزترن. ئەم چەند جۆری بیرو ئەندێشە، شێوازێ لە یەکتر دوور کەوتنەوەی لە نێو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتدا خۆڵقاندووە. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردووە ئەم ناکۆکییە شێوازێکی نوێی بە خۆوە گرتووە. ئەویش ئینشعابی ناو حیزبەکانی رۆژهەڵاتە. ئینشعاب لاوازی بە دوای خۆیدا دێنێ. بەڵام ئەو ئێنشعابانەی وا لە رۆژهەڵاتدا دەکرێن زۆر دەگمەن و ئەنتیکەن. چون تا ئێستا لە هیچ کوی دنیا من شتی وام نەدیوە. کاتێک جەمعێک لە نێو حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا جیا دەبنەوە، ئەوانیش راست حیزبێک دادەمەزرێنن کە بە تەواوی هاوشێوەی حیزبێکە کە لێی جیا بوونەتەوە. واتە حیزبێک هەر بەو ناوە، مێژووە و هێمایانەوە!! کە ئەمە لە قۆناخی یەکەمدا نیشانەی ئەوەیە کە ئینشعابەکان لە سەر کۆرسی بووە، دووهەم دەرخەری ئەوەیە کە ئەو کەسانە یا جیا دەبنەوە و دەڵێن: ئەوە ئێمە بۆیە جیا بوینەوە، چونکە خاوەنی بیری جیاواز بوین و سەرکۆت دەکراین، لە گەڵ خەڵکدا درۆ دەکەن، چون هیچ بەرنامەو بیرێکی نوێیان پێ نیە. چون ئەگەر خاوەنی بەرنامەو بیری نوێ بان، حیزبێکی نوێیان دادەمەزراند. پەنا بردن بۆ ساز دانی حیزبی هاوشێوەی حیزبی رابردوو لە لایەن ئێنشعابییەکانەوە نیشانەی نەبوونی باوەڕ بە خۆ بوون و بێوەری بوون لە هەر چەشنە بیرو هێزرێکی نوێە. لە دنیادا نموونەی زۆر ئینشعابمان هەن کە سەر کەوتوون وەک کادیمای ئیسرائیل کە لە ماوەی شەش مانگدا دەسەڵاتی ئیسرائیلی بە دەستەوە گرت، یان هەر لە کوردستان یەکیەتی نیشتمانی لە پارتی، یان گۆڕان لە یەکیتی نیشتمانی. کەوابوو ئینشعابەکان زیاتر لە سەر کێشەی شەخسی و بنەماڵەیی، ناوچەیی و کورسییە، نە بیری نوێ.
ئەو شێوە ئینشعابانە هێندەیتر کوردیان پەرش و بڵاوتر کردووە. چون خەڵک نازانێ کی کێە؟ کامە هەڵوێست هی کامە لایەنە؟ من لەو باوەڕەم تا ئەو مەسەلەیە چارەسەر نەکرێ باس کردن لە یەکگرتن وەک گاڵتە وایە، چون هێچ لایەکیان ئامادە نین لە گەڵ ئەو لەیەکەیتر دانیشتن بکا. کەوابوو یەکگرتنیش پێک نایە.

ــ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له‌ ئێران قۆناخێکی دیکه‌ بوو له‌ ئێران، ره‌وتی سیاسی و باڵه‌کانی ریژیمی به‌ ئاقارێکی دیکه‌دا برد، کورد بێده‌نگی نواند، ئایا بێده‌نگی مه‌سڵه‌حه‌تی کورد بوو یان به‌ پیچه‌وانه‌؟
ئەگەر چاوێک بە سەر خۆپیشاندانەکاندا بخشێنین، دەبینین کە تەنیا کورد نەبوو کە بێ دەنگی نواند، بەڵکوو نەتەوە غەیری فارسەکانی ئێران هەمو بێ دنگییان نواند. هەر چەند زۆرێک لەوانە وا لە تاران کۆژران لە نەتەوەکانیتر بە تایبەتی کورد بوون. بەڵام وەکو هەڵوێستی نەتەوەیی، بە گشتی ئەو نەتەوانە بێ دەنگ بوون. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە بزووتنەوەی سەوز هیچ پەیامێکی بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران پێ نەبوو. بۆیە پشتیوانی لە جووڵانەوەیەک کە مافەکانی کوردی رەچاو نەکردووە، دوورە لە عەقڵیەتی سیاسی و من ئەو بێ دەنگییە بە تەواوی سیاسییانە و ژیرانە دەبینم.

ــــ ساڵی 2011 بۆ دنیای عه‌ره‌ب، به‌هاری عه‌ربی به‌ دواوه‌ بوو زۆر شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵدا، بۆچی بۆ کورد به‌ مێژینه‌ی خه‌باتی سیاسییه‌وه‌ له‌م ئالوگۆرانه‌ دواکه‌وت؟
وڵاتانی عەرەبی تا کورد جیاوازییان زۆرە. ئەوان وڵاتییان هەیە. لە وڵاتەکەیان کەسێکی دیکتاتور دەسەڵات بە دەستە. شۆڕشی عەرەب بۆ رۆخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان و جێگیر کردنی سیستەمێکی دیمۆکراتییە. بەڵام بە داخەوە کورد وڵاتی سەربەخۆی نیە. کورد بەشێکە لەو وڵاتانەی یان بە سەریدا زاڵن. لە ئێراندا نزیک بە یەک لە حەوتی حەشیمەتی ئێران کوردە. بۆیە دەسەڵاتی ئێران بە تەنیا کورد ناروخێ. دەبێ هەموو نەتەوەکان بێنە مەیدان. لە تورکیە سیستەم بە تەواوی جیاوازە، دەکرێ بە دەنگدان دەسەڵات بگۆڕدرێ، بۆیە روخاندن نیە، کێشە لە تورکیە عەقڵیەتی رای گشتی نەتەوەی تورک و دەوڵەتی تورکیەیە بە نیسبەتی کوردەوە کە دەبێ بگوڕدرێ. لە سوریەش کە کورد لە مەیداندایە، بەڵام شۆڤێنیزمی عەرەب لە سووریە بە داخە هەر لە ئێستاوە خەرێکە کورد ئینکار دەکا. بۆیە بە گشتی چارەنووسی کورد بەستراوەتەوە بە چارەنووسی دەسەڵات و نەتەوەکانی ئەو وڵاتانەوە. بۆیە خەباتی کورد بە رای من تا بەهاری عەرەبی جیاوازی زۆرەو ناتوانرێ لە یەک خانەدا دابنرێن.

ـ وه‌ک پرسیاری کۆتایی، بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ناو دنیای مۆدیرندا که‌ جیهان له‌ ئاڵوگۆڕدایه‌ و دنیای راگه‌یاندنیش کوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌، بۆ ئێمه‌ تاچه‌نده‌ به‌سووده‌، ئایا راگه‌یاندن ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا؟
بە دڵنیاییەوە راگەیاندن لە شۆڕشی کورددا رۆڵێکی گرینگی هەیە. راگەیاندن دەتوانێ نەتەوەیەک وشیار بکاتەوە. رووداوە خٶش و ناخۆشەکانی بۆ دنیای دەرەوە بگوازێتەوە. رۆڵۆ مێدیا هەر لەم شۆڕشانەی وڵاتانی عرەبدا دەبینرێ کە چەندە گرینگە بێگۆمان لە کوردستانیش هەر وایە.

هیچ نظری موجود نیست: