۱۳۹۰ بهمن ۱۸, سه‌شنبه

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌هاری عه‌ره‌بی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر کورد له‌ وتوێژێک له‌گه‌ڵ د. سه‌لاحه‌دین خه‌دیو


رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌هاری عه‌ره‌بی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر کورد له‌ وتوێژێک له‌گه‌ڵ د. سه‌لاحه‌دین خه‌دیو

ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
د. سه‌لاحه‌دین خه‌دیو:
 بەهاری عەرەبی بە گشتی زایەڵەی فەشەل هێنانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی وەک گەشە و مودێرن کردنی کۆمەڵگا و یەکیەتی عەرەبی و دیمۆکراتیزە کردنی وڵاتانی عەرەبە...
د. سه‌لاحه‌دین خه‌دیو:
بە گشتی دەمهەوێ ئەمە بڵێم کە پێکهاتە سیاسیە بەرچاوە کوردییەکان بە گشتی ئەوەندە دیمۆکراتیک نین کە سبەی رۆژ و لە حاڵەتی کامڵ‌بوونیان دا ،‌تووشی «بەهاری کوردی» نەبن
د. سه‌لاحه‌دین خه‌دیو:
 لە رۆژهەڵاتی ناوێن‌دا زۆر کودیتا و شۆڕش بە دروشمی بریقەدار و بانگەشەی هێنانی ئازادی و دادپەروەری و مۆدیرنیزم کراوە. بەڵام هەموویان لە کۆتایی دا سەریان لە کارەسات هێنایەدەر



ئاماژه‌یه‌کی کورت: له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوو تا ئێستا، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست گۆڕانکارییه‌کی به‌رینی له‌ ئاست ناوچه‌که‌دا به‌ خۆیه‌وه‌ بینی، که‌ ده‌ره‌نجامه‌که‌ی شۆڕشگه‌لێکی لێ که‌وته‌وه‌ که‌ به‌ به‌هاری عه‌ره‌بی ناوزه‌د کرا. به‌رهه‌می ئه‌م شۆڕشانه‌، رووخانی دیکتاتۆره‌ له‌ مێژینه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی بوو و کێشه‌ی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی گه‌یشته‌ ته‌شقی خۆی و سه‌رنجی جیهانی به‌ره‌و لای خۆی راکێشا، هه‌نووکه‌ له‌ به‌رده‌م وه‌ها گۆڕانکارییه‌ک و کاریگه‌ری ئه‌م گۆڕانه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌کانی دیکه‌ی جیهانداین و به‌ تایبه‌تی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن مێژوویه‌کی دێرینی به‌رخۆدانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م وتوێژه‌دا تیشک ده‌خرێته‌ سه‌ر کۆی گۆڕانکارییه‌کان و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر کورد و گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ به‌ نسبه‌ت مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا:



پ - زیاتر لە ساڵێک بەسەردەسپێکی بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبی‌دا تێپەڕیوە. دوای ئەم ماوەیە کاردانەوە و دەرئەنجامەکانی ئەم شەپۆڵە گۆڕانکارییە چۆن لێک دەدەنەوە و چ دوورنماو ئاسۆیەکی بۆ دەکێشنەوە؟
و: گومان لەوەدانییە کە دیاردەی بەهاری عەرەبی، دیاردەیەکی نارەسەن و نامۆ و بێگانە لەگەڵ نەریت و سوننەتە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ولاتێ‌تی عەرەبی نییە. بەڵکوو هەڵقوڵاو و سەرچاوەگرتوو لە رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم وڵاتانە و پێداویستیەکانی ئەم رەوتانەیە. بەڵام رەسەنایەتی ئەم جووڵانەوەیە بە مانای بێ‌نیازبوونی لەپێش مەرج و فاکتەر و پاڵنەرە دەرەکییەکان نییە. کاریگەری دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکان و کەش و هەوای تایبەتی فەزای نێو نەتەوەییش بۆ چاوپۆشین نابێ.
خواستی گەلانی عەرەب بۆ دیمۆکراسی و بەشداری سیاسی و ئازادی تا رادەیەکی زۆر و رەنگە بە شێوەیەکی تەسادوفی لەگەڵ ویستی ڕۆژئاوا بۆ کرانەوەی سیاسی لەم وڵاتانە و لەحاڵەتی گشتی‌دا پیادەکردنی پلانی «ڕۆژهەڵاتی ناوێنی گەورە» یەکی گرتۆتەوە. بە واتای دیکە بۆ رۆژئاوا دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێش کە نەخشەی سیاسی ئەم ناوچەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووری و تێکەڵاوی ئابووری جیهانی و هەروەها خاشەبڕکردنی هەڕەشە‌ئەمنییەکان بۆسەر خۆی- وەک نموونەی یازدەی سێپتمامبر- داڕێژێتەوە.

پ - ئایا ئەم دوو رەوتە بە تەواوی لەیەک هێل‌دان یان لە هەندێک جێگادا تووشی تێک‌ئاڵقان دەبن؟
و: بەگشتی خەریکن بە یەک ئاراستەدا دەڕۆن. بەڵام لە‌هەندێک شوێن‌دا تووشی دژوازی و پارادۆکسی گەورەش دەبن. کەیسی فەلەستین و ئیسرائیل و هەروەها کێشەی کورد لە تورکیا دوو نموونە لەم پاڕادۆکسانەن کە من دوایی بە تەسەلی باسیان دەکەم. گرنگ ئەوەیە کە رۆژئاوا بەم ئاکامە گەیشتووە کە درێژەی پشتیوانی لە دەسەڵاتە سێکۆلارە دیکتاتۆرەکان لەبەرژەوەندی وان دا نییە و بگرە دەبێتە‌ مایەی هەڕەشە و هەڵگرانەوەی ڕق و توورەیی جەماوەر لە رژێمە دیکتاتۆرەکان بۆ پشتیوانە ڕۆژئاواییەکانییان .وەک ئەوەی لە یازدەی سێپتامبردا دیتمان. هێزە ئیسلامە میانەرەوەکانیش – وەک تەیاری سەرەکی ئوپۆزیسیون و هەروەها لایەنی دیکەی هاوکێشە لەگەڵ رۆژئاوا- بەم قەناعەتە گەیشتوون کە هاتنە سەر لووتکەی دەسەڵاتیان بەبێ رەزامەندی ڕۆژئاوا و هەندێک پێداچوونەوەی فکری و سیاسی لەم بوارەدا، ئەگەر مەحاڵ نەبێ دژوارە. دیارە لەم بەستێنەدا وڵاتانی میسر و تونێس و رەنگە دواتریش سووریە زیاتر چاویان لە ئەزموونی تورکیا بی.

پ - باسی ئەزموونی تورکیات کرد. رۆلی ئەم وڵاتە لەم گۆرانکارییانەدا چۆنە یان رەهەندە سرنج راکێشەکانی ئەزموونی حیزبی دادوگەشە‌ پێدان لە چ دا دەبینی؟
و: بۆ وڵامی ئەم پرسیارە پێم خۆشە باسەکە زیاتر بکەمەوە. فاکتەرە کاریگەرەکانی سەر بەهاری عەرەبی – فاکتەرە دەرەکییەکان- هەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی نین. لێرەدا سێ ئەکتەری ناوچەیی گرنگ‌هەن کە ڕۆل دەبینن و تێدەکۆشن بەپێی بەرژەوەندییە کورت ماوە و درێژماوەکانی خۆیان شوێن لەسەر رەوتی رووداوەکان دانێن و بەرەو ئاقاری دڵخۆازی خۆیانی بەرن:تورکیا و ئێران و عەرەبستان. لە راستیدا ئەم سێ وڵاتە هەریەکەی نوێنەری سێ پارادایمی سیاسی جیاوازن و دەخوازن هێژمۆنی خۆیان بەسەر پێکهاتە سیاسییەکانی داهاتووی ناوچەدا بسەپێنین. تورکیا نموونەی رژیمێکی سێکولاری ژێر رکێفی ئیسلامخوازنی میانەڕەوە. عەرەبستان نیزامێکی نەریتی دەسەڵاتخوازە. ئێرانیش نموونەی رژیمێکی ئایدیۆلۆژێکی دەسەڵاتخوازی توندرەوە.
لەباری سیاسەتی دەرەوە تورکیا و عەرەبستان تەقریبەن دەچنە خانەی وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ رۆژئاوا و یان لانیکەم هاوئاهەنگ لەگەڵ نیزامی باوی نێونەتەوەیی. لەباری ئابوورییەوە بەڵام ئێران و عەرەبستان خاڵی هاوبەشیان زیاترە لە ئێران و تورکیا یان عەرەبستان و تورکیا.
ئەوەش بۆیە دەڵێم چونکا لە روانگەی ئابووری سیاسییەوە گرنگە. زۆر رەفتاری سیاسی و شێوەی حوکمڕانی لە‌ئابووری سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ. بەتایبەت لە وڵاتانی رانتێری وەک ئێران و وڵاتانی کەنداو. هەرچی بێ ئەما ئەم سێ دەوڵەتە سەرەڕای وێکچوونیان لە هەندێک تەوەرە، سێ نموونەی سیاسی جیاواز پێشکەش دەکەن و لە هەوڵی ئەوەش دان کە نموونەی خۆیان لە ناوچەدا پەرە پێ بدەن.
 بەڵام ئاشکرایە کە بۆ خەڵکی ناوچە پارادایمی تورکیا خۆشەویستی و سرنج‌راکێشی زیاتری هەیە. حیزبی دادوگەشەپێدان لە ماوەی دە ساڵەی رابردوودا نه ته نیا توانی گەمێی شکاوی ئابووری تورکیا لە ناوەڕاستی گەردەلوول رابگەیەنێتە کەناری سەقامگیری و گەشە بەڵکوو توانیشی لە باری ناوچەیی و ناو نەتەوەیش‌دا وەک ئەکتەرێکی چالاک و سەرکەوتوو خۆی نیشان بدات. بێ‌گومان ئەمەی دووهەمی بە بێ یەکەمی یانی چارەسەری ئابووری گونجاو مسۆگەر نەدەبوو. دیموكراسی به بی گه شه ی ئابووری ده بیته یۆنان.رێک ئەوشتەی کە رژێمە سێکۆلار نادیمۆکراتێکە عەرەبەکان بە درێژایی دەیان ساڵ هیچ سەرکەوتنێکیان تێدا بەدەست نەهێنا.
هەر ئەوەشە‌ کە گارانتی پاڵپشتی ئەمریکا لە درێژەی ئەم ئەزموونە دەکا.  دیاره حیزبێکی ئیسلامی میانەڕەو کە جەماوەرێکی زۆری هەیە و بە سەرکەوتوویی ئابووری تورکیای لە‌ ئابووری بازاری ئازاد گرێداوە و پێکهاتە سیاسییەکانی تورکیا لە چاو ساڵان تارادەیەکی زۆر لێبراڵ و دێموکراتیزە کردووه، بۆ رۆژئاوا لە حیزبێکی سیکولاری نادیمۆکراتیک و ناسەرکەوتوو لە ئیدارەی وڵات کە تەنیا نوێنەری کەمینەیەکە گەلێک باشترە.

پ - ئەدی تایبەتمەندییەکانی مۆدیلەکانی ئێران و عەرەبستان چییە؟
و: لە زاراوەی سیاسی ئێران دا بە بەهاری عەرەبی دەگوترێ «رابوونی ئیسلامی» و ئەم دیاردەیە بەسەرچاوەگرتوو لە شۆڕشی ساڵی 57ی ئێران لە قەڵەم دەدرێ. دیارە ئێران لەباری ناوچەیی هەندێک دەرفەتی بۆ رەخساوە کە کەڵک لەم گۆرانکارییانە وەرگرێ. بۆ نموونە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی لەم وڵاتانە به مه رجیك تورکیا وەک رکەبەرێکی بەهێز و جیدی حوزووری نه با و هەروە هالە  حاله تی بێ گرفت بوونی ئێران لە باری ناوخۆیی و ناونەتەوەیی‌دا دەیتوانی بۆ ئێران خالێکی بەهێز بێ. بەڵام گرفت لەوە دایە کە ئێران لە باری ناونەتەوەییەوە کێشەکانی لەگەڵ رۆژئاوا گەیشتۆتە لووتکە. بە جۆرێک کە لە سی ساڵی رابردوودا بێ وێنەیە و لە ناو خۆش دا لە باری ئابووری – زیاتر بە هۆی بایکۆتە ئابوورییەکان – زۆر لاواز بووە و دەسەڵاتیش لە شەڕی باڵەکاندا پارچە پارچە و کوت کوت کراوە. بارودۆخی بە شار ئەسەری هاوپەیمانی ستراتژیکیشی زۆر خراپە و لە ئەگەری رووخاندایە. تارووخانی ئەسەد قسەکردن لەسەر داهاتووی ئەم پارادایمە و رێژەی کاریگەرییەکانی دژوارە.
 ئەگەر ئەوانە نەبا بە گشتی مۆدیلی سیاسی ئێران بە رێچکەی چین و رووسیادا دەڕویی؛ گەشەی ئابووری بەبێ گەشە و کرانەوەی دیموکراتیک لە پەنا سەقامگیری سیاسیدا، ئەوە ڕێک ئەو شتەیە کە ستراتژیستەکانی باڵی راست لە ئێران لە سەردەمی خاتەمی‌دا بانگەشەیان بۆ دەکرد: مۆدێلی چینی گەشەکردن. یان گەشەکردنی ئامیرانە و دەسەڵاتخوازانە،‌هەرچەند ئێران نەیتوانیوە بەهۆی گرفتە تایبەتەکانی بەرێک و پێکی ئەم ڕێگایە ببڕێ.
 بە پێچەوانە مۆدیلی گەشەی تورکیا زەرفیەت و ئەگەری چوونە سەر رێچکەی گەشەی رۆژئاوایی زۆرترە. سرنج‌ڕاکێش ئەوەیە کە هەردووکی ئەم رێگا جیاوازانە لە دەروازەی جۆرێک ئیسلام دەگوزەرێن.یان لە راستیدا دوو خوێندنەوەی جیاواز لە ئیسلام. مودیلی عەرەبستان بەر لەوە کە لەباری سیاسی و یان فکرییەوە سرنج‌ڕاکێش بێ، لەبەر توانا ئابوورییەکەیەتی کە وەبەرچاوان دیێ. ئەم توانا ئابوورییە لە وڵاتێکی بچووکی وەک قەتەر لە رێگای «دیپلۆماسی پارە» و «میدیای کاریگەر» دەبێتە چەمکی دەسەڵاتی نەرم و لە وڵاتێکی وەک دوبەی دەکرێتە شاڕیێ ئاڵ‌وگۆڕی پووڵ و پارەی جیهانی. لە راستیدا لەم وڵاتانە دا  لە نەبوونی هیچ پێکهاتەیەکی دیمۆکراتیک‌دا و لە کۆمەڵگایەکی نەریتی و کۆنەپارێزی ئیسلامی‌دا، ئەمه پارەی زۆر و دۆڵار نەوتییەکانە کە هەموو کەلێن و کولێنێک پڕ دەکاتەوە. ئەگەر سرنج بدەین دەبینین کە ئه وه لە‌دوای شەڕی ئۆکتۆبری 1973 و سێ بەرابەر بوونی نرخی نەوتە کە بەرەبەرە دەور و کاریگەری عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  دا زۆر دەبێ. لەپێشدا ئەمانە زۆر لە پەراوێز دابوون. ئێستا ئەم سێ مودێلە خەریکی ململانین. بۆ نموونە لە سووریادا. تورکیا بە پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیون، ئێران بە پشتیوانی لە دەوڵەت و عەرەبستان و قەتەریش لە رێگای کۆمکاری عەرەبیەوە خەریکی دەورگێڕانن.
پ- ململانێی بەهاری عەرەبی زیاتر لەگەڵ کامە مۆدێلە؟
و: ئەوەی راستی بێ مۆدێلی تورکیا بە هۆی بوونی توخمە دیموکراتیكەکان – بە شێوەیەکی رێژەیی و لە چاو مۆدیلەکانی دیکە- لە بەرانبەر گەردەلوولە سیاسی و گۆڕانە لە نەکاوەکاندا،‌قایمتر و راوەستاوترە. بەهاری عەرەبی هەم حکومەتی لەرادەبەدەر پۆلیسی و دیکتاتۆری وەک سووریای گرتۆتەوە، هەم حوکومە تیکی دەوڵەمەند و نەوتی وەک بەحرەین. لە وڵاتانی دەوڵەمەندی وەک لیبی و بەحرەین درزی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات و یان شیعە و سوننە دەتوانێ ببێتە هەوێنی به هاری عەرەبی. کەوابو هەوڵدانی ئێران و عەرەبستان بۆ پەرەپێدانی مۆدیلی خۆیان و شوێن‌دانان لە سەر رەوتی رووداوەکان بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە پشتێندێکی ئەمنی لە بەرانبەریدا بۆ خۆیان دروست بکەن.

پ- بەهاری عەرەبی چ کاریگەرێکی لەسەر کورد دەبێ؟
و: ئەمه پرسیارێکی زۆر گشتییە. بۆیە ناچارم بە سەر دوویان سێ پرسیاری بچووکتردا و ردی ‌کەمەوە. لە پێش دا دەبێ بۆ وڵام‌دانی ئەرێنی بەم پرسیارە ئەم بیرۆکەیە بسەلمێنین کە کاریگەرێکانی بەهاری عەرەبی مەحدود بە جیهانی عەرەب و یان رۆژهەڵاتی ناوێن نییە. بزووتنەوەی واڵ‌ستریت و ئالۆزییەکانی روسیا دوای هەڵبژاردنی دۆما سەلمێنەری ئەم ئیدیعا یه ن. پاش ئەوە ئێمە دەبێ کاریگەری گۆڕانکارییەکانی هەڵقوڵاو لە بەهاری عەرەبی لەسەر کورد لە دوو ئاست دا شی بکەینەوە. یەکەم : کاریگەری لەسەر پێکهاتە سیاسییە کوردییەکان دوو: کاریگەری لەسەر داهاتووی کێشەی کورد بە گشتی.
هەڵبەت لێرەدا ئاماژە بە خاڵێک پێویستە. ئەویش ئەوەیە کە بەهاری عەرەبی بە گشتی زایەڵەی فەشەل هێنانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی وەک گەشە و مودێرن کردنی کۆمەڵگا و یەکیەتی عەرەبی و دیمۆکراتیزە کردنی وڵاتانی عەرەبە. ئەم ناسیۆنالیزمە کە لە نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانی دا سەری هەڵدا ، بەرە بەرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم‌دا جڵەوی دەسەڵاتی لە زۆربەی وڵاتانی عەرەب گرتە دەست و پاشانیش کارنامەیەکی ڕەشی پەنجا شه ست ساڵەی لە هەموو بارێکەوە بۆ خۆی تۆمار کرد. کەوابوو هێشتا بۆقسەکردن لەسەر کارنامه ی ناسیونالیزمی کوردی وەک دەرگای مۆدیرن بوونی کۆمەڵگای کوردی  زووە و هەر بریارێکی یەکجاری و بێ ئەمڵاو ئەولا وەک حوکمێکی بە پەلە و پێشوەختی لێدێ. بەڵام لەبەرچاوگرتنی دوو خاڵ لێرەدا بە پێویست دەزانم. یەکەم ناسیۆنالیزمی کوردی لە‌دیالکتیک لەگەڵ ناسیۆنالیزم دژبەرەکانی لە ئێران و تورکیا و عێراق بێچمی گرتووە و دووهەمیش ئەم پێکهاتە سیاسییە کوردیانەی کە ئێستا هەن زۆر شێوەی ئەم مۆدیلانە دەدەن کە پێش‌تر باسمان لێوەکردن.

                       لە نەبوونی جوگرافیایەکی سیاسی سەربەخۆدا قسەکردن لەسەر پێکهاتەی سیاسی ناوردبینانە نییە؟
و: بوونی جوغرافیایەکی سیاسی دیاریکراو بێ گومان دەبێتە زیاتر ریشەداکوتان و سەقامگیری پێکهاتە سیاسییەکان بەڵام واش نییە کە لە نەبوونی یەکەیەکی یاسایی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، قسەکردن لەسەر پێکهاتە سیاسییەکان بە تەواوی بێ مانا بێ. بۆ نموونە کوردستانی عێراق ئەوڕۆ هەم پێکهاتەیەکی سیاسی دیاریکراوی هەیە و هەم جوغرافیایەکی سیاسی راستەقینە. ئەگەر لە دەلاقەی ئابووری سیاسی و رەوتە تایبەتەکانیەوە سەیری ئەم ئەزموونە بکەین لە گۆشە نیگای یەکەم‌دا ئابووریەکی رانتی و پشت‌ئەستوور بە پارەی نەوت دەبینین کە بۆتە هۆکاری ئەوە کە حکوومەت یان باشترە بڵێن دوو حیزب لە سەرووی کۆمەڵگا دابنێ. سەربەخۆیی دارایی ئەم حکوومەتە لە خەڵک و بێ نیازبوونی لە مالیات و داهاتی شارۆمەندان وەک هەموو وڵاتانی رانتیری دیکە ، دەسەڵاتێکی رەهای پێ دەبخشێ و لە راستیدا تەواوی ئەم وردەکاری و بارەقورس و ئیزافییانەی کە لە تێپەڕینی دیمۆکراتیکدا، کەیسی وڵاتە نەوتیەکانی دەکەنە کەیسێکی تایبەت، لێرەش دا بوونیان هەیە. مۆدیلی دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی کوردستانی عێراق لە حاڵەتی کامڵ‌بوون و پەرەگرتنی کۆتایی خوێدا زۆرتر بۆی هەیە بەرێچکەی وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر و ئیمارات و کوەیت دابڕوا.
بەتایبەت کە پێک‌هێنانی دەوڵەتی مودێرن لەم هەرێمە و پێک‌هاتنی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی تەواو هاوکات بووە لەگەڵ پەیدابوونی داهاتێکی رانتی زۆر و لە راستیدا کاریگەری دانان لەسەر ئەم دامەزراوانە و پێک‌هاتنی چینێکی نوخبەی راهاتوو بەکەڵک وەرگرتن لەم داهاتە زۆرە. بە جۆرەی بیرمەندان و پسپۆرانی ئەم بوارە، ئەمە خراپترین جۆری ئابووری سیاسییە کە راست کردنەوەی بارەکەی لە داهاتوو دا زۆر دژوار دەبێ.
پێکهاتەیەکی سیاسی جێگای باسی دیکە، کە هەرچەند خاوەنی جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ حوکمرانی نییە، بەڵام ئەوە زۆر لە گرنگایەتیەکەی کەم ناکاتەوە،‌پارتی کرێکارانی کوردستانە. پ.ک.ك لە زۆر جێگادا وەک دیاردەیەکی بانتر لە‌حیزب دەرکەوتووە. فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی ئەم حیزبە زیاتر لە هەموو حیزبەکانی دیکە لە چوارپارچەی کوردستان دا بڵاو بۆتەوە. بۆخۆشی وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی وەدیار کەوتووە کە لە نێوان چەندین دەوڵەت و لە چەند وڵاتدا خەریکی سیاسەت‌کردنە. ئەگەر لە کاکڵی پێکهاتە سیاسییەکەی وردبینەوە بێ‌گومان توخمێکی بەهێزی دەسەڵاتخوازی ئایدیۆلۆژیک زیاتر لە هەموو شتێک لەبەر چاومان قووت دەبێتەوە.
هەڵس‌وکەوت و گوتاری سیاسی ئەم حیزبە هەردەم ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەگەر رۆژێک و لە وڵاتێک دا ببێتە خاوەن دەسەڵات،‌ئەگەری زۆرە ئەزموونی حکوومەتە ئایدیۆلۆژیکە دەسەڵاتخوازەکان دووبارە کاتەوە. ئەم بۆچوونەش تەنیا لە ئەدەبیات و سیاسەتی نێوخۆیی و ئینـزباتی تەشکیلاتی ئەم حیزبە سەرچاوە ناگرێ. بەڵکوو لە هەواڵبەندی و هاوپەیمانییە سیاسی و ناوچەیەکانیشی وەبەرچاو دێ. بە گشتی دەمهەوێ ئەمە بڵێم کە پێکهاتە سیاسیە بەرچاوە کوردییەکان بە گشتی ئەوەندە دیمۆکراتیک نین کە سبەی رۆژ و لە حاڵەتی کامڵ‌بوونیان دا ،‌تووشی «بەهاری کوردی» نەبن. بە کورتی ئەگەر لێم زوێر نەبن، دەمهەوێ بڵێم کە ئێمە لە عەرسەی سیاسەتی کوردی‌دا، مۆدێلی عەرەبستان و ئێرانیمان هەیە ، بەڵام مۆدیلی تورکیامان نییە.

پ – پێت وانییە ئەم پێک گرفتانە زۆر زێدە رۆیانە بن؟
و: ئیدمۆندبێرگ لە‌کتێبی «تێفکرین لە سەر شۆڕشی فەرانسە» دا دەڵێ: «دەرئامەدی دەوڵەت خودی دەوڵەتە». لە راستیش دا ئەزموونی دەوڵەت نەوتیەکان ئەمەی به ته واوی سەلماندووه. ئەوە سەرچاوەی داهاتەکانی دەوڵەتە کە پێوەندی نێوان شێوەکانی گەشەی ئابووری،‌گورانکاری دامەزراوە سیاسییەکان، قووت کردنەوەی ئەو لەویەتە سیاسییەکان و لە نەهایەت دا توانایی دەوڵەت لە‌دیزاین  یان گۆڕینی رێگای گەشەسەندن نیشان دەدات. جا ئەو دەوڵەتە چ عەرەبستانی سەعوودی بێ کە دەوڵەتێکی موسوڵمانی نەریتیە و چ وێنیزوئیلای هۆگۆچاوزی پۆپۆلیست بێ کە دۆلارە نەوتییەکان خەرجی گەڕەکە هەژارەکانی کاراکاس دەکات. تەنانەت هەندێک چاودێران پێیان وایە کە هاتنە خواری نرخی وزە لە کۆتایی هەشتاکاندا لە هەرەس‌هێنانی یەکیەتی سۆچیەتی پێشوو دا کارێگەربووە.
 پرسی سەرەکی لێرەدا دوو شتە: یەکەم سەرچاوەی رانتی داهاتووی دەوڵەت هەم پرسی دیموکراتیزە بوون ئالۆز دەکا و هەم رەوتێکی گەشەسەندن وەبەر دێنێ کە پێکهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان تارادەیەکی زۆر ناکارامە و تەنبەڵ دەکا. بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئابوورییە کارامە و هەمە جۆرەکاندا. هەڵبەت لێرەدا ئاماژە بەم خاڵە پێویستە کە میزانی کاریگەری نەوت لە سەر ئابووری ئەم وڵاتانە بەستراوەتە بە رادەی هەمەجۆری و ئاستی ماڵیات تەوەرەیی ئابوورییەکەیان. بۆ نموونە ئابووڕی ئێران سەرەڕای گیروگرفتەکانی ،هەمەجۆری لە ئابووری قەتەر یان عەرەبستان زیاترە و لە بارودۆخی گونجاودا چاتر دەتوانێ بەرەو گەشە هەنگاوبنیێ. خاڵێکی دیکەی سرنج‌ ئەوەیە ئابووری ئەم جۆرە وڵاتانە لە سیکلێکی هەمیشەیی فەرعانە – تەنگانەدان. سیکلی فەرعانە- تەنگانە لە هەڵبەزدابەزی نرخی وزه، سەرچاوە دەگرێ و لە هەردووک حاڵەتیش‌دا ئەگەر کۆنترۆڵی سیاسی وردی لەسەر نەبێ دەتوانێ ببێتە مایە تەنگژە و ناجێگیری لە وڵاتدا. لە حاڵەتی یەکەم‌دا بە «نەخۆشی هولەندی» و چوونەسەری نرخی توەڕۆم و لە حاڵەتی دووهەمیش‌دا بەکەم بوونەوەی داهاتی سەرانە. ئەگەر ئەمڕۆ عەرەبستان لە سایە سەری نرخی گرانی وزە و بەخشینەوەی سی چل مڵیارد دۆلار بەسەر خەڵک دا توانیویەتی پەتای بەهاری عەرەبی بە شێوەیەکی کاتی له خۆی دوورکاتەوە، لە داهاتوودا بە پەرەگرتنی زیاتری چینی مام ناونجی و گۆڕانی زیاتری دەوروبەری ئەم کارەی بۆ ناکرێ.

                       باسی دوو مۆدێلی سیاسیت لە کوردستان دا کرد. کامیان بۆ داهاتووی کێشەی کورد گونجاوترە؟
و:باشترە بڵێین بۆ داهاتووی کۆمەڵگای کوردستان، چونکا پرسی کورد پرسێکی تاک رەهەندی نییە کە تۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بکەی و تەواو. ئەم پرسە رەهەندی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریشی‌ هەیە. بە واتایەکی دیکە ئەم دەوڵەتە بۆ ئەوەی کە بمێنێ دەبێ دیمۆکرات و گەشەسەندووبێ. هەروەک بە کورتی باسم کرد هیچ کام لە م دوو مۆدیلە بە تەواوەتی ناتوانن ئەم ئامانجە وەدی بێنن. دیارە لە نێوان ئەم دوو مۆدیلە دا چەشنێک رەقابەت و ململانێش هەیە. لە شەستەکانی سەدەی پێشوودا، جەماڵ عەبدولناسر، میسری کردبۆە دڵی جیهانی عەرەب و خۆشی رێبەری بێ ئەملاوئەولای بوو. لەم سەردەمەدا دەوڵەتێکی وەک عەرەبستان بە تەواوی لە پەراوێز دابوو و وڵاتانی کەنداویش هەرناویان نەبوو. لە هەفتاکان بۆ ئەم لاوە کە نرخی وزە چۆوە سەرێ عەرەبستان گرنگایەتی پەیدا کرد و لە‌دەوری میسر کەم بووه. لە کوردستانیش تا رادەیەک ئەم سیناریە دووپات بۆتەوە. لە نەوەدەکاندا پ.ک.ک لە باشوور تەنگی بە پارتی و یەکیەتی هەڵچنیبوو و بیری لە جۆرێک ئالترناتیو دەکردەوە. لە دەهەی یەکەمی سەدەی ئێستادا سێڵاوی دۆلاری 17 لە سەدی داهاتی نەوتی عێراق هاوکێشەکەی گۆڕی، ئێستا بە دڵنیاییەوە پارتی دەوڵەمەندترین حیزبی کوردستانە. بەڵام ئایا بەقەد پ.ک.ک لە باری سیاسی و فکرییەوە لە پارچەکانی دیکە نفووز و کاریگەری هەیە،‌ئەوە جێگای پرسیارە.
ئێستا کاردانەوەی کاریگەرییەکانی ئەم دوو مۆدیلە لە‌کوردستانی ئێران بە شێوەی دوو گوتاری سیاسی جیاواز خۆی دەرخستووە کە من لە چەند وتاری پێشووم دا باسم کردووە. لە کوردستانی سووریاش باڵادەستی پ.ک.ک دیارە سەرەڕای ئەوه پارەیە که  لایەن حیزبە گەورەکانی باشوور سەرف کراوە.

پ - کاریگەری بەهاری عەرەبی لەسەر داهاتووی پرسی کورد بە گشتی چۆن دەبینی؟
و: هەروەک لە پێشدا باسم کرد ئەوە یەکێک لەو تەوەرانەیە کە دەبێ بەجیا شیکاری بۆ بکرێ. دیارە رۆژهەڵاتی ناوێن لە حاڵی تۆخ‌هاویشتن دایە و سیستەمە کۆنەکان خەریکن جێ بۆ سیستەمە تازەکان چۆل دەکەن.
ئەوە دۆخێکی وەک ئورووپای ڕۆژهەڵات لە‌1989دایە. رەوتێکی بە‌ هێزی بە‌دیمۆکراسی بوون لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزی ناسیۆنالیستی. رووخانی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان رێ ‌بۆ سەر هەڵدانی کێشە ئیتنیکیە کپ کراوەکان خۆش کرد. ئەگەر حیزبی بەعسی سووریا بڕووخێ شک لەوەدا نییە کە دەرفەتێکی زیرین وەدەست کورد دەکەوێ کە باری ژیانی خۆی لانیکەم لە چاو رابردوو باشتر بکا. هەروەک رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق هەلێکی مێژوویی بۆ کورد رەخساند، بەهاری عەرەبیش ئەم پوتانسێلەی تێدا بەدی دەکرێ کە ئەم هەلە بە قازانجی کێشەی کورد برەخسێنێت. بێ‌گومان ئەم رەهەندە ی کاردانەوەکانی بەهاری عەرەبی لە رەهەندی کاریگەری لەسەر پێکهاتە سیاسییە کوردییەکان ئەگەر گرنگ‌تر نەبێ، کەم بایەخ‌تر نییە.

پ - باسی پارادۆکسەکانی رۆژئاوا لە هەمبەر بەهاری عەرەبیت دا کرد. لەم با‌رەیەوە زیاتر بدوێن؟
و: هەموومان دەزانین کە داگیرکەری ئیسرائیل – بە پێی بریارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە چوارچێوەی زەوییەکانی 1967 دا– هەمیشە یەکێک بووە لە ماکەکانی ئالۆزی و ناجێگیری لە رۆژهەڵاتی ناوێن. هەمیشەش ئیسرائیل نانی ئەوەی خواردووە کە تەنیا حکومەتی دیمۆکراتیکی ناوچەیە. بە واتایەکی‌تر سیمای سیاسەتی سەرکوتکەرانە و داگیرکەرانەی دەروەی خۆی بە دەمامکی سیاسەتی دیمۆکراتیکی ناوخۆی دەشاردەوە. دیمۆکراتیزە بوونی رۆژ هەڵاتی ناوێن تارا دەیەکی زۆر ئەم کارتە لە دەست ئیسرائیل دەردێنێ. بەڵام مەسەلە تەنیا ئەوە نییە. مانەوەی کێشە فەلەستین بە هەڵپەسێراوی و درێژەی سیاسەتی داگیرکەری ئیسرائیل، هەمیشە لە ناوچە یەکێک لە چاوگەکانی توندوتیژی و رەوایی وان بە‌دیکتاتۆڕی و سەرەڕویی هەندێک وڵات بووه. لە رۆژ هەڵاتی ناوێنی تازەدا دەبێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ. ئەمریکا تا ئێستا سیاسەتێکی بێ‌لایەنانەی لەم بارەوە نەبووە. گوشاری کۆشکی سپی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ پیمل بوون له حاند سیاسەتی «زەوی لە بەرانبەر ئاشتی» و دامەزرانی دەوڵەتی فەلەستین بە پێتەختی قودسی رۆژهەڵات ،تاقە ڕێگای مومکینە. ئەمە لە لایەک. له لایه كی دیكه لە‌ تورکیاش ئەمریکا لە هەمبەر کێشەی کورد سیاسەتێکی زۆرقێزەونی هەیە.
لە راستیدا سیاسەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانی بێ‌ئەم‌لا و ئەولا لە ئانکارا لە‌ئاست کێشەی کورد دا بۆتە لەمپەرێکی گەورەی چارەسەر نەکردنی ئەم برینە مێژووییە.
پ - بە باوەڕی ئێوە ئەمریکا لەم بارەوە چی لەدەست دێ؟
و: ئێمە لە دوو تۆیی ئەم دیمانەدا باسمان لە سێ مۆدیلی سیاسی کرد کە لە جەنگەی بەهاری عەرەبی‌دا خەریکی ململانێن. دیارە مۆدێلی تورکیامان بە مودێلێکی مەقبوول‌تر و سرنج‌راکێش‌تر دانا. بەڵام بە داخەوە ئەم ئەزموونە سەرکەوتوویەی ئا.ک.پ پاژنە‌ئاشیلێکی گەورەی هەیە کە ئەویش کێشەی کوردە. هەرچەند پیاو حەق بڵێی هەندێک پێشکەوتن هەبووه، بەڵام لەم دوو ساڵەی دوایی‌دا دەڵێی سیاسەتی « هەنگاوێک بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆ‌دواوە » هاتوته گور.
وا وێدەچێ دەوڵەت بڕیاری دابێ پ.ک.ک بەمەرەدی تامیلەکان بەرێ و کێشەی کورد بە کەیفی خۆی و بە دانیشتن لەگەڵ ئەحزابی بچووک و کەسایەتییە میانەڕەوەکان چارەسەر بکا. من ناڵێم ئەمه تەنیا بە زیانی کوردە. بە زیانی ئەزموونی سەرکەوتووی ئیسلامی سێکولاری ئوردووغانیشە. پەرەپێدانی ئەم خوێندنەوەیە لە ئیسلام دوای دەیان ساڵ دەتوانێ وەک مۆدێلێکی تەوسیعە، وەک ئاڵترناتیۆێکی عەمەلی، کۆتایی بە نەهامەتەکانی جیهانی ئیسلام لە پرسی گرنگی نوێبوونەوە و مۆدیڕن بوون بینێ. پێچەوانەکەشی هەروایە. کێشەی کورد زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە ئەم ئەزموونە تووشی مەترسی بکا. بەداخەوە ئەمریکا لێرەدا تەنانەت بە ئەندازەی ئورووپاش کە لە دەلاقەی مافی مرۆڤ و ئازادە فەرهەنگییەکان جاروبار شتێکی دەلێی، چالاک نییە. بە پێچەوانە لە ڕێی پشتیوانی هەواڵدەری و سەربازی، توانایی نیزامی تورکیا بۆ درێژەدان بە سیاسەتی شەڕ بە هێز دەکا. زۆربەی شارەزایان و چاودێرانی پرسەکانی تورکیا، سەرکەوتوویی ئەزموونی ئا.ک.پ بە دوو شت دەبەستنەوە:
1- پەرەگرتنی بۆرژوازی ئاناتۆلی لە ئەسەر رێفورمە ئابوورییەکانی ئۆزال لە هەشتاکاندا کە‌بۆ هۆکاری پێک‌هاتنی چینێکی بازاڕی موسولمان و کۆنەپارێز.
2- هەوڵی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکیەتی ئوروپا و پێمل بوون بە مەرجەکانی کۆپێنهاک. بە تایبەت دووەمی هەم بۆتە مایەی کرانەوەی زۆرەملی پانتای سیاسی وڵات و چوونە په راوێژی دەوری ئەرتەش و لە لایەکیش پێداچوونەوە سیاسیی و هزرێکانی ئا.ک.پ بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم مەرجانە و لە ئاکام‌دا پەیرەو کردنی سیاسەتێکی نەرم و میانەڕەوانە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر خاتری ئورووپا گرتن ئەوەندە بۆ تورکیا گرنگە،‌گۆڕانی دەوری ئەمریکا لە هەمبەرکێشەی کورد لە لایەنگری دەوڵەتەوە بۆ دەورێکی بێ لایەن و ناوبژیکه‌ر سەد ئەوەندە گرنگ دەبێ. بە کورتی چارەسەری کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد بۆ داهاتووی دیمۆکراتیکی ناوچە زۆر گرنگە.

پ - ئایا هەڕەشەکانی بەردەم بەهاری عەرەبی هەر ئەوانەن؟

و: نا. بۆ پێش‌بینی دەرئەنجامەکانی بەهاری عەرەب و ئەوەیکە ئایا دیمۆکراسی لێدەکەوێتەوە، جارێ زووە. ئەگەر بزووتنەوە ئیسلامیەکان بەم قەول و پەیمانانەی کە لەمەڕ پێمل‌بوونیان بە یاسا و ریسا دیمۆکراتیکەکان داویانە ، وەفادار بن و رۆژئاواش هەلەکانی رابردووی سەبارەت بە پەسند کردنی دیکتاتۆرییە سێکولارەکان بە سەر ئەم سەندووقە دەنگ دانانەی کە هێزە ئیسلامییەکانی لێدێتە دەر، دووپات نەکاتەوە، بۆی هەیە کە هیوادار بین. هەروەها ئەگەر رێگا چارەی گونجاویش بۆ گەشەی ئابووری ناوچە بدۆزرێتەوە. هەمووی ئەمانە بە زۆر فاکتەری جۆاروجۆری ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی بەستەیەکه سەرچاوەی ژوورەکی و بیانی جۆراوجۆریان هەیە. بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی تەنیا رێگایەکمان نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ مەسیرێکی سەرکەوتوو ناتوانێ  چاوی خۆی لە دیتنی تایبەتمەندییە فەرهەنگی و نەریتیەکان بقووچێنێ. تورکیا و عێراق لەم بارەوە نموونەیەکی باشمان بۆ پێک گرتن نیشان دەدەن. حیزبی داد و گەشە پێدان لە ساڵی 2002 هاتە سەرکار. عێراقیش لە ساڵی 2003 بە مەبەستی لابردنی دیکتاتۆری و بنیات‌نانی سیستمێکی دیمۆکراسی کەوتە بەر هێرش. پاش دە ساڵان عێراق لە کۆیە و تورکیا لە کۆی؟
ئەمه نیشانی دا کە دیمۆکراسی بابەتێک نییە کە لەدەرەوە را واریدی کەی. بەڵکوو بەستێنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی تایبەتی خۆی گەرەکە. لە رۆژهەڵاتی ناوێن‌دا زۆر کودیتا و شۆڕش بە دروشمی بریقەدار و بانگەشەی هێنانی ئازادی و دادپەروەری و مۆدیرنیزم کراوە. بەڵام هەموویان لە کۆتایی دا سەریان لە کارەسات هێنایەدەر. پاشی ئەم هەمووە ساڵە تورکیا ئەزموونێکی جیاوازی لەم بارەوە نیشان دا. گارانتی سەرکەوتوویی ئەم ئەزموونە بە چارە سەری کێشەی کورد بەندە. ئەویش تاقە رێگایەکی هەیە: دیالۆگ. لەگەڵ کێ. لەگەڵ پ.ک.ک و سەرۆکەکەی. لە بیرمان نەچێ بۆماوەی زیاتر لە بیست ساڵان ئەمریکا و ئیسرائیل هەر چەشنە گفتگۆیەکیان لەگەڵ یاسر عەرەفات و ساف رەت دەکردەوە و بە تیروریستیان دەناسین. بەڵام پاشان ناچار بوون واقعیەت قەبوول بکەن.لیره شدا ده بی هه مان ریگا په یره و بكری.
پ-وه‌ک دوا وته‌ کاک دوکتۆر، ئه‌گه‌ر وته‌یه‌ک یان مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ مابێت بۆ باسکردن تکایه‌ بفه‌رموون؟
و: به‌هاری عه ره بی بۆ ئیمه‌ی کورد کۆمه‌ڵیک ده‌رفه‌ت و عیبره‌تی پێیه. له عیبره‌ته‌کان ده‌رس وه‌رگرین و ده‌رفه‌ته‌کانیش به خوێندنه‌وه‌‌ی دروست و یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ستراتژیک بقۆزینه‌وه‌.



هیچ نظری موجود نیست: