۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه

دیسان لە هەرێمی مێ ... شوو ... لە کانەوە

وێنە / لە پەنجەری ژوورەکەمەوە، ئاڵمان / کاکتوس و گوڵەباخ، دوو هاوڕێی هەمیشەی من
مێشوولەکانی ناو ژوورەکەم دیسانەکە پەڵەیان داوە، کردوویانە بە هێلانە و ماڵی خۆیان، خەریکە لێرە سەربەخۆی خۆشیان رائەگەیەنن، ئاڵایان هەڵکردوە، جێژن و فیستیواڵ ئەگرن، بەریان بە ڕۆژی ژوورەکەم یان هەمان گڵۆپە حیزەکانی ناوژوورەکەم گرتوە. هەڵبەت ناحەقیان ناگرم، سوپایەکیان هێناوە، ئەگەر فریای خۆم نەکەوم، خوێنم تیا ناهێڵن. بە هیچ چاریان نیە، نە بە مێشوولەکوژ، نە بە گسکی کارەبایی، نە بە خۆڕإوەشاندن. هیچ بیرم کردوە، ئەوە من ماوەیەکە بیریان لێ ئەکەمەوە، خاڵی لاوازیانم دۆزیەوە. ئینسان ئەگەر بە خەستی بیر لە شتێ بکاتەوە، یان رێگایەک ئەدۆزێتەوە، یان دەبێت خۆی بدات بە دەستەوە. بە هەرحاڵ بیرم لێ کردوە و بۆ دواجار سیاسەتی کوردانەم بۆ بەکار هێنا. نەک ئەم سیاسەتەی ئێمە دەیکەین، ئەو سیاسەتەی کە بەرامبەرمان کراوە. یانی لێرەدا وتەیەک زەق ئەبێتەوە، ئەگەر بتەوێ نەتەوەیەک بچەوسێنیتەوە، دەبێ بزانی خۆتیان چۆن چەوساندۆتەوە، ئاواش لەوانەیە نەتەوەیەکی تر بچەوسێنیتەوە.لەگەڵ چەند مێشوولەیەکی خوێڕی دا پەیمانم بەست، تووی دووبەرەکیم خستە ناویان، لەو لاشەوە بە ئایەتی پیاوچاکانی جۆڵایی، مەبەست جاڵجاڵۆکە، بەشێکی
زۆریانم خستە داویی جاڵجاڵۆکەکانەوە، باوەڕ بکەن هەر ئەنفالیان کردن و بەشێکیش وەک ئەمڕٶژانە، کە سنوور بەسەر ئاوارەکاندا دائەخەن منیش سنوورم بەسەردا داخستوون کەچی هێشتا، تاو ناتاوێک، مێشوولەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوە دێت بۆ دەورم، منیش راست پەلاماری ئەدەم و پانی ئەکەمەوە. من قاتڵ نیم، بەڵام تۆخوا ئەوە وەزعە لەو غەریبییەدا، ماڵەکەشت مێشوولە داگیری بکات، خۆ لە کوردستان بستێک خاکم نەبوو،پەشێو گوتەنی، "ئەوەی بستێک خاکی نەبێ، خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا". راستیەکەی سۆی ئەم نووسینە خەتای خۆم نیە، لە شەرە ئاوەکەی سلێمانی و لە بێکەسییەکەی شێرکۆ بێکەس و لە زەمزەمەی دۆستانی ناو فەیسبووک، هەر یەکە و دەردێک و هەر یەکەو تاڵییەکەی سەیری پێوەیە. زۆرجار حەز ئەکەم تا سەر ئێسقان کورد بم، زۆرجاریش هەست بە داماوییەکەی گەورە دەکەم کە کوردم، ئەو دوو هەستە لە زۆر برین و کەلێنەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرکام لە دەردێکەوە دێن. بەڵام ئێستاکە ئیتر بۆتە خوو، خوومان پێوە گرتوە، ئەوە تەنیا بۆ من نیە، بۆ مێشوولەیەکی حیزی دیکەیە کە بە شیشەی رۆشنی لاپتۆبەکەوە چەسپاوە و جارناجارێ پەلاماری گلێنەی چاوی من ئەدات. ئێستاکە من لە ماڵی خۆم بێگانەم و مێشوولەش خاوەن ماڵە. تەنیا شتێک مابێ کە کەوڵی کەن، خەیاڵی بەجێماوی منە، بەڵام دۆستان بەر لەوەی ئەویش کەوڵ بکەن و کوردیەکەشم بیر نەچێتەوە بڵێم: تکایە دابەزن لەو رێگایەی گرتووتانە بەر، بۆ درووستبوونی وڵات و نیشتمان، سەرەتا دەبێ رێز لە یەکتر بگرین، واز بێنن لە دروشمە کرچ و کاڵەکان، واز بێنن لە وتەی نیچە و کانت و هێگل و نازانم کێ. نیشتمان و وڵات و خاک و ئازادی هەمووی بەسەر ئەم ئەسڵەوە راوەستاوە، "رێز و ئەخلاق بەرامبەر بە ئازادی، بەرامبەر بە نیشتمان، بەرامبەر بە دۆست، بەرامبەر بە سروشت و ژیان"، باوەش بکەن بە تەرمی بێکەس دا و بۆ ساتێک بڵێن، بێدەنگی یانی گوێگرتن بۆ زەمزەمەی شێعری بێکەس". ئەوەیە جەوهەری یەکبوون.... دوایین مێشوولەشم ئازاد کرد، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێم، دوژمنیش هەر ئەتوانێ ئازاد بێت.

....... 
ئەو وێنەیەش، وینەی بەرپەنجەرەی ژوورەکەمە، کە کاکتۆسێک و گوڵەباخێک، یەکجار حەزیان لەیەکە، هەموو شەوێ بە ورتەورتی ئەوانیش خەبەرم ئەبێتەوە، بەڵام چوون باس لە خۆشەویستی ئەکەن، دڵیان نایەشێنم


هیچ نظری موجود نیست: