۱۳۹۲ آبان ۲۶, یکشنبه

ئەو دیوی خەیاڵ

زۆر جار ئینسان شتێک لە دڵی دا هەیە نازانێ چۆنی دەرببڕێت، هەم خۆشحاڵییە و هەمیش بێتاقەتی .... هەم پڕە لە سۆز و هەم پرە لە ئەوین .. زۆرجاریش گەر کەسێ گوێت لێ بگرێ لێت تێ ناگات و ئیدی هیچ لێی دەگەڕی... دوێنێ شەو مارەبرانی خوشکی هەرە بچووکم "هاجەر" بوو، حەزم دەکرد لە لای بوومایە و دەستمال و چۆپیم لێ بگرتایە و تێر هەڵپەڕایم بۆی و شان بە شانی خوشکەکانی دیکەم! ئەم خوشکەم بچووکی ناومانە، لەو کاتەی هاتوومەتە دەرەوەی وڵات، دوو جار بینیومە، نەمزانی چٶن باڵای کرد و گەورە بوو.. سەختە گەر گەورەبوونی خۆشەویستەکانت نەبینی. کە تلم کرد لە رووی نەبوو قسەم لەگەڵ بکات، بەڵام لەگەڵ نەخشینی خوشکم قسەم دەکرد، گوتم دەنگ و باس، قاقا پێ دەکەنی و دەیگوت هەر عەینەن "تەلێ" وایە، تەلێ مەبەستی خەسووی خۆی بوو، جارێ چووم بۆ ماڵیان نان و کەرەو دۆیان پێ دام، تا ئێوارە ناوسکم هەڵگووشی .... دەیگوت مینگە مینگی لێوە دێ و بە لووت قسە ئەکا ... دام لە قاقای پێکەنین .. چاییەکەی بە دەمەوە بوو گوتم: "نەخشە گیان وەک جاران دوو دووی پێوە دەخۆی؟" دەیگوت: "جاران بە قرووشکە چاییمان ئەخوارد، ئێستا باوی قوروشکە نەماوە، بە پەرداخی شیشەی قوڵفدار و چواری پیوە ئەخۆم، تەلێ ش سەرێ رائەوەشێنێ و مۆڕەیەکم لێ ئەکات " منیش دەمگوت دەی دەی .. وەلا هەر مۆڕەی لێ کردم ئەو فەقیرە تا بەیانی خەوی لێ ناکەوێ " من زیاتر پێکەنین دای دەگرتم .. بەلام بە دڵێکی پڕ لە بێتاقەتییەوە، دەلێ: کاکەگیان ئێمە باشین، ئەوە هاجەریش شووی کرد، بەیانی و دووبەیانی دانەیەکی تر پێت ئەڵێ خاڵۆ" .... هاجەرگیان هیوادارم بەختەوەر بیت ... هەرچەندە ئاواتی گەورەت هەبوو بۆ ژیان، خۆشبەختی و دڵخۆشیت بۆ من گەورەترین ئاواتە!

هیچ نظری موجود نیست: