بێهزاد خۆشحاڵی
و: ئەفراسیاب گرامی
لەخۆڕا نیە كە ئەگەر كەڵەپیاوێك
هەر لە "منداڵدانی" دایكێكی خەباتكاری كوردەوە، لەدایك بێتو
"سروودی خواكان"، "هاواری ئازادی"، "رزگاری"و
"رزگاریدەر" بێت. پیاوێك كە لە "دیلیەتی"دا چاوی بەدنیا
هەڵێنا، بەڵام ئازادانە ژیانی بردەسەر. ئازایانە خەباتی كردو لە ئاكامدا
میراتێكی پڕ بایەخی خەبات دژی ستەمی باڵادەستی بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت. پاش
سەدەیەك خەبات، بەشێك لە كوردستان وەكوو "ناوچەیەكی فیدراڵ" بە جیهانی
ئەوڕۆكە بناسێنێ. مەلامستەفای بارزانی بە وتەی "هەژار"، "هێمای
خەباتو بەرگری بۆ گەیشتن بە ئازادی"و بە وتەی "پێشەوا قازی
محەممەد"، "سێمبۆلی شەرافەت، بوێری، جوامێری، لێهاتووییو
ئازادیخوازی" بوو. بێگومان مەلا مستەفاو ئەخلاقی ئەو لە روانگەی
"پێداگریی لەسەر بەردەوامی خەبات" لە دەورانێكی نزیك بە سەد ساڵ یەكێك
لە كەڵەپیاوانی مێژووی كورد بە ئەژمار دێت.
كردەكار: مەلا مستەفا بارزانی
هۆكار: مەلا مستەفا بارزانی،
عەشیرەتی بارزانو حیزبی دێموكراتی كوردستانی عێراق
گۆڕەپان:
الف: زەمان: لە سەرتای سەدەی
بیستەمەوە هەتا ئێستا
ب: شوێن: باشووری كوردستانو
"بیاڤی كۆماری كوردستان"
ئامراز: راپەڕینی چەكدارانە،
راپەڕینی جەماوەریو دیپلۆماسی سیاسی
ئامانج: دامەزرانی كیانێكی
سەربەخۆی كوردی لە ناوچە كوردنشینەكانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا
مێژوو: ناوچەی بارزان لە باكووری
كوردستاندا هەڵكەوتووە كە لە باكووری ناوچەی فیدراڵی كوردستاندایە، شوێنی ژیانی
هۆزی بارزان لە مێژوودا بووە. گەورە پیاوانو پێشەواكانی بارزان، لە شێخە
گەورەكانی ئایینیو دیندارانی باشووری كوردستانو لە گەورە پیاوانی ئیسلام لە
ناوچەكەدا بوون. لەم روویەوە پێگەی ئایینیی گەورەپیاوانی بارزان، هێزی سیاسی ـ
مەزهەبی كاریگەرییان هەمیشە هەبووەو یەكێك لە هۆكارەكانی راپەڕینی سیاسی لە
مێژووی ئەم هۆزەدا بووە. ناوچەی بارزان لە "هەرێمی فیدراڵی كوردستان"
لە ناوچەگەلێكە كە لە سەرەتای دامەزرانی حكوومەتی عێراقەوە هەتا زاڵبوونی
كۆلۆنیالیزمی بریتانیاو لە ئاكامدا بەستەبەندی سیاسیی تێكەڵاو لە كورد، عەرەبی
سوننیو عەرەبی شیعە بە ناوی عێراق، بۆ گەیشتن بە كیانێكی سەربەخۆی كورد هەرگیز
رانەوەستاو لە دەورانە جیاوازەكانی حكوومەتەكانی عێراقدا، لانیكەم شەش جار بە
تەواوی كاول كراو ئاگری تێبەردرا.
مەلا مستەفای بارزانی هەر وەكوو
پێشەوا ئایینیەكانی دیكەی بارازان، شێخ عەبدوسەلام بارزانو ... لە ساڵانی پێش لە
دامەزرانی تا راگەیاندنی حكوومەتی عێراق، دەورانێكی پڕ لە هەورازو نشێوی بۆ
گەیشتن بە ئازادی پێواوە. خەباتی عەشیرەیی دژ بە داگیركەریی بریتانیا، بەردەوامی
خەبات دوای دامەزرانی حكوومەتی عێراق، بەشداری بەرچاوی لە "كۆماری
كوردستان" بە رێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، تێپەڕكردنی دەورەیەكی
دوورخراوەیی كورت ماوە لە یەكیەتیی سۆڤییەتی پێشوو، گەڕانەوە بۆ عێراقو
بەردەوامی خەباتی چەكدارانەو سیاسی لە چوارچێوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی
عێراق، پەیمانی ئەلجەزایرو تێكچوونی كاتیی هاوسەنگی نیزامی تا 1979، مەرگ لە
تاراوگەو ... لە ئاكامدا راپەڕینی گەورەی 1991ی كوردستان دوای هێرشی هێزە
هاوپەیمانەكان بۆ عێراق لە لایەن كوڕەكەی "مەسعود بارزانی" تا
راگەیاندنی فیدراڵیزم بۆ عێراق لە 2005دا، نیشانەگەلێكی جێگای سەرنجی زۆرن بۆ
دەرخستنی ئەم دەورانە پڕ لە هەورازو نشیوە. حكومەتی كوردستانی ئێَستا بە
سەرۆكایەتی "مەسعود بارزانی" ، كوڕی مەلامستەفا بارزانی هاتۆتە بەر و
هەنووكەش بە تێپەڕ كردنی دەورانی تێپەڕبوون بەرەو داهاتووە.
تایبەتمەندییەكانی راپەڕین:
1ـ پێگەیەكی بەهێزی ئایینی لە
نێوان هۆزی بارزاندا
2ـ هاوپێوەندی جەماوەری ئایینیو
خێڵەكی لای بارزانییەكان
3ـ دەسەڵاتی نەریتی ـ كاریزمایی
مەلا مستەفا بارزانی
4ـ تایبەتمەندیی جوغرافیایی ناوچەی
بارزانو نەبوونی كەڵك وەرگرتنی نیزامی تەواوی حكوومەتی كاتی عێراق لە سەركوتی
راپەڕینەكە.
5ـ باوەڕی تەواوی مەلامستەفا
بارزانی لە تێكچڕژاویی مەسەلەی كورد لە باكووری رۆژهەڵاتو باشوور بە هۆی بوونی
سنوورە سیاسییەكان.
6ـ چوونە نێو بیاڤی "كۆماری
كوردستان" لە ساڵی 1946 بۆ پشتیوانیی كردن لە كۆماری كوردستان بە رێبەرایەتی
پێشەوا قازی محەممەدو هەڵبژاردنی وەكوو یەكێك لە چوار ژێنڕاڵی ئەرتەشی كۆماری
كوردستان.
7ـ بەرگری چەكدارانە لە بەرامبەر
هێزەكانی ئێران لە سەردەمی كۆماردا.
8ـ تەسلیم نەبوون لە بەرامبەر
هێزەكانی ئەرتەشی ئێرانداو گەیشتن بە سنوورەكانی یەكیەتیی سۆڤیەت لە تەنیشتی
پیشمەرگەكانی بارزانی لە درێژەی سنوورەكانی ئێران ـ عێراق ـ توركیە پاش رووخانی
كۆماری كوردستان.
9ـ دامەزرانی حیزبی دێموكراتی
كوردستانی عێراقو رێكخستنی نوێی سیاسی ـ نیزامی.
10ـ بەردەوامی خەباتو لە هەمان
كاتدا دیپلۆماسییەكی چالاكانە لە كۆتاییەكانی دەیەی 50ی زایینیو تا كۆتایی دەیەی
70ی زایینی.
11ـ پێكهێنانی ناوچەی نیوە
خودموختار لە باشووری كوردستان لەم دەورانەدا.
12ـ خەباتی سیاسی لە پاڵ خەباتی
نیزامی لەگەڵ دەوڵەتە كاتییەكانی عێراقدا.
13ـ دیپلۆماسییەكی چالاكی
نێونەتەوەییو لە سەرووی هەموانەوە، كەڵك وەرگرتن لە لێڵیی پێوەندییەكانی ئێرانو
عێراق بۆ باشتركردنی پێگەو هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان.
14ـ بەردەوامی خەبات لە دەورانێكی
درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا.
15ـ راگەیاندنو پەسندكردنی یاسای
حكوومەتی فیدراڵی كوردستان لە گەڵ "یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان" دوای
1991و لە درێژەدا یاسای بنەڕەتی عێراق لە ساڵی 2005 بۆ وەرگرتنی فیدراڵیزم لە
عێراقدا.
16ـ نەتەوەخوازی لە دەورانی پڕ لە
هەورازو نشێوی بەرگریدا.
مەلامستەفا بارزانی دوای رووخانی
كۆماری كوردستان، هێزەكانی خۆی لە مەهابادەوە تا لێواری چۆمی "ئەرەس"
لە درێژەی سنوورەكاندا بەرەو یەكیەتیی سۆڤییەتی پێشوو بردو بەناچار قبووڵ كردنی
دوورخراوەییەكی زۆرەملێیانەی نزیك بە 10 ساڵ لەو وڵاتە بوو. مریەم فیرووز
(فەرمانبەر)، هاوسەری نورەدین كیانووری، سكرتێری گشتی حیزبی توودەی ئێران، لە
یەكێك لە وتووێژەكانی خۆیدا دەڵێ:" لە نێوان تەواوی رێبەرانی دوورخراوەی
جیهان كە لە مسكۆ دەورانی ژیانی دوورخراوەیی خۆیان بردە سەر، تەنیا مەلامستەفا
مووچەی پەنابەریەتی وەرنەدەگرتو خەرجی ژیانی رۆژانەی خۆی بە پاكو خاوێنكردنەوەی
حەوتووانەی ئاپارتمانەكانی ئەو ناوچەیەی مسكۆ كە تێدا دەژیا، دابین دەكرد. بەڕای
من، لێهاتووترین رێبەری سیاسی جیهان بوو كە جیا لە پێشنیارەكانی سۆڤییەت، تەنانەت
هەنگاوێك لە ئامانجەكانی خۆی پاشەكشەی نەكرد".
مەلا مستەفا پاش گۆڕانی حكوومەت لە
عێراقدا، لە ساڵەكانی كۆتایی دەیەی 50 گەڕایەوە عێراقو رۆڵی سیاسی خۆی هاوتەریب
لەگەڵ رێبەرانی ئەوكاتی عێراقدا وەئەستۆ گرتەوە. لە ساڵی 1966، "جەلال
تاڵەبانی" وێڕای گرووپێك لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی عێراق لە
حیزب جیابوونەوەو بە راگەیاندنی جیابوونەوە، "یەكیەتیی نیشتمانیی
كوردستان"یان دامەزراند. كە دواتر ئەم دوو حیزبە، واتە حیزبی دێموكراتی
كوردستانی عێراقو یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان بوون بە كاراكتێرە سیاسییەكانی
باشووری كوردستانو دواتر عێراقیش. پەیمانی 1975ی نێوان عێراقو ئێران كە ئێرانی
دەروەست بە راگرتنی "بارزانی" لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەسەر
"چۆمی ئەلوەند" بوو، كە گەورەترین خەساری لە حیزبو رێبەرییەكەی دا.
عیسا پژمان ئەفسەری پێوەندیی مەلامستەفاو شای ئێران، پەیمانی ئەلجەزایری بە
"گەورەترین خەیانەتی دەوڵەتێك دژ بە گرووپێكی خەباتكار لە تەواوی مێژوودا
دەزانێ". ئەگەرچی خۆی دەڵێ كە "ئێمە بە رادەی سێ رۆژ، خواردەمەنیو
كەرەستەی نیزامیمان لە بەردەستی مەلامستەفا دانەدەنا، چونكە ئەو هەڕەشەیەكی گەورە
نەتەنیا بۆ ئێرانو عێراق، بەڵكوو بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو."
هێزەكانی بارزانی بە دوای بەستنی
پەیماننامەی 1975و راگەیاندنی چەكدانان، هاتە ئێرانەوەو وەكوو شێوەیەكی
دوورخراوەیی لە ناوچەی "عەزمییەی كەرەج"و "هەمەدان"دا
نیشتەجێ بوون. لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979و رووخانی رێژیمی پەهلەوی،
حیزبی دێموكراتی كوردستانی عێراق، بە ناوی "قیادە موەقەت" خۆیان
رێكخستەوەو سەر لە نوێ خەباتی چەكدارانەی خۆیان دەست پێكردەوە. مەلامستەفا بەر
لەم كاتە، لە رێكەوتی فوریەی 1979 لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كۆچی دوایی كردبوو.
دوای كۆچی دوایی نابەوەختی "ئیدریس بارزانی"، مەسعود بارزانی كوڕی
مەلامستەفا، بە پێناسە كردنەوەی پێكهاتەی نوێی حیزب سەرقاڵ بوو و بەهۆی
بەرگرییەكی سێ دەیەیی لە بەرامبەر رێژیمی بەعسی سەدام حسەیندا، لە ئاكامدا حیزبی
دێموكراتی كردە یەكێك لە كاراكتێرە سەرەكییەكانی رووخانی رێژیم لە عێراقو گۆڕانی
یاسای بنەڕەتی لەم وڵاتەدا بە ئامانجی دامەرزانی حكوومەتێكی فیدراڵ لە عێراقداو
بووە هۆی راگەیاندنی حكوومەتی خودموختاری كوردستان. ئەم حیزبە هەتا ئێستا یەكێك
لە دوو حیزبی سەرەكی باشووری كوردستان و لە حیزبە سەرەكییەكانی حكوومەتی عێراقەو
"مەسعود بارزانی" سەرۆكایەتیی "حكوومەتی هەرێمی فیدراڵی
كوردستان"ی لە ئەستۆدایە.
مێژووی سیاسی راپەڕینی
"بارزانی" یەكێك لە درێژخایەنترین دەورانی خەباتی چەكدارانەو سیاسی
ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستو جیهانە كە ئێستا بەشێكی سەرەكی لە ئامانجەكانی خۆی
لە باشووری كوردستانو باكووری عێراقدا بەدەست هێناوەو لە چاوەڕوانی داهاتووی
سیاسی جیهانیشدایە.
سەرچاوەكان:
1- "چێشتی مجێور"،
ماموستا هەژار، وەرگێڕانی بۆ فارسی بهزاد خوشحالی، كتاب الكترونیك www.hajarana.blogfa.com
2- "خاطرات مریم
فیروز(فرمانفرما) (بیرەوەرییەكانی مریەم فیرووز، (فەرمانبەر)"، 1363
3- "خاطرات عیسی پژمان
(بیرەوەرییەكانی عیسا پژمان)"، 2001، اربیل
4- "قاضی محمد و
جمهوری در آینەی اسناد"، بهزاد خوشحالی، 1380
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر