حه‌ز ئه‌که‌م به‌م نیوه‌شه‌وه باسی هه‌ندێک به‌سه‌رهاتی خۆشتان بۆ بکه‌م. تازه ئاواره ببووین بۆ ئاوایی "نێ"، من مناڵ بووم، ده‌وڵه‌ت هه‌ندێک خه‌ساراتی ده‌دا به خه‌ڵکی سه‌ر سنوور که پێیان ده‌گوت جنگ زده، به‌لام خه‌ڵکی لای خۆمان باش نه‌یان ده‌زانی ده‌ری ببرن، ده‌یانگوت جه‌نزه‌ده ئه‌ده‌ن. باوکم چوو بۆ قه‌لا ـ خه‌ڵکی ده‌ورووبه‌ر به مه‌ریوان ده‌لێن قه‌لا ـ له‌وێ ره‌شتییه‌که‌ی سه‌ری پر کردبوو له په‌نجاتمه‌نی و سه‌دتمه‌نه‌ی، بیرم دێ بیستمه‌نی و ده تمه‌نیشی تێدا بوو، کاکم گوتی به باوکم برۆ زه‌وی و ماڵی بکره له قه‌لا، باوکم له‌سه‌ر پشتییه‌کان دانیشتبوو و شانێکی هه‌ڵده‌ته‌کاند و ده‌یگوت "ئم،،، بچین بۆ شار با ئیوه ده‌ڵه بن، کاکه هه‌ی هاوار ئێمه شارمان پیوه نایه‌ت" دایکیم له سووچی هه‌یوانه‌کدا بوو و چایی تێ ده‌کرد، بیرمه سینییه‌کی درێژیان کریبوو، چایی به ریز تێ ده‌کرد و هه‌ر له جێگادا ده‌ستی ده‌کێشا و هه‌ڵنه‌ده‌ستاوه هه‌موومانی تێر چایی ده‌کرد. نه‌خشین خوشکم و من به پیاله چاییمان نه‌ده‌خوارد، به قورووشکه، له‌و په‌رداخه گه‌ورانه بوو. جا ئه‌یانگوت له دوو کڵۆ زیاتری پیوه بخۆی داختان ئه‌که‌ین. کڵۆ قه‌نی چی به‌گیان هه‌موو لایه‌ک به زۆریش نه‌ده‌توایه‌وه، باوکم ئێمه‌ی ئه‌برد بۆ قه‌ڵا و له‌وێ ده‌بوا له هه‌ر فه‌رده قه‌نێک کڵۆیه‌ک یان دوانمان بخواردایه و تاقیمان بکردایه‌ته‌وه، بۆیه باوکم ئه‌و که‌له قه‌ند و شه‌کرانه‌ی له عیراقه‌وه ده‌هات و ده‌یگوت ئه‌مه قه‌ندی ماڵه فه‌قیره، له بیره‌وه‌رییه‌که دور نه‌که‌ومه‌وه، پاره‌ی زۆر، نازانم چه‌نێ بوو، به‌لام ئه‌ونه ده‌زانم هه‌رچۆن بوو ژماردیان، زۆشتر ئه‌وه‌بوو مامه‌ره‌حیمم خوا حه‌فووی کا هات بۆ ماڵمان و ئه‌ویش تۆشه‌به‌ره‌یه‌کی پاره‌ی پێ بوو، ده‌یگوت نازانم بیژمیرم، هات بۆ ماڵ ئێمه.، هه‌یوانه‌که‌ی ئێمه سێ له شه‌ش درێژ بوو، ریزی کرد به ناو ماڵا و هه‌موو ئێمه‌ی ده‌رپه‌راند و دانه‌دانه ئه‌یژمارد. ئێمه له سووچی ده‌رگاکه‌وه ئه‌مانروانی و نه‌خشین خوشکم کڵۆیه‌ک شه‌کری گه‌وره‌ی له ده‌ما بوو پێ ئه‌که‌نی. مامۆژنه زه‌ینه‌شم هاتبوو ئه‌و رۆژه و باسی مۆدێلی تازه باوی چاره‌که‌ی کۆڵ و ئه‌مانه‌ی ده‌کرد له‌گه‌ڵ دایکم. باوکم وتی رۆڵه که‌وشتان بۆ ئه‌سێنم، له‌و قسانه‌دا بووین دایکم نه‌برێکی هیناو و پێی هه‌موو مانی ئایه‌ره (ئه‌ندازه)*) گرت، بۆ هه‌ر کاممان گرێیه‌کی لێ دابوو، چوو بۆ ناوشار و بۆ هه‌موومان باته‌ی سێ ستاره‌ی هێنابوو بۆمان، ده‌مانگوت باوه بۆ ئادیداست بۆ نه‌هێناوین، جا به ئادیداسی ده‌گوت عه‌لی داس، ده‌یگوت رۆڵه خراپه درک ئه‌چێ به پێتانا. باته‌مان کرده پێمان، خۆی بستێک بوو، بستێکی دیکه‌شی به‌ده‌مه‌وه بوو، هه‌ڵمان ده‌دا له به‌رد به خۆمان نه‌ده‌زانی. به کچ و کوره‌وه له‌وه‌ی بۆ هێنابووین. هاوین هات به گڕی جگه‌ره کون کونمان ده‌کرد و وه‌ک پانکه هه‌وای ده‌کێشا. ئه‌وساڵه هه‌ر باسی ئه‌وه بوو تراکتۆرێک بكرین. وه‌لا به هه‌موو تایه‌فه‌که‌مان تراکتۆرێکیان کری، باوه‌ر بکه‌ن یه‌که‌م تۆپێ سه‌دام دای له مه‌ریوان و ئێران دای له تراکتۆره‌که‌ی ئێمه. مامه‌م به باوکمی ده‌یگوت ته‌ڵاقم که‌وتبێ حه‌مه تۆش برۆیته مه‌ریوان بوومه له‌رزه ئه‌دا له مه‌ریوان و یه‌کتان ده‌رناچێ. له‌سه‌ر خه‌رمانا بووین، دایکم له بنه دانیشتبوو و چایی تێ ئه‌کرد، خاکه‌ناز (پێمه‌ره) که‌ی له‌به‌رده‌ما بوو. به ده‌ور چایی بۆ تێ ده‌کردین، چاییه‌که‌ی ده‌خسته سه‌ر پێمه‌ره‌که و دوو کڵۆ قه‌نه‌که‌شی له‌سه‌ر داده‌نا و پاڵی پێوه ده‌نا و ئێمه‌ش ئه‌مان خواره‌وه. من و نه‌خشین خوشکم هه‌ر به په‌رداخه حه‌یاته‌که ده‌مانخوارده‌وه، به په‌رداخ نه‌بوایه تێر نه‌ده‌بووین، ده‌بوا یه‌ک سه‌عات فوومان لی کردایه. مامه ره‌حیمم ده‌هات هه‌ر به گه‌رمی ده‌یخوارده‌وه، جارێک وه‌ک ئه‌وم کرد تا خواره‌وه سووتانی، په‌رداخێ ئاو و یه‌خیشم کرد به شوێنیا هه‌ر چاره‌ی نه‌کرد. بیره‌وه‌رییه‌کان هه‌میشه به خۆشی ده‌مێننه‌وه، هه‌رچه‌نده ئازار و ره‌نجی له‌گه‌ڵا بێت.
شه‌وتان گوڵ
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر