۱۳۹۴ خرداد ۹, شنبه

کونەورچان

کونەورچان
رۆژگارێ لێرە، لەناو ئەم ڕەوە بەرد و داربڵاڵووک و ئێسکی وشک‌هەڵاتووی "رێواس"دا ، لەگەڵ باوکم (یادی بەخێر)، هەڵدەگەڕاین بە پەراسووی ئەم گابەردانەدا و بە کوڵەداسی نەهامەتی کەما و لۆمان دەدووری ! ئێرە "کونەورچان"ە، پشتی شکاوی "میراجی" و کە سەری ناوە بە "پووشەسپی‌"یەوە. لەگەڵ خوشکەکانم بە ریز قەتارەمان دەبەست و باوکم لە دواوە، دەستی ئەنا بە پشتی تەمنیەوە و وردە وردە سەردەکەوت. وچان بە وچان، لە "ئەسحاب"ەوە سەردەکەوتین، تا دەگەشتینە "کونەورچان". لە پشت "پلووسکی کانیەکەی ئەسحاب"ەوە، دوو ماری عاشقەوماشقە زیت دەبوونەوە و سەر رێگایان پێ‌دەگرتین. نەهات بوو گەر هێلانە و هەڵاڵەی "عەشق"ی رەشماران تێک بچێ. رێگای سەرکەل و دۆڵ هەڵاڵەی کردبوو. گەیشتین. بەرزترین سێبەر کەپرێکی کردوە بە ڕووی "زرێبار". سۆزی گۆرانی نەخشینی خوشکم و سروەی دەم کەل، چ شەیداییەکی بێ بڕانەوە بوو. تەنانەت کیسەڵەکانیش لەژێر گابەردەکاندا خۆیان دەخزاندە دەرەوە. پشوویەک، چایی‌یەکی خەست و دانیشتن لەسەر کڵۆکی بەردەکان. دواجار پەڕۆیەکی "چیت"ی ناسک بۆ بەستنی برینی شەقار شەقاری ناولەپی دەستی باوکم. ئێوارەش لەگەڵ حەسرەتێکی داربەڕووەکاندا، هەرکام ئێسکی "لقێ دار"ی کۆڵەوارمان دەنا بەسەر شانمانەوە و بەروخوار دەبووینەوە بۆ ئێوارە نزاری ئەسحابان و راست لە "قەڵاگوان"ەوە بە بەردەم ماڵ "حەمە گوڵە"دا دەگەشتینەوە ئاوایی... لەوێ ئیتر هەموو شتێ تەواو ئەبێت بە خەونێکی درێژی ئەو رۆژگارانە.

هیچ نظری موجود نیست: