عه‌شق ... که بۆن و به‌رامه‌ی
هه‌ڵمان ئه‌گرێ
بابه‌ت: په‌خشان
ئه‌فراسیاب گرامی
هێندێ جار عه‌شق ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه به‌ر به هه‌ره‌سی
ژانی مرۆڤ ده‌گرێ، ئێمه ده‌بێ وا بیر له عه‌شق بکه‌ینه‌وه که پێمان وابێ هه‌موو
ژیانی ئێمه و سات به سات و ده‌م به ده‌م ژیوار و ژین به بێ بوونی خۆشه‌ویستی
ناتوانێ به‌رده‌وام بێت. ژیان هه‌ورازێکی سه‌خت و ئه‌سته‌مه، باڵاخانه‌یه‌کی
بڵینده، که به بێ سه‌بر ئه‌وین و به بێ په‌یژه‌ی خۆشه‌ویسی ناتوانی له نهۆمی
به‌رز، یان به‌سه‌ر زناره‌وه هه‌وای ئاسووده‌ی هه‌ڵمژی. هیچ کات و هیچ ده‌مێ نابێ
عه‌شق ببێت به ژێر هه‌ره‌سی دڵره‌قی. ئه‌وه نفره‌ته دڵره‌قی له لووتکه‌دا هێشتۆته‌وه.
خۆشه‌ویستی و ژیان دوانه‌ی دانه‌بڕاون له یه‌کتر و خه‌وبینین به ژیانی ئاسووده
و خۆشبژێوی، خه‌وبینین به جوانییه‌کانی خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤینه.
ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤ حه‌ز و خۆشه‌ویستی به‌ره‌و سیله‌ی
نیگایه‌ک، گۆشه‌یه‌ک له ژیان ده‌سوڕێ، ئیتر بێ ئه‌ختیار به که‌ویرێکی وشک و
برینا گه‌ر سه‌فه‌ر بکه‌ی، ده‌شتێکی که‌سک و کوێستانێکی خه‌یاڵاویت دێته ڕێ. هێنده
گه‌وره‌یه، که ژیان ئه‌و چه‌مکه ئاسانه و خۆش له سه‌رزاره له‌به‌رده‌میا چۆک
داده‌دات. عه‌شق ساده‌تره له‌و ژیانه‌ی مرۆڤی تێدایه، چون عه‌شق له ژیان هێمن
تر و دڵناسکتره. عه‌شق په‌لاماری مرۆڤ
نادات. وه‌ک دووپشک نادات به مرۆڤه‌وه. ئه‌وین و خۆشه‌ویستی کانیله‌یه‌کی سه‌ره‌ڕێی
رێبوارێکی ماندووه و پشوویه‌که بۆ دڵ. خۆشه‌ویستی یانی دڵدانه‌وه و ئاشتکردنه‌وه.
ئاشتکردنه‌وه‌ی حه‌رامکراوه‌کان و بڕینی سنووره داخراوه‌کان. ئه‌و ده‌مه‌ی چڵ ئه‌دا
له چاوی به‌خت، ئه‌و ده‌مه‌ی هیوای مرۆڤ ئه‌بێت به ژێر ره‌وه‌ندی لافاوێکی ههراسانهوه،
ئه‌و ده‌مه‌ی گرداوێک حه‌ز و ئاواته‌کانی مرۆڤ هه‌ڵده‌لووشێ، ئه‌و ده‌مه‌یه ئیتر
خۆشه‌ویستی ده‌ریای مه‌نگ و ئارامه بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی "با" و که‌شتیوانه
سه‌رکه‌شه‌کان. باههڵگرێکه و ده‌ستێکی
به قژی ئاڵۆزی ده‌ریاوه‌یه و ده‌ستێکی به خولیا و ئاواته‌کانی مرۆڤه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
نه‌که‌وێته ناو ته‌متومان و ساڵه‌های ساڵی ته‌م. بۆ دڵدانه‌وه‌ی گوڵه‌کانی نێرگسه‌جاڕ
و زریانی مل به کوێن. ئیتر ئه‌وه خۆشه‌ویستییه ته‌ق ... ته‌ق ده‌رگای دڵی
نامورادان ئه‌کاته‌وه، هه‌رچی رۆژی ره‌شی سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ی قوتابخانه‌یه
پاک ئه‌کاته‌وه، هه‌رچی ته‌رمی جه‌نگاوه‌ره ئه‌کاته‌وه به شلێره. عه‌شق
گوڵێکه له دڵی به‌رده‌وه ئه‌ڕوێ.
کاتێ ژیان ئه‌بێت به ژێر هه‌راو و هوریای شار و گهورهشارهکانهوه.
ئه‌و کاته‌ی ژیان ته‌مێکی دووکه‌ڵاوی سه‌رشاره، ئه‌وکاته‌ی فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب
و هه‌موو زانسته‌کان ده‌ست له مرۆڤ به‌ر ئه‌ده‌ن، ئه‌وکاته‌ی غوربه‌تی مرۆڤه‌کان
له نیشتمانی زه‌وینشینان به‌ده‌ست خه‌یاڵ ئاینده‌وه گیر ده‌خوات و هه‌وڵی
رزگاربوونی خۆی ئه‌دات. ئه‌و ده‌مه‌ی ژیان ئه‌بێته درامای هێری پاتێر و به‌رده
جادوویییهکهی تا یادگارانی مه‌رگ، ئه‌بنه سهفینهیهکی نوورانی و له دڵی
نیوه‌شه‌وی تاریک‌دا سه‌فه‌رێکی قووڵ ده‌که‌ی بۆ ناخی کاکێشان و زه‌وی جێ ده‌هێڵی
تا دوور ئه‌که‌ویته‌وه، به‌سه‌ر هه‌واوه رێ ئه‌که‌ی. نه‌کا ڕۆژێ له دوایین دیالۆگی
فیلێکی هالیود بێ عه‌شق به‌ر بیته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌یه ئیتر له کافه‌یه‌کدا داده‌نیشی
و چاو له سه‌فه‌ری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان ئه‌که‌یت و ئه‌که‌وتینه به‌حری فکره‌وه.