عه‌شق ... که بۆن و به‌رامه‌ی
هه‌ڵمان ئه‌گرێ
بابه‌ت: په‌خشان
ئه‌فراسیاب گرامی
هێندێ جار عه‌شق ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه به‌ر به هه‌ره‌سی
ژانی مرۆڤ ده‌گرێ، ئێمه ده‌بێ وا بیر له عه‌شق بکه‌ینه‌وه که پێمان وابێ هه‌موو
ژیانی ئێمه و سات به سات و ده‌م به ده‌م ژیوار و ژین به بێ بوونی خۆشه‌ویستی
ناتوانێ به‌رده‌وام بێت. ژیان هه‌ورازێکی سه‌خت و ئه‌سته‌مه، باڵاخانه‌یه‌کی
بڵینده، که به بێ سه‌بر ئه‌وین و به بێ په‌یژه‌ی خۆشه‌ویسی ناتوانی له نهۆمی
به‌رز، یان به‌سه‌ر زناره‌وه هه‌وای ئاسووده‌ی هه‌ڵمژی. هیچ کات و هیچ ده‌مێ نابێ
عه‌شق ببێت به ژێر هه‌ره‌سی دڵره‌قی. ئه‌وه نفره‌ته دڵره‌قی له لووتکه‌دا هێشتۆته‌وه.
خۆشه‌ویستی و ژیان دوانه‌ی دانه‌بڕاون له یه‌کتر و خه‌وبینین به ژیانی ئاسووده
و خۆشبژێوی، خه‌وبینین به جوانییه‌کانی خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤینه.
ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤ حه‌ز و خۆشه‌ویستی به‌ره‌و سیله‌ی
نیگایه‌ک، گۆشه‌یه‌ک له ژیان ده‌سوڕێ، ئیتر بێ ئه‌ختیار به که‌ویرێکی وشک و
برینا گه‌ر سه‌فه‌ر بکه‌ی، ده‌شتێکی که‌سک و کوێستانێکی خه‌یاڵاویت دێته ڕێ. هێنده
گه‌وره‌یه، که ژیان ئه‌و چه‌مکه ئاسانه و خۆش له سه‌رزاره له‌به‌رده‌میا چۆک
داده‌دات. عه‌شق ساده‌تره له‌و ژیانه‌ی مرۆڤی تێدایه، چون عه‌شق له ژیان هێمن
تر و دڵناسکتره. عه‌شق په‌لاماری مرۆڤ
نادات. وه‌ک دووپشک نادات به مرۆڤه‌وه. ئه‌وین و خۆشه‌ویستی کانیله‌یه‌کی سه‌ره‌ڕێی
رێبوارێکی ماندووه و پشوویه‌که بۆ دڵ. خۆشه‌ویستی یانی دڵدانه‌وه و ئاشتکردنه‌وه.
ئاشتکردنه‌وه‌ی حه‌رامکراوه‌کان و بڕینی سنووره داخراوه‌کان. ئه‌و ده‌مه‌ی چڵ ئه‌دا
له چاوی به‌خت، ئه‌و ده‌مه‌ی هیوای مرۆڤ ئه‌بێت به ژێر ره‌وه‌ندی لافاوێکی ههراسانهوه،
ئه‌و ده‌مه‌ی گرداوێک حه‌ز و ئاواته‌کانی مرۆڤ هه‌ڵده‌لووشێ، ئه‌و ده‌مه‌یه ئیتر
خۆشه‌ویستی ده‌ریای مه‌نگ و ئارامه بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی "با" و که‌شتیوانه
سه‌رکه‌شه‌کان. باههڵگرێکه و ده‌ستێکی
به قژی ئاڵۆزی ده‌ریاوه‌یه و ده‌ستێکی به خولیا و ئاواته‌کانی مرۆڤه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
نه‌که‌وێته ناو ته‌متومان و ساڵه‌های ساڵی ته‌م. بۆ دڵدانه‌وه‌ی گوڵه‌کانی نێرگسه‌جاڕ
و زریانی مل به کوێن. ئیتر ئه‌وه خۆشه‌ویستییه ته‌ق ... ته‌ق ده‌رگای دڵی
نامورادان ئه‌کاته‌وه، هه‌رچی رۆژی ره‌شی سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ی قوتابخانه‌یه
پاک ئه‌کاته‌وه، هه‌رچی ته‌رمی جه‌نگاوه‌ره ئه‌کاته‌وه به شلێره. عه‌شق
گوڵێکه له دڵی به‌رده‌وه ئه‌ڕوێ.
کاتێ ژیان ئه‌بێت به ژێر هه‌راو و هوریای شار و گهورهشارهکانهوه.
ئه‌و کاته‌ی ژیان ته‌مێکی دووکه‌ڵاوی سه‌رشاره، ئه‌وکاته‌ی فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب
و هه‌موو زانسته‌کان ده‌ست له مرۆڤ به‌ر ئه‌ده‌ن، ئه‌وکاته‌ی غوربه‌تی مرۆڤه‌کان
له نیشتمانی زه‌وینشینان به‌ده‌ست خه‌یاڵ ئاینده‌وه گیر ده‌خوات و هه‌وڵی
رزگاربوونی خۆی ئه‌دات. ئه‌و ده‌مه‌ی ژیان ئه‌بێته درامای هێری پاتێر و به‌رده
جادوویییهکهی تا یادگارانی مه‌رگ، ئه‌بنه سهفینهیهکی نوورانی و له دڵی
نیوه‌شه‌وی تاریک‌دا سه‌فه‌رێکی قووڵ ده‌که‌ی بۆ ناخی کاکێشان و زه‌وی جێ ده‌هێڵی
تا دوور ئه‌که‌ویته‌وه، به‌سه‌ر هه‌واوه رێ ئه‌که‌ی. نه‌کا ڕۆژێ له دوایین دیالۆگی
فیلێکی هالیود بێ عه‌شق به‌ر بیته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌یه ئیتر له کافه‌یه‌کدا داده‌نیشی
و چاو له سه‌فه‌ری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان ئه‌که‌یت و ئه‌که‌وتینه به‌حری فکره‌وه.
ئه‌و کاته‌ی ژیان وه‌ک مه‌لێکی وێڵ، ئه‌بێته شه‌پۆلێ
فڕێکانسی باهه‌ڵگرتووی تۆڕێکی ئهنترنێتی و شه‌و و رۆژ ته‌نیا هاوڕێت لاپتۆبێکی
بچووکه له کۆشدا داناوه یان مۆبایلێکی ئایفۆنه. ئیتر هیچ شتێ جیا له کورته
په‌یامێک ئه‌وه‌نده دڵێ مرۆڤ ناگهشێنێتهوه. هیچ په‌یامێک به‌راده‌ی نهێنی ئه‌ودیوی
ئه‌و کورتهپهیامه ناتوانێ که‌روێشکه بخاته دڵه‌وه. نا ... نا ... ئه‌گه‌ر هه‌ست
به‌و شه‌پۆله خۆشه‌ویسییه نه‌که‌ی، په‌نجه‌ت به‌سه‌ر کیبۆرده‌که‌وه وشک ئه‌بێ،
به ماوسه‌که‌ی ده‌ستت ئه‌بیته بۆبمێک له دڵی ئادمینهکهتا ئه‌ته‌قیته‌وه و ڤایرۆسێ
وه‌ک پاشماوه‌کانی رق، جێ ئه‌هێڵی.
هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆما کهڵکهڵهمه، هه‌راسان به ژووره‌که‌ما
دێم و ئه‌ڕۆم، نازانم له خه‌می خراپ خواردنی رۆژانمه، په‌تاته و پیتزایه‌کی
ئیتاڵی یان بێتاقه‌تییه‌کانی رۆژانه. له‌سه‌ر کورسییه‌ک به‌رامبه‌ر سه‌نترۆمی
شار، کاپۆچینییهکی تاڵ... تاڵتر له ئاخاوتنی سه‌رۆک کۆمارێکی دیکتاتۆر. جیهانت
ئه‌بێته سه‌د چاوی سه‌رگه‌ردان و ژیانی ئه‌خوێنێته‌وه. ئه‌مه ته‌نیا بۆ من نیه،
بۆ هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی وه‌ک من وان و له ماڵێکی ته‌نگ و تاریکی ئه‌ندیشه‌یه‌کی
بچووکدا ئه‌ژین و تای په‌نجه‌ره‌یه‌ک له جیهانێکی بێ بڕانه‌وه‌یان به‌ڕوودا کراوه‌ته‌وه.
ساتێک بێده‌نگ ده‌بی، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست بێده‌نگیه‌وه هاوارێکت له گه‌روودا بوو،
پڕ به‌و هاواره بسره‌وه. هێمن به، ئارام بگره، چونکه هاوارێ به عه‌شق و ئه‌وین
پڕ نه‌بێ، ئازارێکه مێشک ئه‌کرۆژێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوارێکی بێڕه‌حم و خوێن
خۆره، هاوارێکه ته‌نانه‌ت په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌ت ئه‌ڕه‌نجێ. ئاوێنه‌ی ژوورکهشت
تووشی ئێسترس ئه‌بن، نه‌که‌ی .... ئه‌و هاواره به بێ عه‌شق ئازاد نه‌که‌ی، هه‌ندێ
جار ئازادکردن ژانێکه. ته‌نانه‌ت زیندانێکه به‌ڕووی خه‌ونی شانه و فڵچه‌که‌ی
ددانت و جانتا سهفهرییهکهی شانت و کورسیه نزمه‌که‌ی ئێواران.
به‌ر له‌وه‌ی رۆژ له ئاسۆ به‌ربێته‌وه، خۆت له له‌شی
گیاندارێکی دڕنده‌دا ئه‌بینیته‌وه بێ ئامان، به‌سه‌ر جاده‌یه‌کی دووری شار. چاو
ئه‌بڵه‌ق و غه‌دار! ترسناکتر له فیلمه‌کانی کوختی وه‌حشه‌تی سێ! تینووتر له
دایناسۆره‌کان به خوێنی مرۆڤ. مه‌رگ به‌شێکه له جه‌سته‌ت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر عه‌شق
نه‌بێ ... ئه‌م گیانداره ده‌ست کوڵ و پێ وه‌ک عه‌نته‌ر و هه‌شت په‌نجه‌و چوار
چاوه. هه‌رچی بنه دڕک و داڵی خه‌ڵوه‌تگه‌ی مرۆڤه ههڵدهگهڕێنهتهوه و به
دوای خوێنی مردوودا ئه‌گه‌ڕێ. هێدی هێدی له کۆڵانی پشته‌وه‌ی کافکاوه، پێت ئه‌ڵێ
جه‌نگ و عه‌شق دوو دنیای جیاوازن. که جه‌نگ ده‌ست پێ ئه‌کا عه‌شق سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ
و ته‌نانه‌ت فریشته‌کانیش نایدۆزنه‌وه. هه‌ندێک ئه‌ڵێن شێت بوه، هه‌ندێکیش ئه‌ڵێن
رووی کردوه‌ته "شاری کوێران". ئیتر ناچاری ئارام بگری و خه‌و ئه‌تباته‌وه.
ته‌نیا له داوێنی جه‌نگه‌وه ته‌نیایی له‌دایک ده‌بێ. ته‌نیایی قووڵ، تا له ته‌نیایی
تێ نه‌په‌ڕی گه‌یشتن مه‌حاڵه. تێپه‌ڕین له ته‌نیایی یانی گه‌یشتن به وجوودی عه‌شق!
شه‌ڕ ترسناکترین نیگایه بۆ ژیان، عه‌شق
مێهره‌بانترین نیگایه بۆ مانه‌وه!
بێ سه‌برانه له زستانی ئێواره‌یه‌کی ناوه‌ختا سه‌رما ده‌ڕوێ، باڵا ده‌کا،
سه‌رشێتانه شه‌قام، ئه‌که‌وێته داوی پاییزه‌وه، ناهومێدانه کۆڵان، له به‌هار ئه‌په‌ڕێته‌وه، به‌سه‌ر سینه‌ی پردێکی دڵناسک، له پێناو سه‌مای
گوڵێک، له ژێر پێستی خه‌نده‌یه‌ک، شکۆفه‌ی هیوایه‌ک نووستوه. گه‌ر عه‌شق نه‌بێته
په‌ناگه‌یه‌ک بۆ جێ ته‌نگی گوڵه‌کان، گه‌ر عه‌شق نه‌بێته کوانووی گریان و پێکه‌نین...
رووبار به‌سه‌ر شانۆی "هاملێت"دا به‌ر ئه‌بێته‌وه."هه‌بوون یان نه‌بوون
مه‌سه‌له ئه‌مه‌یه"، هه‌بوون یان نه‌بوون ژیانێکه به بێ ئه‌وین رێگا هه‌ڵه
ئه‌کا...!
پاش وه‌رزێکی تر. گه‌ر عه‌شق نه‌بێ سه‌فه‌ر جیا له
دڵته‌نگی هیچ تری بۆ گوتن نیه. عاشقتر له لۆرکا، ئه‌بمه شازاده بچکۆله و نا
نا ئه‌بمه خۆزه ئارکادیۆ سه‌د ساڵ به جیهانی خه‌ونه‌کانی نه‌وه‌یه‌کدا ئه‌گه‌ڕێم.
یان له حه‌ساری شێرزاد حه‌سه‌نا ئه‌بێ باوکی خۆم بکوژم ... زۆر ده‌ترسم به بێ عه‌شق
بژیم. به بێ عه‌شقی هه‌ڵاڵه، نامه‌وێ گره‌وه‌که به‌مه‌وه و دوور له عه‌شق
بژیم. عه‌شق و خۆشه‌ویستی گه‌وره‌یه. گه‌وره‌تر له مرۆڤ و به بێ مرۆڤیش، عه‌شق
سه‌رگه‌ردانه وه‌ک گه‌ڵا بابردووهکانی سه‌ر جاده‌ی شاره‌کان! وه‌ک گه‌ردی ئه‌و گوڵانه‌ی سه‌رگه‌ردان به‌ده‌ست
زریانی لاساره‌وه... هه‌ر شوێنێک جێگایه‌کی ئاسووده‌ت بۆ بکاته‌وه له باوه‌شیدا
خۆت حه‌شار ئه‌ده‌ی ... ئه‌وه یه‌که‌م سه‌رای عه‌شقه!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر