۱۳۹۷ اسفند ۶, دوشنبه

وەڵامێک بۆ هاوڕێیەکی زێدەئازیز


لە گوندێکی سەرلێشێواو لە دایکبووم. ساڵی نەهات. ساڵی سەرلێشێواویی و دەربەدەری. ساڵی بەفرە قورسەکە. ساڵی گرانییەکە. ساڵی ئاوارەییەکە.
گەرمە شەڕی دوای شۆڕش. قین و رقە قیزەوەنەکانی دوای شۆڕش. شەڕ. بارگرانی شەڕ و نەهامەتی. وەیلان و بریندار و کوژران و قڕان و شیوەن. ئەو ساڵەی کە کەس هیچ شتێکی شک نە ئەبرد کۆی بکاتەوە و لەگەڵ نەهامەتییەکانیدا ئاوارە بێ. هەموومان ماڵ بەکۆڵ، تەنانەت نیشتمانەکەشمان ماڵ بەکۆڵ بوو. لە بیرمە دایکم "چێشتی برینج"ی کە لێ دەنا، ئاو بەچاویدا ئەهاتە خوارەوە و ئەیگوت: "ئۆخەی، ئیتر مناڵەکان تا ماوەیەکی‌تر داوای ناکەن". شەرای ئەم هەموو نەهامەتییە، روومەتی منی نازانم چەند ساڵانی دەگەوزاند لە خۆڵێک کە هێشتا گەردەکەی ناوچاوانی
من و هەزارەها وەک من ئەگرێتەوە.
لە "نێ" پەروەردە بووم. "نێ" ماڵی کوردایەتی، میوانداری و کوانووی شۆڕش.  یەکەمجار لە "میراجی" دڵم بۆ کچان لێی دا. لە "بەردەبووک" یەکەم بەزمی گۆرانیم لەگەڵ عەلی برام چڕی. لە "بەیتەب" فێری کوردی بووم. لە "دۆلاش" بە یادی "مامۆستا قانێع" یەکەم پەیکی شەرابم خواردەوە کە ئەو دەم وڵاخداریم ئەکرد. لە "پیرانەکۆن"، ئەو گوندەی باوانی باوکم بوو، گوێم بۆ نۆستالۆژیی و حەسرەتە لە دەستچووەکانی باوکم ئەگرت و بۆ یەکمجاریش "لە شەخسە گەورە" سمۆرەیەکم گرت و بەرم دا. تازە ئەوکات زانیم کە چیای "سورێن" دوا بڕبڕەی پشتی زاگرۆسە و ئەودیوی چاو لە ئاسۆی "شارەزوور" ئەکات.
کە کەمێ فامم کردەوە، لە خزمەت "مامۆستایەکم ع.ک" دەرسی کوردایەتی و ئیمانداری فێربووم. "شەرحی سەحیحی بوخاری" و "تەفسیری نامی"م لە "دەرسی مەکتەب"م پێ گرینگتر بوو، هەر ئەو مامۆستایەشم ڕێگای کوردایەتی پێشەوای پێ نیشان دام.
نەداری و خەمی ئەوەی گەنجێک قرووشێک لە باخەڵیا نەبێ، مەدرەسە بووە هەزارلۆنەی ترس و دڵەراوکێ و لە "تاران" گیرسامەوە. فێربووم تەنیا بژیم، خەم بخۆم. بترسم و دڵەڕاوکێی ژیانم هەبێت. هەر لەوێش، پێکەوە لەگەڵ هاوڕێم "شەهید شەریف"دا، بڕیارماندا ببنە وەستای "گەچکار". ئەو دەمە ئیتر ماڵئاوایی یەکجاریم لەگەڵ "ئاسمان"دا کرد و بە دوای خەونەکانی زەویدا ئەگەڕام. 
من هاتم و ئەو نەهات. ئەو بڕیاری دا ببێتە پارێزەری "داربەڕووەکان"، من بڕیارمدا ببم بە "پێشمەرگە" و بە دوای خەونی نیشتمانەوە. ئەو دەمە، داربەڕووەکان بێکەس، و  "نیشتمان کەڵێ بوو بریندار [شێعر:فەرەیدوون ئەرشەدی]".
 لە "کۆیە" گیرسامەوە. لەبەردەم ماڵی گەورەی "حاجی و مەلای گەورە"، سێبەری دار زەیتوونەکانی "مامەسێوە، تاهێرتۆفێق و مەسعود موحەممەد" بووم بە پێشمەرگەی "دێموکرات. یەکەم جار کە دابەزیم، سەر کۆڵانەکە نووسرابوو "کۆڵانی برژاو [نازناوی شاعیرێکی کۆیە]". تا لە باشوور بووم، سێ دەرس فێربووم: یەکەم، "نیشتمانی دابەشکراو، هەست، خەون و ئامانجیش دابەش کراون، وەک ئەوەی لای ئەوان قەت نەبوومە کورد لەوێ، "هەر ئیرانی بووم و ئیرانی". دووهەم، کاری ئێمە دوای ڕزگاری ئەستەمترە لەوەی ڕووبەڕووی داگیرکەر ببیتەوە. بونیادنانی وڵاتێکی دێموکرات، ئەستەمە، وەک مەحاڵ وایە، وەک ئەوە وایە لەسەر "بەرد" گوڵ بڕوێ. سێهەم، "دێموکراسی ڕووەکێکی نائاشنای کوردستانە[مەسعوود موحەممەد]". هەر مۆتەکە و ترس لە دایک ئەبنەوە و خەونی نەوەکانی ئێمە ئەدزن.
لە قەڵا گەورەکەی دێموکرات ئینشعاب و کۆستی گەورەی حیزبم بینی، دواجار  بە دەم تووڕەبوونەوە گەورەتر بووم. بێتاقەتی و بێهیوایی پاڵیان پێوە نام و دواجار کەپرێکی دڵناسکی غەریبی باوەشی خۆشەویستی بۆ کردمەوە. هەتا ملی نەهاتی غەریبم لەبەر گرت و گەیشتمە "دراممەن". ئەو شارەی کە "دوای مەریوان، دڵم پێی خۆشە و ئەحەسێمەوە. بەڵام کوێراییم دایێ غەریبین، هەموومان غەریب.
هاوڕێکەم دەپرسێ پاش ئەو هەموو ساڵە چۆن گەڕایتەوە ناو حیزب. تۆش وەک ئێمە مەگەر هەر لە فەیسبووک شتێ بنووسی، هەر ئەوەیە؟! خۆ بۆمبی ئەتۆم درووست ناکەی؟!
منیش ئەڵێم هاوڕێ:
هیچکات دانەبڕاوم، لە "لاوان" یان لە زۆر شوێنی دیکەدا هەمیشە هەبووم، بەڵام من لە مێژە وتوومە "نە لە دوورەوە ئاگرمان پێ ڕۆشن ئەبێ، نە لە دووریشەوە پێمان ئەکووژێتەوە". ئەمەوێ بە هاونەسڵەکانی خۆم بڵێم، کوردبوون و بێ وڵاتی خەمێکی گەورەیە. وەرن پێکەوە ئەو خەمە بسڕینەوە و ئەو ژانە لە مێژووماندا بۆ هەمیشە ساڕێژ بکەین. تف لە داگیرکەر و ڕوو لە نیشتمان بکەین. هەر ئەوە. هەوڵیشی بۆ ئەدەم و بە تەمای کاری گەورەشم. بەڵام پێکەوە، ئەگینا بەتەنیا هەمووی بڵقی سەرئاوە.
x
x

هیچ نظری موجود نیست: