۱۳۹۷ خرداد ۲۳, چهارشنبه

برسیەتی یان تێری .. کامیان؟!


لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆماندا، مژارێکی تایبەت هەبوو کە لە ئەدەبیات و کۆمەڵگای نەرویژیدا زۆر گرینگی پێ دەدرێت. "برسیەتی یان تێری". "برسیەتی" ناوی ڕۆمانێکی نووسەری ناوداری نۆروێژی بە ناوی "کنووت هامسون" کە لە ساڵی ١٩٢٠دا بڵاوی کردۆتەوە و خەڵاتی نۆبێلی وەرگرتووە. نووسەر بەسەرهاتی گەنجێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە شاری کریستیانیا )ئۆسلۆی ئەمڕۆیی(، برسیەتی وای لێ دەکات دەست بۆ قەڵەم ببات و لە ڕۆژنامەیەکی ئەوکاتدا بابەت بنووسێ و لە پێناو نووسینەکەیدا بڕێک پارەی کەم وەربگرێت.


ڕۆمانەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیری خەڵکی نەرویژ داناوە و بەیەکێک لە بەرهەمە ناودارەکانی سەدەی بیستەم ناودێر دەکرێت. زۆر کەسیش پێیان وایە کە نووسەر بەشێک لە ژیانی خۆی گێڕاوەتەوە، لەبەر ئەوەی نووسەر یەکێک لەوانە بووە کە بێزار بووە لە ژیانی شاری تازە پێگەیشتووی ڕۆژئاوایی و
بە قەولی سوارە ئیلخانی زادە: "
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و ھاڕەھاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە"
برسیەتی رەنگە تەنیا یەک وشە بێت، بەڵام دەتوانێ کۆمەڵگایەک سەروبن بکات و بیڕووخێنێت. ساڵ هات و ڕۆشت، وشەی برسیەتی لە ئەدەبیاتی نەرویژیدا، واتایەکی بەرینتری بەخۆیەوە گرتووە. "برسیەتی بۆ شتێک یان ئامانجێک"، واتە هەوڵ و تەقەلا و ماندوو بوون لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێک، ئامانجێک کە دەتوانێ گۆڕانێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا بکات یان ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە کۆمەڵگادا. نموونەی ئەو کەسانە زۆرن کە برسی بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان وەک ماندلا، گاندی، قاسملوو و زۆر کەسایەتی گەورەی دیکە. فەلسەفەی برسیەتی تەنیا جەستەیی نیە، بەڵکوو ئەوەیە مرۆڤی برسی بێگومان هەوڵی زۆرتر دەدات، کەواتە برسی بوون بۆ ئامانجێک، واتە ماندووبوونی زیاتر لە پێناو ئامانجێکی گەورەدا. بەڵام رووی بەرامبەری "برسیەتی"، "تێری‌"یە. تێری یان تێربوون لەوانەیە جەستەیی بێت و لەوانەشە ماناکەی بەرینتر بێت. لە کوردەواریدا پەندێکی کوردیمان هەیە کە پێناسەیەکی جوانمان پێ دەدات. "هەیە لە برسا هێزی لێ‌دەبڕێ، لەگەڵ تێری خوارد، سفرە دەدڕێ". "تێری" ڕاست سفرە دڕاندن، چەپڵاوکردن، پێشێل‌کردن، زیادەڕۆیی، خراپ‌بەکارهێنان، هەڵەخەرجی، زلخۆری و زۆر شتی تر بگرێتەوە.
ئایا ئێمە برسین یان تێر. ئەوە پرسیارێکە کە دەبێ لە خۆمانی بکەین و وەڵامێکی بدەینەوە و بتوانین دەروونمان هێور بکەینەوە کە چیتر زلخۆری لە ژیاندا نەبێتە هۆی ئەوەی کەس‌وکار و هاوڕێکانمان و نەتەوەکەشمان فەرامۆش بکەین.
لە بەشێکی دیکەی تاقی‌کردنەوەکەماندا، ئاوڕدانەوە لە کتێبێکی دیکە لە نووسینی د.پێر فویگلی بە ناو "Nokpunktet واتە خاڵی قەناعەت هێنان یان خاڵی دڵخۆش بوون بە شتێک. وەرگێڕانەی دەقاودەقی ناوی کتێبەکە لە کوردیدا زەحمەتە، بەڵام مەبەستی نووسەر ئەوەیە، ئەوەی هەمانە لە ژیاندا دڵی پێ خۆش بکەین و ئەوەی هەمانە بەسە بۆ ئەوەی دڵمان خۆش بکات. زۆرکەس لە ژیاندا هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرن، باوەشیان بە دنیادا کردوە و بەری نادەن و تەنانەت لاشەی خۆشیان لەبیر کردووە کە ئەگەر قاچ یان دەستی زمانی هەبوایە ئەهاتە دەنگ و دەیگوت" بەسە"، دڵت خۆش بێ ئەوەی هەتە و لە پێناو ماڵی دنیادا ئازاری کەس مەدە. ئاماژەدا بەو کتێبە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەردەمانێک برسی بوون و ئێستا تێری چۆن دەتوانێ مرۆڤ لە جەغزی ئەو ململانێی تێر نەبوونەدا، قەناعەت و دڵخۆشی خۆی بکاتە پێوەر و بپەرژێتە سەر ژیانێکی سەربەرزانە. "سابری شاعیر دەڵێ: "
کڵاوی سەر دڕاوی خۆم بە تەختی پادشا نادەم
کەلاوەی دوکەڵاوی خۆم بە قەسرو گەنجی شا نادەم"
یان مامۆستا قانعی شاعیر لە شێعرێکدا دەڵێ:
لە سایەی عیززەتی نەفسم، لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم، بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم، سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەر چی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەھرم بە با نادەم
***
لە تۆزی ئاشەدا غەرقم، لە تەوقی سەر ھەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە ھەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر شان و دەس و ئەستۆم

ڕەنگە میللەتی ئێمە یەکێک لەو نەتەوانە بێت کە برسیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی خۆی، بەڵام بەڕای من یەکێک لەو نەتەوانەیە کە "برسی‌یە" و "ئیدیعای" تێری" دەکات. بەو مانایە کە هیچ کارەسات و تراژدیەک نەماوە لەسەر کورد تاقی نەبێتەوە بەڵام هیشتا دڵی داناچڵەکێ و بەردەوام خۆشی لە ناو ئەو زامانەدا ئەتلێنێتەوە. پڵینگ کاتێ بریندار دەبێت، زامەکانی ئەلێسێتەوە بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات ساڕێژ بن. کەچی کورد، برینەکەی خۆی قووڵ دەکاتەوە. پەندێکی نەرویژی هەیە دەڵێ: "شاخی گەورە، سێبەری گەورە فڕە ئەدات". دەردی گەورە، ژانی گەورەشی بە دواوەیە. بۆ ئەوەی چی‌ دیکە درێژەی پێ نەدەم و هیوادارم ئەم نووسینە سوودێکی هەبووبێت چونکە من لە مێژە بەداخەوە لە بەر کات و سەرقاڵی ناتوانم بنووسم، لەگەڵ ئەوەشدا وام لێ‌هاتووە زۆر بە پارێزەوە بنووسم. کۆتایی نووسینەکە شێعرێکی مەحوی دێنمەوە کە پەیامێکی گەورەی پێ‌یە، لە نێوان "برسیەتی" و "تێری"دا کامیان هەڵدەبژێرین و چۆن هەڵوێستمان هەیە بۆ دنیای خۆمان:

سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکەتاڵم بۆ چییە؟

دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چییە؟

مەحوی

هیچ نظری موجود نیست: