۱۳۹۳ خرداد ۲۷, سه‌شنبه

بە داعشەوە سەرقاڵین و چەند قسەیەک

هەرەس‌هێنانی بەعسیزم لە چوارچێوەی ناسیونالیزمی سوننی‌گەرای عێراقدا و دووبارەبوونەوەی دەسەڵاتی هاوشێوەی بەعس لە عێراق دا، بەرهەمەکەی داعش و داعشییەکانی لێ‌کەوتەوە. لە لایەکی دیکەوە، رۆژئاوا و دەوڵەتەکانی درواسێ سیاسەتی شکست‌خواردووی خۆیان لە پێناو زەق‌کردنەوەی ئیسلامی سیاسی و دەسئاوەڵاکردنیاندابوو، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە و لەم نێوەشدا، سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە زۆربەی دەسەڵاتدارانی جیهانی ئیسلام، هاوپەیمانانی وەفاداری رۆژئاوان. دێموکراسییەکانی رۆژئاوا، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی ئیسلامیان نەتەنیا قبووڵ کردوە، بەڵکوو وەکوو پێویستیش بە پڕچەک‌کردن و یارمەتی ئابوورییش، پشتیوانیان لێ دەکەن تا ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتدارە سەرڕۆیانە لە بیاڤی جوغرافیایی خۆیاندا دیفاع لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن و سەقامگیریان بکەن. لە لایەکی دیکەوە، ئەم دیکتاتۆرانەش بە پشتگەرمی هاوپەیمانانی رۆژئاوایی خۆیان، بە توندترین شێوە، دژبەرانی خۆیان سەرکوت دەکەن. ماقوڵ نیە لیبی لە مانگێکدا قەزافی بڕووخێت و بڕواتەوە بۆ دۆخی سەحرانشینی و سوریەش لەبندەستی رۆژئاوا و پاڵ بە پاڵی ناتۆ، بۆتە گۆمی خوێن

بەم پرۆژە گەورە سیاسییانەی کە تورک و عەرەب و فارس بۆ کوردیان رێکخستوە، دوور نیە گەر داعش سەرەتای وەرزێکی خوێنینی دیکە بۆ کورد نەبێت.
ناوماڵی کورد، چەندە یەکگرتوون، دوو ئەوەندە قەیراناوییە. بەو قەیرانەوە داخوا بڵێی وەکوو سەرۆک عەشرەتەکانی کۆماری کوردستان لە ژێرەوە پێوەندییەکانیان وەڕێ نەخەن و مێژوو لە چەشنی براکوژی و دواجار هەرەسهێنان نزیک نەبێتەوە؟
ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەیە لەبەردەم خوێندەوەکانی ئەمڕٶدا، 
هەموو زانستەکان و ئەزموونەکانی دنیا ئەوە دەسەلمێنن کە مەترسییە گەورەکان لە خاڵە لاوازەکانەوە سەرهەڵ ئەدات.
هیوادارم پێشمەرگە و وزە و هێزی پێشمەرگە ئەمجارە بتوانێ ناوماڵی کورد، خاوەن‌بڕیار و خاوەنی ئیرادەیەکی راستەقینە بکات و چارەنووسی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان بەرەو باشی هەنگاو هەڵبێنێ و چیدی وەکوو شەڕی چاڵدێران شەڕی دوژمنی پێ نەکەن.
وەک کۆمنتارێکیش بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، 
وەک دەبینین هەموو لایەک رۆژانە دادەنیشن و هەواڵەکانی داعش و قەیرانی سیاسیی عێراق لێدەدەینەوە و چاومان لە ئاسۆی گۆڕانکارییەکانە. بەڵام مخابن! چالاکی سیاسی و حزبی سیاسی ئێمە، خەریکە ون دەبێت لەنێو ئەو هاوکێشانەدا، بڵێی بێدەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو کام ئاقار بڕوات؟
بەرەی حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ لەبەرامبەر داعش‌دا هاودەنگن؟! کەچی بۆ؟! لە رۆژهەڵات پەردەوازەن؟
چالاکی سیاسی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە، شەڕی چەکداریی پێشمەرگەی باشوور بە ڕەوا دەزانێ و سەدان وێنە و کامێنتی بڵاو کردۆتەوە، کەچی لەبەرامبەر کۆماری سێدارەدا بێدەنگ و خەباتی مەدەنی و دووور لە چەک بە نارەوا دەزانێ؟!
هێڵی گشتی بۆ یەکگرتوویی حزبەکان و رووناکبیر و سیاسەتوان و چالاکی ئەدەبی و مەدەنی و رۆژنامەوانی ئازاد و حزبییەکان و هەتا دوایی:
ـــــــــــــ دیاریکردنی مافی چارەنووسی سیاسی و ئابووری بۆ کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان (وەک رای خۆم سەربەخۆیی، گونجاوترین گوتاری سیاسی ئەمڕٶیە) ـ بە پێچەوانەوە، نە فیدرالیزم و نە خودموختاری ناتوانێ مافەکانی کورد دابین بکەن: بە سێ هۆکار
ـ یەک، کۆی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە سیستمێکی فیدراڵدا بۆ کوردستان وەدەست نایەت: واتە، کاتێک کە سیاسەتی دەرەکی، سیاسەتی ئابووری و سیاسەتی سەربازی و پاراستنی سنوورەکان لە دەست کورد دا نەبێت، ئیدی هێزی کورد وەک هەرێمی فێدراڵ چی دەبێت؟
دوو: گوتاری سەربەخۆیی، گوتارێکی نێونەتەوەیی و ناوچەییە. گوتارێکە کە لە کێشە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتێک تێپەڕ دەبێت. بۆیە گەر بە گوتاری ناوخۆیی ئێران ئێمە بەردەوام بین، ئەوا پشتیوانیی نێونەتەوەییشمان زۆر بەلاوازیی دەبێت
سێ: ئێمەی کورد ناتوانین نە بەنوێنەرایتی گەلانی دیکەی ئێرانی قسە بکەین، نە یەکلایەنە باس لە فیدرالیزم بکەین. کێشەکە ئێمە دروستمان نەکردوە هەتا سیستم بۆ داهاتووی ئێران و تەنانەت دوارۆژی کوردستان دابین بکەین، کێشە لە لایەن خاوەن دەسەڵاتەوەیە کە تەنانەت گوێشت بۆ ناگرێت. مۆدێلی چارەسەریی کێشەکانی ناو وڵاتێک لە لایەن حاکمییەت و دەسەڵادارانی ئەو وڵاتەوە دەدرێت.
خاڵی تایبەتی ئەم گوتارە ئەوەیە، لە نەهایەتدا هەموو حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داکۆکی لەسەر ئەم مافە دەکەن و ئەوەش لە بەرنامە و ئەساسنامەی هەموویاندا رەنگی داوەتەوە. ئایا ئەمە خاڵێکی گەورە نیە بۆ رێککەوتنی سیاسی.
ــــــــــــــ دووهەم، دێموکراسی و وەدیهێنانی ئازادی و رێز لەیەکترگرتن. ئەمە گرینگ‌ترین خاڵە کە دەبێ هەموو حزبەکان لەبەرچاوی بگرن و وەک تەعهودی سیاسی لەبەرچاوی بگرن و ببێتە بنەمای ئەخلاقی سیاسی./ فەرهەنگی سیاسیی ئێمە زۆر لاوازە، ئەوەندە کە هێشتا نازانین کە حزب چیە، رێکخراو چیە، ئەندام و رۆڵی ئەندامی حزب و تەنانەت رووناکبیر و رۆژنامەوان چیە؟! ئەوەش ئاوەکە لەسەرچاوەوە لێڵە راستە.
ــــــــــ سێهەم، 
گەر بیرتان بێت رێککەوتنی کۆمەڵە و دێموکرات، وەرچەرخانێکی سیاسی بوو بۆ ئەوەی بەرەی کوردستانی پێک‌بێت، یان لانیکەم دڵخۆشکەربوو بۆ ئەوەی دوو حزب لەسەر چەند خاڵی سەرەکیی رێک‌کەوتن. تەنیا شتێک کە منی ئازار دا لەو رێککەوتنە، ئەوە بوو کە هیچ کام ئامادە نەبوون داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن کە بڵێن ئێمە شەڕی براکوژیمان کردوە و دووپات نابێتەوە. بۆچی ئازارە؟! بۆ ئەوەی کە دڵنیام کە ئەم بڕیارە سیاسییە تاسەر نیە و لە بارودۆخی هاوچەشنی خۆیدا بەشێوەیەکی زۆر ترسناک سەرهەڵدنێنێت.
قسەی خێری دواییشم ئەوەیە، کەمێک لە فەیسبووکدا بە تەنکاوێ مەکەونە مەلە. ئەو نوسخە دەرمانەی لێرە دەپێچرێتەوە، " هەر قسەی رووتە و بە قوربان، قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە" چیگوارا ئەڵێ خەبات و شۆڕش بە دوو شت بەندە، یەکەم بە پشتیوانی جەماوەری خەڵک و دووهەم دەبێ زوو بکرێت. ئێمەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەی یەکەممان هەیە، بەڵام ئەوەی دووهەممان سەرابە و چاوەڕوانیی بە دیار پرۆژە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەین. ئەگەر بمانەوێ سەرکەوتوو بین، دەبێ بزانین تا ساڵی داهاتوو چ پلان وبەرنامەیەک بەڕێوە ببەین. بە کورتی بەرهەممان هەبێت.


هیچ نظری موجود نیست: