۱۳۹۲ فروردین ۱۳, سه‌شنبه

نووسین، ئافراندنی دنیاکان


ئەفراسیاب گرامی
رەنگە یەکەمین، چیرۆک و یەکەم گێڕانەوەی مرۆڤ، چیرۆکی "گڵگامێش«Gilgamesh»" بووبێت، ئوستوورەی گلگامێش، یەکێک لە ناسراوترین و کۆنترین بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی جیهانی کەڤنارایە. کۆنترین دەقی ئەم ئوستوورەیە، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان سێ هەزار ساڵ (پ.ز). نێوەرۆکی ئەم ئەفسانە مێژووییە، گەڕان بە دوای نەمری دایە. ئەم ئوستوورە هەڵگری خەون و خەیاڵی مرۆڤ بوە کە بەردەوام بە شوێن نەمری دا بگەڕێت. لە کڵاورۆچنەی ئەم ئوستوورەوە گەر بڕوانینە ئەدەبیات لە سەردەمی ئێستادا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەدەبیات بەردەوام شەڕێکی مرۆڤە بۆ نەمری، هەڵبەت بە بێ خوێنڕشتن و بە بێ کاولکاردن و بە بێ تاڵانکردنی سروشتی ئینسانی‌یە. هەوڵەکانی سەدەی بیستەم، رەنگە مەزنترین بەرهەمە نەمرەکانی خوڵقاندبێت. ژان کوکتوو، لەمەڕ بارس، رەخنەگری ناوداری سەدەی بیستەم دەنووسێت: "خەریکە هێدی هێدی دێڕە نەمرەکان دەنووسێتەوە". لەم دێرەی “ژان کوکتوو” دا وا دەرئەکەوێت کە نووسەرە بە ناوبانگەکان، ئەیانهەوێ پەیامێکی نەمرانە بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگا ببەخشن، ئەوان بەر لەوەی کە بە نەمری بمێننەوە، بە سێحری دێر و وشە پێمان ئەڵێن، بتانەوێ و نەتانەوێ ئێمە بە نەمری ئەمێنینەوە. سەر دەرووی ئەم باسە ئەوەیە، نووسەر ئەیهەوێ جیهانی ئەو دیوی خەون و خەیاڵەکانی ئێمە پێکەوە ببەستێت. ئەوەی نووسەر و خوێنەر جیا ئەکاتەوە، نووسەر خەون بە خەونە دەبینێت، خوێنەر خەون بە نووسەرەوە دەبینێت. واتە نووسەرئەکەوێتە دۆخێکەوە کە خەونە شاردراوەکانی ئێمە ئەنووسێتەوە. هیچ نووسینێک بەدەر لە خەیاڵ و خەونی ئێمەی خوێنەر بوونی نیە، ئەوەی واتا دەبەخشێتە نووسین، خەونی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە کە نووسەر گیان دەکات بەبەریانا و ئەیانووسێتە و دەقە نەمرەکان دەخوڵقێنێت. رازی نەمریش لە جیهانی نووسەردا لەم دێڕەوە سەرجاوە دەگرێت کە ئەوان هێدی هێدی دێرە نەمرەکان ئەنووسنەوە و ئێمەش دێرە نەمرەکان فەرامۆش ئەکەین.